کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موجتەبا خامنەیی و قاسم سولێمانی لە عێڕاق لە چی دەگەڕێن؟

05:11 - 24 جۆزەردان 2718

دوای سووتانی سندووقەکانی دەنگدانی عێڕاق موجتەبا خامنەیی و قاسم سولێمانی لە عێڕاق لە چی دەگەڕێن؟ و: باوان عەلیزادە/ ئەلعەرەبییە هێشتا چەند کاتژمێر لە ئاگرگرتن یان ئاگردانی شوێنی ڕاگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی پەڕلمانی عێڕاق تێنەپەڕیبوو، کە ئیرەج مەسجێدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا، ئێوارەی دووشەممە، 11ی ژوئەن زیافەتێکی بەربانگی وەڕێخست. لەو زیافەتەدا موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی؛ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودس، باڵی دەرەوەی سپای پاسداران؛ نوری ئەلمالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێڕاق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و؛ هادی ئەلعامیری، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەلفەتح، کە لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە؛ بەشدار بوون. ئەو زیافەتی بەربانگە لە بەغدا، پێتەختی عێڕاق بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گۆڕانکارییەکان لە باڵوێزخانەی ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لەو بارەوە بە "ئەلعەرەبییە نیت"ی گوت: "باڵوێزی ئێران ئەو زیافەتە گەورەیەی ڕێکخست و جیا لە کاربەدەستانی پایەبەرزی ئێرانی، فەرماندەکانی میلیشیای حەشی شەعبی و کاربەدەستانی سیاسیی دوو هاوپەیمانیی ئەلفەتح و دەوڵەتی یاسا تێیدا بەشدار بوون." ئەو سەرچاوەیە گوتی کە لەو میوانییەدا هەوڵەکان بۆ دروستکردنی "فڕاکسیۆنێکی گەورەتر" لە پارلمانی عێڕاق بە ئامانجی پێکهێنانی حوکمەتی داهاتووی عێڕاق لەلایەن ئەو هاوپەیمانییەوە خرایە بەرباس. وەک زاندراوە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی فڕاکسیونێک پێکهاتوو لە دەوڵەتی یاسا بە 29 کورسی، هاوپەیمانیی ئەلفەتح بە 48 کوردی، هیندێک لە لایەنە کوردەکان کە سەرجەم 43 کورسیی پارلمانیان لە دەست دایە و چەند هاوپەیمانییەکی چووکەتر کە دەیانەوێ تێکەڵ بەو فڕاکسیۆنە بن؛ لە ئارادایە. ئامانج لەو هەوڵانەیە ئەوەیە کە ئەو فڕاکسیۆنە زیاتر لە 120 کورسیی پارلمان بگرێتە خۆ و بتوانێ یەکلایەنە حوکمەتی داهاتوو پێکبێنێ. هەروەها قەرارە لەگەڵ حەیدەر ئەلعیبادی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێڕاق و سەرۆکی هاوپەیمانیی "النصر" پێوەندی بگیردرێ و هانی ناوبراو بدرێ کە ئەویش بێتە نێو ئەم فراکسیۆنە. بێتوو حەیدەر ئەلعیبادی بەوە قایل بێ، فراکسیۆنەکەی مەبەستی ئێران پتر لە 175 کورسیی دەبێ. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "ئەلعەرەبییە نێت"ی ڕاگەیاند کە ئێران بە تەمایە و لە هەوڵ دایە فراکسیۆنێکی گەورەتر لەوەی لە ئێستادا موقتەدا سەدر، عەممار ئەلحەکیم و ئەیاد عەلاوی لەسەری ڕێککەوتوون، پێک بهێنێ. لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی عێڕاقدا کە ڕۆژی 12ی مانگی ئادار بەڕێوەچوو، هاوپەیمانیی "سائێرون" بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر بە بردنەوەی 54 کوردی کەوتە ڕیزی پێشەوەی هاوپەیمانی و ڕیزبەندییەکانی دیکە. لە ئێستا هەوڵەکانی لێکتێگەیشتنی سەدر، حەکیم و عەلاوی پێکهێنانی فراکسیۆنێک بە 102 کورسیی لێ کەوتووەتەوە؛ بەڵام دانوستانەکان بەردەوامن و ئەگەری پەیوەستبوونی حەیدەر ئەلعیبادیش بەو هاپەیمانییە لە ئارادایە. بەپێی خوێندنەوەی دادگای فیدرالی عێڕاق، فڕاکسیۆنی زۆرینە و گەورە ئەو هاوپەیمانییە نییە کە لە هەڵبژاردنەکاندا لە پێشەوە بووە، بەڵکوو ئەو فراکسیۆنەیە کە لە یەکەمین دانیشتنی پارلماندا بە زۆرترین کورسیی پارلمانەوە خۆی دەربخا. ئەو فراکسیۆنەیە کە دەتوانی کەسی جێی مەبەستی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید بکا. لەم ساڵانەی دواییدا موقتەدا سەدر لەگەڵ ئێران ناکۆکیی لێ پەیدا بووە و زۆر جار لە دژی سیاسەتەکانی ئێران لە عێڕاقدا هەڵویستی گرتووە. پێداگریی سەدر لەسەر ئەوەیە کە بۆ پێکهێنانی "دەوڵەتێکی تەکنۆکرات" تێدەکۆشێ. عەممار ئەلحەکیم، ڕێبەری ڕەوتی "الحکمە"ش کە لەگەڵ سەدر هاوپەیمانیی پێکهێناوە، ڕایگەیاندوە کە "دەوڵەتی داهاتووی عێڕاق ئەمریکایی یان ئێرانی نابێ." لە بەرامبەردا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەردەوام ە دژی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانییەکەی هەڵوێستیان گرتووە و ڕاشکاوانەترین هەڵوێست لەلایەن عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی لە کاروباری نێودەوڵەتیدا گیرا کە پێش هەڵبژاردنەکان گوتبووی: "ئێران ڕێگە نادا دەسەڵاتی عێڕاق بکەوێتە دەست لیبڕال و کۆمۆنیستەکان." ئاماژەی ڕوونی ویلایەتی بۆ هاوپەیمانیی "سائیرون"بوو کە لەودا موقتەدا سەدر لەگەڵ کۆمۆنیستەکان هاوپەیمانیی پێکهێناوە. ڕۆژی یەکشەممە، 10ی ژوئەن شوێنی ڕاگرتن و هەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی پارلمانی عێڕاق سووتا. ئەمە دوای ئەوە هات کە پاڕلمانی ئەم وڵاتە بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەستی دا. ئەو بڕیارە لەو سۆنگەیەوە دراوە کە باس لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەوەکان لە ڕێگەی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانەوە کراوە.