کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەرانبەر هەر ئاکامێكدا براوە هەر خەڵکی بانەیە

01:34 - 19 بانەمەڕ 2718

تا ئێستا مانگرتنی خەڵکی کاسب و بازاڕیی شاری بانە نزیک بە یەک مانگی خایاندووە کە لە نەوعی خۆیدا دەکرێ وەک درێژترین مانگرتن لە ئێران و کوردستاندا لە سەر ئاستی جەماوەری سەبت بکرێ. بە ڕوونی هۆکاری ئەم مانگرتنە و ئامانجەکەیشی دیار بوو کە وەک هەمیشە تیایدا دەرکەوت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ تا چەندە وەک دەسەڵاتێکی ناوڵامدەر و بێ‌مەسئولییەت دەربکەوێ. ئەم رێژیمە کە لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ دەسەڵاتداریی خۆی بە سەر ئێران و کوردستاندا هەمیشە بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیری کوردستانی کردوە، بەردەوام هەوڵی داوە ڕەفتار و هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە خانەی سەخت‌ئەبزاریدا پێناسە بکا و لەبەرانبەردا تەوجیهی بەرخوردی سەختی خۆی بەرانبەر بە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بکا. بەڵام مانگرتنە جەماوەرییەکەی شاری بانە کە زیاتر پێوەندیی بە بژیوی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەم شارەوە بوو، لە شکڵێکی تەواو مەدەنی و بەدوور لەهەرجۆرە توندوتیژییەک بەڕێوەچوو، کەچێ ئەم ڕێژیمە لەوپەڕێ بێ‌مەسئوولیەتی خۆیدا، نەتەنیا چووکەترین وڵامی بەم خەڵکە نەدایەوە، بەڵکوو بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕێگای دەزگا ئەمنیەتییەکانی و کەسانی نفووزیی خۆیەوە هەوڵی‌ دا کە ئەم حەرەکەتە مەدەنی و شارستانیەی خەڵک لە شکڵ و نێوەرۆکدا بە لارێدا بەرێ، و بیانووی سەرکوتی بۆ بدۆزێتەوە. ئەوەی لەم نێوەدا سەرکەوتنی ڕاستەقینەی وەدەست هێنا هەر خەڵکی شاری بانە بوون و ئەوەی دۆڕاوی و بێ‌مەسئولیەتی پێ بڕا، خودی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. ڕاستە کە مانگرتنەکەی شاری بانە نەیتوانی ئامانجی خۆی کە کرانەوەی سنوورەکان و گوڕوتین بەخشینەوە بە کار و کەسابەت لەم شارەدا بوو بهێنێتە دی، بەڵام کۆمەڵێک پەیام و دیاردەی بەدوای خۆیدا هێنا و بڵاوکردوە کە بە دڵنیاییەوە هەمیشە بە شکۆ و شانازییەوە باسیان لێ دەکرێ و ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە. خودی هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵک لەم پێوەندییەدا نیشانی ‌دا کە خەڵکی کوردستان چیدیکە بە نسبەت پرسەکانی خۆیانەوە بێ‌هەڵوێست و کەمتەرخەم نین و ئامادەن لە پێناو بەرگری لە ماف و داواکارییەکانی خۆیان خاوەن قسە و هەڵوێست بن. یەکیەتی و یەکگرتوویی خەڵکی ئەم شارە لەم ڕەفتارەیاندا دەسکەوتێکی جەماوەی و نیشتمانی بوو کە ئەگەر لە لایەک سەرەکیترین هۆکار بوو بۆ درێژەدان بەم مانگرتنانە، لە لایەکی دیکەیش وڵامێکی پڕاوپڕ بوو بۆ رێژیم و دەزگا ئەمنیەتییەکانی کە بەردەوام هەر لە رۆژەکانی یەکەمی مانگرتنەکان‌دا تەنیا هەوڵیان ئەوە بوو کە درز بخەنە نێو ریزەکانی خەڵکەوە. ڕاگرتنی شکڵی ئەم مانگرتنانە لە فۆڕمی مەدەنی و جەماوەری خۆی‌دا یەکێک لەو خاڵە گرینگانە بوو کە خەڵکی شاری