کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافیای زبڵ و منداڵانی زبڵهەڵوەژێر

07:31 - 16 جۆزەردان 2718

لە ئێرانی بندەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کۆمەڵێک دیاردەی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن که‌ ژیانیان له‌ به‌ میلیۆن که‌سی ئه‌و وڵاته‌ تاڵ کردوه‌. وەکوو بێ‌ماڵوحاڵی، خەوتن و ڕۆژکردنەوە لە گوێ جادە و بن ‌پرد و شوێنە لاپەڕەکانی شار، کە بە کارتونخەوی باسی لێ کراوە. تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەی خەوتن لە نێو گۆڕە ئامادەکراوەکانی گۆڕستانەکاندا (گۆڕخەوی) و، دەیان دیاردەی وەکوو برسییەتی و هەژاریی ڕەها، واتە ئەو مرۆڤانەی کە لە شەو و ڕۆژدا ژەمێک نانی وشکییان وەدەست ناکەوێ و، دیاردەی منداڵانی کار، کە زۆربەی ئەو منداڵانە بەبێ ئەوەی کەمترین ئیمکاناتی پەروەردەییان هەبێ، هەر بە نانەزگی و بۆ ئەوەی لەبرسان نەمرن ناچارن سەختترین کار بکەن؛ ئەوپەڕی نامرۆڤایەتی تێپەڕاندووە. هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئەم ڕۆژانە لە لایەن کۆمەڵێک ڕاگەیاندنەوە باس لە دیاردەیەکی زۆر ناخهەژێن لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەدا دەکرێ و باسی ئەوە هاتووەتە گۆڕێ، که‌ منداڵانی کار، ئێستا ناچارن زبڵەکانی خەڵکی شار لێک هەڵوەژێرن، کە لەو کارەدا زۆربەی هەرەزۆریان تووشی نەخۆشیی زۆر دژوار دەبن و سەرباری ئەوەش لە ژێر هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی دان؛ کەچی سوودی کارەکەیان بۆ خۆیان هەر ئەوەندەیە لە برسان نامرن و شەوانەش دەتوانن لە شوێنە دوورەشارەکانی کۆکردنەوەی زبڵ ڕۆژ بکەنەوە، بەڵام هەر ئەو کارەی ئەوان سوودی زۆر گەورەی ماددی و دارایی بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە هێندێک لە ڕاگەیاندنەکان بە «مافیای زبڵ» ناویان هێناون. وەنەبێ ئەوە یەکەم جار بێ کە باسی ئەو دیاردەیە بکرێ، ساڵانێکە لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵی شارە گەورەکان و ڕۆڵی منداڵانی کار لەو کارەدا دەیان ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانە و لەقاودەرانە بڵاو کراونەتەوە، کەچی بەرپرسان بە بای خەیاڵیاندا نایە، بۆ ئەوەی چارەیەکی ئەو ستەمە نامرۆڤانەیە بکەن. ڕاستە پێش ئەم کارە نوێیەی لەمەڕ منداڵانی کارەوە باس دەکرێ، پێشتریش لە ئێران زۆر کاری جۆربەجۆری منداڵان ناسراون، وەکوو کار له‌ مه‌زرا و مووچه‌، دەستفرۆشی، کارکردن لە کێڵگەی بەخێوکردنی مریشک و کوورەخانەی خشتپێژان و ...هتد، کە هەمووی ئەو کارانە بۆ منداڵ زۆر دژوارن، بەڵام دیاردەی زبڵهەڵوەژاردن لە لایەن منداڵانەوە، کە ئێستا بووەتە یەکێک لە کارە هەرە باوەکانی منداڵان، لە هەموو کارێک بۆ منداڵ دژوارتر و مەترسیدارترە. وه‌ک ڕه‌واڵی ئیداری شارەوانیی شارە گەورەکانی ئێران کۆکردنەوە و لێکهەڵوەژاردنی جۆرەکانی زبڵ بە شێوەی بەڵێندەرایەتی بە کۆمەڵیک کۆمپانیا دەسپێرن، ئەو کۆمپانیایانە لە قەراغ شارەکان چەند گاراژ و هۆڵ دروست دەکەن و زبڵەکان دەبەنە ئەوێ بۆ ئەوەی لێکیان هەڵوەژێرن و ئەو جۆرە