کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجامی بێ ئەنجام

04:17 - 1 جۆزەردان 2718

بەرجام، ڕێککەوین لەسەر بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نیزیک بە دوو ساڵ وتووێژی چڕ و پڕ لەلایەن وڵاتانی (1+5) لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە، لە ڕۆژی 23ی پووشپەڕی 94 ئیمزا کرا. بەرجام بۆ ئەوە بوو ئێران بەرنامە ئەتومییەکەی ڕابگرێ و بە قەبوڵکردنی پڕۆتۆکۆلی ئیلحاقی پێملی بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم بێ و؛ لە بەرامبەر ئەوەدا ئەو گەمارۆ جیهانییانەی لەلایەن شووڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکا لە سۆنگەی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومی بەسەر ئێراندا سەپابوون، لە سەر ئەو وڵاتە هەڵ دەگیرێن. بەرجام لە هەناوی خۆیدا هەڵگری تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکیش بوو کە ئێران بە دەستهەڵگرتن لە سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی لە ناوچەدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە. نیزیک سێ ساڵ دوای ئەو ڕێککەوتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای هەوڵدانێکی زۆر و بێ ئاکامی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە هەندێ بەش و بڕگەی بەرجامدا، یەکلایەنە لێی هاتەدەر. هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام چ بۆ جێبەجێکردنی وادەیەکی ئینتیخاباتیی دیکەی تڕامپ بووبێ، چ وەک پریزیدنێت تڕامپ وەک گەڕاندنەوەی شکۆی لە دەستچووی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا ناوی دەبا؛ گەمەیەکی قورسی سیاسییە کە ئەو وڵاتە دەستی پێ کردوە. سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی کشانەوە لە بەرجام بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەرجام نەک نەبووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی دەروەست و بە پڕەنسیپ ڕەفتار بکا، بگرە ئەو کرانەوە و ئیمکاناتەی لە سۆنگەی بەرجامەوە خرانە بەردەستی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیم ڕێک بۆ ناسەقامگیریی سیاسی لە ناوچە و پەرەپێدانی تێرۆریسمی دەوڵەتی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دەورووبەری خۆی بەکاری هێنا. تڕامپ لە هەمان کاتدا کە باس لە هێنانەوە سەرجێی هەموو سزا ئابوورییەکانی پێشتر و قورستریش بۆ سەر ئێران دەکا، داوای گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ سەر مێزی دانوستانیش دەکا، دانوستان لەسەر چەند داوای سەرەکیی ئەمریکا کە بریتین لەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران واز لە پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکیی خۆی بێنێ، لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دەورووبەری بکشێتەوە و ئەو وڵاتانە جێ بهێڵی، گەرەنتیی وازهێنانی هەمیشەیی لە بەرنامە ئەتومییەکەی بە ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە بدا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم دەستی ئاوەڵا بێ لە هەر کاتێکدا هەر شوێنێکی بیهەوێ _بە تایبەت بنکە و شوێنە نیزامییەکان_ بیپشکنێ. کۆماری ئیسلامی پێشتریش پیشانی داوە کە لە بەرامبەر فشاری قورسی سزا ئابوورییەکان خەسارهەڵگرە و چۆک دادەدا، بەڵام ئەوە کە ئاخۆ فشارە ئابوورییەکان ئەمجارەشیان ئێران ناچار دەکا بۆ دانوستان لەسەر ئەو مەرجانە بۆ سەر مێزەکە بگەڕێتەوە، بەشێکی زۆری بەندە بە بڕیاری ئورووپا و شەریکە ئابوورییەکانی ئێران وەک چین و ڕووسیە. یەکیەتیی ئورووپا لە ئێستادا بە وەگەڕخستنەوەی قانوونی بلۆکەکردنی گەمارۆکان دەیەوێ هەم بەرپەرچی بڕیارەکانی ئەمریکا بداتەوە و هەم بە ڕاگرتنی ئێران لە بەرجامدا، ئەم وڵاتە پێملی نێوەرۆکی ڕێککەوتنەکە بێڵێتەوە. میکانیزمەکانی کارکردنەوە بەو قانوونەی