کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران: رێژەی بارینەکان ٥٠% کەمبووەتەوە

02:28 - 20 خاکەلێوه 2718

جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی ئاو لەو وڵاتەدا، هۆکارێکی سەرەکیی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاوە لە ئێران. هەروەها  گوتیشی، بارینەکانی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ٥٠% کەمتر بووەتەوە. عەلی موراد ئەکبەری، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، بڕیاردان لەسەر دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لەو وڵاتە هەڵە بووە و زیانی بە خەڵک و سەرچاوە ئاوییەکان گەیاندووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ هەروەها دەڵێت، لە ئێران ٣٥٠ هەزار بیری ئاوی نایاسایی لێدراون کە بڕیاری پڕکردنەوەیان دراوە و بڕیارەکەش دەخەنە بواری جێبەجێکردن. لە هەندێ لە ناوچەکانی پارێزگای سنە خەڵک لە بارینەکانی ئەمساڵ رازی نین. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەم پارێزگایە و پارێزگای ورمێ زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە لە ئێران باران و بەفریان لێ باریوە. عەلی موراد ئەکبەری، جێگری وەزیری کشتوکاڵ، دەڵێت: بەگشتی رەوشی بارینەکان لە ئێران مایەی نیگەرانییە. لە ماوەی یەک دەیەی رابردوودا رێژەی بارینەکان ٢٥% کەم بووەتەوە. رێژەی بارینەکانی ئەمساڵیش بەگوێرەی ساڵانی پێشوو ٥٠% کەمتر بووەتەوە. ئەمە وایکردووە شارەزایان رەوشی ئاو لە ئێران بە قەیران لە قەڵەم بدەن. سیاسەتی هەڵەی ئاو لەهەندێ شوێن ململانێی لەسەر ئاو لێکەوتووەتەوە، ناڕەزایەتی بە دوای خۆیدا هێناوە و کۆچی بەربڵاوی بە دواوە بووە. عەلی موراد ئەکبەری، دان بەوەدا دەنێ کە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی ئاو کێشەی هەیە و یەکێک لە هۆکارەکانیشیی بۆ هەڵکەندنی بیرە ئاوەکان دەگەڕێتەوە. بەشێک لە شارەزایان دروستکردنی بەنداوەکانیش بە بەشێک لە هۆکاری قەیرانی ئاو دەزانن. عەلی موراد ئەکبەری دەڵێ: لە بواری دروستکردنی بەنداوەکاندا هەندێ هەڵە روویداوە و لەجێی ئەوەی هۆکاری ئارامی بێت، بوونەتە هۆکاری ئازار. ئەم بەرپرسە پێیوایە، هۆکاری ٥٠%ی قەیرانی ئاو بۆ هۆکارە سرووشتییەکان و ٥٠%-یشی بۆ هۆکاری ئینسانی و بەڕێوەبەری دەگەڕێتەوە.