کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕینی ڕێژیم

07:25 - 16 جۆزەردان 2718

دان ستاینبۆک_ فارین پاڵیسی جورناڵ و: کەماڵ حەسەنپوور سێ ساڵە ڕێککەوتننامەی ناسراو بە بەرجام بۆتە هۆی سووککردنی ئابلۆقەی فرەلایەنە بۆ سەر کەرتی وزە، دارایی، کەشتیوانیی و ڕاگواستن لە ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. بەڵام ئاڵوگۆڕی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆتاییەکانی ٢٠١٦ دەستی پێکرد و ئەنجومەنی پیران و کۆنگرە بە کۆی دەنگ ماوەی ئابلۆقەکانی سەر ئێرانیان بۆ ساڵی دەهەم درێژ کردەوە. نەتەنیا زۆربەی کۆماریخوازەکان، بەڵکوو دێموکڕاتەکانیش کە لە سەردەمی ئۆبامادا پشتیوانییان لە بەرجام کرد بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەڵوێستی خۆیان گۆڕی. ئەمە بووە هۆی ورەبەخشین بە ترامپ بۆ سیاسەتێکی بەهێزتر، و ڕێگە پێنەدراو، دژی ئێران. هەوڵی ناسەقامگیر کردنی ئێران بۆ بردنەوەی خۆرهەڵاتی ناڤین لە ناوچەکە، هەڵوێستی ترامپ پشتیوانیی ئابووری و ژێئۆپۆلیتیک لە عەڕەبستانی سعودییە، هەروەک مامەڵەی ١١٠ میلیارد دۆڵاریی چەکوچۆڵ لەگەڵ ڕیاز لە ساڵی ڕابردوودا نیشانی دەدا، و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەمنیەتی لەگەڵ ئیسڕائیل، وەک بە فەرمی ناسینی ئورشەلیم وەک پایتەختی ئیسڕائیل؛ هەڵەیەکی سیاسیی بەرچاو کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکوم کرا و بووە هۆی بەراوەژوو کردنەوەی سیاسەتی حەفتاساڵەی ویلایەتە یەکگرتووەکان. پەرەگرتنی یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، سعوودی و ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی پەرەئەستێن بۆ باڵادەستیی ناوچەییە. ئۆکتۆبری ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بڕیاری خستنی ئابلۆقەی زیاتر بۆ سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی موشەکی و سوپای پاسدارانی دەرکرد، هاوکات هەڕەشەی چوونەدەر لە ڕێککەوتننامەی بەرجامی کرد. بە لاواز کردنی «میانڕەوە»کانی ئێران، کۆشکی سپی هیوادار بوو کە «هەڵۆکان» هەنگاوی ستراتێژیک بنێن تا وەک بیانوو بۆ گۆڕینی ڕێژیم کەڵکی لێ وەرگرێ. پلانەکە کە لەلایەن نوێکۆنەپارێزەکانی کۆماریخواز و دێموکڕاتە لیبڕالەکانی خوازیاریی دەستێوەردان پشتیوانیی لێدەکرێ و پشت بە ئێرانییە ناڕازییەکانی تاراوگە و لایەنگرانی شا لە ڕۆژئاوا دەبەستێ، لە کاتێکدا کە عەڕەبستانی سعودی و ئیسڕائیل هەوڵ دەدەن لە ڕێگای سەربازیی و ئۆپەراسیۆنی شاراوە لە شەڕە بە وەکالەتەکانی کە لە ناوچەکەدا لە ئارا دان، ئێران لاواز بکەن. لەگەڵ زەختی ئابووری، ترامپ دەستی بە ئۆپەراسیۆنی شاراوە کرد لە ڕێگای دیاریکردنی مایکل دیئاندرێیا، کە بە قووڵی لە بەرنامەی پرسیارلێکردنی لە ئامریکا دوای هێرەشەکانی یازدەی سێپتامبر، و بەرپرسی مێزی ئێران لە ناو سی ئای ئەی، لە کاتێکدا کە مایک پۆمپێئۆ کە توندئاژۆیەکی کۆنەپارێزە، بووە