زبڵانەی بۆ مردەوەژیکردنەوە (دووبارە بەکارهێنانەوە) دەبن لە زبڵە بێکەڵکەکان جودا بکەنەوە، ئەو کارەش بە کۆمەڵێک منداڵی بێدەرەتان دەکەن، بەبێ ئەوەی لەو شوێنانە هیچ ئیمکاناتێکی تەندروستی بۆ نیشتەجێبوونی ئەو منداڵانە دروست بکەن. لەو بارەیەوە، ئیلهام فەخاری، ئەندامێکی ئەنجومەنی شاری تاران بە هەواڵدەریی کاری ئێران (ئیلنا)ی گوتووە: «زۆربه‌ی ئەو منداڵانە تووشی نەخۆشی بوونە، بەڵام نەخۆشی لەچاو کۆمەڵێک کێشەی دیکە بۆ ئەو منداڵانە زۆر گرینگ نین، چونکە زۆربەی ئەو منداڵانە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەریان.» مردەوەژیکردنەوە و دووبارەبەکاهێنانەوەی بەشێک لەو کاڵا و شتومەکانەی مرۆڤ بەکاریان دێنێ و بە پاشماوە و زبڵ ناو دەبرێن، لە دنیای ئەمڕۆدا باوە، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو کارە هەر لە ماڵان و لە لایەن بەکارهێنەرانەوە دەکرێ و خەڵک زبڵەکان لە تەنەکە و زبڵدانی جودا دەکەن و تێکەڵاوی یەکیان ناکەن، تاکوو ئەو زبڵانەی بۆ بەکارهێنانەوە دەبن، تێکەڵی ئەو زبڵانە نەبن، کە پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو لەنێو ببرێن، بەڵام لە ئێران نە خەڵک ئەو فەرهەنگەیان هەیە و نە دەوڵەتیش هیچ ڕێکارێکی تەندروستی بۆ ئەو کارە دیاری کردووە. لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی بەڕێوبەرایەتیی پاشماوەکان بە هەواڵدەریی کاری ئێران (ئیلنا)ی گوتووە: «بەکارهێنانی منداڵان بە پێی ئەو گرێبەستانەی کە شارەداری لەگەڵ بەڵێندەران مۆریان ده‌که‌ن، بەتەواوەتی ناقانوونییە، بەڵام بەداخەوە ئەو کارە هه‌ر دەکرێ.» کەچی ئەندامێکی دەورەی چوارەمی ئەنجومەنی شاری تاران، کە سەر بە بەرەی ڕیفۆرمخوازەکانی ڕێژیمە، بە ناوی محەمەدمەهدی توندگویان، لەو بارەیەوە دەڵێ: «هیچ کۆمپانیایەک بە ناوی کۆمپانیای هەڵوەژاردن و مردەوەژیکردنی زبڵەوە نیە، بەڵکوو کۆکردنەوەی ئەو زبڵانە بەتەواوەتی بە شێوەیەکی ناقانوونی دەکرێ و کۆمەڵێک خەڵک لە بازاڕی ڕەشدا دەیکەن، کە ئەوانە لە لایەن ئەو مافیایانەوە بەڕێوە دەبرێن وا ناویان لێ نراوە بەڕێوەبەرانی پاشماوەکان.» داهاتی بەکارهێنانەوەی زبڵ لە ئێراندا بە چەندان هەزار ملیارد تمەن بەراورد دەکرێ، کە بڕی ڕاستی ئەو داهاتە بە هۆی شاراوەبوونییەوە دیار نیە، بەڵام ئەوەی کە «مافیای زبڵ» لە ئێران هەزاران منداڵی زبڵهەڵوەژێر دەچەوسێنێتەوە و شەو و ڕۆژ بێگارییان پێ دەکا و هەر لە نێو زبڵەکانیشدا دەیانخەوێنێت و سەرباری ئەوەش دەستدرێژیی سێکسییان دەکاتە سەری، دیاردەیەکی هێندە ئاشکرایە کە کاربەدەستانی ڕێژیمیش ناتوانن حاشای لێ بکەن، بەڵام لەبری ئەوەی ڕێچارەی بۆ بدۆزنەوە زۆر زەبوونانە، وەکوو ئەوەی کە بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری خەساردیتە کۆمەڵایەتییەکانی ڕیکخراوی خۆشبژی (بێهزیستی)ی ڕێژیم، ڕەزا جەعفەری بە هەواڵدەریی ئیلنای گوتووە: ئەو منداڵانە لە هەموو مافێکی خۆیان بێبەشن بەڵام هێندە زۆرن هیچ ڕێکخراو و دامەزراوەیەکی دەوڵەتی بەتەنیا دەروەست نایا چارەیان بۆ بدۆزێتەوە. ( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)