کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ کوچکەی ماف، دێموکراسی و تەوافوق

06:33 - 17 بانەمەڕ 2718

چۆنیەتیی ڕێککەوتن و تەعامولی «ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی» لەگەڵ بەرەی «ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی ئێرانی» بە دڕێژایی ئەم نزیک بە چوار دەیەی خەبات دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێک لەو باس و تەوەرە هەرە گرینگانە بووە کە زۆرترین مشتومڕ و قسەی لە سەر کراوە. ئەم باسە تەنانەت هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ساڵانی پێش لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و، لەوێشەوە تا ئێستا قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕاندوە کە دەکرێ ببێتە نێوەڕۆک و دەستمایەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی_ ئاکادمێکی کەسانی شارەزا بەم بوارە. ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئەم وتارەیە، قسەکردن لە سەر ئەساس و بنەمای ڕوانینی «کورد» وەک لایەنێک لە پرسەکەیە بۆ پرسی چۆنیەتیی ڕێکەوتن و تەعامول لەگەڵ «بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران» لە لایەک بە مەبەستی ڕێکخستنی هێزە دژبەرەکان بەرانبەر بە نیزامێک کە «هەموو» وەک یەک لە «وجوود»ی دەڕوانین و لە لایەک بە مەبەستی دابینکردنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی ئەم رێکەوتن و تەعامولەدا. ئەوەی تا ئێستا لەم پێوەندییەدا لەلایەن کورد (هێزە سیاسییەکان)یەوە کراوه‌ و هەنگاوی بۆ هەڵێنراوەتەوە، تابعێک بووە لە چۆنیەتیی خوێندنەوە و تێڕوانی ئەم هێزانە بۆ «چۆنیەتیی نیزامی سیاسیی ئێران» لە تاران وەک ناوەندی دەسەڵات و هەروەها چۆنیەتیی دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم سیستەمه‌ سیاسی و جوغرافیاییه‌ له‌ ئێراندا. لەم تێروانینەدا تا ئێستایشی لەگەڵ بێ ئەولەوییاتی ئەم پرسە لە چۆنیەتیی نیزامی سیاسی لە ناوەند و ماهییەتی ئەم نیزامەوە دەست پێ دەکا و دواجار لەوێوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ئەو داخوازانەی کە کورد لەم سیستەمە سیاسییەی داوا دەکا. بە واتایەکی دی تا ئێستایش بەرەی کورد لەم پرسەدا پێی وایە «چارەسەری گیروگرفتەکانی کوردستان لە پێوەندیی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئازادی و سەربەخۆیی و سەقامگیربوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری ئێراندا وه‌دی دێ، هەر بۆیەش لەو باوەڕدایە کە ئەو کاتە ڕێگای بەختیاری و پێشکەوتن بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێران خۆش دەبێ کە ئێران سەربەخۆ بێ و لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی ئەم وڵاتەوە بەڕێوە بچێ.» لەم تێڕوانینەدا سەرنجی هێزە سیاسییەکانی کوردستان زیاتر لە سەر ماهییەتی نیزام یان ڕێژیمێکە کە لە تاران دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ و خەمەکە زیاتر بۆ پرۆسەی»دێموکراسیزاسیۆنی ئێران»ە و داخوازییەکانی کورد وەک داواکاریی سیاسیی لە ئەولەویاتی دواتردا قسەی لە سەر دەکرێ. هەڵگرتنی درووشمی «دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان» ڕاست بەرهەم و هەڵێنجراوی ئەم تێڕوانینه‌یە کە زیاتر لە شەش دەیە ببووە ڕوانینێکی ئیستراتێژیکی بۆ کورد. تەعامولی تا ئێستای هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ درووستکردنی ئەم «ئێرانە دێموکراتیکە»، ڕاست بە پێی ئەم ئەولەویاتەی کە تا ئێستا کاری لە سەر کردوە، ئەوەندەی خۆماندووکردن بووە بۆ ئەوەی «ئێرانییەکان» لە نییەتی کورد و تێروانینی