جێگرەوەی ڕێکس تیللەرسۆن وەک وەزیری کاروباری دەرەوە. دیئاندرێیا و پۆمپێئۆ هەردوو لایەنگری گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانن. ترامپ بە هەمان شێوە جان بۆڵتۆنی نوێکۆنەپارێزی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و جینا هاسپێلی وەک سەرۆکی نوێی سی ئای ئەی دیاریکرد. لە کاتێکدا کە بۆلتۆن یارمەتیی بە ئیددیعای «چەکی کۆمەڵکوژ» کرد کە بووە هۆی شەڕی عێراق، هاسپێل وەک ڕەئیسی وێستگەیەکی سی ئای ئەی کە زیندانییەکان لێی ئەشکەنجە کراون و لە نێوبردنی نزیکەی ١٠٠ فیلمی ڤیدیۆی لێپرسینەوە لە زیندانیان دەستی هەبووە. لە ٢٠٠٣ بۆڵتۆن پشتی بە زانیاریی ساختە لە لایەن عێراقیانی بەرهەڵستکاری نیشتەجێ لە ئامریکا بەست، و ئێستا پشتی بە زانیاریی هەڵەی تاراوگەنشینانی ئێرانی دەبەستێ. لە نۆڤامبری ٢٠١٧، بۆڵتۆن داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد تا پلانێکی «سێناریۆی شای ئێران»ی هەبێ. چوارمانگ پێشووتر، ئەو لایەنگریی لە کشانەوەی ترامپ لە بەرجام کردبوو و داوای گۆڕینی ڕێژیمی ئێران پێش فێورییەی ٢٠١٩، چل ساڵ دوای شۆڕشی ئێرانی کردبوو. دوای ئەوەی کە بۆڵتۆن جێگای ئێچ ئار مەکماستێری وەک ڕاوێژکاری نەتەوەیی ترامپی لە مانگی ئاپریل گرتەوە، ئێستا پلەوپایەی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی نەخشەی گۆڕینی ڕێژیم هەیە. گۆڕینی ڕێژیم، تێرۆر، بەکرێگیراو و پارەی جێگای گومان بۆڵتۆن پشتگیری لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق دەکا، گروپێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە زانیارییان (و پارەی قسەکردن لە کۆڕوکۆبوونەکانیان) لێ وەردەگرێ. ڕێکخراوی موجاهیدین لایەنگری ڕووخاندنی دەوڵەتی هەڵبژێراوی ئێران لە ڕێگای تووندوتیژییەوەیە. تا سەرەتای ٢٠١٠، بریتانیا، یەکیەتیی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێکخراوی موجاهیدینیان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی دەناسی، بەڵام وەزیری کاروباری دەرەوە هیلاری کلینتۆن گروپەکەی لەو لیستەیە هێنا دەر، بە گوێرەی زانیارییەکان بۆ ئەوەی کە کەڵک لە موجاهیدینی خەلق بۆ ئامانجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەرگیرێ. لە هەمان کاتدا، کلینتۆن ئابلۆقەی لە سەر میلیۆنان دۆلاری موجاهیدینی خەلق هەڵگرت تا بتوانن زۆرتر لە کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کاری لۆبی بکەن. لەگەڵ لایەنگرانی شای پێشوو لە ویلایەتە یەکگرتووکان و شوێنی دیکە، پلاندانەرانی گۆڕینی ڕێژیم پشت بە ئەم کەسە جێی گومانانە، و ڕێکخراوە شێوە یاساییانە دەبەستن، هەر وەک بەرامبەر بە ئەحمەد چەڵەبی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی عێراق لە ٢٠٠٣ کردیان. ئەوە کاتێک بوو کە ئابلۆقەکان بوونە هۆی شەڕی عێراق، کە ئێستا هەمان دەوریان لە بارەی ئێراندا هەیە. لە ئابلۆقەی کۆنەوە بۆ هی نوێ حەوتووی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە تاکلایەنانە، کاتێک کە وەزارەتی دارایی ئابلۆقەی خستە سەر چەند کۆمپانیا و تاکی ئێرانی کە دەگوترێ دەستیان لە پارە گۆڕینەوەی نایاسایی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبیدا هەبووە، هەنگاوی بەرەو دابڕاندنی ئێران لە ئابووریی جیهان هەڵێنا. لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ٢٠١٦ دا ترامپ ڕێککەتننامەی ئەتۆمیی وەک «کارەسات» وەسف کردبوو. ڕەوانبێژیی هێرشبەرانە یەکێک لە توخمەکانی مامەڵەکردنی ناوبراوە. ئەمە دووبارە پێناسەکردنەوەی مەرجەکانی بەدواوە. ئەم هەوڵە تاکلایەنانە لە پێشدا پشت بە زەختی ئابووری دەبەستن، پاشان هەڕەشەی سیاسی و کاتێک پێویست بێ، هێزی سەربازیی. دوای بەرجام، ئابلۆقەی سەرەتایی لەسەر کەرتی وزە، دارایی، کەشتیوانیی و ڕاگواستن، دوای ئەوەی کە ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی لە ژانویەی ٢٠١٦ پشتڕاستی کردەوە کە ئێران ڕێککەتننامەکەی بەڕێوە بردووە، هەڵگیران. لە هەمان کاتدا، ئابلۆقەی دیکە لەسەر کۆمپانیایان لەگەڵ ئابلۆقە لەسەر کۆمپانیای ئامریکایی، لە ناویاندا بانکەکان، لە جێی خۆی مانەوە. کۆشکی سپی هەوڵ دەدا ئەم ئابلۆقانە بە‌هێزتر بکا، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدا ئابلۆقە سەرەتاییەکان زیندوو بکاتەوە. لە ئۆکتۆبری ڕابردوو، ترامپ داوای کرد کە بەرجام پرۆژەی گەشەپێدانی موشەکی بالیستیکی و چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران سنووردار بکا. لە ئاکامدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئابلۆقەی خستۆتە سەر لایەکی دیکەی پەیوەندیدار بە بەرنامەی موشەکیی ئێران، چالاکییەکان لە خەلیجی فارس و چالاکیی دیکە لە ناوچە. سەرنجەکان گەڕاونەوە سەر ئەو ئابلۆقانەی کە لە لایەن کۆنگرە پەسەند کراون یا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان، وەک یاسای بەرپەرچدانەوەی دوژمنانی ئامریکا لە ڕێگای ئابلۆقەوە لە ساڵی ٢٠١٧، هەروەها پێشنیاری یاسای پەیوەندیدار بە موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران، داراییەکانی ڕێبەرانی ئێران، چاودێریی وردتر بەسەر دەستڕاگەیشتنی ئێران بە دارایی، دووبارە سەپاندنەوەی ئابلۆقەی ئامریکایی کە هەڵگیرابوون و ئەگەری ئابلۆقەی چەند لایەنانەی نێونەتەوەیی. چونکە ڕووسیە و چین درێژە بە پشتیوانیی لە ڕێککەتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران دەدەن، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئاخۆ هێزە سەرەکییەکانی ئورووپا، ئەڵمان، فەڕانسە، بریتانیا و خودی یەکیەتی ئورووپا، داکۆکی لێ دەکەن. هەوڵەکان بۆ بنکۆڵکردنی پەیوەندییەکانی یەکیەتی ئورووپا_ئێران پێش بڕیاری ترامپ، ڕێبەرانی ئورووپا پێداگرییان لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی بەرجام دەکرد. سەرۆک کۆماری فەڕانسە ئێمانوێل ماکرۆن هۆشداریی دا کە «بڕیارنامەی