کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئومێد لە گەمەی سیاسەتدا

04:14 - 1 جۆزەردان 2718

لە ئەفسانەی یۆنانی کۆندا باس لە چیرۆکی پاندۆرا، جوانترین ژنی دونیا کراوە کە خواکانی یۆنان دروستیان کرد بۆ ئەوەی مێرد بە پرۆمێتووس بکا و تۆڵەی خواکانی لێ بکاتەوە. تاوانی پرۆمێتووس ئەوە بوو کە ئاگری لە زێئووس دزی و دای بە مرۆڤ. لای پرۆمێتووس سندووقێکی داخراو هەبوو، ڕۆژێک پاندۆڕا سەری سندووقەکە دەکاتەوە و لە نەکاو گشت خراپە، ناخۆشی و ئازارەکان لەو سندووقە دێنەدەر و بە جیهاندا بڵاو دەبنەوە. پرۆمێتووس درەنگ بەم کارەساتە دەزانێ و کاتێ سەری سندووقەکەی نایەوە هەر ئومێد مابووەوە کە بێتە دەر. ئومێد لەم ئەفسانەیەدا وادەیەکی سەربەمۆره‌ بۆ سارێژکردنی زام و ئازارەکانی مرۆڤ. هەڵبەت ئیلاهییاتی مەسیحی و فەلسەفە نەیانهێشت ئومێد لە سندووقەکەی پرۆمێتوسدا بمێنێتەوە و دواتر ده‌رگای سندووقەکەیان بەسەردا کردەوە. تۆماس ئاکویناس یەکێک بوو لەو فیلسوفانەی کە بەم چەشنە ئومێد پێناسە دەکا: «ئومێد جووڵەیەکی ئیرادەییە کە عەقڵ پاڵنەریەتی بۆ ئەوەی خێراتر، باشتر و بە پێشکەوتوانەترین مێتۆد بمانگەیەنێتە ئامانج». بەڵام دێڤید هیوم چەمکی ئومێد ئینتیزاعیتر دەکاتەوە و وەک سۆزێکی دەروونی لەبەرامبەر ترسدا پێناسەی دەکا. ئومێد لای ئەو پێوەندیی بە ئاسودەیی و قازانجەوە هەیە و ترس؛ پێوەندیی بە دۆڕاندن و ئازارەوە هەیە. هەڵبەت ئەم تێڕوانینە ڕەگی لە ئیلاهییاتی مەسیحیدا هەیە، چوونکە لە مەسیحییەتیدا ئومێد وەک فەزیلەت پێناسە کراوە و هاتۆتە نێو ئەخلاقی مەسیحییەوە. ئاگوستین سێ دیاردەی ئیمان، ئومێد و عەشق وەک فەزیلەتی مەسیحی پێناسە دەکا. ئومێد لەم میانەیەدا گرنگترین ڕۆڵی هەیە لە ئیلاهییاتی مەسیحیەتدا، چوونکە عەشق لە ئیمانەوە دێ و ئێمان پێوەندیی بە ئومێدی هاتنی ڕەستاخیز و مەلەکوتی ئاسمانییەوە هەیە. بەڵام نیچە پێی وایە ئومێد لە ئیلاهیاتی مەسیحیدا دیاردەیەکی وەهمی و لە هەمان کاتدا پڕۆژەی سیاسی کلیسایە بۆ دەستەمۆکردن و مەسخکردنی ئیماندارەکان. ڕەنگە هیچ کەسێک وەک نیچە ڕەشبینانە و بە گومانەوە ئاوڕی لە ئومێد نەدابێتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئیلاهیاتی مەسیحی ئومێد لە سندووقەکەی پرۆمێتوس دەردێنێ و لە سندووقی ئیمان و ئەخلاقدا درگای لەسەر دادەخاتەوە. نیچە لە کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی ئەخلاق»دا دیاردەی ئومێد وەک دینامیزمی «ئەخلاقی بندەستی» سەیر دەکا. ئومێد لەم سۆنگەوە به‌ لەمپەرێک داده‌نرێ کە کەوتۆتە سەر ڕێی ئازادی و مافی هەڵبژاردنی مرۆڤ. بۆ گەیشتن بە ئازادی و فەزیلەی «پاوەر مێن»، پێویستە مرۆڤی ئازادە هەوڵ بۆ شکاندنی تەلیسمی ئۆمێد بدا. ئومێد لای نیچە لە ڕاستیدا دیاردەیەکی سەربەخۆ و ئیرادەیەکی ئازادە بۆ دەرباز بوون لە چارەنووسی بندەستی. ڕۆڵی ئومێد لەم سەردەمە و لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارە سیاسییەکانی ئێمەشدا سەرنجی تایبەتی پێ دراوە. بۆ نموونە دیاردەی ئومێد لە زانستی سایکۆلۆژیدا وەک گوزارەیەکی مانادار سەیر دەکرێ، چوونکە شرۆڤەهەڵگرە. مەبەست