کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی عێراقییەکان: ئێران بۆ دەرەوە

03:26 - 26 بانەمەڕ 2718

 هەر وەک چەند لایەنێکی عێراقی ئیدیعایان کرد و ڕایانگەیاند، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆری هەوڵ دا کە ئاڕاستەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە قازانجی خۆی بگۆڕێ. سپای قودس، باڵ دەرەوەی سپای پاسدارانی ئێران بە پشتیوانیکردن لە حەشدی شەعبی و لیستی بەرەی شیعەی نزیک لە خۆی بە سەرپەرەستیی هادی عامری، تەواوی هەوڵی ئەوە بوو کە ئەم بەرەیە زۆربەی کورسییەکانی پارلمانی عێراق وەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێکی دیکەیش هێژمۆنیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە سەر سیاسەتی بەغداوە دیار بێ. لەم پێناوەدا هەر لە یارمەتیی ماڵی و تەبلیغی بە لیستی حەشدی شەعبی تا دەستێوەردان لە ژماردنی دەنگی دەنگدەرانی عێراقی، ڕێژیمی ئێران ئەو ماوەیە هەموو هەوڵێکی خۆی ‌دا کە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە ئاکامی دڵخوازی ئەوەی لێ بکەوێتەوە. بەڵام هەر وەک لە ئاکامی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت، عێراقییەکان بەتایبەت بەرەی شیعەی ناڕازی لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتەکەیان، بڕیارێکی دیکەی بە پێچەوانەی چاوەڕوانی و هەوڵەکانی ئێرانیان دا. لیستی بەرەی شێعەی ناڕازی لە ڕۆڵی نامەسئولانەی ئێران لە عێراق بە سەرپەرەستیی موقتەدا سەدر، زۆرترین دەنگی هێناوەتەوە و ئەم بەرەیە نزیک بە ١٩٠ کورسی لە پارلمانی عێراقدا دەبێ. لایەنگرانی ئەم بەرەیە هەر دوای ئاشکرابوونی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا ڕژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و تێکڕا هاواریان کرد: "ئێران بۆ دەرەوە"، ئەوان پێیان وایە وڵاتەکەیان بۆ جارێکی دیکەیش لە دەست دوژمنان و نەیارانی خەڵکی عێراق کە مەبەستیان رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، ڕزگاری بووە بۆیە بەم بۆنەوە جێژن دەگێڕن. ئەوان بە لەباوەشگرتنی یەکتری بە دەنگێکی بەرز هاواری ئازادیی وڵاتەکەیان دەکرد و پەیامی "دەرچوونی ئێرانیان لە وڵاتەکەیان" بڵاو دەکردەوە. گومانی تێدا نیە کە بەرەی نیشتمانیی خەڵکی عێراق کە خوازیاری سەربەستیی وڵاتەکەیانن زۆر باش لە رۆڵی دەستێوەردەرانە و تێکدەرانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە وڵاتەکەیان تووشی بشێوی و نائارامی کردوە، تێدەگەن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نزیک بە چوار دەیەیە بە درۆ و لەژێر ناوی "پشتیوانی لە گەلانی مسوڵمان" دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دەورووبەردا دەکا، دەبێ ئێستا ئەوە باش بزانێ کە گەلانی وڵاتانی ناوچەکە چیدیکە باوەڕ بە درۆکانی ئەم رێژیمە ناکەن و زۆر باش دەزانن کە ئەم رێژیمە جیا لە ئاڵۆزی، شەڕ، پەرەپێدان بە توندوتیژی و تێرۆر و بەتاڵانبردنی هێزی ئینسانی و ماڵیی ئەم وڵاتانە لە پێناو ئامانجە زێدەخوازییەکانی خۆی‌دا، هیچ خێڕێکی بۆ ئەوان و وڵاتەکانیان نەبووە. هاوکات و هاوشان لە گەڵ خەڵکی عێراق، خەڵکی وڵاتانی سووریە، فەلەستین، لوبنان و یەمەن کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستەوخۆ دەستێوەرانیان تێدا دەکات و سەرەکیترین هۆکاری شەڕ و نائەمنی لەم وڵاتانەدا بووە، بە تەواوەتی لەم ڕێژیمە بێزارن و ئەم ڕێژیمە بە دوژمنی خۆیان و وڵاتەکانیان دەزانن. ئەگەر تا دوێنێ بە ناوی پشتیوانی لە کۆمەڵگەی شیعەمەزهەب خۆی بە قەیوم و خاوەنی هەموو شیعەکانی دونیا و بەتایبەت عێراق دەزانی و وای دەنواند و نیشان دەدا کە سەرجەم کۆمەڵگەی شیعە ئەم ڕێژیمە بە پشتیوان و داکۆکیکاری خۆیان دەزانن، ئێستا ئیدی بە ڕوونی لانیکەم لە عێراق روون بۆتەوە کە ئەم ئیدیعایانە چەندە پووچ و بێ‌مایەن. زۆربەی شیعەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی پارلمانیی وڵاتەکەیاندا بە دەنگێکی بەرز بێزاریی خۆیان لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربری و داوای چوونە دەرێی عەواملی ئەم رێژیمەیان لە وڵاتەکەیان کرد. ئەمە تەنیا هاواری بەشێکی زۆری بەرەی شیعە نیە، بەڵکوو سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتی عێراق بە سوننی، شیعە، کورد و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەیشەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دراوسێیەکی بەد‌نییەت دەزانن کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا تەنیا رۆڵی تێکدەرانە، دووبەرەکی‌نانەوە و پەرەپێدان بە توندوتیژیی لە وڵاتەکەیاندا هەبووە. بۆیە ئەمڕۆ عێرقییەکان بە دەنگێکی بەرز بە ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن: "لە وڵاتەکەمان بچۆ دەرەوە"