لە دەیەی 90ی سەدەی پێشووەوە کاری پێ نەکراوە چی دەبێ و ڕەزامەندیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و هەروەها ئێرانیش چۆن دەبێ، جارێ هێشتا بە ڕوونی دیار نیە. بەڵام ئەوەی لە بڕیاری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک «زیمنس»، «بانکی DZ لە ئەڵمان»، «تووتاڵ»، «بوئینگ» و «مێرسیک» و ... دەردەکەوێ ئەوەیە کە، بڕیاری یەکلاکەرەوە لای کۆمپانیاکانە نەک ئەو وڵاتانەی بۆ خۆشیان دوودڵن لەوەی بتوانن ئەمنیەتی چالاکیی ئابووریی کۆمپانیاکانیان لە تیغی سزاکانی ئەمریکا بپارێزین. ئورووپا لەو گەمەیەدا بەدوای ئامانجێکی دیکەشە. ئەوەی کە لە ژێر باری قورسی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێراندا هاندەری کۆماری ئیسلامی بۆ ئیمتیازدانی زیاتر بن، هەم لەسەر بەرنامە ئەتومییەکەی، هەم لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی و هەم لەسەر سیاسەتی هێژمۆنیخوازییەکەی لە ناوچەدا. ئەوەش کاتێک وەدی دێ کە ئێران بیەوێ لە بەرجامدا وەمێنێ و لەو دوو مانگ دەرفەتەی ئێران بۆ ئورووپای داناوە، گەرەنتیی پێویست بۆ ڕەچاوکرانی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەو وڵاتە بدا؛ بابەتێک کە سەخت و دژوار دەنوێنێ و وێدەچێ دوای ئەو ماوەیە ئێرانیش لە بەرجام بێتە دەر و سەرەنجامی بەرجام بەوە کۆتایی بێ. هاتنەدەرێی ئێران لە بەرجام چاوەڕوانکراوە، چونکی لە ئەگەری مانەوەیدا هەم خۆی پێملی کۆمەڵێک بەڵێن و دەروەستی هێشتۆتەوە و هەم لە زۆر ئیمتیاز و دەسکەوتیش بێبەش بووە کە لە سۆنگەی لەسەرلاچوونی گەمارۆکانی ئەمریکا و دروستبوونی پێوەندیی ئابووری لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەهاتنە دی. ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارودۆخەدا کە سێبەری گەمارۆ و سزای ئابووریی قورس و گورچکبڕی لە سەرە و گوشاری کشانەوە لە سووریە _لەلایەن ڕووسیەی هاوپەیمانی_ و وازهێنان لە پڕکێشییەکانی دیکەی لە ناوچەشی هاتۆتە سەر؛ لە نێوخۆی وڵاتیشدا لەگەڵ شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەرەوڕوویە. ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی لە سۆنگەی بێ مافی و گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە هەر ڕۆژە و لە سووچێکی ئەو وڵاتەدا سەر هەڵ دەدەن و زەرفییەتی ئەوەیان تێدا بەدی دەکرێ لە ئاستی سەرانسەریدا بتەقێنەوە. بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری، گەندەڵی، بێ بایەخیی دراوی نیشتمانی لەبەرامبەر دراوی بیانیدا، مایەپووچ هاتنەوەی بیمە و سندووقەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، بێهیوایی بەتایبەت لە نێو لاواندا و تەقینەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان چەند نموونەیەک لە قەیرانەکانی ئێرانی ئێستان کە حوکمەت نەک لە خەمی چارەسەرکردنیانیدا نیە، بگرە ئەگەر بیشیهەوێ ئیدی لە توانایدا نیە. وە لە کاتێکێشدا کە خەڵک حکومەت بە هۆکاری هەموو ئەو نەهامەتییانە دەزانن، ئەگەری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دژی دەسەڵات لە هەموو کاتێک زیاترە، بە مەرجێک بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بەشێوەی ئامانجدار ڕێک بخرێن و ڕێبەری بکرێن. ئەوەش کە لە بەردەم ڕێژیمدا دەمێنێتەوە دوو شتە: یان ئەو گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییانە دەبنە هۆی کۆڵدان و پاشەکشەیان لەبەرامبەر ئیرادەی خەڵک و ڕێگەدان بە کرانەوەی سیاسی، کە بەهۆی بێ متمانەیی خەڵک وێناچی ئەو بژاردەیە بێ حوکمەت دەستی بۆ ببا. یان هەمدیسان لەکارکردن و ته‌جره‌به‌کردنه‌وه‌ی چەکی سەرکوت و زەبروزەنگ، بەڵام لەولاش خەڵکە کە هیچی نەماوە لە کیسی بچێ. بۆیە هەم خەڵک و هەم حوکمەت لە ئێران لەبەردەم هەڵبژاردنێکی قورس و چارەنووسساز دان. ( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)