کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق لە ململانێی نێوان ئامریکا و ئێراندا

05:21 - 7 جۆزەردان 2718

 دۆناڵد ترامپ لە هەڵمەتی تەبلیغاتیی خۆیدا بۆ وەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆماری، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی دەوڵەتی ئۆباما دەگرت و دەیگوت: "ئامریکا عێراقی ئازاد کرد، سەربازانی ئامریکایی شەڕی تێرۆریستان و توندڕەوەکانیان لەم وڵاتەدا کرد و ئەوە ئێمە بووین کە بە میلیارد دۆلارمان سەرفی پرۆسەی سەقامگیری لەم وڵاتەدا کرد، بەڵام هەروا سووک و ئاسان عێراقمان دا بە ئێران". لە تازەترین هەڵوێستی دەوڵەتەکەیشیدا، مایک پەمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو خاڵانەی کە بۆ پرسی هاتنەدەرێی وڵاتەکەی لە بەرجام بۆ ئێرانی ریزکردن کە دەبێ پێیانەوە پابەند بێ، یەکیان پێوەندی ڕاستەوخۆی بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی عێراقەوە بوو. پەمپئۆ گوتی کە "دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران رێز لە دەسەڵاتی نیشتمانی عێراقییەکان لە وڵاتەکەیان بگرێ". ئێستا کە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عیراق ڕوون بۆتەوە و لایەنێک کە زۆرینەی دەنگەکانی وەدەستی هێناوە ئەرکی پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتی لە سەر شانە و بۆ ئەم مەبەستە لە جموجۆڵ و ڕایزەنی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دایە، ململانیی ئەم دوو دەوڵەتە(ئێران و ئامریکا) لەم پێوەندییەدا ئاشکراتر لە هەمیشە خۆی دەنوێنێ. ئامانجی ئامریکا بۆ فشارخستنە سەر ئێران لە ئاستی ناوچەکەدا، پاشەکشە پێکردنی ئاشکرای ئەم ڕێژیمەیە لەو وڵاتانەی کە دەستێوەردانیان تێدا دەکا و گرینگترینیان عێراقە. بۆیە ئێستا کە ئەم وڵاتە بەرەو ئەوە دەچێت دەوڵەتێکی نوێی تێدا درووست بێ، ئامریکاییەکان لە هەوڵدان لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و پاشەکشە بە ئێران بکەن. بە پێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، لیستی سائرون بە سەرپەرەستی موقتەدا سەدر، براوەیە و ئەرکی پێکهێنانی کابینەی بۆ دەوڵەتی نوێ لە سەر ئەم بەرەیە. ئەم بەرەیە ئەگەر لە ئامریکایش نزیک نەبێ، گومانی تێدا نیە کە دەنگە دژبەرەکانی ئێرانی تێدا کۆبۆتەوە و خوازیاری چوونەدەری ئێران لە وڵاتەکەیانن. بەڵام ئەمە بەتەنیا رووی تەواوی مەسەلەکە نیە، دووهەمین لیستی براوەی ئەم هەڵبژاردنە کە خاوەنی هێزێکی پۆشتەوبەرداخی سەربازییە، بەرەی حەشدی شەعبی بە سەرپەرەستیی هادی عامرییە کە، دەست و چاو و پێی ئاشکرای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لەم وڵاتەدا کە نە بۆ ئامریکاییەکان نادیدەگرتنیان هەروا ئاسان دەبێ، نە دەکرێ لە پێکهێنانی لە کابینەی دەوڵەتی نوێیش‌دا پشت گوێ بخرێن. بۆیە پێ دەچێ ئەم ناکۆکییە دژواز و لە هەمان کاتدا لێک گرێدراوانە، ئامریکا ناچار بە مامەڵەیەکی ژێربەژێر لە گەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکا بۆ "دان" و"وەرگرتن"ی ئیمتیاز. ئامریکا و ئێران تەنیا لە عێراق لێک گیر نین. جیا لەوەیکە لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە سەر پرسی ناوکی و بەرجام لێک گیر و ناکۆکن، لە سەر ئاستی ناوچەییشدا پێکەوە گەلێک ناکۆکی و لێک هەڵبەزینەوەیان هەیە. کەوابوو مەیدانی ئەم ئیمتیازدان و وەگرتنەکان دەتوانێ مەودایەکی بەرینی سیاسیی هەبێ کە ئەگەر ئامریکا توانیویەتی بە هێزی سەربازی، ئابووری، تکنۆلۆژی و سیاسی بۆخۆی دەستەبەری بکا، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە "ناردنە دەرەوەی شۆڕش"، بە مانای پشتیوانی لە تاقم و گرووپی تێرۆریستی و دەستێوردان لە کاروباری دەوڵەتان، توانیویەتی ئەم دەرفەتەی بۆ دان و وەرگرتنی ئیمتیاز هەبێ. هەر وەک کاتی خۆی ڕۆژنامەکانی دژبەری دەوڵەتی بەشار ئەسەد بە تانەلێدان لە ئامریکا باسی ئەوەیان دەکرد کە جان کێری، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئۆباما، بۆ ڕاکێشانی ئێران بۆ سەر مێزی وتوێژ و هاندانی بۆ مۆرکردنی بەرجام، چاوپۆشی لە حزووری هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی لە نێو خاکی سوریەدا کرد، ئێستا دەکرێ ئەم سیاسەتە لە عێراق دووبارە بێتەوە. ئەگەر بەرەی سەدر بۆ پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتی داهاتوو، ڕووی لە هادی عامری کرد، نیشانەی ئەوەیە کە مامەڵە ژێربەژێرەکە کراوە. لەم پێوەندییەدا دوایین وتە بۆ کورد لە عێراق: هەرچەن تا ئێستا کورد بە هۆی پرشوبڵاوی و ناکۆکیی نێوخۆییەوە، زۆر لاواز هەنگاو بەرەو دیاریکردنی شوێن و پێگەی خۆی لە کابینەی دەوڵەتی نوێی عێراقدا دەنێ، بەڵام هیچ لایەنێکی کوردی نابێ لەو واقعییەت و ڕاستییە غافڵ بێ کە؛ ١- هیچ لایەنێکی عێراقی بە سوننی و شیعەوە هەوڵی درووستکردنی دەوڵەت لەگەڵ کورد‌‌دا نادا. ٢- هیچ لایەنێکی کوردی بەتەنیا نە دەتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بکا، نە هیچ دەسکەوتێک بۆخۆی دەستەبەر بکا. کەوابوو لانیکەمی قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەم لاوازیانە ئەوەیە کە کورد لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بە بێ ئەوەی خۆی تەنیا بە بەرەیەکی دیاریکراو ببەستێتەوە بجوڵێتەوە.