کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هەیئەتی کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە

01:14 - 30 بانەمەڕ 2718

هەیئەتێکی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەو دیدارەدا کۆمەڵە بابەتێکی سیاسیی ڕۆژەڤی کوردستان و ئێران ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ڕۆژی شەممە، 29ی بانەمەڕ هەیئەتێکی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرستیی کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیر ئەوەڵی کۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و، لە سکرتاریای حیزبی دێموکرات لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازییان لێ کرا. گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە دوای هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام، هەڵبژاردنەکانی عێڕاق و نەخش و دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە و وڵاتانی دیکەی ناوچە، شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستان، پرسی کورد لە ئێستای هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و ناوچە و، بابەتی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران؛ چەند تەوەرێکی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون. لە باسەکانی ئەو دیدارەدا بە بایەخەوە تیشک خرایە سەر بزووتنەوەی فرەڕەهەندی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و دەسکەوتەکانی و، باس لەوە کرا کە ئێستا ئیدی خەڵکی ئێران لە سەرکوت و زەبروزەنگ ناترسن و شێلگیرتر لە جاران داوای مافەکانیان دەکەن و لە پێناو بە ئامانج گەیشتنی ئەم بزووتنەوەیەدا پڕۆسەی خەباتی جەماوەری لە دژی کۆماری ئیسلامی دەبێ درێژ بێتەوە. ئەوەش ئەرک دەخاتە سەر هێزە سیاسییەکان کە هاندەر و بزوێنەری ئەم بزووتنەوەیە بن و پێویستە بەدیلی وا دروست بکەن کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئێراندا پێک بێن و لە کوردستانیش پێویستە حیزبەکان بە یەکگرتوویی لە گوتار و کردەوەدا ئادرەسێکی ڕوون و دیار بۆ شوێندانان لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان بن. سیاسەتی نوێی ئەمریکا و شەپۆلی نوێی گوشارەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران و کاریگەریی لە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران، پرسی لێکگڕیدانی بزووتنەوەی کورد لەگەڵ خەباتی جەماوەری و سەراسەریی ئێران و داهاتووی گۆڕانکارییەکان لە ئێران چەند بابەتێکی دیکەی دانیشتنەکە بوون کە دوو لایەن ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر باس کرد و لەوەدا کۆک بوون کە کلیلی سەرکەوتنی کورد لە دەستەبەری مافەکانیدا یەکگرتوویی و یەکڕیزیی بەکردەوەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانیەتی.