کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوراز و نشێوەکانی بزووتنەوەی کورد ٤-١

04:01 - 1 جۆزەردان 2718

بزووتنەوەی کورد تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم زۆرتر لە ژێر ڕێبەریی سەرۆک عەشیرەکان بووە و بە‌گشتی تا کاتێک میرەکانی کوردستان لەسەر بنەمای سیستمی عەشیرەیی باوکسالار_ فیئۆداڵی دەیان حکوومەتی بە هێزی خۆجێییان هەبووە، هەستیان بە ستەمی نەتەوایەتی بە مانای ئەمڕۆیی نەکردوە. ئەم حکوومەتانە بە کورد و ناکوردەوە لە ئێران بە تەواوی سەربەخۆ یان نیوەسەربەخۆ بوون. سەرۆک عەشیرەکانی قەشقایی، بەختیاری، کورد، لۆڕ و بەلووچ سەربەخۆییەکی بە تەواوی مانایان هەبووە. ئەوان لەو ناوچانە کە عەشیرەکەیان کۆچی بۆ کردوون، وەکوو سەرۆک هۆزێکی سەربەخۆ دەسەڵاتێکی تەواویان هەبووە، تەنانەت زۆرجار دەسەڵاتی شای ئێرانیشیان لەم ناوچانە بە فەڕمی نەناسیوە.(1) بۆ وێنە بە ڕواڵەت شا توانیویەتی سەرخێڵی قەشقایی دیاری بکا، بەڵام چوارچێوەی هەڵبژاردنی بەستراوە بە هەڵوێستی بنەماڵە بە ناوبانگەکانی خێڵەکەیانەوە، هەروەها بۆچوونی ئەم بنەماڵانە دەربارەی سەرۆکەکەوە بووە. دەوڵەت یان هاوڕای ئەم دیاریکردنانە بووە یان نەیتوانیوە دژایەتییان لەگەڵ بکا».(2) لۆردجۆرج کەرزن، سیاسەتوانی ئینگلیسی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا سەردانی ئێرانی کردبوو، لەم پێوەندییەدا دەنووسێ: «شا لە زۆربەی ناوچەکاندا مەجبوور بوو پارێزگارەکان لە بنەماڵە خاوەن دەسەڵاتەکانی هەر ئەو ناوچەیە هەڵبژێرێ»،(3) بە وتەی سێر جان مالکێلم، مێژووناس و سیاسەتوانی سکاتلەندی، «ئەشرافییەتی بە میرات‌ماو، لە گەورە پیاوانی خێڵەکان پێک هاتبوو، وەکوو شتێکی باو کەسێک لە نێوان گەورە ماڵەکان هەڵدەبژێردرا، ناسناوی «ئێلخان‌«یان پێ دەبەخشی.(4) ئێلخانەکان لە خێڵەکانیاندا سوڵتانێکی بە تەواوی مانا بوون و بێ دەستێوەردانی هێزێکی دەرەکی حکوومەتیان دەکرد، یاساکانی خۆیان بەڕێوە دەبرد و بۆخۆیان ماڵیاتیان کۆ دەکردەوە. ئەمانە بە ڕواڵەت فەرمانبەری حکوومەتی ناوەندی بوون و جاروبار ئەم فەرمانبەرییەیان بە شێوەی ناردنی کەمێک پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت پیشان دەدا». جیمز مۆریه‌، دیپڵۆمات و نووسەری ئینگلیسی لەم پێوەندییەدا تەنانەت باس لەوە دەکا کە تورکمەنەکان ئەوپەڕەکەی چەند ئەسپێکیان بۆ دەربار دەنارد و شاش لەبەرئەوەی بیانوویەک بۆ دوژمنایەتی‌کردنی ئەوان بەدەستەوە نەدا، بە چەشنێک بۆی قەرەبوو دەکردنەوە.(5) سەعید نەفیسی لە کتێبی خۆیدا بە ناوی «مێژووی هاوچەرخی ئێران» دەربارەی کوردستان لە سەردەمی قاجاردا دەنووسی: «کوردستان پاش کەریم خانی زەند بە یەکجاری لە حکوومەتی ناوەندی جیا ببۆوە و هۆزەکانی کورد وەکوو هەورامانی و مەریوانی و گەڵباغی و کولیایی نەک بەردەوام پێکەوە کێشە و شەڕیان هەبوو و پەیڕەوییان لە حکوومەتی ناوەندی نەدەکرد و کاربەدەستانی حکوومەتیان بۆ نێوخۆیان ڕیگا نەدەدا، بەڵکوو هێرشیان بۆ سەر درواسێیەکانیش دەبرد و دەوڵەتی ئێران ناچار دەبوو جاروبار هێزێک بۆ دوورخستنەوەی ئەوان بنێرێ، بەوحاڵەش وێڕای تەواوی ئەم هەوڵانە نەیدەتوانی ئەوان بخاتە ژێر فەرمانی خۆیەوە».