کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکاران لە بەستێنی ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا

06:20 - 17 بانەمەڕ 2718

چەند ڕۆژ لەوە پێش ڕۆژی جیهانیی کرێکار بوو. کۆماری ئیسلامی ئەمساڵیش نەیهێشت کرێکاران کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمی سەربەخۆی خۆیان هەبێ و لە چەند شارێکی وەک تاران و سنەش کۆبوونەوە کرێکارییەکان سەرکوت کران و چالاکانی کرێکاریی ڕێکخەری کۆبوونەوەکانیش دەسبەسەر کران و گیران. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ناڕەزایەتیی کرێکاران لە زۆربەی ئەو کارخانە و شیرکەتانەی لە قەیرانی ئابووریی ئێستادا هێشتا لەسەر پێ ماون، بە بەردەوامیی درێژەی بووە و مانگرتنی شارە سنوورییەکانی کوردستانیش بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان، بە تایبەت لە بانە سێ حەوتووی بڕی. لە بارودۆخی ئابووریی ئێستای ئێراندا کرێکاران لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بێمافتر و سفرەی ماڵەکانیان پتر لە هەموو کاتێک بەتاڵترە. هەر لە جێدا سەرەڕای نەبوونی ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان، بەڵام وەڕێخرانی بە سەدان و هەزاران کۆبوونەوە، مانگرتن، ناڕەزایەتیدەربڕین و خۆپیشاندان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کرێکاران لە ژیانی کۆڵەمەرگیی ئێستایان وەزاڵە هاتوون و ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوش هەر لەوەوە سەرچاوەی دەگرت و شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لەمساڵیشدا بەڕێوەن. پرس و داوای کرێکاران چین؟ یەک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی کرێکاران ڕاوەستانی جموجۆڵی بەرهەمهێنان لە کارگە پیشەیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەیە کە هۆکارەکەی بۆ نەبوونی نەختینەیی و تەرخاننەکردنی بودجە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ بەشی ئاوەدانکردنەوەی وڵات دەگەڕێتەوە. سروشتییە لەوەها دۆخێکدا مۆتەکەی بێکاری باڵ دەکێشێ بەسەر کرێکاراندا.  لەبەر ئەوەش کە لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستاندا ژمارەیەکی کەم  لە کرێکاران بیمەن و لە سۆنگەی ئەوەش کە ساڵانێکە خاوەنکارەکان لە ئێران بە مەرجی خۆبیمەنەکردن کرێکار وەردەگرن، لە ئەگەری بێکاریشدا لە هەر چەشنە مافێکی سینفی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بێبەش دەبن. کێشەیەکی دیکەی کرێکاران کە تەنگی پێ هەڵچنیون دواکەوتنی مووچە و حەقدەستەکانیانە و ڕۆژ نیە کرێکارانی کارگە و یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە شارێک یان چەند شارێکی ئێران لەو سۆنگەیەوە مان نەگرن و هیچ ڕێکارێکی قانوونیش نیە کرێکاران لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیاندا بیگرنە بەر. هۆکاری ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی ئەسڵی 44ی قانوونی بنەڕەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە کە پڕۆژەی کەرتی تایبەت خرایە ڕۆژەڤی کاری دەوڵەتەوە. هەندی بەدواداچوونی ورد دەری دەخا زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو کارگە و شیرکەت و یەکە بەرهەمهێنەرانەی مووچە و حەقدەستی کرێکاران دوادەخەن گەورەکۆمپانیا  دەوڵەتییەکانن کە بە ڕواڵەت دراون بە کەرتی تایبەت و لە ڕاستیدا لە پاوانی مافیای ئابووریی سەر بە حوکمەت دان. لە ساڵی ڕابردوو و لە ساڵانی ڕابردووشدا بینیمان کە چەندین گەورەکارخانەی وەک «ئەرج»، «پارس ئیلیکتریک»، «جێنەراڵ ئیستیل» و «زاگڕۆس» داخران و لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا دەیان کارخانە و برێندی بەناوبانگی دی خەریکن مایەپووچ دەبن. کێشەی هاوبەشی کرێکارانی هەموو ئەو کارگە و یەکە بەرهەمهێنەرانە لە ئێران ئەوەیە کە خاوەنکارەکانیان کەسێکی پایەبەرزی دەوڵەت و حوکمەتە و کارگە و کارخانەکەی بە نرخێکی یەکجار کەم لە بایی ڕاستەقینەی خۆی کڕیوە و لە داخرانیشی زەرەر ناکا و مەکینە و دەزگاکان دەفرۆشێ و؛ ئەوەی لەو نێوەدا دەستی بە هیچ ڕاناگا و دەنگی بڕ ناکا کرێکارەکەیە کە