بۆ  «ئێران» رازی بکا، کەمتر قسە لە ویستی کورد کراوە و، کە کراویشە هەوڵ بۆ ئەوە نەدراوە لایەنی بەرانبەر ناچار بە پابەندبوون بە «وادە و بەڵێنییەکان»ی بکرێ. ئێستا کۆمەڵێک تێڕوانینی جیاواز بە نیسبەت خوێندنەوە و پێوەندییەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ «ئێرانی داهاتوو» و «بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی ئێرانی» هاتووه‌تە ئاراوە کە پێی وایە؛ لایەنی کوردی گۆڕان له‌ ئەولەویاتی خۆی بۆ تەعامول لەگەڵ ئەم بەرەیەدا پێک بێنی و بە جۆرێکی دیکە خوێندنەوە بۆ «کورد» لە «ئێران»‌دا بکا. ئەگەر ڕاشکاوانە قسە لەم تێڕوانینە بکەین ئەوەیە کە؛ لەم پرسەدا تەنیا قسەکردن و دڵبەستن بە «دێموکراتیزەکردنی ئێران» ناتوانێ ببێتە هۆی ئەو مەرام و مەبەستانەی کە کورد و هێزە سیاسییەکانی سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەکەن کە ئەویش، «دەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکیآ کوردستان»ە. بە واتایەکی دیکە بە سەرنجدان بە کۆمەڵێک فاکتەری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، مەزهەبی، حەشیمەتی، جوغرافیایی و لە هەمووی گرینگتر «ئەقڵییەتی ئێرانی بەرانبەر بە خاک و خەڵکی وڵاتێک بە ناوی ئێران»، بە تەنیا دێموکراسی ناتوانێ زامنی نە درووستبوونی ئەم ئێرانە بێ کە کورد خەونی پێوە دەبینێ، نە وەدیهاتنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە چوارچێوەی ئه‌و وڵاته‌دا بەو جۆرەی کە کورد ئارەزووی دەکا. بۆیە بۆچوونەکە ئەوەیە کە لە پەنا ئەو «دێموکراسی»یەی کە بۆ «ئێران» باس دەکرێ و هاوکات لە گەڵ ئەوەی پێداگری لە سەر «دابینبوونی ماف»ەکانمان دەکەینەوە، پێویستە ئەسڵی «تەوافوق» بکرێتە بنەمای هەر جۆرە پێوەندی و تەعامولێکی «بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد» لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی». لەم بۆچوونەدا ئەولەویاتی گه‌مه‌ سیاسییه‌که‌ دەگۆڕدرێ و چیدیکە بەتەنیا دێموکراسی و هەوڵدان بۆ دێموکراتیزەکردنی ئێران نابێتە پێش مه‌رجی پرسی تەعامولی کورد لە گەڵ بەرەی ئێرانی، بەڵکوو پێش هەموو شتێک ئێمە ساغ دەبینەوە لەسەر ئەوەی کە لە سۆنگەی مافەکانمان وەک کورد، دەچینە نێو سازان و لێک تێگەیشتنێکی دێموکراتیک کە لە کۆتاییدا لە سەر هەموو شتێک ساغ دەبینەوە و بە دیکۆمێنت لە سەر داواکاری و چاوەڕوانییەکانمان لە یەکتر تەوافوق دەکەین. لێرەدایە کە تەوافوق و ساغبوونەوە لە سەر ماف و چاوەڕوانییەکان کە بە پرۆسەیەکی دێموکراتیکدا تێدەپەڕێ و دەتوانێ ببێتە بنەمایەکی درووست لە سەر ئەوەی کە قۆناغ به‌ قۆناغ بەبێ ئەوەی هەموو جارێک _وەک لە چل ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دووپات کراوەتەوە_ گومان لە زەیینییەتی یەکتر بکەین و بگەڕێینەوە سەرەتای سەرەتاکان، هەنگاو بەرەو تێگەیشتن و ڕێکەوتنی زیاتر دەنێین. «دێموکراسیی تەوافوقی» دەتوانێ ئەو سیغە مەعقول و وڵامدەرە بێ کە لە ته‌عامول لەگەڵ بەرەی ئێران و دواتریش لە ئێرانی ئازادکراودا کورد پێداگریی لە سەر بکا. بە پشت بەستن بە ئەزموونی چۆنیەتی ئیدارەکردنی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، بۆمان دەردەکەوێ کە «غایببوون»ی ئەسڵی «تەوافوق» و سازان لە پێوەندییەکانی کورد لە گەڵ دەوڵەتی بەغدادا، هۆکاری زۆرێک لە شکست و ڕووداوە نادڵخوازەکان بووە. ئەزموونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان کە ڕەفتارێکی تەواو دێموکراتیک و ڕەوا بوو، دەریخست کە لە پێکهاتە و ئەقڵییەتی ئەم دەوڵەتانەدا بەتەنیا پشتبەستن بە «دێموکراسی» و «دەنگی زۆرایەتی» لە پرسێکی دیاریکراوی ڕەواشدا ناتوانێ زامنی پاراستنی مافەکانمان بێ. کەوابوو لەم پرسەدا کورد پێویستە وێڕای بەردەوامبوونی لەسەر هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتیەکانی، لە پرۆسەیەکی دێموکراتیکدا ئەسڵی تەوافوق بکاتە بنەمای هەرجۆرە دانووستان و ته‌عامولێک لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە ئێرانییانەی کە باوەڕیان بە «بەشداریی کورد» لە ئێرانی داهاتوودا هەیە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە وڵامەکەی دەتوانێ بەرەو دووڕیانێکی دژوارمان پەلکێش بکا، ئەویش ئەوەیە کە بە پێی مەوقعیەتێک کە کورد لە ئێراندا هەیەتی چۆن دەتوانێ ئێرانییەکان ناچار بە تەوافوق بکا؟ یان بە واتایەکی ڕوونتر بڵێین ئایا کورد ئەو قورساییه‌ی هەیە کە لایەنی ئێرانی، چ ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بێ، چ لە داهاتوودا دامەزراوەی دەوڵەتیی بێ لە تاران، ناچار بە ئێعتراف و تەوافوق لە گەڵ خۆی بکا؟ لێرە دایە کە دەگەینە ئەو باوەڕەی کە بە تەنیا سێ کوچکەی؛ ماف، دێموکراسی و تەوافوق، ناتوانێ کورد بگەیەنێتە ئەو شوێن و پێگەیەی کە مەبەستیەتی. بە وردبوونەوە لە نێو ماڵی کورد لە ڕۆژهەڵات و بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان، بەو ئاکامە دەگەین کە کورد ئەو کاتە دەتوانێ لەم سێ کوچکەیەدا وەزن و قورسایی پێویستی بۆ چوونە ئەم مەیدانە هەبێ کە لە هەناوی خۆیدا، لە نێو ماڵی خۆیشیدا باوەڕی بە سێ‌کوچکەی دیکەی؛ یەکڕیزی، یاساسەوروەی و تەوافوق هەبێ. کورد لە کوردستانی ئێران چ لە سەر ئاستی کۆمەڵگه‌ و چ لە سەر ئاستی هێزە سیاسییەکان ئەو کاتە دەتوانێ بچێتە نێو تەعامول و ڕێکەوتنێکی سەرکەوتوو کە لەنێو خۆیدا یەکگرتوو و یەکرێز بێ. پەرتەوازەیی و په‌ڕشووبڵاوی، خاڵی لاوازی تا ئێستا هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەر ئەمەیش وای کردوە کە وەک پێویست لە مەیدانی پێوەندی و تەعامول لەگەڵ هێزە سەرانسەرییە ئێرانییەکاندا خاوەن ڕۆڵ نەبن. لە پێوەندی لەگەڵ پرسی یەکگرتووی و یەکڕێزیی نێوان هێزە سیاسییەکاندا زۆر وتراوە، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە تا ئێستایش دڵخواز نیە کە هۆکاری جۆراوجۆر هەن. بەڵام سەرکیترین هۆکار ئەوەیە کە خودی ئەم هێزانەش پێوەندی و تاعامولیان لەگەڵ یەکتر لەسەر ئەسڵی تەوافوق نیە. لەگەڵ ئەوەیکە ساڵانێکی دوور و درێژە کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای دژایەتییان لەگەڵ یەکتر و ناکۆکییەکانیان، دنیایەک پێوەندی و دانیشتن و لێکنزیکبوونەوەیان پێکەوە هەبووە و هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەم پێوەندی و لێکنزیکبوونەوانەدا نەهاتۆتە دی، تەوافوقە. ئەمە گەورەترین کەمایەسییە کە بێگومان دەتوانێ شوێنەواری لە سەر ئەو تەعامول و رێکەوتنە لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان هەبێ کە باس کرا. پێوەندەی و ڕێکەوتنی هیچ هێزێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا لەگەڵ ئێرانییەکان ناتوانێ، بە مانای ئەو تەوافوقە بێ کە لە کۆتاییدا دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانی لێ بکەوێتەوە. بۆیە لە هەناوی سێ کوچکە گەورەکەی «ماف، دێموکراسی و تەوافوق»دا بزووتنەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تا ئێستاش هێزە سیاسییەکانی نوێنەرایەتیی دەکەن، پێوێستە سێکوچکەیەی دیکەی؛ «یەکریزی، یاساسەوروەری و تەوافوق»ی نێوخۆیی هەبێ بۆ ئەوەی زەمانەتی وەزن و قورسایی خۆمان لە پێناو هەوڵدان بۆ مافە نەتەوەییەکانمان لە ئێراندا بکا. ( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)