(6) بە وتەی ویکتۆر برار، زانای فەڕانسەیی، ئێرانی سەردەمی قاجار « نە میللەت بوو و نە دەوڵەت».(7) پێبەپێی پەرەسه‌ندنی خاوەنداریی خۆیی و سیستمی شتوومەک _ پارەیی، سیستمی کۆن بەرەو کۆتایی دەچوو، دەسەڵاتی ناوەندییش بە هێزتر و حکوومەتە خۆجێییەکان ناپتەو و خۆڕانەگرتر دەبوون. بە وتەی پاتریسیا کرۆن، لێکۆڵەر، نووسەر، ڕۆژهەڵاتناس و مێژووناسی دانمارکی «خێل بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتیی پێکهاتەکەی هەمیشە دەسەڵاتی دەوڵەتی ڕەت کردۆتەوە، چونکە قەبووڵی حکوومەت لە لایەن خێڵەوە بە مانای کۆتایی هاتنی حکوومەتی خۆیانە».(8) یەکجێکردنی دەسەڵات و لەنێوبردنی حکوومەتی خێڵەکان سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی بوو. لەم ڕەوتەدا دەسەڵاتە خۆجێییەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر بە سیاسەتی یەکجێکردن نەبوو. هەڵوەشاندنەوەی پەیتاپەیتای کۆمەڵگای باوکسالار_فیئۆداڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەهامەتیی هەزاران وەرزێر بە هۆی باجی دەوڵەتی و گوشاری مڵکانە (داهاتانە)، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتە خۆجێییەکان بە پێی یاسای پێکهێنانی ئەیالەت_ ویلایەتەکان و رێسای کار (9) لە کاروباری نیوخۆیی وەکوو زەوتکردنی مافی پەسەندکردنی یاسای نوێ، دیاریکردنی ماڵیاتی دەوڵەتی و باجی خۆجێیی، دەستتێوەردانی کاروباری دادوەری، هەروەها یاساخکردنی ناڕاشکاوی خۆتێهەڵقوتاندنیان لە کاروباری سپایی، و پاشان پەیتاپەیتا بێدەسەڵاتکردن و لە نێوبردنیان، دانانی خەڵکی ناکورد بۆ بەرپرسایەتی لە کاروباری کوردستان ، بە‌گشتی جیاوازیدانان لە بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیدا بوو بە هۆی شکڵگرتنی ستەمی نەتەوایەتی و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرەنگاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی «نەتەوەیی» لە کوردستان. سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکانی گەلی کورد وێڕای کاریگەریی نەرێنیی وڵاتە زلهێزەکان، تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی بە هۆکارە نێوخۆییەکانەوە بووە. کوردستان لە قۆناغی ناوبراودا سەرەڕای ئەوەی گۆڕەپانی ڕاپەڕێنی گەلی کورد بە ڕێبەریی سەرۆک عەشیرەکان دژ بە حکوومەتەکانی ئێران و عوسمانی بووە، بە هۆی نەبوونی یەکێتی و تەبایی نەتەوەیی، شکڵ نەگرتنی ناسیونالیزمی کوردی، نەبوونی سەرۆک یان فیدڕاسێۆنێکی بە هێزی عەشیرەیی کە بتوانێ تەواوی عەشیرە و خێڵەکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە ژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە، هەروەها لەبەر فاکتەری جوغرافیایی و پانتایی بەرچاوی خاکی کوردستان کە بەربەستێک بۆ پێوەندی لە نێوان ناوچەکانی کوردستان