پێشگرتن بە پەرەئەستاندنی چەکی ئەتۆمی لە مەترسی دایە». وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمان هەیکۆ ماس دەلیلی هێنایەوە کە بەرجام «دونیا ئەمینتر دەکا». وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا بوریس جانسۆن گوتی کە «بریتانیا وەفادارێکی بەهێزی بەرجام دەمێنێتەوه.» هەروەها دیپلۆماتی پایەبەرزی یەکیەتیی ئورووپا فێدریکا مۆگێرینی بەڵێنی دا کە یەکیەتیی ئورووپا وەفای بۆ ڕێککەتننامەکە دەمێنێ. بەڵام لەم دواییانەدا ماکرۆن گوتی «ئێمە بەیەکەوە کار دەکەین بۆ چوارچێوەیەکی بەرفراوانتر، کە چالاکیی ئەتۆمی، ماوەی دوای ٢٠٢٥، چالاکیی موشەکیی، و سەقامگیریی لە خۆرهەڵاتی ناڤین، بە تایبەتی سورییە، یەمەن و عێراق بگرێتەوە.» ئەم لێدوانانە نیشاندەری ئەوەن کە هەندێک لە ڕێبەرانی یەکیەتیی ئورووپا لەوانەیە بەدوای دووبارە پێناسە کردنەوەی هەڵوێستی یەکیەتیی ئورووپا لە ڕێگای جێهێشتنی ڕێککەتننامەی بەرجام بە شێوەی ئێستا بن، بەڵام ڕێککەتننامەکە بە یەکی نوێ و مەرجی بەرینتر پێوەست بکەنەوە کە دەبێتە بنکۆڵکردنی ڕێککەتنەکە. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ وێدەچێ کۆمپانیاکانی ئورووپایی بکاتە ئامانج کە دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمیی مامەڵەیان لەگەڵ ئێران کردووە. لەوانەیە ئابلۆقە بخاتە سەر کۆمپانیای وڵاتی لایەنی بەرجام، کە چین، فەڕانسە، ڕووسیە، بریتانیا، ئەڵمان و یەکیەتیی ئورووپان، بۆیە مەترسی دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەچێتە سەر. وەک وەزیری دارایی ستیڤن مانچین لەم دواییانەدا گوتی، ڕێککەتننامە بازرگانییەکانی ئورووپا_ ئێران «کاتێک کە ڕێپێدانەکانی ئێستا وەرگیرێنەوە» لە ئیعتیبار دەکەون. جگە لە رێنۆ، پێژۆ سیترۆئەن و سانۆفی، کۆمپانیای فەڕانسەیی بەشێکی بەرچاویان لە ڕێککەوتنەکە هەیە بەهۆی گرێبەستی ئەیرباس بۆ فرۆشتنی ١٠٠ فڕۆکە بایی ٢١ میلیارد دۆلار و توتال گەورە کۆمپانیای نەفت کە گرێبەستێکی ٢ میلیارد دۆلاری بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی پارس لە باشوور واژۆ کردووە. نزیکەی ١٢٠ کۆمپانیای ئەڵمانی، لەناویاندا فۆلکسڤاگێن و زیمێنس، لە ئێران خەریکی چالاکین و ١٠٠٠٠ دانەی دیکە لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن. رۆیال داچ شێل بە شێوەی نەرێنی کاریگەریی لەسەر دەبێ. زەختی ئابووری دەتوانێ زەرەری بەرچاو بە کەرتی نەفتی ئێران بگەیەنێ کە مەزنترین کڕیارەکانی چین، کۆرەی باشوور، تورکیە، ژاپۆن، ئیتالیا و هیندوستانن. پەیامی کۆشکی سپی بەرز و ئاشکرایە: «ئەگەر دەتانهەوێ لە ئامریکادا بمێننەوە، لە ئێران بچنە دەر»، ئەمە هەوڵی گۆڕینی ڕێژیمە بەڵام بێ ڕەوایی نێونەتەوەیی، بەتایبەتی چونکە ئێران مەرجەکانی بەرجامی بە تەواوەتی بەڕێوە بردووە. ئێستا ئیعتیباری بەهێزەکانی ئورووپا کەوتۆتە ژێر تاقیکاری. ( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)