لە شرۆڤەهەڵگر بوون ئەوەیە کە ئێمە بتوانین گوزارە مانادارەکان لە ڕێگای ئەزموون و تاقیکارییەوە بسەلمێنین و بناسین. کەوایە ئومێد لەم سۆنگەوە پرسێکی فەزیلەتی، ئیرادەیەکی عەقڵانی و هەروەها سۆزێکی دەروونی نیە و بە دڵنیاییەوە لە هیچ سندوقێکدا بە داخراوی نامێنێتەوە، بەڵکوو ئومید ئۆبژەیە و دەکرێ ئانالایزی بکەین. دوفالد و مارتێچیۆ لە پرۆژەیەکی هاوبەش و لە ساڵی ١٩٨٥دا توێژینەوەیەکی مەیدانییان بۆ دیاردەی ئۆمێد کرد. دیاردەی ئومێد لەم توێژینەوەدا بەسەر شەش پێناسەی جیاوازدا ئانالایز کرا کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەم. یەکەم؛ پێناسەیەکی ئافێکتیڤ یاخۆ عاتفییە و ئومێد لە خانەی هەست و سۆزدا شرۆڤە دەکا کە بۆ ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە. بڕوا و باوەڕبەخۆبوون لێرەدا پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ ئومێد کە ڕووی لە داهاتوویەکی نادیارە، واتە مرۆڤ لە ڕێگای ئیمانێکی دەروونییەوە چاوەڕێی داهاتوویەکی ڕوونتر دەکا. ئومێد لەم کۆنتێکستەدا دیاردەیەکی وەهمییە. دووهەم؛ پێناسەیەکی کۆگنۆتیڤانەیە و ئومێد وەک ڕەوەندێکی میکانیکی سەیر دەکا. واتە بۆ شرۆڤەکردنی ئومێد سەرنج بە ڕەوەندە بنەماییەکانی سەرهەڵدانی ئومێد دەدرێ. ئەم ڕەوەندە بنەماییانە مێتۆدیکن؛ واتە پێوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیری، ئاوات، بڕوا، زاکیرە و ئامانجەکانمانەوە هەیە. پێناسەی سێهەم لە خانەی ڕەفتارگەرایانەدا شرۆڤەی ئومێد دەکا و پێوەندی بە چالاکییەکانی ئێمەوە هەیە. کاتێ مرۆڤ هەست دەکا مەجالی ئەوەی هەیە ئازادانە و چالاکانە پلان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی دادەنێ، لە هەموو کاتێ زیاتر هیوادار دەبێ. موتیڤاسیۆن یاخۆ ئەنگیزە لێرەدا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، هەتا ئاستی مۆتیڤاسیۆن بەهێزتر بێ ئەوا چالاکییەکانی ئێمە بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانمان گڕوتینی زیاتری دەبێ. پێناسەی چوارەم بۆ ئومێد بەسراوەیی بوونە. مەبەست لە بەسراوەیی بوون ئەوەیە کە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کەسانی دڵخۆشکەر لە ژیانماندا، پشتگری نزیکان و هەروەها دیاردە ئیدەئالەکان دەتوانن پەنایەکی بەهێز بن بۆ هیوادار بوون. پێناسەی پێنجەم پێوەندی بە زەمان هەیە. زەمان دیاردەیەکی پوویایە کە لە بەستێنی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا پێناسە دەکرێ. ئومێد لە گشت پێناسەکاندا لە ڕاستیدا ڕووی لە داهاتووە، داهاتوو دەتوانێ نزیک یاخۆ دوورەمەودا بێ. بەڵام ڕەهەندی ئێستا و ڕابردووی زەمان بۆ داهاتووی ئومێد دیاریکەرە. عونسووری ڕابردووی زەمان پێوەندی بە ئەزموونەکانی ئێمەوە هەیە و عونسووری ئێستای زەمانیش ئیمکانی وەدیهاتنی ئومێد باشتر دەردەخات. بۆ نموونە کاتێ لە هەواڵەکاندا ڕادەگەیەندرێ کە سبەی باران دەبارێ، ئەگەر پێشبینییەکانی بارین لە ڕابردوودا وەڕاست گەڕابن ئەوا ئومێدی بارین بۆ سبەینێش بەهێز دەبێ. لە لایەکی دیکەوە پێویستە نیشانەکانی بارین لە کەشوهەوای ئەمرۆدا