بووە، نەیتوانیوە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی واتە پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی کورد بگا. کوردستان لە کۆتایی سەدەی ١٨وە هەتا سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ مەیدانی ململانێی دوو وڵاتی داگیرکەری عوسمانی و ئێران و زێدە‌خوازی و دەستدرێژیی ڕووسیە، بریتانیا، فەڕانسە و ئەڵمان بوو. کورد زۆر جار بێ ئەوەی دەستکەوتێکی هەبووبێ تەنیا وەکوو لەشکر و شەرکەڕ دژ بە دەوڵەتەکان یاخود میرەکانی خۆیی کەلكی لێ وەرگیراوە و بۆتە قوربانیی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتانە. هاوکات دژبەری و شەڕی میرەکان و سەرۆک عەشیرەکان، کوردستانی کردۆتە گۆڕەپانی کێشە و تێکهەڵچوون و دەمەقاڵە و شەڕی نێوخۆیی، بابەتێک کە هەمیشە بە قازانجی دوژمنانی کورد و زیانی خودی کورد تەواو بووە. بۆ وێنە لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩دا میرنشینی بادینان لە باکووری مووسڵ کە سەر بە شانشینی بەغدا بوو، ناوەندی کێشە و شەڕی بەردەوامی نێوخۆیی بووە، دەسەڵاتدارەکانی بەغدا و مووسڵ بۆ کۆنتڕۆڵی میرنشینی بادینان کەڵکیان لەم بابەتە وەرگرتوە. لە کۆتایی سەدەی ١٨ و دەستپێکی سەدەی نۆزدەدا میرنشینی سۆران بەردەوام تووشی شەڕ و کێشەی نێوخۆیی بووە، یان عەباس میرزا لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ بۆ هێنانە ژێرفەرمانی مستەفاپاشا _میری هەکاری_ کە پێشتر لە شەڕی ساڵی ١٨١٠دا شکستی لێ خواردبوو، کەڵکی لە عەشیرەتە کوردەکانی سەر سنوور وەرگرتوە. کۆتایی مانگی ئاگوستی ساڵی ١٨٣٦ی ز، میر محەممەد (میرە کۆرە) حاکمی سۆران پاش ٢٣ ساڵ شەڕ دژ بە تورک و ڕەقیبە نێوخۆییەکانی و پەرەپێدانێکی بەرچاو بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە تەواوی کوردستانی عوسمانی و ئێران، و لە کاتێکدا کە گەورەترین مەترسیی بۆ دوژمنانی کورد لە پێوەندیی لەگەڵ پەرەپێدانی هەستی سەربەخۆییخوازیی کورد لە تەواوی کوردستان بووە، بە هۆی کێشە و ناکۆکیی نێوخۆیی، خەیانەتی «مەلای خەتێ» کە فتوای دا هەرکەس دژ بە سوڵتان شەڕ بکا کافرە، هەروەها کردنەوەی ڕێگای ڕەواندوز لەلایەن خۆفرۆشەکانی نێوخۆیی بۆ تورکەکان، شکستی خوارد و خۆی بە دەستەوە دا. ئەم سیناریۆیە جارێکی دیکەش بۆ بەدرخان، میری بۆتان لە هاوینی ساڵی ١٨٦٨ دا بە هۆی خەیانەتی برازاکەی خۆی واتە یەزدانشێر دووپات بۆوە. لە کۆتایی ساڵەکانی ٣٠ی سەدەی نۆزدەدا بەدرخان بەگ توانی پاش پێکهێنانی دۆستایەتییەکی باش لەگەڵ کۆنە ڕەقیبەکانی لە بۆتان و هەکاری و هتد «یەکیه‌تیی پیرۆز» لە نێوان بەشێکی بەرچاو لە میر و عەشیرەتەکانی کوردستان تەنانەت ئەردەڵانیش پێک بێنێ، ئەمە به‌ یه‌که‌مین یەکیه‌تیی سیاسیی کورد لە مێژووی کورددا داده‌نرێ. دۆستایەتیی بەدرخان لەگەڵ ئەرمەنی و ئاسۆرییەکان ڕۆڵێکی باشی لە ڕاکێشانی سەرنجی ڕووسیە بۆ کێشەی کورددا هەبوو. بەدرخان بەپێی دەسەڵاتی خۆی تەنانەت سککەشی لێ دا و لەسەر ئەو سککانەدا نووسرابوو «بەدرخان میری بۆتان». بەدرخان