کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی هەنگاوە داراییەکان تا چوار مانگ هەنگاوەکانی لە دژی ئێران وه‌دوا دا

20:48 - 5 رەشەمه 2717

گرووپی تایبەتی هەنگاوە دارییەکان (FATF)، کە دژی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی داراییی تیرۆریزم خەبات دەکا، لە کۆتاییی دواین کۆبوونەوەی خۆیدا، کە ڕۆژانی ٢ تا ٤ی ڕەشەممە لە پاریس بەڕێوە چوو، ڕۆژی هەینی (٤ی ڕەشەممە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بڕیاریان داوە تا چوار مانگی دیکە هەنگاوەکانیان لە دژی ئێران هەڵپەسێرن و دەرفەت بە تاران بدەن تاکو ئەو چاکسازییانە جێبەجێ بکات، کە ئەو دامەزراوەیە داوای دەکات. گرووپی هەنگاوە دارییەکان (FATF)، لە ماڵپەڕەکەی خۆیانەوە ڕایانگەیاندووە، ئەو گرووپە مانگی ژووئەن ساڵی ٢٠١٨ بە گوێرەی پێشکەوتنەکانی ئێران لە جێبەجێکردنی ''بەرنامەی هەنگاونان''دا سەبارەت بەو وڵاتە بڕیار دەدا. گرووپەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای لە ئێران کردووە ''بەرنامەی هەنگاونان'' بەتەواوەتی جێبەجێ بکات و قانوونە پێویستەکانی بۆ پەسند بکات. لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەو گرووپەدا هاتووە، سەرباری ئەوەی کە ئێران سیستەمی ڕاگەیاندنی ''پارەی نەقد''ی جێبەجێ کردووە، بەڵام زۆربەی هەنگاوەکانی دیکەی ''بەرنامەی هەنگاونان''ی بە تەواوەتی جێبەجێ نەکردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەنگاوەکانی وەکو بە تاواندانانی دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان، ناساندن و بلۆککردنی داراییەکانی گرووپەیلی تیرۆریستی بە پێی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانانی سیستەمی ناسینەوەی مشتریی بانکەکان لە لایەن ئێرانەوە هێشتا جێبەجێ نەکراون. گرووپەکە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٥دا پێشوازیی لە بەڵێنی کاربەدەستانی ئێران کرد بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ چاکسازی لە کەموکووڕییە ستراتیژییەکان لە بواری خەبات دژی سپیکردنەوەی پارە و سەرچاوە داراییەکانی گرووپەیلی تیرۆریستیدا و، هەر بەو هۆیەشەوە هەنگاوە سزادەرەکانی بۆ ماوەی ١٢ مانگ لە دژی ئێران هەڵپەسارد. لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦یشدا جارێکی دیکە هەڵپەساردنەکەی درێژ کردەوە. گرووپی تایبەتی هەنگاوە دارییەکان (FATF)، لە ساڵانی ڕابردوودا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەوە دەربڕیوە، کە ئێران ناتوانێت مەترسییەکانی دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان و ئەو هەڕەشانە بڕەوێنێتەوە، کە یەکپارچەییی سیستەمی داراییی نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە. گرووپی تایبەتی هەنگاوە دارییەکان (FATF) ساڵی ١٩٨٩ دامەزراوە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دژی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی تیرۆریزم و چەکە کۆمەڵکوژەکان کۆنترۆڵ دەکات.