کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوراز و نشێوەکانی بزووتنەوەی کورد (٣-٢)

07:40 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان لەسەرەتاکانی سەدەی ١٩ی زایینی هەتا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی هەوراز و نشێوەکانی بزووتنەوەی کورد (٣-٢) گوشار و زوڵم و زۆریی بێ پسانەوەی تورکەکان، هەوڵی سوڵتانی عوسمانی و شای ئێران لە ساڵەکانی ٤٠ هەتا ٦٠ی سەدەی ١٩دا، بۆ نۆژەنکردنەوەی دەوڵەت و سیستمی سیاسی_ئیداریی ئەم وڵاتانە، کۆجێخوازیی حکوومەتەکانی ناوەندی، چوونەسەرەوەی ماڵیات، نیوە‌کۆڵۆنیبوونی عوسمانی و ئێران، هەروەها چەوساندنەوە و سەرهەڵدانی فەرهەنگێکی نامۆ، بوون بە هۆی ناڕەزایەتیی بەربەرینی خەڵکی کوردستان. لاوازبوونی تورکەکان بە هۆی شەڕی کریمە و دابەزینی توانای سیاسی و سوپایی تورکەکان لە کوردستان وێڕای کەڵکوەرگرتنی ڕووس لە دوژمنایەتیی کوردەکان لەگەڵ ناوەند و پێوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی میلان، زیلان و هتد، بەستێنێکی باشی بۆ شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد پێک هێنا. لەم بارودۆخەدا یەزدانشێر، برازای بەدرخان بەگ کە سەرەڕای هاوکاری لەگەڵ تورکەکان حکوومەتی کوردستانی بەنەسیب نەببوو، لە بارودۆخی پێکهاتوو کەڵکی وەرگرت و بۆ ڕزگارکردنی خاکی کوردستان گەورەترین شۆڕشی لە دیسامبری ١٨٥٤ دا لە بۆتان و هەکاری وەڕێ خست. ئەم ڕاپەڕینە پانتاییەکی بەرچاوی لە باکوورەوە هەتا ڕۆژئاوای کوردستان بە خۆیەوە گرت، تەنانەت ئاسۆری، ئەرمەنی و یۆنانییەکانیش پەیوەست بە کورد بوون. ئەم ڕاپەڕینە وەکوو تێپەڕینی بزووتنەوەی جیاییخوازانەی کورد بۆ ڕووداوێکی بە ڕاستی نەتەوەیی لە مێژووی کورددا تۆمار دەکرێ. ڕاپەرینی یەزدانشێر بە هۆی فاکتەری دەرەکی و ناوەکی وەکوو هاوکارینەکردنی ڕووسیە، نەبوونی بەرنامەی سیاسی، تەیارنەبوونی نیزامی_ سپایی، وروژاندنی بەشێک لە ڕێبەرانی کورد بە فیتی بریتانیا بۆ دژایەتی لەگەڵ شۆڕش، و لە کۆتاییدا فریوخواردنی یەزدانشێڕ لە ئینگلسییەکان، شکستی خوارد. یەزدانشێر کە بە تەزمینی شابەندەری بریتانیا لە مووسڵ بۆ دیدار و دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی تورک چووبوو، کۆتایی مانگی مارسی ١٨٥٥ لە کاتی وتووێژدا قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەستەنبووڵ کرا. ڕاپەرینی یەزدانشێر کۆتایی بە کێشەی کورد نەهێنا. پاییزی ساڵی ١٨٧٨ ڕاپەڕین لە ناوچەی بدلیس، مووش و وان، هەروەها هەکاری و بۆتان بە ڕێبەریی عوسمان و حوسێن بەگ، کوڕانی بەدرخان دەستی ‌پێکرد. ئەوان لە ماوەیەکی کەمدا توانییان بەشێکی گەورە لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد بکەن. عوسمان بەگ خۆی وەکوو ئەمیری سەربەخۆی ئەم ناوچانە ڕاگەیاند. هەرچەند ئەم بزووتنەوەیەش لە لایەن تورکەکانەوە سەرکوت کرا، بەڵام ساڵی ١٨٨٠ شۆڕشێکی دیکە بە ڕێبەریی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نەهری کە ڕێبەری تەریقەتی نەقشبەندیی کوردەکانی عوسمانی و تا ڕادەیەکی بەرچاویش ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دەستی پێکرد. شێخ عوبه‌یدوڵڵای نەهری توانی بە پێی پێگە و نفووزی خۆی ببێتە هۆی یەکگرتوویی سیاسی لە نێوان ناوچەکانی بۆتان و هەکاری لە ئیمپراتووریی عوسمانی، هەتا موکریان لە ئێرانی قاجاردا. بۆ هەوەڵین جار لە مێژووی کورددا لە نێوەڕاستەکانی ژووئیەی ١٨٨٠دا یەکەمین کۆنگرەی ڕێبەرانی کورد لە شەمزینان پێک هات. ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆڵی بە هۆی شەڕی ڕووس و عوسمانی ساڵانی 1878_١٨٧٧ و سەرکوت و لەنێوبردنی میرنشینەکانی نیوەسەربەخۆی کورد لەلایەن عوسمانییەکانەوە، بارودۆخی پێویستی بۆ سەرهەڵدانی ڕێبەرییەکی نوێی سیاسی پێک هێنابوو؛ ڕێبەرێک کە دەیەویست مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کورد مسۆگەڕ بکا. بە وتەی «لۆرد جۆرج کەرزن» لەم بارودۆخەدا شێخ عوبه‌یدوڵڵا کە بە هۆی کەسایەتیی پیرۆزی خۆی ناوبانگێکی زۆری هەبوو، بەزوویی توانی خۆی بە پلەی ڕێبەرێکی نەتەوەیی بگەیەنێ».(1) ترۆتێر»(2) سەرکۆنسوولی بریتانیا لە ئەرزەڕۆم، شێخ وەکوو پڕنفووزترین ڕێبەری کورد لە تەواوی کوردستان ناو دەبا کە کاریگەری و دەسەڵاتی لە سوڵتانیش زۆرترە.(3) ئامانجی شێخ، ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە ژێردەستیی عوسمانی و دامەزراندنی حکوومەتێکە کە پانتایی دەسەڵاتەکەی بە پلەی یەکەم لە باشووری وان هەتا باکووری مووسڵ بێ و لە قۆناخی دواییدا تەواوی کوردستان بگرێتەوە.(4) بۆ زۆربەی کاربەدەستانی وڵاتە زلهێزەکان ڕوون بوو کە شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی کورد و دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ تێ دەکۆشێ. تەنانەت خودی شێخ عوبه‌یدوڵڵا‌ش لە نامەیەکدا بۆ توێژەری ئینگلیسی، «کۆچران»(5) دەنووسێ: « نەتەوەی کورد لە پتر لە ٥٠٠ هەزار بنەماڵە پێک هاتوە و ئەمە گەلێکی جیاوازە. ئەوان ئایین، یاسا و داب و ڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە».(6) شێخ عوبەیدوڵڵا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە وڵاتە ئورووپاییەکان بەرامبەر بە بێ‌ یاسایی لە ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆڵی پێویستە لە بزووتنەوەی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی پشتیوانی بکەن. لەم پێوەندییەشدا پێداگری دەکرد کە کوردەکان بۆ سەقامگیرکردنی یاسا، نەزم و دادپەروەری دەیانەوێ دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، لەم حاڵەتەدا ئەوان هەر ئەو مافەیان دەبێ کە نەتەوەکانی دیکە هەیانە. هەروەها «شێخ عوبەیدیللا لە نامەیەکدا بۆ «ئیقبالولده‌له‌«، حاکمی ورمێ دەنووسی، «ئامانجی سەرەکی ئەو و هاوڕێیانی، دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کێشەی کوردەکانە ... شیاوترین ڕێگاچارە بۆ پرسی کورد، یەکیه‌تیی و سەربەخۆیی ئەوانە».(7) شۆڕشی کورد بە پێی ئەوەی کە سوپای ئێران خەریکی سەرکوتکردنی تورکمەنەکان بوو و بە بەراورد لەگەڵ سوپای عوسمانی لاوازتر بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا توانی بە هاوکاریی هەمزەئاغای مەنگوڕ و عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا پاش گرتنی شاری سابڵاغ هەتا نزیکەی ورمێ، هەروەها بەرەو تەورێز پێشڕەوی بکا. شێخ خۆی لە لای ورمێ بوو و شێخ عەبدولقادر چوو بۆ مەهاباد و میاندواو و تا بناو چووە پێشێ، بەڵام دوای ئەو کوشتارە وەحشییانەی وا لە خەڵکی میاندواوی کرد ئیتر خەڵکی بناو چوونە بەربەرەکانی کردنی و سوپاکەیان تێک شکاند. ڕووداوەکانی کوردستان ترسێکی زۆری خستە دڵی کاربەدەستانی ئێرانەوە، چونکە «ئەگەر تەورێز گیرابا، ئەمە ئەوەی دەگەیاند کە ئێران گەورەترین شار، واتە پایتەختی دووهەمی ئێرانی لەدەست داوە. ئەگەر تەورێز گیرابا، دەتوانرا بگوترێ کە گیرانی تارانیش نزیک بۆتەوە».(9) ترسی بزووتنەوەی کورد، تاران و کاربەدەستانی دەوڵەت و سوپای ئێرانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر کرد، ئەم پەشێوییە لە وەڵامی ناسره‌دین شا لە ٤ی ذیقه‌عدەی ١٢٩٧ی هـ. ق دا کە داوا لە موخبیره‌لدولە، وەزیری پۆست و تەلگراف دەکا سەر لە بەیانی ئەم تەلگرافە بۆ تەیموور پاشا خان سەرداری ماکۆ بنێرێ، بە جوانی دیارە کە دەڵێ: «شێخ یان کەسێکی دیکە کێیە کە ئاوا پڕروویی دەکا؟ بۆچی چوار کورد ئێوەیان تا ئەم ڕادەیە پەشۆکاندوە و زراویان بردوون کە بەم چەشنە قسە و تەلگراف عەرز دەکەن؟ ... نازانم چی بووە کە تا ئەم ڕادەیە بێغیرەت بوون؟ یانی چی؟ سوێند بە خودا، سوێند بە ڕووحی شای خوالێخۆشبوو ئەگەر ئاوڕ لە باوکی ئەم یاخیانە بەرنەدەن، و لەم چەشنە قسە بێمانایانە بکەن، وەکوو ژنان بجووڵێنەوە، هەمووتان ئاور دەدەم. ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەمان لە ئێوە دەکرد و دەکەین کە هێرش بەرنە سەر مەملەکەتانی بیانی، ئاوریان تێبەردن، تاڵانیان بکەن و سەرکەون، نەک ئاوا لە دەست چوار کورد تووشی ترس بن و هەتا ئەم ڕادەیە زەلیل بکەون.»(9) بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا لە قۆناخی یەکەمی ڕاپەڕینەکەدا سەرکەوت، عەبدولقادر حکوومەتێکی کاتیی پێک هێنا و لە ناوچەی ژیڕدەسەڵاتی خۆی حاکمەکانی هەڵبژارد و لەسەرکاری دانان. ئەمە لووتکەی سەرکەوتنەکانی ڕاپەڕین بوو، بەڵام ڕاپەڕینەکە نەیتوانی لەمە زۆرتر پەرە بگرێ. کوشتوبڕ و بێ ڕەحمیی هێزەکانی کورد لە دەوروبەری ورمێ بوو بە هۆی ڕق و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ناکوردەکان، لە لایەکی دیکەشەوە «فتوای غزا دژی شیعەکان و ڕاگەیاندنی شەڕی ئایینی کاریگەرییەکی زۆری لە ویلایەتی مراغە هەبوو، بوو بە هۆی کوشتارێکی زۆر لە نێوان سوننە و شیعەکان، لەم نێوانەدا زیانی ماڵیی و ڕووحی شیعەکان زۆرتر بوو، و شکۆ و گەورەیی، هەروەها توانایی سپای مریدەکانی شێخ، شاری تەورێزی تووشی ترس و خۆف کرد»(10) دەوڵەت هێزێکی زۆری بە سەرۆکایەتیی تێمورخا،ن سەرداری ماکۆ بۆ بەرەکانی شەڕ لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا نارد و توانیی پاشەکشە بە هێزی ڕاپەرین بکا و هەتا سەرەتاکانی مانگی دیسامبری ١٨٨٠ تەواوی ئەو ناوچانە کە کورد ڕزگاری کردبوون، بگرێتەوە. ئەم ڕاپەرینە بە‌هۆی نەبوونی بەستێنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها سیاسی و فیکری و بە هۆی چەندبەرەکی و پڕژوبڵاویی سیاسی، نەبوونی یەکیه‌تی و تەبایی نەتەوەیی؛ ئاستی خوارەوەی ناسیۆنالیزمی کورد کە سەرچاوەی لە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی_ سیاسی خودی کوردستان دەگرت؛ لاوازیی سوپایی و هەڵە لە لێکدانەوەی ستراتێژی و تاکتیک، هەروەها دەوری نەرێنیی وڵاتە زلهێزەکان وەکوو ڕووسیە و بریتانیا تووشی شکست هات. ڕووسیە لەسەرەتاوە بە هۆی دیتنەوەی بەرژەوەندیی خۆی لەبەرامبەر بزووتنەوەی کورددا ڕاوستا و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ یارمەتیی تارانی دا. بریتانیاش کە دەسەڵاتی