بە دیاریکردنی شاری جزیرە وەکوو پایتەختی خۆی و شەکاوەکردنی ئاڵای کوردستان، سەربەخۆیی ڕاگەیاند. زۆربەی ڕێبەرانی کورد پشتیوانییان لە بەدرخان کرد، بەڵام دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان و بە تایبەتی بریتانیادا کە بە پێی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆی پشتیوانیی لە ئەستەنبووڵ دەکرد، نەبوو. ئینگلیزییەکان نەخشێکی خراپیان لە پێکهێنانی نائارامی لە میرنشینی بۆتان و سەرهەڵدانی ناکۆکیی نێوان کەمایەتیی گاور (خاج‌پەرستەکان) و کوردی موسوڵمان و شەڕی کورد و ئاسۆری و کوژرانی هەزاران کەسدا گێڕا. بەهاری ١٨٤٧، ئەستەنبووڵ دەستی بە خۆتەیارکردن بۆ گرتنەوەی کوردستان کرد و هەرچەند لە هێرشی هەوەڵدا سوپای تورک شکستی خوارد، بەڵام هاوکاریی «یەزدانشێر» و کردنەوەی یەکێک لە بەرەکانی شەڕ بۆ دوژمن، بوو بە هۆی شکستی بەدرخان و گیرانی بە دەستی تورکەکان لە ٢٠ی ژوئەنی ١٨٦٨ دا. سەرکەوتنی تورکەکان بوو بە هۆی بێ‌دەسەڵاتبوون یان کوژران و لەنێوچوونی بەشێک لە میر، شێخ و بەگەکانی کورد. جارێکی دیکەش لاسەنگیی هێزە دژبەرەکان، نەبوونی یەکیه‌تیی و کێشەی نیوخۆیی، خەیانەت و کاریگەریی نەرێنی بریتانیا بوون بە هۆی هەرەسهێنانی بزووتنەوەی کورد لە بۆتان، هەکاری و بەشەکانی دیکەی باشووری ڕۆژئاوای کوردستان. په‌راوێزه‌کان: ١ــ ا.آ گرانتوسکی و ... ص ٣١١ 2ــ یرواند آبراهامیان، تاریخ مدرن ایران ص ٥١، ترجمە محمد ابراهیم فتاحی، نشر نی، چاپ چهارم ، تهران١٣٨٩ 3ــ وەرگیراو لە کتێبی ،مقالاتی در جامعەشناسی سیاسی ایران، یرواند آبراهامیان، مترجم سهیلا ترابی فارسان ص 436 4ــ وەرگیراو لە کتێبی، مقالاتی در جامعەشناسی سیاسی ایران ص١٧ 5ــ وەرگیراو لە کتێبی، مقالاتی در جامعەشناسی سیاسی ایران، ص ١٨ 6ــ سعید نفیسی، تاریخ معاصر ایران، ص ٢٧، سال ١٣٤٥ 7ــ سعید نفیسی، تاریخ معاصر ایران، لاپەڕەی ١١ 8ــ ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی کورد، مێژوو و نوێخوازی، لاپەڕەی ٢٨ 9ــ ئێران لە سەرەتاکانی سەردەمی قاجاردا لە نێوان ٥ حکوومەت (حکمرانی)دا دابەش کرابوو کە بریتیی بوون لە: ١) ئازەربایجان، هەمەدان و زەنجان. ٢) ئەیالەتەکانی کوردستان، کرماشان، سەرحەدی عێراقین و لۆرستان. ٣) فارس، بەندەر و دوڕگەکانی کەنداوی فارس، کهگیلویە، بەختیاری و خوزستان. ٤) خوراسان و سیستان ٥) کرمان و بەلوچستان. بەڵام لە ساڵی ١٢٨٦ی هەتاویدا، ئێران بە پێی یاسای پێکهێنانی ئەیالەت و ویلایەتەکان و رێسا (دستورالعمل)ی کار لە نێوان چوار ئەیالەتی ئازەربایجان، خوراسان، فارس، «کرمان و بەلووچستان» و ١٢ ولایەتی ئەسترئاباد، مازندەران، گێلان، زەنجان، کوردستان، لۆڕستان، کرماشان، هەمەدان، ئیسفەهان، یەزد، عێراق خوزستان و دارالخلافەی تاران دابەش کرا. هەر ئەیالەتێک لە چەند ویلایەت و هەر ویلایەتێک لە چەند بلۆک پێک-هاتبوو. هەر بڵۆکێک کۆی چەندین گوند بوو لە لایەن ناوەندێکەوە ئیدارە دەکرا. ( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)