کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سکرتێری گشتی ح د ک لەگەڵ نوێنەری زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی جێگیر لە نۆروێژ

06:05 - 14 خەرمانان 2717

کۆبوونەوەی سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەگەڵ نوێنەری زۆرینەی حیزبەکانی چوارپارچەی کوردستان لە نۆروێژ ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سێبتامبری ٢٠١٧ی زایینی بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک مستەفا مەولوودی لەگەڵ نوێنەرانی زۆربەی حیزب ‌و رێکخراوەکانی چوارپارچەی نیشتمان و هیندێک کەسایەتی سیاسی کورد کۆبووە. لە سەر داوای بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کومیتەی بەڕێوەبەری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ کۆبوونەوەیەکی بۆ نوێنەرانی زۆربەی حیزب ‌و رێکخراوەکانی چوارپارچەی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ پێکهێنا. سەرەتای ئەو دیدارە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد دواتر بەڕێز مەحبووبە رەحیمی بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکان وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی حیزبەکان بە کورتی پێشەکییەکی لە سەر مەبەستی کۆبوونەوەکە پێشکەش کرد. دواتر بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی وێڕای سپاسی بەشداری نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوەکانی کوردستان، باسێکی لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی‌ و باشوور باکوورو رۆژئاوای کوردستان بەگشتی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە باسەکەی دا ئاوڕێکی لە خەباتی فرە رەهەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دایەوە و باسی لە شێوازە جۆراوجۆرکانی خەبات کرد کە بە درێژایی تەمەنی، ئەو حیزبە کەڵکی لێ وەرگرتوون. بەڕێز مەولوودی وێڕای ئاوڕدانەوە لە خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵات باسی پشگیری حیزبی لە خەباتکارانی مەدەنی‌و تێکۆشەرانی کرد و گوتی: ئەگەرچی خەباتکارانی مەدەنی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە رووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر بوونەتەوە بەڵام ئەوان لە هەموو دەرفەتە فەرهەنگی، سیاسیی، مەدەنی‌و کۆمەڵایەتییەکان بۆ بردنە پێشی ویستی سەرجەم چین‌و توێژەکانی رۆژهەڵات کەڵکی باشیان وەرگرتووە. هاوکات باسی لە حزووری هێزی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کرد و پێداگری لە حزووری بەردەوامی پێشمەرگە لەو ناوچە سنوورییانەو ناوخۆی کوردستان کرد وتی: حیزبی دێموکراتی بە پێی هەلوومەرج‌ و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی رۆژهەڵات حزووری بەردەوامی بۆ تێکۆشانی پێشمەرگانە دەبێت.‌ لەو پەویەندییە دا بەڕێزیان باسی سیاسەتی بەرپرسانەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد بەرامبەر بە پارچەکانی کوردستان کردو وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای رەخنە و تێبنی و پێشنیارەکانی بە شێوازێکی هاوڕێیانە بۆ هێزو لایەنە سیاسەکانی بەشەکانی‌تری کوردستان، خۆ لە دەخاڵەت لە پرسە پێوەندیدارەکانی ئەوان دەپارێزێت‌ و نابێت بە بەشێک لە کێشەکانی نێوان هێزو لایەنەکان‌ و هیوای خواست کە سەرجەم هێزەکانی کوردستانیش رێنمایی‌، رەخنە و پێشنیارەکانیان بەرامبەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاراستەی ئەو حیزبە بکەن. لە پەیوەندی لەگەڵ باکووری کوردستان بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب باسی قۆناغی دیالۆگی نێوان بزوتنەوەی کورد و حکومەتی تورکیای لە باکووری کوردستان لە ساڵانی رابردوودا کرد کە ئومێدی چارەسەری پرسی کوردی لێدەکرا، بەڵام بە داخەوە لە بار برا و شەڕ جێگای ئاشتی‌ و دیالۆگی گرتەوە. بەڕێزیان هیوای خواست جارێکی‌تر ئاشتی‌ و دیالۆگ جێگای شەڕ و مالوێرانی لە باکووری کوردستان بگرێتەوە و پێداگریی لەوە کردەوە کە شەڕی رێژیمەکان بەرامبەر بە بزوتنەوەی کورد نەیتوانیوە ئامانجێکیان بۆ دەستەبەر بکات. لە سەر باشوور کوردستان باسی پرسی رێفراندۆمی کرد و داوای کرد کە لانیکەم هێزو لایەنەکان لە سەر پرسە نەتەوەییەکان هاودەنگییان هەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی رزگاری خوازیی کورد و خەڵکی کوردستان زەرەری لێنەکات. لە سەر رۆژئاوای کوردستان باسی بەرەنگاری قارەمانانەی هێزەکانی کوردی لەو بەشە لە نیشتمان کرد و هەروەها یارمەتی هێزی پێشمەرگەی باشوور لە بەرەنگاری کۆبانی دا وەک رووداوێکی مێژووی هەڵسەنگاند و ئاواتی خواست پاڵپشتی هێزەکانی کورد لە یەکتری ،دۆزی کورد بگەیەنێتە سەرکەوتنی هەمیشەیی. دوابەدوای وتەکانی بەڕێز مستەفا مەولوودی، نوێنەرانی هێزو لایەنە کوردییەکان بەشداری باسەکانی سکرتێری گشتی حیزبیان کرد و سەرنج‌ و تێبینییەکانیان خستە روو، هەروەها سپاسی کومیتەی حیزب ‌و سکرتێری گشتییان کرد کە ئەو هەلەیان ڕەخساند پێکەوە و لە نزیکەوە چاوپێکەوتنیان هەبێ و بە گرینگیان زانی.  لە کۆتایی دا بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی وڵامی سەرجەم سەرنج‌ و تێبینییەکانی دایەوەو لە کەشێکی دۆستانەدا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. پێویست بە ئاماژەیە کە لەو دانیشتنە دا بەڕێز حەمە رەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات بەشدار بوو. ئەو حیزب ‌و لایەنانە بەشداری کۆبوونەوەی بەڕێز سکرتێری گشتی ‌حیزب کاک مستەفا مەولوودی بوون: - پارتی دێموکراتی کوردستان - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان - بزووتنەوەی گۆڕان سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران - کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران - سازمانی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران - کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ک.ن.ک - پارتی ئازادی کوردستان - کۆمەڵەی کولتووری کوردی رۆمەریکە و هەروەها چەندین کەسایەتی سیاسی کورد بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.