لە هەموو مافەکانی بێبەری دەکرێ. بڕی مووچەی پەسندکراوی دەوڵەت بۆ کرێکاران و هێلی هەژاری لە کۆمەڵگە کێشەیەکی دیکەی کرێکارانە. مافی هەر ئینسانێکە بتوانێ ماڵی هەبێ و بژیوی ژیان، جلوبەرگ، بیمە، تێچووی خوێندنی خۆی یان منداڵانی دابین بکا، بەڵام کرێکاران لە ئێران ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی مرۆیی ئێرانن کە لەو مافانە بێبەشن و هەژاری و دەسکورتی بڕستی لێ بڕیون. هێلی هەژاریی 4 میلیون تمەنی و مووچەی کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە وایکردووە سفرەی کرێکاران تا دێ چووکەتر بێتەوە و دەنگ و هەرای مافخوازیشیان نەگاتە ئاکام. چوونەسەرێی مووچە و حەقدەستی دادپەروەرانە، دابینبوونی ئەمنیەتی شوغلی، نەمانی گرێبەستە کاتییەکان و ڕێگەدان بە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان گرینگترین داوای سینفیی کرێکارانن لە ئێران؛ کە سەرەڕای ئەوەی تێچووی زۆری بۆ دەدەن بەڵام تا ئێستاش پێی نەگەیون. ئەگەر پرس و داوای کرێکاران لە ئێران هاوبەش و وەک یەکە، بەڵام دۆخی ئابووری لە کوردستان بەهۆی پەرەنەسەندنی ئابووری و، لەو سۆنگەیەوە بارودۆخی کرێکارانی کورد تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازترە لە ناوچەکانی دیکەی ئێران.  ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن نرخی بێکاری لە کوردستان سەروو سەتا 50یە و لە ئێستاشدا سیاسەتی داخستنی ناوچە سنوورییەکان و قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و  سیاسییەکان وایکردووە ئاماری بێکاری لە کوردستان هەردەم لە هەڵکشاندا بێ. ڕوانگەی ئەمنیەتی زاڵ بەسەر کوردستانیش لەجێی خۆی کە هەر چەشنە ناڕەزایەتیدەربڕینێکی کرێکاران مۆرکی دژایەتی لەگەڵ نیزامی لێ دەدرێ و چالاکانی کرێکاری بەرەوڕووی فشار و سەرکوت دەبنەوە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کرێکار لە کوردستان لە کار دەرکراون و نیزیک 40 کرێکار و چالاکی کرێکاریی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیراون و پەروەندەیان لە دژ ساز کراوە و ژمارەیەک لەوان سزای زیندانیی درێژخایەنیشیان بەسەردا سەپاوە. کێشەیەکی دیکەی کرێکاران لە کوردستان ئەوەیە کە ژمارەیەکی یەکجار کەم لەوان بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییان هەیە، هەروەها بەهۆی سیاسەتی پەراوێزخستنی کوردستان لە پەرەسەندنی ئابووریدا ئەگەرچی هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان لە سەرسنووری وڵاتانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، تورکیە و ئازەربایجان هەڵکەوتوون، بەڵام بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتی کوردستان نەکراوە بە ناوچەی ئازادی ئابووری و ئەو دەرفەتە گرینگەی لێ ئەستێندراوەتەوە. ئێستا سەرباری ئەوەش بڕیاری داخستنی سنوورەکان نیزیک مانگێکە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارێک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی سەدان هەزار کەسی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان داناوە. ئەو سەدان هەزار کەسەی کە بەهۆی بێکاری و نەبوونی هیچ دەرەتانێک بۆ هەڵسووراندنی چەرخی ژیان ئامادەبوون تەنانەت سینگ بە گوللەوە بنێن بۆ ئەوەی پارووە نانێک بێننەوە سەر سفرەی ماڵیان، بەڵام ئەوەشیان پێ ڕەوا نەدیون. بەڵام ئەمە لە درێژەی ئامانجێکی ستراتیژیکە کە هەڵتەکاندندنی ئابووریی کوردستانی دەوێ. لە ڕوانگەی ستراتیژیکەوە ناوچەی ئازادی ئابووری لە کوردستان دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی سامان و پەرەسەندن و بەربڵاویی وەبەرهێنان لە کوردستان، ئەوەش بە سەربەخۆیی ئابووری و بەستراوەیی کەمتر بە ناوەندی لێک دەدرێتەوە و حوکمەت دەیەوێ بە داخستنی سنوورەکان هەم ڕێ لە پەرەسەندنی ئابووریی کوردستان بگرێ و هەم پەرە بە بێکاریی زیاتر لە نێو کورددا بدا هەتا بە گومانی خۆی بوار بۆ ڕاکێشانی زیاتری ئەوان بۆ لای خۆی خۆش بکا. بۆیە مانگرتنەکەی بانە دەتوانێ ڕۆڵی گرینگ و یەکلاکەرەوەی لەو هاوکێشەیەدا بە قازانجی خەڵک  هەبێ. ( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)