بەسەر ئەستەنبووڵدا هەبوو و لەسەرەتادا بەرژەوەندیی خۆی لە لاوازکردنی تاران و ڕووسیەی هاوپەیمانیدا دەدی، کوردەکانی دژ بە تاران هان دەدا، بەڵام کاتێک هەستی بە گەڕانەوەی مەترسیی کورد دژ بە ئەستەنبووڵ کرد، دژ بە کورد جووڵایەوە. پاش شکانی شۆڕش، بەشێک لە دەرەبەگ و سەرۆک هۆزە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا بەرەو باکووری کوردستان وەڕێ کەوتن، بەڵام تا ماوەیەک هەمزەئاغا درێژەی بە بەرەنگاربوونەوەی خۆی‌ دا. «ئەو هۆزە کوردانە کە سەرۆکەکانیان ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە جێ هێشتبوو تووشی چەرمەسەری و چەوساندنەوەیەکی دڕندانە لە لایەن ئێرانییەکانەوە بوون. کاربەدەستانی ئێران لە ئەنجامی کوژاندنەوەی ڕاپەرینەکەدا کەوتنە قەڵاچۆکردنی کوردەکان و بێ ئەوەی گوێ بدەنە تەمەن، یان ژن و پیاو، هەزاران کەسیان دارکاری کرد و پتر لە دووسەد دێی کوردستانیان سووتاند»(11) لە کاتی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا و پەیوەستبوونی خەڵکی موکریان، ناسره‌ددین شا لە نامەیەکدا بۆ موشیره‌لده‌ولە، سپاسالاری ئازەربایجان لە ڕێکەوتی ١٢٩٧ی هـ.ق بە توندی باس لە سزادانی سەخت و تەواوی کوردەکانی سابڵاغ و موکریان و بە زنجیرکێشانی سەرۆکەکان و ناردنیان بۆ تاران دەکا.(12) سوپای ئێرانیش بێبەزەییانە پاش سەرکەوتنیان، ئەم بڕیارەیان بەجێ گەیاند. ئەسکەندەر غوریانس، نووسەری کتێبی ڕاپەرینی شێخ عوبەیدوڵا لە سەردەمی ناسره‌ددین شادا، کە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی ڕووداوەکان لە سابڵاغ و گوندەکانی دەوروبەری بووە، لە ڕاپۆرتێک بۆ ناسره‌ددین شا دەنووسێ: «ئاوری تؤڵەستاندن تا ئەو ڕادەیە بەسەر سپادا زاڵە کە ئەوان بێ لەبەر چاوگرتنی ئابڕووی دەوڵەت دەیانەوێ تۆوی کوردەکان لە سەر زەوی پاک کەنەوە و هەر ئاوادانیک وێران بکەن».(13) هەرچەند بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیللا بە ئاکام نەگەیشت. بەڵام ئەو ڕاپەرینە وەکوو هەنگاوێکی جیددی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد پێناسە دەکرێ. په‌راوێزه‌کان: 1) George N. Curzon: Persia and Persian questiin, London 1892, p 53 2) Major Henry Trotter 3) W. jwaideh. Kurdish National Movment. Ist origins and development. New York 2006. P 77 4) W. jwaideh. P 81 5) Dr. James P.Cochran 6) W. jwaideh. P 81 7) W. jwaideh. P 82 8) ن.ا. خەڵفین خەبات لە ڕێی کوردستاندا، لاپەڕەی ١٨٤، وەرگێڕ لە ڕووسیەوە جەلال تەقی، سلێمانی، چاپخانەی ڕاپەڕین ١٩٧١ 9) یوسف بیگ باباپور و مسعود غلامیە، فتنە شیخ عبیداللە کرد، گزارش وقایع حملە اکراد بە صفحات آذربایجان در دورە قاجار ص ١٤٨، تهران ، کتابخانە، موزە و مرکز اسناد مجلس شورای اسلامی١٣٩٠ 10) محمد امین زکی بێگ، زبدە تاریخ کرد و کردستان، جلد اول ص ١٨٠، ترجمە یداللە روشن‌ اردلان، انتشارات توس، ١٣٨١ 11) ن.ا. خەڵفین، خەبات لە ڕێی کوردستاندا، لاپەڕەی ١٩١-١٩٠، وەرگێڕ لە ڕووسیەوە جەلال تەقی، سلێمانی ، چاپخانەی ڕاپەڕین ١٩٧١ 12) ابراهیم صفائی، اسناد برگزیدە دورە قاجار، سند چهارم، ص ١٢، انتشارات بابک، تهران ٢٥٣٥ 13) سید محمد صمدی، تاریج مهاباد ص ٤١، انتشارات ڕهرو مهاباد، ١٣٧٣ لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)