کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیۆری و کردەی سیاسی

07:37 - 16 جۆزەردان 2718

باسی تیۆری و کردەی سیاسی، باسێکی کۆمپلێکسە و ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە. ئەم باسە لە فۆڕمی زانست و عەقڵ لە سیاسەت و حکوومەتدا، لە یۆنانی کەونار و لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە لە ئارادا بووە، بە چەشنێک کە ئەفلاتوون دەڵێ دەبێ حکوومەت مەعریفە‌تەوەور بێ و، لە لووتکەی دەسەڵاتدا، فیلسووف‌شا جێ بگرێ. دواتریش ئەم باسە لە فۆڕم و دیدی جیاوازدا هەر لە ئارادا بووە؛ بۆ نموونە لە سەدەی نۆزدەیەمدا، جان ئێستوارت میل، باوکی دێموکراسیی مۆدێرن، فکری بەم بابەتەوە مژوول بووە و تەنانەت بۆ خوێندەوار و ئاکادیمیسیەنەکان مافێکی زیاتر و دەنگێکی زیاتر قایل بووە. لە سەدەی بیست ‌ ویەکیشدا، ئەم باسە لە فۆڕمی پێوەندیی زانست و ئێپیستێم لەگەڵ سیاسەت و بەشداریی سیاسیدا، لە ئارادایە و سەنتێزێک لە بژاردە و زانستتەوەری لەگەڵ ڕۆڵی خەڵکی ئاسایی لە سیاسەتدا، دەخرێتەڕوو. ئەوەی کە تیۆری و کردەی سیاسی چ پێوەندییەکیان بەیەکەوە هەیە و، بۆچی کردەی سیاسی پێویستی بە تیۆری و مەعریفە هەیە، باسێکی گرینگ و پێویستە و، هەوڵ دەدەم لەم نووسینەدا بەکورتی هەڵوێستەی لەسەر بکەم. بە شێوەیەکی دیاریکراوتر، لەم وتارەدا باسی ئەوە دەکەم کە: تەتەڵە و شرۆڤەی سیاسی پێویستیی بە تیۆری هەیە و کردەی سیاسیش پشت دەبەستێ بە تەتەڵە و شرۆڤەی سیاسی. بە واتایەکی دیکە بەبێ تیۆری و پارادایمی تیۆریک، کردەی سیاسی لە ڕووکەشدا قەتیس دەبێ و لە ڕەوتی خۆیدا لەگەڵ زۆر کەمایەسی بەرەوڕوو دەبێ. لەڕاستیدا کردەی سیاسی لە نەبوونی تیۆرییەکی یەکگرتوودا، کردەیەکی نەزۆک و بێ ‌ئەنجامە و لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاستەنگە سروشتییەکانی دنیای سیاستدا، توانای داهێنان و تێپەڕاندنی کۆسپەکانی بەردەمی نیە. بەڵام پێوەندیی نێوان ئەو دووانە پێوەندییەکی یەکلایەنە نیە، بەڵکوو دوولایەنە و دیالکتیکییە. واتا چۆن کردەی سیاسی پێویستی بە تیۆری و چەمک و کۆنسێپتی خۆی هەیە، ئاواش تیۆری و چەمکەکان لە سێبەری کردەدا، پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێ و هەندێک جار سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان دەبێتە پێویستییەک. واتا پێوەندیییەکە، پێوەندییەکی تەواو دینامیک و دووسەرەیە. واقعیەت و ڕووداوە سیاسییەکان ئاڵۆزن. تێگەیشتن لێیان و شرۆڤەکردنیان پێویستی بە ئامرازی تیۆری هەیە. تیۆری ئامراز و چوارچێوەی شرۆڤەیە؛ تیۆری زانستی شرۆڤەیە. چۆن پزشکێک بۆ ناسین و دەرمانی نەخۆشییەکان پێویستی بە زانستی پزشکی و ئامرازی پێوەندیدار هەیە، ئەمە تاڕادەیەکی زۆر لە بوارەکانی دیکە و لەم بەینەدا، لە بواری شرۆڤەی سیاسیشدا، هەر وایە. واقعییەتە سیاسییەکان ناڕوون و تاریکن، بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین پێویستمان بە تیۆری هەیە کە وەک چرایەک، لە گۆشەنیگایەکەوە تێی‌ بگرین و ڕوونی بکەینەوە؛ هەم شکڵی پێ ‌بدەین و هەم مانای پێ‌ ببەخشین. لێرەدا دیالکتیکی سووژە و ئۆبژە دێتەئارا. هیچ گێڕانەوەیەک لە واقعییەت، گێڕانەویەکی سادە و بە واتایەک ئۆبژێکتیڤ و بێلایەن نیە. هیچ گێڕانەوەیەک وەڕگێڕانی کۆنسێپتیی واقعییەت نیە. هەر گێڕانەوەیەک بە فیلتێری سوبژەدا تێپەڕ دەبێ و بمانەوێ و نەمانەوێ ڕەهەندێکی گوتاری وەردەگرێ. واتە هیچ گێڕانەوەیەک لە واقعیەت، دەقاودەق لەگەڵ ئۆبژە نایەتەوە. لەبنەڕەتدا خودی ئۆبژەش، واقعییەتێکی لەخۆیدا نیە و ئەوە سووژەیە کە دروستی دەکا و فۆڕم و مانای پێ دەبخشی. واتە ئۆبژە لە دیالکتیکی سووژە و واقعیەتدا پێک دێ. هەر واقعییەتێک لە فیلتێری زەین و زمان دەگوزەرێ و لە هاتنەدەرێدا کاریگەریی ئەو دووانەی بەسەرەوەیە. واقعییەتەکان و لەم نێوەدا واقعییەتە سیاسییەکان کۆنکرێتن؛ واتە تێکچڕژاو و فرەڕوو و فرەڕەهەندن. هەموو خوێندنەوە و تێگەیشتنەکان سادەترن لە واقعییەتە کۆمپلێکسەکان. چونکە هیچ خوێندنەوە و شرۆڤەیەک ناتوانێ ڕەنگدانەوە و دەرخەری هەموو ئەو ڕەهەند و ڕوو و کۆمپلێکسییە، بێ، کە واقعیەتەکان پێک دێنن و ناچار بە هەڵبژاردنن؛ هەڵبژاردن لەنێوان هەموو ئەو پێکهێنەرە زۆر و زەوەندانەی کە واقعیەت پێکدێنن. لەلایەکی دیکە بە دەربڕینی نیچە، لە پشت هەر خوێندنەوەیەک دوورنمایەک، خواستی دەسەڵات و مەیل و بایەخ و ئەولەوییەتەکانی شرۆڤەکار هەیە. واتە هەر شرۆڤەکارێک کە لە گۆشەنیگایەکەوە لە واقعییەت ڕادەمێنێ و لە پێگەیەکەوە چاوی لێدەکا و چرای تیۆری و گوتاری تێ دەگرێ. ئەمەش خۆی‌لە‌خۆیدا و بەپێی دیدە جیاوازەکان، خوێندنەوە و شرۆڤەی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. هەر واقعییەتێک فرەڕوویە، پێوەندی هەیە بەوە کە ئەتۆ لە چ ڕوویەکەوە لێی دەڕوانی، بەو پێیە خوێندنەوەکەت شکڵ دەگرێ. واتا هەر کەسە و ڕوویەک لە واقعیەتەکە ڕوون دەکاتەوە. ئەگەر واقعیەتە سیاسییەکان بە شتی فیزیکی بشووبهێنین، لەوانەیە بگوترێ کە بۆ ئەوەی هەموو ڕووەکانی شتێک ببینین، جێگۆڕکێ دەکەین و هەرجارە و لە گۆشەنیگایەکەوە چاوی لێ دەکەین. ئەمە سادەسازییەکی زێدەڕۆیانەی واقعییەتە سیاسییەکانە و لێکچوواندنێکی دروست نیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرکەس لە پەنجەرەی ئاگایی و بیر و ئەولەوییەت و مەیل و پێویستییەکانی خۆیەوە و، لە پێگەیەکی دیاریکراوەوە، دەڕوانێتە دیاردەکان و شرۆڤەیان دەکا. مەسەلەیەک کە کارەکە چەتوون دەکا ئەوەیە کە بەپێچەوانەی ڕەوتی ناسین لە زانستە سروشتییەکاندا، کە سووژە جیایە لە ئۆبژە و لە سەرەوەڕا لێی دەڕوانێ و بەسەریدا زاڵە، لە زانستە مرۆییەکاندا، شرۆڤەکار بۆخۆی یان لە نێو و بەستێنی مەسەلەکان دایە یان مەسەلەکان تێپەڕیون و ئەو دەبێ لە دوورەوە و لە مەودایەکی زۆرەوە تێیان‌ ڕامێنێ و لەو بەینەشدا زۆر شت دێنە پێش چاوی و ناهێڵین و ئەو شتەی لە مەوادیەکی دوور لە وی جێی‌گرتووە، بە تەواوی ببینێ. بە پێچەوانەی زانستە سرووشتیەکان، لە زانستە مرۆییەکاندا، کە زانستی سیاسەت یەک لەوانە، سووژە جیا و دابڕاو نیە لەو جیهانەی کە هەوڵی تێگەیشتنی دەدا. بۆخۆی بەشێکە لە جڤاک و دەبێ جڤاکیش بناسێ. تا ئێرە باسی ئەوەمان کرد کە بەپێی ڕوانگە جیاوازەکان، واقعیەت و دیاردە سیاسییەکان، مانای جۆراوجۆر وەردەگرن. واتا واقعییەتەکان چەندمانایین. لێرەدایە کە ئۆبژێکیتڤبوون و بێلایەنی لە شرۆڤەدا دەبێتە وەهم. ئۆبژێکتیڤبوون و بێلایەنییەک کە بەزۆری تایبەتە بە پۆزیتیڤیستەکان، کە جیهانی مرۆیی و، سروشتی و فیزیکی بەیەک دەچوێنن و لە میتۆدۆلۆژیی زانستە سروشتییەکان بۆ ناسین، یان باشترە بڵێم خوێندنەوە و تێگەیشتن لە جیهانی مرۆیی و پێوەندییەکانیان کەڵک وەردەگرن. ڕوویکەردێک کە بەتایبەت لەلایەن عەقڵی هێرمێنۆتیکی، پۆست‌ مۆدێرنێزم و پێکهاتە و بنەماشکێنییەوە بە توندی براوەتە ژێر پرسیار و ڕەت کراوەتەوە. ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم مەکتەبە فەلسەفییانەی دواییشەوە لە مەسەلەکە نەڕوانین، بەسەرنجدان بەو شیکارییانەی لە سەرەوە پێشکەش کران، دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەم بۆچوونە، کە شرۆڤە دەتوانێ ڕەنگدانەوەی سادەی واقعییەتەکان بێ، بە واتایەکی دیکە ئاوێنەی باڵانوێنیان بێ، لەگەڵ قەیران بەروڕوو بووە و براوەتە ژێر پرسیار و نادروستبوونی تا ڕادەیەکی زۆر سەلماوە. هەروەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێکرد واقعییەتە سیاسییەکان لە تاریکی دان؛ بۆ ئەوەی کە لێیان تێبگەین دەبێ چرایان تێبگرین. ئەوەی کە لە کوێ و لە چ گۆشەنیگایەکەوە چراکەی تێدەگرین، بەو پێیە، مانای پێدەدەین و پێناسەی دەکەین. چۆن لە شەودا بۆ ئەوەی کە شتەکان ببینی پێویستت بە چرا یان ئامرازێکی ڕۆشنایی هەیە، بە هەمان شێوە لە خوێندنەوە و شرۆڤەی ڕووداوەکاندا پێویستت بە ئامرازی تیۆری هەیە. تیۆری ڕۆڵی ئەو چرایە دەبینێ یان ڕۆڵی کامێرای دیتن لە شەودا دەبینێ، کە ئەگەر لێیان بێبەش بێ، ناتوانی شرۆڤەیەکی موعتەبەر لە ڕووداوەکان بخەیەڕوو. تیۆری چەک و کەرەسەی دیتنە. ئەگەر ئەو چەک و کەرەسەیەمان نەبێ، بە سادەیی بەسەر دیاردەکاندا تێدەپەڕین و باز دەدەین و ناتوانین دەرەنجامێکی بایەخداریان لێ ‌وەربگرین. لەڕاستیدا هۆکاری ئەوەی کە مرۆڤەکان وەک یەک و بەقەت یەک ئەزموون بەدەست ناهێنن، ئەوەیە کە زەینی هەرکامیان لە ڕووی هەبوونی ئاگایی، بیر و فکر، چەمک و کۆنسێپتەوە، جیاوازییان هەیە. مێشکی بەتاڵ لە ئاگایی و چەمک، قەت ناتوانێ بەقەت مێشکی چەکدار بەوانە، ئەزموون کۆبکاتەوە و زانستی لێ‌ بەرهەم بێنێ. چۆن هونەرمەندێک لە دیتنی شتێک(بۆ نموونە گوڵێک)دا زۆر شتی لێ دەخوێنێتەوە و تێیدا دەبینی، بەڵام کەسێک هونەرمەند نەبێ هێج کام لەو شتانە نابینێ؛ بە هەمان شێوە، مێشکی چەکدار بە چەمک و تیۆری، لە ڕووداو و دیارەدکاندا زۆر شتی لێهەڵدێنجێ و دەرەنجامی لێ‌دەردەخا، بەڵام مرۆڤی ئاسایی ئامراز و توانای دەرخستنی ئەو دەرەنجامانەی نیە. تا ئێرە دەبێ ڕوون بووبێتەوە کە بۆچی بۆ شرۆڤەی سیاسی پێویستمان بە کەرەسەی تیۆری هەیە. ئەگەر ئەوەمان قبووڵ کرد کە بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەی واقعییەتی کۆنکرێتی سیاسی ئامرازی تیۆری پێویستە، دەبێ بەدوای ویشدا ئەوە قبووڵ بکەین کە بۆ کار و کردەی سیاسی پێویستمان بە تیۆری هەیە؛ چونکە کردەی سیاسی لەسەر بنەمای شرۆڤە بنیات دەنرێ. لەوانەیە لێرەدا ئەو گومانە بێتە ئارا کە سیاسەت شتێکی کردەییە و ئێمە لە سیاسەتدا پێویستمان بە پراگماتیزم هەیە نە خولانەوە لە دنیای تیۆرییەکاندا! بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گومانە دەبێ بڵێین کە لەجێدا پراگماتیزم بە مانای نەبوونی تیۆری نیە، بەڵکوو تیۆرییەکی ڕوو لە کردەیە. لەڕاستیدا پراگماتیزم بازنەی دینامیکی تیۆری و کردەی سیاسییە. پراگماتیزم ئەو فاکتەرەیە کە بە باشترین شێوە ڕێ لەوە دەگرێ کە واقعییەتەکان لە تیۆرییەکانەوە وەربپێچرێن و ون ببن و بشاردرێنەوە. تیۆری لە کردەدا لە مەحەک دەدرێ و لە دیالکتیکی لەگەڵ کردەدا چەکووچکاری دەکرێ و لە حاڵەتی پێویستدا، پێداهاتنەوەی پێدا دەکرێ. واتە تیۆری لە مەیدانی کردەدا، تەواو دەکرێ، دەگۆڕی یان جیگێر دەبێ. سیاسەت قووڵایی و پاشخانێکی هەیە، کە ئەویش تیۆری و مەعریفە یان فەلسەفەیە. بەبێ ئەم قووڵایی و پاشخانە، سیاسەتیش نوشوست دێنێ و بێ‌ئەنجام دەبێ. بۆ سەلمەندنی ئەم ئیدیعایە ئاماژە بە دوو نموونەی مێژوویی دەکەم. ئەگەر ئەمڕۆ لە دنیای ڕۆژئاوا سیاسەتێکی سەرکەوتوو دەبینین، ئەگەر حکوومەتی کارامە و