کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆری تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا لە ئاوابوونە

03:44 - 1 جۆزەردان 2718

لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، پاش ڕاپەڕینی گەلانی سووریە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد و سەرکوتی خوێناویی ئەو ڕاپەڕینە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە لە ساڵی ٢٠١١دا، کە بوو بە هۆی هەڵاییسانی شه‌ڕی نێوخۆیی لە سووریە و دواتر سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریە، ڕێژیمی تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی جۆربەجۆری وەکو بەرگری لە شوێنه‌ پیرۆزەکانی شیعە لە سووریە و عێراق، یان پێشگرتن بە دزەی شه‌ڕ بۆ نێوخۆی ئێران و دوورخستنەوەی هێڵی جەنگ لە خاکی ئێران، بوو بە هاوپەیمانی سەرەکیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد. کۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌ره‌ڕای خەرجکردنی بە لێشاوی دارایی و سامانی گەلانی ئێران لەو جەنگەدا، سەدان کەس لە ئەندامانی هێزە تیرۆریستەکانی خۆی و میلیشیا هاوپەیمانەکانی، لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریەدا کوژران. هەر لەم یەک و دوو حەفتەیەدا بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەی هێزە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی تاران لە خاکی سووریەدا جودا لە کوژرانی دەیان پاسداری تیرۆریستی ڕێژیم، مووشەک و جبەخانەیەکی زۆریش، کە بە پارە و سامانی دزراوی گەلانی ئێران دروست کرابوون، بوون بە تەپوتۆز. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٤٠ ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دروشمی لەنێوبردنی ئیسرائیل دەڵێتەوە، کەچی لە هەمبەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیلدا هیچ کاردانەوەیەکی بەکردەوەی نەبووە، بێجگە لە پاتکردنەوەی دروشم. گەلانی ئێران، بەتایبەت گەلانی غەیرەفارس، هەر لە سەرەتاوە دژی بەشداریی وڵاتەکەیان لە سەرکوتی گەلانی سووریەدا بوون، ئەویش لە کاتێکدا کە ئابووریی ئێران لە نێوخۆی وڵاتدا وێرانە و بێکاری و هەژاری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، بۆیە لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، کە نیزیکەی ١٠٠ شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، یەکێک لە داوا و دروشمە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران ئەوە بوو، کە ڕێژیم دەست لە سووریە و وڵاتانی دەرەوە هەڵگرێ و فکرێک لە دۆخی وێرانی خەڵکی هەژار و برسیی نێوخۆی ئێران بکاتەوە (سوریە را رها کن / فکری بە حال ما کن). کەچی ڕێژیم نەک هەر بە قسەی خەڵکی ئێرانی نەکرد، بگرە بەتوندی سەرکوتی کردن و دەیان کەسی بێتاوان و مافخوازی دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کرد و زیاتر لە ٢٥ کەسیشی لەسەر جادەکان کوشت. ڕێژیمی تاران کە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە فکری لە وەدەستهێنانی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو دەرکردەوە، زیاتر لە ٣٥ ساڵ بەشێکی زۆری داهاتی ئێرانی لە بنیاتنانی کۆمەڵێک وێستگەی وزەی ئەتۆمیدا خەرج کرد بە هیوای ئەوەی کە بتوانێ بۆمبی ئەتۆمی دروست بکا، کەچی لەم ساڵانەی دواییدا بۆ ئەوەی بتوانێ دەست بەسەر وڵاتانی شیعەی ناوچەکەدا بگرێ، پڕۆژە ئەتۆمییەکەی کردە قۆچی قەربانیی دەستوەردانە تیرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا. ئێران له‌وه‌شدا به‌ختی نه‌یهێنا و پاش ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا گۆڕا و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی دا و داواشی کرد ئێران دەست هەڵگرێ لە بەرنامەی مووشەکسازی و هەناردەکردنی بۆ میلیشیا تیرۆریستەکانی ناوچەکە و هێزەکانی خۆیشی لەو وڵاتانە بباتە دەرەوە، سەرلەبەری ئەو فرتوفێڵ و خەرج و قوربانییانەی ڕێژیم خەریکە بەرەو لەنێوچوون دەڕۆن، ئاخر ڕێژیم دڵی بە پشتیوانیی ڕووسیە خۆش بوو، کەچی پووتین، سەرۆکی ڕووسیە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند، دەبێ هێزە بیانییەکان لە سووریە بچنە دەرەوە. هەر ڕۆژێک دوای قسه‌کانی پووتین، نوێنەرەکەی بۆ کاروباری سووریە، ئەلیکساندر لاڤرنتیڤ بە ڕاگەیاندنەکانی گوت، مەبەستی پووتین لە هێزی بیانی، ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیش دەگرێتەوە. هەرچەندە ئەم بۆچوونەی ڕووسیە وەکو شتێکی چاوەڕواننەکراو دێتە بەرچاو، تەنانەت ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی تاران، لەوانە هەواڵدەریی فارس، پێیان وایە ئەو قسەیە بەدەمی ڕووسیەوە هەڵبەستراوە، بەڵام لەڕاستیدا لە واقعی ئێستای ناوچەکە بەدوور نیە. ئاخر ئەم ڕۆژانە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هێزە شیعەکانی نیزیک لە ئێران نەیانتوانی سەرکەوتنی سه‌ره‌کی بەدەست بێنن و بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق وێ دەچێ دەوڵەتی ئایندەی ئەو وڵاتە وەکو دەوڵەتەکانی پێشوو دەستەمۆی تاران نەبێ. بێجگە لەوەش، دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دژی دەستدرێژییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، هاوشێوەی هاوپەیمانی دژی داعش دەدات و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکەش بەتەواوەتی پشتیوانی لەو هاوپەیمانەتییە دەکەن. لە نێوخۆی ئێران و لە نێو مۆرەکانی ڕێژیمیشدا هەست بەوە کراوە، کە پێویستە ڕێژیم دەست لە زێدەڕۆییەکانی لە ناوچەکەدا هەڵگرێ، لەوانە ناتق نووری، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی ڕێژیم، لە وتارێکیدا دەڵێ: «ئیدی کاتی بیرکردنەوە لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بەسەرچووە و پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە نەهێڵین ڕێژیم بڕووخێ.» ئەم ڕاستییانە نیشانەی ئەوەن کە ڕێژیم هەم لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەم لە بەرنامەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیدا شکستی خواردووە و دەیەوێ بیر لە فرتوفێڵی نوێ بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆ و گەلانی ئێران بکاتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری کازروون بە چەک ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی ئەو شارە بووەوە و بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکان زیاتر لە ٣ کەسی کوشتووە و دەیان کەسی بریندار کردووە و دەیان کەسیشی دەستبەسەر کردووە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ گەلانی ئێران لەوە زیاتر ڕازی دەبن بە مانەوەی ئەو ڕێژیمەی کە ٤٠ ساڵە سامان و دارایی و ئازادی و ئیرادەی خەڵکی ئێران بەفیڕۆ دەدا؟ ئاخۆ گەڕانەوەی ڕێژیم لە سووریە بەبێ هیچ دەستکەوتێک و بەو هەموو تێچووە ماددی و گیانییەوە بە ئاسانی بەسەر ڕێژیمدا تێپەڕ دەبێ؟ ( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)