کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرەی باکوور و ئێران، یەک چارەنووس و دوو ئاقاری جیاواز

04:20 - 1 جۆزەردان 2718

لە دوای کۆتایی شەڕی نیوە دوورگەی کۆره‌ و دابەشبوونی بە دوو وڵاتی جیاواز بەو ناوە و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆمۆنیستی لە بەشی باکوور کە لەلایەن یەکیەتیی سۆڤییەت و چین پشتیوانیی لێ دەکرا، پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئەو وڵاتە تازە دامەزراوە پچڕا و و دواتر بە ئاقارێکی دوژمنکارانەدا درێژەی کێشا. لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا ئەم دوو وڵاتە جگە لە هەڕەشەکردن لە یەکتر ڕێگەیەکیان لەبەردەمدا نەهێشتبۆوه‌ بۆ چارەسەری کێشەکانیان. بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆره‌وە هەڕەشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە هۆی تاقیکردنەوەی پەیتاپەیتای مووشەکە ئەتۆمییەکانی، هەڕەشەیەکی مەترسیدارتربوون لەسەر داهاتووی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەمە هەمووی لە هەلومەرجێکدا ڕوویان دەدا کە کۆره‌ی باکوور لە ژێر فشاری گەمارۆ ئابوورییەکاندا پشتی چەمابووەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو وڵاتە بە ڕادەیەکی بێ سنوور بەرەو خراپی ڕۆیشتبوو. لە ئەمریکا بە دوای هاتنەسەرکاری دۆناڵد تڕامپ وڵامدانەوە بەو هەڕەشانە توندتر و جیددیتر بوون و تەنانەت مەترسیی هەڵایسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لەو ناوچە دنیای نیگەران کردبوو. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە چین گەورەترین پشتیوانی کۆره‌ی باکوور هەرگیز نەهاتە نێو ئەو شەڕە تەبلیغاتییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە. بێگومان ئەوان دەیانزانی هەڵایسانی شەڕێکی تازە لەو نیوە دوورگەیە، بە تایبەت کە سەرۆکی کۆره‌ بە خۆڕانان بە مووشەکە بالستیکییە ئەتۆمییەکانی بەردەوام هەڕەشەی ئاشکرای لە ئەمریکا و هاوڕەگەزەکانی لە باشوور دەکرد، نائەمنییەکی زۆر لەو ناوچەیە دروست دەکا و بە هۆی زەرەرمەندبوونی بازرگانیی ناوچە، دووکەڵی شەڕەکە دەچێتە چاوی ئەوانیشەوە. بۆیە دەکرێ دەخالەتی چین، یەکێک لە هۆکارەکان بووبن بۆ ڕازیکردنی کۆره‌ بۆ پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا. گۆڕانێک کە زۆر زوو ئاسەواری باشی دەرکەوت و بە سەردانی بەرپرسانی ئەمنییەتی و سیاسی تا ئاستی سەفەرەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کۆره‌ی باکوور و ئازادکردنی دیلە ئەمریکاییەکان و دیاریکردنی کاتی دیداری سەرۆکی هەر دوو وڵات بەرەو ئاقارێکی باش دەچێتە پێشەوە. هەنگاوێکی باش کە دەتوانێ شوێن لەسەر داهاتووی وڵاتێکی دوورخراوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابنێ و یارمەتیدەر بێ بۆ چارەسەری زۆر لە کێشە ئابوورییەکانی کە خەڵکی تووشی هەژاری و دواکەوتوویی کردوە. ڕێکخستنەوەی ئەم پێوەندییانە ئەگەرچی نێوبژیوانێکی دیاری نیە و زۆرتر ئیبتکاری دیپلۆماسیی ئەمریکای لە پشتە، بەڵام بەهۆی دوورخستنەوەی مەترسیی شەڕێکی ئەتۆمی، لە هەموو جیهان پێشوازی لێ دەکرێ. دوور لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمان سیناریۆی کۆره‌ی باکوور لە ئارادایە. سیناریۆی تەمبێکردنی وڵاتە سەرکێشەکان کە ناوچە جیاجیاکان تووشی نائەمنی دەکەن و مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا دروست دەکەن. لەم ناوچەیەدا هاوشێوەی کۆره‌، لە ژێر سێبەری سیاسەتی پاوانخوازانەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا، ئێران تووشی هەمان چارەنووس بووە. ئێرانێک کە تەنانەت ئۆباماش کە موهەندیسیی بەرجامی کرد، لە دوایین پەیامیدا بە وەدەنگهاتن لەسەر بڕیاری تڕامپ بۆ کشانەوەی لە بەرجامدا دەڵێ، «لە مێژ ساڵە نە تەنیا ئەمریکا بەڵکوو هەموو جیهان دەزانن و هاوار دەکەن کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک دەبینن و جگە لە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی ئەمریکا، هەڕەشەیەکە بۆ سەر پاراستنی ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و لەوانەیە کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەر ببا». هەر ئەمەیە وای کردوە کە لە سیاسەتی نوێی دەوڵەتی ئەمریکادا ئێرانیش تووشی گوێبادان ببێتەوە و چیدیکە نەتوانی لە سیاسەتی یارمەتیدانی کۆمەڵگەی جیهانی و ساتوسەودا بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانەی سیاسی و سەرمایەی پەرەپێدانی دەستدرێژییەکانی لە وڵاتانی ناوچە، بەهۆی گرووپ و میلیشیا دەسکردەکانی کەڵک وەربگرێ. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە هەوڵی ئەوەیان دەدا کە ئێران بگەڕێننەوە نێو ڕاستەی ئوسوولیی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یارمەتیی بدەن کە لە سیاسەتی دەستدرێژیکەرانە و پاڵپشتیی تێرۆریزم دووری بخەنەوە. بەڵام ئێران کە تەنانەت بەدوای ڕێککەوتنی بەرجام، بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەیتوانی کەڵکی باشی لێ وەربگرێ بۆ خۆدەرباز کردن لە سزاکانی کۆمەڵگەی جیهانی و لەو ڕێگەوە بیر لە گەشەی ئابووری وڵات و پێڕاگەیشتن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک بکاتەوە، لەسەر درێژەی سیاسەتەکانی بەردەوام مایەوە و پێی وابوو بە ڕاگرتنی کار لە بنیاتە ئەتۆمییەکانی، خۆڵ دەکاتە چاوی دنیا و لە پەنا ئەودا سیاسەتی نائەمن کردنی وڵاتانی ناوچە و دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا درێژە دەدا. سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی کە هەرگیز وەک کارێکی بنەڕەتی بۆ چارەسەری کێشەکان چاویان لەو ڕێککەوتنە نەکرد، لایان وابوو کە بە دروستکردنی کێشە لە نێو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دەتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن و بە دانی ئیمتیاز بە ئورووپاییەکان جێ پێی ئەمریکا لەق بکەن. کارێک کە تێیدا سەرکەوتوو نەبوون و ڕاست بە پێچەوانە، لەحاڵێکدا کە ئورووپاییەکان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن هەتا بە ناوی ڕزگارکردنی بەرجام ئەمنییەتی ئابووریی وڵات و کۆمپانیاکانیان لە لایەن ئەمریکاوە بپارێزن، ئەمریکا قسە لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی جیهانی دژ بە ئێران دەکا. بێگومان ئورووپاییەکان لە ئەگەری دروستبوونی وەها هاوپەیمانییەکدا کە دەتوانێ زۆربەی وڵاتانی خاوەن هێز و سەرمایەی ناوچە و زۆر وڵاتی دیکە کە ژیانیان بە یارمەتی ماڵی و ئابووری ئەو وڵاتانەوە بەستراوەتەوە لە خۆیدا کۆبکاتەوە، لە بەرامبەر ئەمریکادا بۆ دیفاع لە کۆماری ئیسلامی ئێران ناوەستنەوە. لە ئەگەرێکی وەهادا کە لە ڕاستییەوە نزیکە، ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دەبێ تەکلیفی خۆی بۆ دوایین جار لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ڕوون بکاتەوە. وڵاتێک کە نەتەنیا وەک کۆره‌ی باکوور چەکی ئەتۆمیی نیە، بەڵکوو خەڵکێکی ئازا و ئازادیخوازی تێدا دەژی کە لە هەموو ئەو ساڵانەدا لە بەدەستهێنانی کەمترین فرسەت و بچووکترین دەرفەت بۆ دەربڕینی هەستی ئازادیخوازانە و بانگەوازی عەداڵەتخوازانەی خۆیان خافڵ نەبوون. لەلایەکی دیکەشەوە بێ سباتیی ئابووری لەلایەک و خراپی لە ڕادەبەدەری ژیان و گوزەرانی خەڵک بە گشتی، بە پێچەوانەی کۆره‌ کە زاهیرەن ناڕەزایەتیی تێدا بەدیناکرێ، لە ئێران هاندەرێکی بە هێزن بۆ سازدان و وەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی ڕێژیم. ئیستا بەڕوونی دەبیندرێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە تەنگەژەیەکی وەها کە ڕەنگە لە داتوویەکی نەزۆر دووردا بۆی زەحمەت بێ لێی دەرباز بێ، ئەرک و بەرپرسایەتیی چالاکانی سیاسی و هێزەکانی دژبەری ڕێژیم گەلێک قورستر دەبێ بۆ پێکهێنانی هاوئاهەنگی زیاتر بۆ ڕێکخستنی خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی ڕێژیم و دەستەبەرکردنی هەرچی باشتری ئاوات و ئامانجەکانی خەڵک. ( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)