کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی بۆچی ڕانەمەڕی داوەتە دەست گورگەکە؟

03:33 - 1 جۆزەردان 2718

(لەپەراوێزی ئەسپاردنی ئەرکی بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ بە سپای پاسداران) بەبڕیاری «شوڕای باڵای ئەمنیەتی نیشتمانی» کە سەرۆک کۆمار بەرپرسیەتی، ئەرکی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغی کاڵا لە کەنداوی فارس دراوەتە دەست سپای پاسداران. ئەسپاردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی ڕێگری لە هاوردەی کاڵای قاچاغ لە کەنداوی فارس بە سپای پاسداران لە حاڵێک دایە کە لە مێژساڵە ناوی سپای پاسداران و قاچاغ لە 6 بواری هەرە گرینگی ئابووریی ئێراندا پێک گرێدراون، ئەویش بە بەڵگە و دێکۆمێنتی هەرە ڕەسمی و هەرە گرینگ: 1) ئیسکەلە و بەندەرگە ناقانوونییەکان لە ڕۆژانی نێوان 30ی بانەمەڕ هەتا 3ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا لە چوار کۆبوونەوەی مەجلیسی شەشەمدا باسی ئەو بەندەرگە و ئیسکەلانە هاتنە گۆڕێ کە ڕێکخراوی چاوەدێری و بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریانەوە نیە. لەو ڕاپۆرتانەی لە مەجلیسدا خرانە بەرباس، ناوی ئەو بەندەرانە هات کە لە پاوانی هێزە چەکدارەکان (سپای پاسداران) دان، وەک «ئێران بەندەر لە چابەهار»، «بەشێک لە بەندەری باهونەر لە بەندەرعەباس»، «بەندەری ئەبوومووسا»، «بەندەری بووشێهر»، «ئیسکەلەی خۆرزەنگی»، «ئیسکەلەی هۆرمۆزگان» و «بەندەری ماهشەهر» کە هەموو لە ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران دان. جیا لەوانەش وەک حوسێن لوقمانیان، نوێنەری شاری هەمەدان لە مەجلیس باسی کرد زۆر لەنگەرگە و ئیسکەلەی نادیاری دیکەش هەن کە خراونەتە ژێر دەسەڵاتی ناوەندە ناڕەسمییەکان کە هیچ دەزگایەکی حکومی ناتوانێ لێیان بپرسێتەوە. ئەو گوتی سەتی 68ی هاوردەی کاڵا بەشێوەی قاچاغە و تڕانزیتی ئەو بارە قاچاغانەش لە ڕێگەی ئەو لەنگەرگە و ئیسکەلە تایبەتییانەوە دەکرێ. محەممەدباقر قالیباف، شارەداری پێشووی تاران و یەکێک لە پاڵێوراوەکانی سەرۆککۆماریش لە ڕێبەندانی ساڵی 83 کە ئەو کات سەرۆکی ڕێکخراوی بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ بوو، گوتبووی؛ کە سەتی 40ی ئیسکەلە و لەنگەرگە قانوونی و ناقانوونییەکانی وڵات لە قاچاغی کاڵاوە گلاون. هەر ئەو کات مێهدی کەڕووبی، سەرۆکی مەجلیسی شەشەم ژمارەی ئەو ئیسکەلانەی ڕاگەیاند کە 60 دانەن و پتر لە سەتا 60ی کاڵا و باری قاچاغ لە ڕێگەی ئەوانەوە دێتە نێو وڵاتەوە. دواتر مەحموود ئەحمەدینژادیش لە منازیرەکانی هەڵبژاردندا بە ئاشکرا سپای پاسدارانی بە برایانی قاچاغچی ناوبرد. «ئەحمەد خۆڕەم»، وەزیری ڕێگاوبانی دەوڵەتی دووهەمی خاتەمیش کە لەلایەن مەجلیسی حەوتەمەوە ئیستیزاح کرا، هۆکاری ئیستیزاحەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ویستوویەتی