کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە

13:19 - 9 جۆزەردان 2718

هەیئەتێکی ڕێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. لە کۆبوونەوەی نێوان دوو هەیئەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەدا چەند باسێکی ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و کوردستان تاوتوێ کران کە گرینگترنیان چۆنیەتیی وەڵامدانەوە بە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستا لە ئێران و ناوچە بوو. ڕۆژی سێشەممە، 8ی جۆزەردان هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتی خانەخوێ بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا. لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە سیاسییەی لە ئێستادا کۆماری ئیسلامیی ئێران تێی کەوتووە، تەوەری سەرەکیی باسەکانی کۆبوونەوەکەی حیزب و کۆمەڵە بوو. دوو لایەن لەوەدا کۆک بوون کە هۆکارەکانی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پتر لە هەموو کاتێک دیار و بەرچاوە. ناڕەزایەتییەکان لە هەموو بەستێن و بەشەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرینتر دەبنەوە و ترسی خەڵک لە دەزگای سەرکوت شکاوە، قەیرانە ئابوورییەکان تەنگیان بە خەڵکی هەڵچنیوە و ڕێژیم توانای چارەسەری ئەم قەیرانە و قەیرانەکانی دیکەی لە دەست چۆتە دەرێ؛ هەروەها دەسەڵات لە ئێران لەرزۆک بووە و لە حاڵەتی هێرشبەرانەی لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە دابەزیوە و چۆتە قاوغی دیفاعی؛ هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێن ئێران لەبەردەم گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دایە و ئەمەش ئەرک دەخاتە ئۆپۆزیسیون بە گشتی و بزووتنەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی بە تایبەتی. دوولایەن لە درێژەی ئەو باسەدا تیشکیان خستە سەر ئەو ڕاستییە کە لەو بارودۆخەدا چەشنی هاوکاریی حیزبەکان لە ئاستی پێویستییەکان و ئاڵوگۆڕەکاندا نین و ئەگەرچی دەسبەکاربوون و چالاکیی چەند مانگەی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" هەنگاوێکی باش و بەجێ بۆ کاری هاوبەش و لێکنیزیکیی زیاترە، بەڵام وەڵامدەری زەروورەتە بنەڕەتییەکە نیە و دەبێ حیزبە سیاسییەکان بەرەو قۆناغی دروستکردنی "بەرەی کوردستانی" بڕۆن. لەو بەشە لە باسەکەشدا ستراتیژیی بەرە، ئامانج و بەرنامەکانی بەرە و هەر لە جێدا کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم دروستکردنی بەرەی کوردستانی و لە هەمان کاتدا ئەو دۆخ و دەرفەتانەی بەرەیەکی لەو چەشنە دەتوانێ بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردی بخوڵقێنێ، دوولایەن ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان لەسەر کردن و بە ئەرکێکی گرینگ و هەنووکەییان لە قەڵەم دا کە لەسەر شانی حیزبەکان و ناوەندی هاوکاری قورسایی دەکا.