باش دەبینین، ئەگەر ئابوورییەکی پەرەسەندوو دەبینین، گرینگتر لەوانەش ئەگەر سیستمێکی سایبێرنیتیک دەبینین کە لە ڕەوتی بەروپێشچوونیدا خۆی چاکسازی دەکا، هەموو ئەمانە بۆ ئەو پاشخان و قووڵاییە هزری و تیۆرییە دەگەڕێتەوە کە بیر و هزری دەیان و بگرە سەدان فیلسووف و بیرکەرەوە بەرهەمیان هێناوە. حکوومەتداریی ئەمڕۆیی ڕۆژئاوا فەلسەفەی سیاسیی مۆدێڕنی لەپشتە. دیارە ئەو فەلسەفە و بیر و هزرەش لە بۆشاییدا بیچمی نەگرتووە، بەڵکوو لە دیالکتیکی هەلومەرج و بەستێنە سیاسی و جڤاکییەکانی ئورووپاوە سەریان هەڵداوە. واتە هزر و کردە لە ڕەوتێکی بەردەوامی کار و کارلێکیدا بوون. کاریگەرییان لەسەر یەکتر داناوە و تا گەیشتووە بەمڕۆ. ئەمڕۆش ئەم ڕەوتە ناوەستێ و هەروا درێژەی هەیە. سیاسەتی سەرکەوتوو و کردەی سیاسیی سەرکەوتوو پشت دەبەستێ بە عەقڵ، بە تیۆری، بە هزر. لەو قۆناغە مێژووییانەی کە عەقڵ و مەعریفە لاواز دەبن و ئاوا دەبن، کردەی سیاسی و بەگشتی سیاسەتیش تووشی نوشوست دەبێ و بەرهەمدار نابێ و ئاستی کارامەیی دادەبەزێ و پاشکەوتوویی لێدەکەوێتەوە. سەدەکانی نێوەڕاستی ئورووپا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. ئەگەر ئێران بە نموونە بێنینەوە بە قەولی جەوادی تەباتەبایی، لەو کاتەوە کە نەقڵ جێگای عەقڵی گرتووە، ئێران لە سەردەمی ڕێنێسانسی ئیسلامی دوور کەوتەوە و چووە نێو سەردەمی تاریکی و داڕووخان و دواکەوتووییەوە؛ کە تا هەنووکەش درێژەی کێشاوە. ئەنجام بواری سیاسی وەک هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان پێویستی بە کەرەسە و ئامرازی خۆی هەیە. خۆ ناکرێ لە هەموو بوارەکانی ژیان، تەنیا بواری سیاسی و سیاسەت هەڵاوێرین و بڵێین کە پێویستی بە تیۆری و مەعریفە نیە و بوارێکی کردەیی پەتییە. دنیای سیاسەت بە هۆی کۆمپلێکسبوونی چەندقاتییەوە، تەنانەت زیاتر لە بوارەکانی دیکەش پێویستی بە مێشکی پڕ و چەکدار بە ئامرازی فکری و چەمکی هەیە. سیاسەت وردبینی و دیتنی شتە ورد و نوکتەکانە. تیۆری ڕۆڵی ئەو «منشور»ە دەگێڕێ کە یارمەتیت دەکا کە هەموو ڕەنگەکان ببینی؛ بەبێ تیۆری لە شتە گشتییەکاندا دەمێنیەوە و لە دیتنی شتە ورد و لە هەمانکاتدا گرینگەکان، کە ڕەوتی ڕووداوەکان دیاری دەکەن، بێتوانا دەبێ. ئەگەر دەبینین کە سیاسەتێک لە ماوەیەکی درێژدا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی، لاوازبوونی ئەو پاشخان و پێویستییە فکری و تیۆریکەیە. سیاسەتی پشتە‌بەستوو بە تیۆری، داهێنەرە و چەق نابەستێ. ئەمە ئیدیعایەکە کە ئەزموونە مێژووییەکان دەیسەلمێنن. ( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)