کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی سیاسیی ئێران لە بەستێنی گۆرانکاریەکانی ناوچەدا

06:41 - 16 جۆزەردان 2718

لەکاتێکدا ڕژیم پێ ‌ئەنێتە ٤۰ ساڵەی تەمەنی شوومی خۆی، کە ئاڵوگۆرەکان لەنێوخۆی ئێران و تەنانەت هاوکێشە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و بەتایبەتیتر ئەو وڵاتانەی ئێران لەچەند ساڵی ڕابردوودا تێدا باڵادەست بوو ئێستا بەتەواوی ڕووبەرووی گۆرانکاریەکی بنچینەیی بۆتەوه و تا دێ بەستێنی سیاسەتکردنی ئێران بەرتەسکتر دەبێتەویە. گۆرانکارییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست هێندە خێرایە کە کاریگەرییەکانی لەسەر ئەرزی واقع زیاتر هەست پێ ئەکرێ، بەجۆرێک کە بەتەواوی ستراتیژیی زلهێزە جیهانییەکان لەڕووی ویستی سیاسیی و شێوازی بەشدارییان لە ڕووداوەکان گۆرانکاریی بەسەردا هاتووە. واتە ئێستا دەکرێ بڵێن زلهێزەکانی جیهان بە پێداچوونەوە بە ستراتیژیی پێشوویان لە هەوڵ دان تا دابەشکارییەکی نوێ لە بەستێنی سیاسیی بهێننەئاراوە کە بێگوومان ڕەوتی ململانێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەرەو ئاقارێکی دیکە دەبا. هەروەها لەئاستی ناوچەیشیدا بەرژەوەندیی وڵاتان بەر تیغی ئەم گۆرانکارییانە کەوتووە، بەجۆرێک کە ستراتیژیی نوێ بەتەواوی دژایەتیی هەیە لەگەڵ هەژموونیی ئێران لەناوچەکەدا و ناچاری دەکا تا لە ڕووی سیاسیی و نیزامیەوە کە هێزی تیرۆریستی قودس نوێنەرایەتی دەکا پاشەکشە بکەن و بگەرێنەوە بۆ سنوورەکانی ئێران. ئەوەش بەواتای کۆتایی هێژمۆنیی ئێران دێ لەسەر گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. لە سێ دەهەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تاران هەوڵیان دا بە گرتنەبەری هەناردەکردنی شۆرش لە درووشمەوە بۆ پراکتیک خۆیان بکەنە خاوەنی بڕیار سیاسی لەو وڵاتانە و بتوانن لەڕێگای درووستکردنی گرووپ و میلیشیای جۆراوجۆر ڕۆڵی نوێنەرایەتیکردنی شێعە لە وڵاتانی عەرەبی بگرنە دەست، ئەو کارتەش بۆ سەقامگیریی دەسەڵاتی خۆیان لەنێوخۆی ئێران بەکا ربێنن تا ئەوجێگایەی کە لەدانووستانەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەکەدا بتوانن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئامریکا ناچار بکەن چاو لە پێشێلکارییەکان لەنێوخۆی ئێران بنووقێنن و کاریان بە نارەزایەتیی خەڵک بەگشتی نەبێ. لەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئامریکا و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆماریخوازەکان و لەنێویشیاندا ئەو ڕەوتەی کە ساڵهایە لەئاستی کۆنگرە و سنای ئامریکا دژایەتیی ئاشکرا و بەرچاوی ڕژیمی ئێران دەکرد توانیان ناوەندی دەسەڵات لە ئامریکا بەدەستەوە بگرن و مۆرەکانی کابینەی نوێی دەوڵەت وابچنرێ کە بنەڕەتیترین بەرپرسایەتییەکان بدرێتە ئەو سیاسەتمەدارانەی خوازیاری ڕووبەرووبوونەوەی توندی ئامریکان لەڕووی دیپلۆماسی، گەمارۆی ئابووریی تووند و پشتگیریی هەر جموجۆلێک کە لەنێوخۆی ئێران خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن بیهێننە ئاراوە. یەکەم هەنگاویش بەدوای هاتنەدەری ئامریکا لە پەیماننامەی بەرجام دەستی پێ کرد و لە درێژەدا تا ئێستا بە گەرانەوەی وردە وردەی تەحریمەکانی پێشووتر و هەروەها تەحریم‌گەلی تازە دەیانهەوێ ئەو پەیامە بە تاران بدەن کە ستراتیژیی ئامریکا ئەمجارەیان سازشێکی سادە و تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە نیە؛ بەڵکوو بە پێی قسەکانی پۆمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا ئەوان لە پاکیجە نوێیەکەیاندا گۆرانکاری سیاسیی لەنێوخۆی ئێرانیان بە مەرجێک لە کۆی پرۆسەی دانووستاندنی تازە داناوە، هەروەها بە ئاشکراش ئەو پەیامەیان بەگەلانی ئێران داوە کە ئامریکا پشتگیری لەهەر هەنگاوێکی ئەرێنی و خەباتی خەڵک دەکا کە بۆ ئازادی و وەدیهاتنی سیستمێکی دیموکراتێک هەنگاو دەنێ. لەهەنگاوی دووهەمدا ئەوە خەڵکە کە لەنێوخۆی ئێران بەشێوەیەکی گشتگیر و لە ئاستی سەراسەریدا هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە گوڕتر هاتوونە مەیدان. دەکرێ لەو نێوەدا ئاماژە بەو مانگرتنە بوێرانەی خەڵکی بانە بکەین کە لە ئاستی خۆیدا بەنیسبەت درێژەکێشانی وەها حەرەکەتێک کەم وێنەبوو و بەدوای ئەویشدا لە شکڵ و شێوازی هاوشێوەی حەرەکەتی ئێعترازیی شارستانی کازروون، مانگرتنی سەرتاسەری کامیۆنداران و حەرەکەتی چوارشەممەی سپیی ژنان بۆ دژایەتیی حیجابی زۆرەملێ و زۆر شێوازی دیی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین کە بەربەرەکانییە لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. لەبەرامبەریشدا ڕێژیم و دەزگا ئەمنیەتییەکان هاوشان لەگەڵ دەزگای دادوەری هەموو ڕێکارێکیان هەر لە فیلتێرکردنی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە تا بەرێوەبردنی نمایشی هێزی نیزامی کە مەبەست لێی چاوترسێنکردنی خەڵکە، دەگرنە بەر تا بتوان پێش بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن. هەڵئاواسانی ئابووری و دارمانی دراوی نیشتمانیی ئێران لەبەرامبەر دراوی بیانیدا کاریگەریی نیگەتیڤی خۆی لەسەر بازاری ئابووری و هەناردەو هاوردەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو داناوە، هەرئەوەش وایکردوە کە بازاری کڕین و فرۆشتن بکەوێتە دۆخێکی ناجێگیر کە خۆی لە ڕکوود و وەستانی سەرتاسەریدای دەبینێتەوە، ئەمەش لەو دۆخە ئابووریە داڕماوەی ئێرانی بەتەواوی گرتۆتەوە وا دەکا ڕێژەی بێکاری و هەژاری ڕوو لە زیادبوون بکا کە لەو حاڵەتەشدا فشارەکان بۆ سەر ژیانی خەڵک زیاتر دەبێ و وا دەکات لەسەرتاسەری ئێراندا خەڵک بەشێوەیەکی یەکگرتووانە دەست بدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتیی زیاتر. ئەمانەش سەرەتایەکن لەو حەرەکەتە نارەزایەتیانەی کە بەدڵنیاییەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەنێو خۆی ئێران ڕوو لە زیاد بوونن بە جۆرێک کە هیچ سەرکووت و نمایشدانی هێزێک ناتوانێ پێش بە دەنگی نارەزایەتیی خەڵک و هاتنەسەرشەقامیان بگرێ. ڕێژیم ئێستا بەتەوای لە دۆخی داڕمان دایە، چوونکە وەک دەبینرێ نە ئاڵوگۆرەکانی ناوچە و نە دۆخی هەنوکەیی لە نێوخۆی وڵات لەبەرژەوەندیی مانەوەی ئەم ڕێژیمە و شێوازی سیاسەتکردنیان نیە و ئەمجارەیان هێنانە گۆرێی کەسایەتییە سڕکراوەکانی بەناو ڕێفۆرمخواز وەک خاتەمی و بە گشتی ڕێفۆرمخوازەکانیش ناتوانن دادی رێژیم بدەن. چونکی خەڵک هەم ماهییەتی رێژیمی لە گەمەکردن بەو کارتانە ناسیوە، هەم ڕێفۆرمخوازەکانیش تاقیکاریی خۆیان داوە و بە گشتی ڕێژیم کارتەکانیان بۆ خەڵکی ئێران ڕوو بووە و چیتر ئەم گەمە درووستکراوانە کە لەلایەن بەیتی خامنەیی و ژوورە فیکرییەکانی دیکەی دەسەڵاتەوە وەڕێ دەخرێ ناتوانێ فریای تەمەندرێژیی زیاتری ئەو سیستمە دیکتاتۆرە بکەوێ. گۆرانکارییەکان بە شێوەیەکی زۆر جدی بە ڕێگاوەن و ئەوەی ئەم گۆرانکارییانە جیاواز دەکا لەوانی پێشووتر ئەوەیەکە، ئەمجارە ئێران تەرەفێک نیە بۆ بریاردان لە چارەسەری یان دانووستان لە ئاڵوگۆرەکان، بەو مانایەکە کارتەکانی ئێران هێندە باڵادەست بێ کە بتوانێ کاریگەریی شوێنکار یان یەکلاکردنەوەی بێ، بەڵکوو دەسەڵاتی سیاسی لەتارانە کە ئامانجی گۆرانکارییەکانە بەدەست زلهێزەکانەوە. لەم پەیوەندیەشدا دوو ڕێگا لەبەردەم ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دایە، یەکەم دەبێ بەتەواوی مەرجەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا ڕازی بێ کە ئەوەش سەرەتایەکی باشە بۆ گۆرانکاریی سیاسیی بەشێوازێکی موسبەت لەنێوخۆی ئێران. دووهەم ڕێگاش ئەوەیەکە بکەوێتە دژایەتیکردنی مەرجەکانی ئامریکا و حازرنەبێ کە هیچ ئاڵوگۆرێک لەشێوازی سیاسەتکردنیان بەنیسبەت ناوچەکە و نێوخۆی ئێران لەخۆیاندا درووست بکەن، کە ئەوەش دیسانەوە وادەکا فشارەکان هەم لەدەرەوە و هەمیش لەنێوخۆدا بۆسەر ئەو دەسەڵاتە زیاتر ببێ و ئەنجامەکەی هەردەبێتە ڕووبەرووبوونەوەی خەڵک و دەسەڵات. کەواتە دەکرێ بڵێین لەهەر دووحاڵەتەکەدا براوەی سەرەکی هەر گەلانی ئێران دەبن و هەر هەنگاوێکی دیکەش کەبێتە ئاراوە پێگەی خەڵک بەهێزتر دەکا و ڕژیم بەرەو لاوازیی زیاتر دەڕوا.