لەو 94 دەروازە ناقانوونییە لە وڵاتدا بکۆڵێتەوە کە بەشی زۆری کاڵا و باری قاچاغی پێدا دێت و دەڕوا و نەک هەر گومرک نادەن، بەڵکوو دەوڵەتیش هیچ چاودێرییەکی بەسەریانەوە نیە. سەیر ئەوەیە کە حەسەن ڕوحانی ساڵی 93 بڕیاری پرسینەوە لەو ئیسکەلە و لەنگەرگەیانەی دا، بەڵام ئێستا بە سپاردنی ئەرکی بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ لە کەنداوی فارس بە سپای پاسداران، خۆی و سپای پاسدارانی لە هەرچەشنە بەدواداچوونێکی دی ئارخەیان کرد. 2) بازاڕچە و دەروازە سنوورییەکان سەرەڕای ئەوەی بە بڕیاری شوڕای بەرزی ئەمنیەتی نیشتمانی بەڕێوەبەریی هەموو دەروازە سنوورییەکان بە گومرگ دراوە و پاراستنەکەی بە هێزە ئینتیزامییەکان سپێردراوە، بەڵام سپای پاسداران کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکانی بە دەستەوەیە. بیانووی سپای پاسداران بۆ ئەو کارە ڕێگری لە هاوردەی کاڵای قاچاغە، لە حاڵێکدا بەپێی قانوون بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردەی قاچاغ ئەرکی سپای پاسداران نیە و لە ڕاستیشدا سپای پاسداران حزوورەکەی بۆ ئەو مەبەستە نیە، بەڵکوو ڕاست بۆ قاچاغی بار و کاڵایە. 3) فڕۆکەخانەکان ساڵی 83ی هەتاوی بوو کە ناوی سپای پاسداران لە بابەت کاری قاچاغ لە فڕۆکەخانەی «پەیام» هاتە گۆڕێ. بە دەسبەسەرکرانی «عەباس تەقیزادە» پەردە لەسەر تۆڕی بەربڵاوی قاچاغی کاڵا لەو فڕۆکەخایە لادرا کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرا. دوایە ئاشکرا بوو کە لە ڕێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە بڕی 12 میلیارد دۆلار باری قاچاغ هاوردەی وڵات کراوە. بەدوای ئەوەدا بوو کە قاچاغی کاڵا لەلایەن سپای پاسداران لە فڕۆکەخانەکانی «ئیمام خومەینی» و «مێهراباد»یش لە هەڵڵا درا. ڕۆژنامەی «ایران» لە خەرمانانی 86دا ئاشکرای کرد کە 25 دەروازەی فڕۆکەخانەی مێهراباد لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گومرکدا نیە و پاوانی سپای پاسدارانە و لەو ڕێگەیەوە کەلوپەلی جوانکاریی ژنان و موبایل بە قاچاغ دەڕژێنە بازاڕەکانی وڵاتەوە. 4) مادەی هۆشبەر بەناوبانگترین پەروەندەی ڕەشی سپای پاسداران لە بواری قاچاغی کاڵا بۆ ساڵی 1390 دەگەڕێتەوە کە بەپێی بڕياری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ناوی سەرتیپ «غوڵامڕەزا باغەبانی»، یەکێک لە فەرماندە پایەبەرزەکانی سپای قوس بە تاوانی قاچاغی مادەی هۆشبەر خرایە لیستی گەمارۆکانی دژ بە ئێرانەوە. بەپێی ڕاپۆرتی دەوڵەتی ئەمریکا سەرتیپ باغەبانی ڕێگەی بە قاچاغچییە ئەفغانییەکان دابوو چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بگەیەننە دەستی «تالیبان» و تریاک بێننە خاکی ئێرانەوە. بەپێی بەڵگەکانی «ویکیلیکس»یش سپای پاسداران باری هێرۆئینی بۆ کۆماری ئازەربایجان تڕانزیت