کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرین عێبادی؛ خوازیاری گۆڕینی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە

21:29 - 18 خاکەلێوه 2718

شیرین عێبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل و چالاکی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: خەڵکی ئێران هەستیان بەوە کردوە کە نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ریفۆرمیش  چاک نابێ و پێویستیی بە گۆڕین هەیە. شیرین عێبادی، وەرگری خەڵاتی ئاشتی نوبێل لە وتووێژێکدا لەگەڵ "سایتی اینترنتیی بلومبرگ"دا ڕایگەیاند: خەڵکی ئێران بەدوای "گۆڕینی نیزامی سیاسی" و "یاسای بنەڕەتی" ئەو وڵاتە و دانانی یاسایەکی بنەڕەتی"سێکولار" و "بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤەوەن". هەروەها شیرین عێبادی چالاکی مافی مرۆڤ لە درێژەدا دەڵێ، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە، کە حەسەن ڕوحانی ڕیفۆرمخواز بێ. هەروەها ناوبراو وێڕای بە ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی ئێران لە نەبوونی ڕێبەری لە نارەزایەتییەکان ڕایگەیاند: لە ڕەوتی خەباتدا ڕێبەران دەردەکەون، کاتێک هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێراندا هەبێ ڕێبەرانیش دەردەکەون. پێشتریش، شیرین عێبادی لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، خوازیاری بەڕێوەچوونی ڕاپرسی لە ئێران و دیاریکردنی جۆری حکوومەت بۆ ئەو وڵاتە گۆڕینی ئاشتییانەی نیزامیی سیاسی لە ئێران بوون. شایانی باسە عێبادی پێشتریش لە وتووێژێکدا لەگەڵ"یورۆنیوز" ڕایگەیاندبوو، سەرکۆماری ئێران بەرپرسی زۆربەی هەرە زۆری ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێرانە.