کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حدک سەردانی پەرلەمانی نۆڕوێژی کرد

15:02 - 24 جۆزەردان 2718

لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا لە دەرەوەی وڵات، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێز مستەفا مەولوودی، سەردانی پەرلەمانی وڵاتی نۆڕوێژی کرد و دەگەڵ پارتی کرێکارانی نۆڕوێژ کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە دۆخی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتییان تاوتوێ کرد. رۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوڕێیەتی بەڕێزان خوشکە حەلیمە ئیسماعیلی جێگری تەشکیلاتی کومیتەی نۆڕوێژ و کاک کەریم ئەڵڵاوەیسی بەرپرسی پەیوەندییە نۆڕوێژییەکانی کومیتە، سەردانی پەرلەمان نۆڕوێژیان کرد و دەگەڵ هەیئەتێکی پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان: خاتوو “ئانیکن" ھۆیت فیلد” ئەندام پەرلەمان و “عوسمان کەوکەبی شاد” چالاکی کورد و ئەندامی شارەوانیی شاری “ھامار” کۆ بوونەوە. بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب باسێکی لە سەر درد و مەینەتەکانی گەلی کورد بە گشتی و رۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و ئاڵوگۆڕەکانی چەند ساڵی دوایی ئێران و ناوچەکە و پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و خەباتی مەدەنی و پێشمەرگانە و چالاکیی دیپلوماسیی دەرەوەی پێشکەش بە هەیئەتی خانەخوێ کرد. ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی نێو پەرلەمانی نۆڕوێژ بەڕێز “ئانیکن کە شارەزاییەکی زۆری لەسەر مەسەلەی کورد ھەیە، زۆر بە بایەخەوە باسی خەباتی گەلی کورد و فیداکاریی پێشمەرگە کرد و خەباتی گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستانی بۆ ئازادی ، دێموکراسی و مافی نەتەوەیی کورد زۆر بەرز نرخاند. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: “کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیھانە و بەداخم بۆ ئەو ناحەقییانەی کە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی دەرهەق بە کورد دەکرێ. ” لەو کۆبوونەویدا، بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان داوای چاڵاککردنەوەی کومیتەی دۆستانی کوردی لە پەرلەمانی نۆڕوێژی کرد کە ئەندام پەرلەمانەکانی “حیزبی کریکارانی نۆروێژ “، “ئێس ڤێ” و چەند حیزببێکی دیکەی تێدایە کە بۆ پشتیوانی لە مەسەلەی کورد پێکھاتووە. هاوکات پێداگری لەسەر ھاوکاریی دوو حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەندام لە ئەنترناسیونال سوسیالیست واتە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی کرێکارانی نۆروێژ کرایەوە. پێویست بە ئاماژەکردنە بەڕێز “ئانیکن” دۆستێکی نیزیکی کوردە و لە کۆبوونەوەی ساڵانەی حیزبەکەیدا، خۆی بە کورد ناساندبوو.