کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وەک کارتێک، قازانج لە گیرفانی کێ دایە؟

06:52 - 22 جۆزەردان 2718

یەکێک لەو خاڵانەی کە ئامریکا سەبارەت بە "چۆنیەتیی رووبەرووبوونەوەی کۆشکی سپی لەگەڵ ئێران" باسی دەکا، بریتییە لە "هاوکاری و پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران"ی. دوای هاتنە دەریی دۆناڵد ترامپ لە بەرجام، بەرپرسانی ئامریکایی چەند جارێک هاوکات لەگەڵ ئیدیعای "پشتیوانیکردنیان لە خەڵکی ئێران، باسیان لەوەیش کردوە کە هاوکاریی بەرەی ئێرانییەکانی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن." ئەم ئیدیعایە کە بریتی بێ کە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و بزووتنەوەی مافخوازانەی ئەم خەڵکە و هەروەها هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆن، بە نیسبەت ئامریکاییەکانەوە شتێکی تازە نیە. لانیکەم لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، واتە لە سەردەمی سەرکۆماریی بیل کلینتۆنەوە تا ئێستا، هەر چوار سەرکۆمارەکە هەرکات باسیان لە ڕووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ ئێران کردبێ، یەکێک لە ڕێکارەکانیان مەترەحکردنی ئەم ڕێکارە بووە. بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە ڕاشکاوانە باسی لێوە بکرێ، ئاکامی ئەم ئیدیعایانەیە کە لەگەڵ ئەوەیکە ناکرێ بڵێین شتێکی ئەوتۆی بەدوادا نەهاتووە، بەڵام حەق وایە بپرسین خێرەکەی لە گیرفانی کام لایەن دایە؟ لە کۆتاییەکانی دەورەی یەکەمی سەرکۆماریی باراک ئۆبامادا کە هەوڵەکان بە چڕی لە گەڵ ئورووپاییەکان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ دەستپێڕانەگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی لە ئارادا بوو، ئامریکاییەکان هەوڵێکی زۆریان ‌دا کە ئێران ناچار بە هاتن بۆ سەر وتوێژ بکەن. تەنانەت بە یارمەتیی سیستەمی سایبێریی ئیسرائیل لە عەمەلیاتێکی بەتەواوەتی نهێنیدا ڕیسکێکی گەورە و پڕتێچوویان تاقی کردوە. سی.ئای.ئەی بە هاوکاریی ئیسرائیلییەکان توانییان نفووز بکەنە نێو بنکەی ناوکیی نەتەنز و بە کۆنترۆڵکردنی دەزگای چاودێریی ئۆپراتۆرەکانی ئەم نیرووگایە، دەستیان بەهەزاران سانتریفووژ ڕابگا بە مەبەستی لەکارخستن و پاسیڤ کردنیان کە لە کۆتاییدا بە هۆی هەڵەیەکی ئیسرائیلییەکانەوە، تەنیا چەند سەد دەزگایەک پاسیڤ کران. لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئامریکایی ئەم عەمەلیاتە دواتر ئاشکرای کرد کە؛ "ئامانجی ئێمە لەو کارە تەنیا ئەوە بوو کە ئێرانییەکان ناچار بکەین، بێنە سەر مێزی وتوێژ، کە دواتر هێنامانن!" لە پێوەندی لە گەڵ ئیدیعای ئامریکاییەکان بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی دەرەوەی وڵاتیش، دەقیقەن دەبێ هەمان خوێندنەوەی بۆ قاییل بین. بەرپرسێکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی کاتی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ هۆکارەکانی ناچاربوونی ئێران بۆ هاتنە سەر مێزی وتووێژ لە گەڵ گرووپی ١+٥ دوای ئاماژەدان بە فشاری گەمارە ئابوورییەکان و هەڕەشە سایبێرییەکان بۆ سەر نەتەنز، ڕایگەیاند کە؛ "هەوڵەکانی ئامریکا و ئورووپا بۆ دەرهێنانی موجاهدینی خەڵک لە لیستی ڕەشی تێرۆر ئێرانییەکانی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە، دەبێ (نەرمشی قارەمانانە) لە خۆیان نیشان بدەن". کەواتە ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کارتێکی کاریگەرە بە دەست ئامریکا و دەوڵەتانی دیکەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە خودی ئۆپۆزیسیۆن لە کوێی ئەم کارتبوونەی دایە؟ ئەم کارتبوونەوەی سوود بە گیرفانی کێ دەگەیەنێ؟ ئایا دەتوانێ هاوکات لە گەڵ ئەوەیکە کارتێکی بەهێز بێ بۆ فشارخستنە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دابیکردنی بەرژەوەندیی لایەنە پێوەندیدارەن، سوودێک بۆ خۆی هەڵکڕێنێ و تەنیا کارتێکی کایە پێکردن نەبێت؟ ئەوەی تا ئێستا لەم پێوەندییەدا ڕووی داوە ئەو واقعیەتەیە کە تەنیا کارت بووە و قازانجی لە گیرفانی بەرانبەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و، هێندێک جاریش لە گیرفانی خودی رێژیمدا بووە. کە زۆر جاریش بە نەرمی نواندنی ئێران بەرانبەر بە ئیرادەی دەوڵەتانی زلهێز و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ئەم کارتە نەتەنیا سوودی بۆخۆی نەبووە، بەڵکوو هەوڵی پەراوێزخرانیشی دراوە.