کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و ئیسلاحات؟

08:11 - 16 جۆزەردان 2718

ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو ماوە چ لە دەرەوە و چ لە نێوخۆ، پرسیاری زۆری لە سەر داهاتووی کۆماری ئیسلامی دروست کردوە. لەلایەکەوە بە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی کۆشکی سپی لە ئەمریکا و توندتربوونی هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە پڕکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا و هەڕەشەی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی، ئێران کەوتووەتە ژێر فشارێکی زۆری ئابووری و دیپلۆماسییەوە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە. لەولاشەوە لە نێوخۆی ئێران بە هۆی کێشەگەلی زۆر و هەمەلایەنەوە، دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ و گشتگیرتر دەبێ. هەڕەشە ئابوورییەکانی ئەمریکا بە هۆی نوێکردنەوە و زیادکردنی تەحریمەکانەوە، کشانەوەی یەک لەدوای یەکی کۆمپانیە گەورە جیهانییەکان کە بە دوای ڕێککەوتنی بەرجام ڕوویان لە ئێران کردبووەوە بە هۆی مەترسیی سزادانیان لەلایەن ئەمریکاوە، هۆکارێکی بەرچاون بۆ چاوەڕوانکردنی داتەپێنی یەکجارەکیی ئابووری دەوڵەت و گەورەتربوونی قەیرانی دارایی و ئابووری لە ئێراندا. ئەمە ئەو وەزعەیە کە یەخەی کۆماری ئیسلامیی گرتوە و بەرەو چارەنووسێکی نادیار پاڵی پێوەدەنێ. لە تەواوی ساڵانی ڕابردوو، لە نێوخۆی وڵاتدا کۆماری ئیسلامی بە سەپاندنی فەزای ئەمنییەتی قورس و هەوڵی سەرکوتی خەڵک لە ڕێگەی گرتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجە و تەنانەت ڕەشەکوژی و ئیعدامکردنەوە، بە هەموو شێوەیەک مافە سەرەتاییەکانی خەڵکیان پێشێل کردووە و هەوڵی دەمکوتکردنی خەڵکی ناڕازی و مافخوازیان داوە و هیچ گوێیان بە داخوازییەکانی خەڵک نەداوە. بەڵام بە بەردەوامی و تەنیا لەپێناو مانەوە و بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی ڕێژیمەکەیان دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەرکات هەستیان بە توندکردنی فشارە دەرەکییەکان کردبێ، ملیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان ڕاکێشاوە. بەرجام دوایین نموونەی ئەو پەلکێشکردنەی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ سیاسەتێکی داسەپێندراو بەسەریاندا. سازش و ڕێککەوتن هەرکات هەستیان بە مەترسی کردبێ لەگەڵ هێزەکانی بێگانە. ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە سەرەڕای مانۆڕە درۆزنانەکانیان بە ناوی یاسای بنەڕەتی و مافی شارۆمەندی و بەشداریکردنی خەڵک لە چارەنووسی خۆیاندا، هەرگیز ئامادە نەبوون لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان کە چەند جیلیان خۆیان لە پێناو سەقامگرتوویی ئەو نیزامەدا فیداکرد سازش بکەن، و بە ملدان بە ویست و داوا ڕەواکانیان و بە هاوبەشکردنیان لە ژیانی سیاسی و ئیداری وڵاتدا ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئیمزا بکەن. ڕێککەوتنێک کە دەیتوانی بە پێی یاسایەکی خەڵکی و نیشتمانی، ئێران لەو هەموو فەقر و وێرانییە بپارێزێ. ئەم کایەی شێر و ڕێوییە چەندجارێک لە سەردەمی سەرۆککۆماری ڕەفسەنجانییەوە هەتا ئیستا دووبارە بووەتەوە. ئیستا بۆ جارێکی دیکە بە هۆی فشارەکانی دەرەوە بە تایبەت دەوڵەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد تڕامپ کایە هەمیشەییەکە دەستی پێکردوەتەوە. لە حاڵێکدا خامنەیی کە زیاتر لە جاران ترسی ڕێ نیشتووە بە بەردەوامی قسە لە بێباوەڕی بەرامبەر ئەمریکا دەکا، نوێنەرەکانی بە ناوی دەوڵەتەوە، لە دەرەوە بە واستەگەری و دانیشتنی بە دزی لە هەوڵی ڕازیکردنی دڵی ئەمریکاییەکانن. لەولاشەوە وەک عادەتی هەمیشەیی کە لە کاتی تەنگانەدا خەڵکیان وەبیر دێتەوە، دیسان باس باسی قبووڵکردنی هێندێک لە گلەییەکان و هەوڵی چارەسەری گیروگرفتەکانە. هەرچەند باش دەزانن کە کار لە گلەییدا نەماوە و ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانەی بەرەبەرە هەموو ناوچە و شارە جیاجیاکانی ئێرانی تەنیوەتەوە و هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی لەخۆ گرتووە، قسەی زیاتر لە گلەییەکی تێدایە و دروشمەکانی ئەو خۆپیشاندانانە کە هەرکامەی بە هۆکارێک سازدەکرێ دروشمی هەوڵدانە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کە لەوانەیە ئەو گۆڕانکارییە، ڕووخانی ڕێژیم بە دوای خۆیدا بێنێ. هەرچۆنێک هەڵسەنگاندن بۆ ئەو باروودۆخە بکرێ ئەوە بە ڕوونی دەبیندرێ کە ڕێژیم بە حکوومەت و دەوڵەتەوە و بە گشتی نیزامەکەیان، کەوتوونەتە بەر تەوژمی ڕق و تووڕەیی خەڵک. بێگومان زۆربوونی فشارەکان لە دەرەوە بە تایبەت کە سیستمی ئابووری لەبەر یەک هەڵوەشاوی ئێرانی کردوەتە ئامانج و لەبەردەستدانەبوونی ڕێگە چارەیەکی ماوەکورت بۆ چارەسەری بە پەلەی کێشەکان _ئەگەر بیر لە چارەسەریش بکەنەوە_ مەیدان بۆ پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکان خۆشتر دەکا. درێژەکێشانی ئەم باروودۆخەش لانیکەم ڕێژیم بەرەو لاوازیی زۆرتر دەبا و تواناکانی خۆڕاگری و بەکارهێنانی دەزگا و هێزە سەرکوتکەرەکانی بۆ پێشگرتن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان کەمتر دەکاتەوە. بەمجۆرە ئیستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیەکی جگە لە پاشەکشە بۆ نەماوەتەوە. هەرچەند ئەزموونەکانی پێشوو پێمان دەڵێن کە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆیان تەسلیمبوون بە دەرەوە حاسانترە بۆیان، هەتا وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خەڵک و ڕازیکردنی ئەوان. درێژەی ئەو وەزعە لەگەڵ ئەوەی عەلی خامنەیی وانیشان دەدا کە شتێکی سەیر نەهاتوەتە ئاراوە و وا پێدەچێ کە دیسانیش بیر لە درێژەی دەسەڵاتی خۆی وەک ڕابردوو بکاتەوە، وای کردوە کە سەرۆککۆمار و هێندێک لە دەوڵەتمەدارانی ئێران و تەنانەت بەشێک لە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانیشیان بیر لە ئیسڵاحی وەزعەکە بکەنەوە بۆ ڕزگاربوون لە چنگ ئەو بەڵایەی کە تووشی خۆیان کردوە. بەڵام بەڕاستی ڕێگەیەک بۆ ئیسڵاح ماوەتەوە؟ دیارە ئەگەر هەرکەس یا جیناحێک لە ڕێژیم بیەوێ باس لە ئیسڵاحات بکا پێش هەموو شتێک پێویستە باس لە بوونی قەیرانێکی قووڵ بکا کە بە هۆی دەسەڵاتداریی نیزامەکەیانەوە هەموو جومگەکانی ژیانی ئێرانییەکانی گرتووەتەوە و ڕەوابوونی داواکارییەکانی خەڵک نە بۆ پۆزی سیاسی و فریودەرانە، بەڵکوو وەک ڕاستییەکی ژیانی ئەمڕۆی خەڵک قبووڵ بکا. دواتر ئەو یا هەرکەسێک کە قسە لە بەرنامەیەکی لەو جۆرە دەکا دەبێ باوەڕمەندی خۆی بە ئیسڵاحات لە ڕێگەی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ساختارێک کە، بە پێی یاساکەیان و بە هۆی بوونی ڕێبەرێک کە بە تەنیا دەسەڵاتی لە هەمووان زیاترە و بە ئەمری ئەو فەرماندەکانی سپا، ڕاگەیاندنی ڕەسمی، سەرۆکی دادوەری و چی و چی دیاری دەکرێن و، لەم ڕێگەوە دەسەڵاتێکی ئیستبدادی بەسەر وڵاتدا سەپاندوە بە ئاشکرا نیشان بدا. لەگەڵ ئەوەش ئیسڵاحات کاتێک جێبەجێ دەبێ کە پێشتر یاسای بنەڕەتی بگۆڕدرێ، دەستی سپا لە کارووباری نێوخۆیی کورت بکرێتەوە و بوونی ئازادیی ڕادەربڕین، ڕاگەیاندنی ئازاد و پێکهێنانی کۆبوونەوە و دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بە شێوەی کردەیی بە ڕەسمی بناسرێ. دەنا ئەو قسە و باسانە بۆ ئەوان خەیاڵی خۆشی ڕزگاربوونیانە لە چنگی عەداڵەت و خەڵکی ئێرانیش جارێکی دیکە فریوی ئەو موعیزانە ناخۆن. لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)