کردوە. لەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکان تریاک لە ئەفغانستانەوە هاورە دەکەن و لە ئێران دەیکەنە هێرۆئین و بۆ کۆماری ئازەربایجانی دەگوازنەوە. بەڵگەی دیکەش بۆ دەست تێداهەبوونی سپای پاسداران لە قاچاغی مادەی هۆشبەر و پێوەندییان لەگەڵ کارتێلەکانی مادەی هۆشبەر لە مێکزیک و وڵاتانی ئەمریکای لاتین زۆرن کە لەلایەن ئەمریکاوە لێیان لە هەڵلا دراوە 5) چەکوچۆڵ پەروەندەی قاچاغی چەکوچۆڵ لە دژی سپای پاسداران تابڵێی زۆرن و تەنانەت سەریان لە شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەدەرناوە. ئاشکرابوونی قاچاغی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتانی عێڕاق، بەحرەین، یەمەن، سووریە و لوبنان شتێک نیە ئێستا لە کەس شاراوە بێ و تەنانەت ڕێی بۆ حاشاش نەهێشتۆتەوە. هەر لەو سۆنگەیەوە دەیان کاربەدەستی ورد و درشتی سپا لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ئێران خراون و مەودای تڕانزیتی چەکوچۆڵ لەلایەن سپای پاسداران گەیوەتە وڵاتانی «نیجێرییە» و «گامبیا» و وڵاتانی «سێنێگال»، «کێنیا» و «سوودان» لە ئەفریقاش لە پەروەندەکانی قاچاغی چەکوچۆڵی سپای پاسدران گلاون و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودوڵەتییەوە سزا دراون. 6) ڕایەڵە جۆراوجۆەکانی دی لەو ساڵانەی دواییدا لە تەنیشت تاوانەکانی قاچاغی مادەی هۆشبەر کە دەدرایە پاڵ حیزبوڵلای لوبنان، ناوی ئێرانیش بە بەردەوامی هاتووە. لە ڕاپۆرتێکدا کە لەبارەی «کاساندرا»، یەک لە پڕۆژەکانی دەوڵەتی باراک ئۆباما لە پێوەندی لەگەڵ مادەی هۆشبەردا بڵاو کرایەوە، باس لە ڕایەڵەیەکی قاچاق لە ئەفریقا کرابوو کە جیا لە مادەی هۆشبەر و چەکوچۆڵ، بە کاری قاچاغی ئوتومبیل، ئەڵماس و کەلوپەلی تیجاری و تەنانەت مرۆڤەوە خەریک بوون و حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسداران بەشێک بوون لەو ڕایەڵەیە. قاچاغی سیگار و دراوی ساختە و تەڕاتێن لە جۆرەها بواری دیکەدا بەشە نەدیوەکانی چالاکیی سپای پاسدارانن و، لە دەیەی ڕابردوودا و لەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ئێران و پەرەسەندنی هاوردەی کاڵای قاچاغ دەستی سپای پاسدارانی بۆ پاوانکردنی ئەو بەشانە دەست ئاوەڵاتر کردوە. ڕوونە کە لەو بارودۆخەدا و بەپێی ئەو هەلومەرجە ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ڕووحانی بۆ سپاردنی ئەرکی بەربەرەکانی لەگەڵ پرسی قاچاغ لە کەنداوی فارس بە سپای پاسداران، بەجێی ئەوەی بڕیار بۆ بەربەرەکانییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ قاچاغی کاڵا بێ؛ پتر مامەڵەیەکی ئاشکرایە لەگەڵ سپای پاسدران. بە واتایەکی دی مامەڵەیەکە کە تەنیا لە چوارچێوەی دان و ستانە مانادارەکانی دەوڵەتی بێ چەک! و دەوڵەتی چەکدار!دا جێ دەگرێ. ( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)