بانە بە هیمەتی کەسایەتییە ئایینیە نیشتمانپەروەرەکان، کەسایەتییەکانی دیکە شار و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی ئەم شارە بە شانازییەوە تۆماریان کرد. قسەکردن لە مانگرتنەکانی شاری بانە ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە و لەوانەیە لە تاقەتی وتارێکی ئاوادا نەبێ و پێویستی بە خوێندنەوە وردتر بێت، بەڵام جێی خۆیەتی هەروا ئەگەر سەرپێیش بێت لە پەنا ئەم خاڵە گرینگ و پڕ لە شانازییانەدا بە مەسئولیەتەوە قامک لە سەر کۆمەڵێک کەمایەسیی دابنێن کە چارەسەرکردنیان زۆریش دژاوار نەبوو. ئەوەندەی پێوەندی بە خودی شاری بانەوە هەیە کە ئەم مانگرتنەی تێدا ئەنجام درا، هێندێک کەس لە نێوخۆ پێیان وایە دەکرا ئەم مانگرتنە هەر لە سەر ئاستی ئەم شارەدا بەرینتر بکرایەتەوە. بۆ نموونە باس لەوە دەکەن کە ئەگەر هەر ئەم دوکاندار و کاسب و بازاڕییانەی کە مانگرتنەکانیان بەڕێوە دەبرد ئەگەر توانیبایان لە چەند ڕۆژی دیاریکراودا هانی خەڵکی ئەم شارەیان بە گشتی‌ دابا کە لە شەقانەکان‌ و گۆڕەپانە گشتییەکاندا حزووریان هەبێ و پەیوەست بە رەوتی مانگرتنەکان بان، دەکرا فشاوری زیاتر بخرێتە سەر دەسەڵات. هەر لە پێوەندی لە گەڵ نێوخۆیش‌دا قسە لە شارە سنوورییەکانی دیکەیش دەکرێ کە ئەگەر هاوشان لە گەڵ شاری بانە دەستیان دابایە مەنگرتنە، بەدڵنیاییەوە پرسەکە زیاتر بە قازانجی خەڵک دەشکایەوە. بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە ئایا دەکرا لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەم پرسە چی بکرێ کە هەم ئیمکانی هەبوو و هەم دەیتوانی کاریگەری لە سەر رەوتی حەرەکەتەکە دابنێ. لە سەر ئاستی میدیادا بەداخەوە کەموکوڕی بەرچاو هەبوو. خۆ ئەگەر میدیای کوردی بە حیزبی و غەیرە حیزبییەوە لەو ئاستەدا نین کە بتوانن پرسێکی ئەوتۆ پووشش بدەن و هاواری لە سەر ساز بکەن، دەکرا زۆر شتێکی دیکە بکرێ. بۆ نموونە ئەوانەی لەم پێوەندییەدا شتیان نووسی و بڵاویان کردەوە بە نووسەری ئەم دێرانەیشەوە، زیاتر هەر بە زمانی کوردی بوو کە ئەگەر ئەم هاوار و لێکدانەوانە بە زمانی فارسی و بە زمانەکانی دیکە بان و لە بڵاوکراوە جیهانییەکان‌دا بڵاوکرابانەوە بێگومان دەنگدانەوەی زیاتری دەبوو. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە رۆژی یەکەمەوە پشتیوانی خۆیان لەم پرسە دەربڕی و پێکەوە لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەدا بە بڕوای من زۆر ژیرانە و مەسئولانە بەرخوردیان بەم مەسەلە کرد. بەڵام دەکرا هەر ئەم حیزبانە و هەر لە ژێر سفارش و رێنوێنییەکانی ئەم ناوەندەدا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایی و لە بەردەم کۆنسوول و سەفارەختانەکان‌دا، کۆمەڵێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ئێعترازی و پشتیوانی رێک بخەن و پرسەکە لە ئاستێکی جیهانی‌دا زەق بکەنەوە، کە بەداخەوە نەکراو ئەوە یەکێک لەو کەمایەسییانەیە کە دەبێ ببیندرێ. مانگرتنەکانی شاری بانە کۆمەڵێک ئەزموونی لێ کەوتوونەتەوە کە ئەر بتوانین بە درووستی خوێندنەوەیان بۆ بکەین، بە دڵنیاییەوە دەتوانین دەرسیان لێ وەربگرین.