ببینین. ئەگەر بەیانی باران نەبارێ ئەوا هومێدی بارین لەگەڵ زەماندا دەمرێ. کە وایە دیاریکردنی زەمان بۆ ئومێد کاتێ مسۆگەرە کە زەمینەکانی وەدیهاتنی ئامانج لە ئارادا بن. لە سیاسەتدا بە ڕواڵەت ئومێد دیاردەیەکی بێ زەمانە واتە داهاتووی دیار نیە، چونکە زەمینەکانی وەدیهاتنی ئامانج هەمیشە لە گۆڕان دایە و ئێمە دەتوانین لەم مەنتقە تێبگەین، بەڵام ڕەهەندی زەمانیی ئومێد لە سیاسەتدا ئەگەر بێ زەمانیش بێ ئەوا ناتوانێ دۆخی ئێستا و ئەزموونی ڕابردووی چەواشە بکا. کۆنتێکستواڵ پێناسەی شەشمی ئومێدە، واتە شرۆڤەی زەمینەکانی سەرهەڵدانی ئومێد دەکا. لەم گۆشەنیگایەوە ژینگەی ئومێد زۆر گرنگە، چوونکە دۆخی ژیان، دەرفەت، ئامێرەکان و ئازادیی کردەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانج زۆر دیاریکەرن. بە پێی بۆچوونی ئێریک فرۆم ئومێد شتێک نیە کە لە وشیاریی ئێمەدا هەبێ بەڵکە دۆخێکی دەروونییە و پێویستە زەمینەکانی بۆ فەراهەم کرابێ. کەوایە دیاردەی ئومێد دیاردەیەکی جووت ڕەهەندانەیە، بەشێکی دەروونییە و بەشەکەی دیکە دەرەکییە. دەروونییە چوونکە ئێمە ناتوانین بەبێ ئاوات و خەونەکانمان بژین و، دەرەکیشە چوونکە بۆ وەدیهێنانی ئاوات و خەونەکانمان نیازمان بە زەمینەسازیی حەقیقی ئومێد و پاڵنەرە عەینییەکان هەیە. پێناسەکردنی ئومێد لە کۆنتێکستی سیاسەتدا نە کارێکی ئاسانە و نە ئاساییە، چونکە سیاسەت لە گۆشەنیگای ئەفلاتوونییەوە هەمان کارکردی ئومێدی هەیە. سیاسەت ڕووی پراکتیکی ئومێدە، واتە ئەگەر خەون و ئاواتەکانمان لە هەناوی ئومێددا گیانیان بە بەردا دەکرێ، ئەوا سیاسەت ڕێگای کردەوەیی کردنیان دیاری دەکا. هەڵبەت کاتێ باس لە سیاسەت دەکەین پێویستە ڕەچاوی جیاوازییەکی مانایی لەمەڕ سیاسەت بکەین؛ واتە سیاسەت وەک پرسێکی مەعریفی و سیاسەت وەک کردەوەیەکی سیاسی. مەعریفەی سیاسی بەستێنێکی تیۆریکە کە پرسی پراکتیک و ڕێکارەکانی دامەزرانی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان شرۆڤە دەکا. بەڵام کردەوەی سیاسی پرۆژەیەکی مانادار، ئامانجدار و هەروەها عەقڵانییە وەک پێناسە فەلسەفییەکەی توماس ئاکویناس بۆ ئومێد. بەڵام کاتێ باس لە کردەوەی سیاسی دەکەین، ئەوا دیاردەی ئومێد کەمێ ئاڵۆزتر دەبێ. هۆکارەکەش لەوەدایە کە کردەوەی سیاسی دەبێ پتانسیەڵ و زەمینەکانی عەینیکردنی ئومێدی پێ بێ. بۆ نموونە ئیدەی ڕێفۆرمیستی لە چوارچێوەی مەعریفەی سیاسیدا شرۆڤە دەکرێ، بەڵام کاتێ ئیدەی ڕێفۆرم دەبێ بە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئیدی دەچێتە چوارچێوەی کردەوەی سیاسی و ئەو بزاڤە دەبێ توانای عەینیسازی ئومێدی هەبێ. ێناسەی ئومێد لە سیاسەتدا پێوەندی بە کارکردی ئومێد و ئەم پرسیارە گرنگەوە هەیە کە ئایا سیاسەت لە خزمەت بەرهەمهێنانی ئومێدە یاخۆ ئومێد کەموکوڕییەکانی سیاسەت پەردەپۆش دەکا؟ ئێمە ناتوانین وڵامێک بۆ ئەم پرسیارە ئامادە بکەین ئەگەر دیاردەی ئومێد لە دوو بەستێنی ئایدیالیستیانە و واقعگەرایانەدا شرۆڤە نەکەین. بەستێنی ئادیالیستیانە هەمان پێناسەی عاتیفیی ئومێدە کە پێشتر باسی لێ کرا و تەمای ئێمەیە بۆ ئومێد، بەستێنی واقعگەرایانەش هەمان پێناسەی کۆنتێکستوالی ئومێدە و سیاسەت دەبێ زەمینەی ڕێئالیزەکردنی فەراهەم بکا. کەوایە ئومێد لەو کەلێنەدا دەردەکەوێ کە زۆرجار دەکەوێتە نێوان تەمای ئێمە و عەرزی واقع. بەڵام ئەم کەلێنە قەرار نیە هەمیشە بە ئومێدێکی چالاک و عەینی پڕ بێتەوە، بەڵکوو زۆرجار ئومێد لە قاڵبی یۆتۆپیادا دەردەکەوێ. مەبەست لە ئومێدی چالاک هەمان پێناسی ڕەفتارگەرایانەی ئومێدە کە باسی لێکرا، واتە زەمینەی بەشداریکردنی ئێمە بە شێوەیەکی ئازاد و چالاک هەموارکرابێ بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانمان. بەڵام ئومێد لە دۆخێکی یۆتۆپیاییدا پڕۆژەیەکی وەهمییە بۆ مسۆگەرکردنی سوڵتە و لە ڕێگای عەینیسازی کردنی ئومێدەوە سوڵتە نۆرمالیزە دەکا، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و پێرفۆرمانسی شادی لەمەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان نموونەیەکن بۆ عەینیسازی ئومێد. ئەم ڕۆژانە لە ئێراندا قسەکردن لە ئومێد نەک کارێکی ئاسایی نیە بەڵکوو پرسێکی زۆر ئاڵۆزیشە، چونکە ئیندێکسەکانی ئومێد تا دێ یۆتۆپیاییتر دەبن. جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی دەیەی حەفتای هەتاویی بۆ گۆڕان و تێپەڕین لە ئیستبدادی دینی، ئیدەی دامەزراندنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لێ کەوتەوە کە دواتر وەک فەزیلەی ڕێفۆرمیستی دیاری کرا. بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە چاوی ئومێدەوە هەوڵیان بۆ کولتورسازی و نەهادینەکردنی ئەم فەزیلە رێفۆرمیستییە دەدا و تەنانەت هەوڵێکی زۆر درا تا دەسەڵات ده‌رگای دیالۆگیان بەسەردا بکاتەوە چوونکە پێیان وابوو ڕێژیمی سیاسیی ئێران ئیدی بڕستی بەرهەمهێنانی ئومیدی لێ بڕاوە. بەڵام نیشانەکانی ناکامی ئەم ڕەوتە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێ و وادیارە لە درێژماوەشدا سەرکەوتوو نابێ. تەفسیری ئومێد لای ڕێژیم لە خانەی ئیلاهییاتی ویلایەتی فەقیهدا جێدەگرێ و سروشتییە هەر چەشنە ئومێدێک دەبێ لە خزمەت سوڵتەی وەها ئیلاهیاتێک بێ. پڕۆژەی سیاسی ڕێژیم ئامادە نابێ بە ئاقاری بەرهەمهێنانی ئومێد دا بروا بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئومێدی خستە خزمەت سیاسەت. ڕێژیم ئومێدی چاکسازی لە سندووقێکدا ڕاگرتووە بە ناوی دەوڵەت. کاتێ بەدوای هەڵبژاردنەکاندا ده‌رگای ئەم سندووقە بەسەر خەڵکدا دەکرێتەوە، بە تەنیا هەر ئازار، ئیختلاس، هەژاری، بێکاری، درۆ، نائەمنیی کۆمەڵایەتی، ئیعدام، زیندان و سانسۆر بە شەقامی گشتی ئێراندا بڵاو دەبێتەوە و کاتێ نۆرە دەگا بە ئومێد، دەرگای سندوقەکە دادەخاتەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە و دەوڵەتێکی دیکە. ئومێد لەم دۆخە سیاسییەدا تەنیا هەر لە خانەی پێناسەی عاتفیدا شرۆڤە هەڵدەگرێ و بەداخەوە چاکسازیخوازان ئامادە نابن لە تەفسیری دراماتیکی ئومێد تێپەڕن و بەرەو تەفسیرێکی تراژدیک هەنگاو بێنن. ڕەنگە نیچە لە سەردەمی خۆیدا گرفتاری وەها تەفسیرێکی دراماتیک بووبێ کە بەم چەشنە نکۆڵی لە ئومێد کرد. ( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)