کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان و ستراتژیی ئه‌منیه‌تی ناوه‌ند

17:20 - 1 پووشپەڕ 2718

بە ئەمنیەتیکردنی کوردستان لای دەسەڵاتی سیاسی لە تاران ڕوانین و خوێندنەوەیەکی ستراتژیکیی لەمێژینەی هەیە. ڕەوابوونی بزووتنەوەی کورد، نێوەرۆک و ماهییەتی ئاشتیخوازانەی ئەم خەباتە تێکەڵ بە ڕەفتار و بیرکردنەوەی مەدەنییانەی خەڵکی کوردستان، دەوڵەمەندبوونی کوردستان لە ڕووی سەرخان و ژێرخانی ئابووری و هەڵکەوتەی جوغرافیایی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە، هەموو کاتێ نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لای نیزامە سیاسییەکانی تاران چێ کردوە. بۆیە ناکرێ ڕوانینی ئەمنیەتیی تاران بە نیسبەت کوردستانەوە تەنیا ببەستینەوە بە خەبات و جموجۆڵی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کە خودی دەسەڵات بەردەوام هەوڵی ‌داوە بۆ ڕەفتار و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆی لەم چوارچێوەدا پاساو بێنێتەوە. لە سەردەمی ئێستاشدا کە کۆمەڵێک فاکتەری هەرە گرینگ چ لە زەمینەی جمووجۆڵ و ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان و چ لە بواری ژیئۆسیستمدا ئاستی گرینگبوونی کوردستانیان زیاتر لە جاران بردۆتە سەرێ، حەساسییەتی نیزامی سیاسی لە تارانی بە نیسبەت کوردستانەوە پەرە پێداوە. لە بواری ڕەفتاری گشتیی کۆمەڵگەدا، گەشە و پەرەسەندنی شێوازی خەباتی مەدەنی و بەڕۆژبوونی ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە سۆنگەی بێتەفاوەت نەبوونیان بەرانبەر بەو سیاسەتانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی لە تارانەوە هەوڵی بەسەرداسەپاندیان دەدرێ و، ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستان دژ بە سیاسەتی لەپەراوێزخستنی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەمەیداندابوونی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە کەڵکوەرگرتن لە هەر دەرفەتێکی گونجاو، لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین پاشەکشەی بە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان کردوە. لە زەمینەی ژێئۆسیستمدا، بە سەرنجدان بە قەیرانی ویشەکەساڵی و بێئاوی لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران، سرووشت و هەڵکەوتەی جوغرافیایی کوردستان زیاتر لە هەمیشە سەرنجەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. سەرنجێک کە نیزامی سیاسی لە پایتەخت بە چاوی گومان و مەترسییەوە لێی دەڕوانێ و سیاسەتی ڕاكێشان و گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران و ڕەوتێکی تەواو مەترسیدار کە بۆ لێدانی بەنداو لە کوردستانی گرتووەتە پێش، دەری دەخا کوردستان چ پێناسەیەکی مەترسیداری لێ کراوە! لە نموونەیەکی بەرچاوتری نیزیکدا دەرکەوت کە تەنانەت ئەم دەسەڵاتە چۆن دەڕوانێتە مەوقعییەتێک کە سنوورەکانی کوردستان دەتوانن ببنە هۆکاری باشتربوونی دۆخی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵە خەڵکێکی بێدەرەتان کە بە هۆی سیاسەتی هەڵە و دووچاوەگیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ناچار بە کارکردنی سەخت لەم سنوورانە بوون. داخستنی ئەم دەروازە سنوورییانە تەنیا بۆ ئەوە نەبوو کە پێش بە کارکردنی چەند سەد کۆڵبەرێکی بێ‌دەرەتان بگرن، بەڵکوو ڕاوەستان بەرانبەر بەو دەرفەتانە بوو کە ئەم سنوورانە بۆ بەشێکی زۆر لە کوردستانیان لە ڕووی گەشتوگوزار و سەودای بازرگانییەوە پێکی هێنابوو. بۆ نموونە شارەکانی بانە و مەریوان لەم چەند ساڵانەی دواییدا زۆرترین خەڵکی هەموو شوێن و بەشەکانی ئێرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو کە جیا لە دەرفەتی «بازاڕ»، کۆمەڵێک دەرفەتی دیکەی بۆ خەڵکی کوردستان ڕەخساندبوو کە بەتەواوەتی دژ بە ئیدیعا و تەبلیغاتە دەیان ساڵەکانی ڕێژیم لە سەر کوردستان و خەڵکەکەی بوون. ساڵانە بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شوێن و ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆ گەشتوگوزار و بازرگانی سەردانی کوردستانیان دەکرد و هاوکات لەگەڵ بینینی جوانییەکانی، لە نیزیکەوە دەیاندی کە خەڵکی کوردستان خاوەنی چ ڕەفتار و فەرهەنگێکی دەوڵەمەند بە لەخۆگرتن، ئاشتیخواز و مەدەنین. بۆ تێکدانی ئەم مەوقعییەت و دەرفەتەی کە بە هۆی ئەم سنوورانەوە بۆ کوردستان ڕەخسابوو، بینیمان کە هەر لە بەهاری ئەمساڵدا بە داخستنی سنوورەکان بە بیانووی پێشگری لە سەودا و هێنان و بردنی شت و مەکی قاچاخ! زۆر نامەسئولانە بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ویست و داخوازیی ئەو خەڵکەی کە بۆ ماوەی نزیک لە یەک مانگ لە شاری بانە مانیان گرتبوو، سنوورەکانیان داخست و بەم جۆرە و لە سەر بنەمای خوێندنەوە و ڕوانینی لەمێژینەی ئەمنیەتیی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران، دوژمنایەتیی خۆیان بە نیسبەت کورد و کورستانەوە نیشان‌ دایەوە. ئەم تێفکرین و ڕوانینەی نیزامە دەسەڵاتدارەکانی تاران بۆ پرسی کورد و جوغرافیا و ژینگەی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا هەرکامە و بەشێوەیەک لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچووە و تا ئێستایش بە بەردەوامی درێژەی هەیە. هەرچەند ئەوان هەمیشە هەوڵیان داوە حاشای لێ بکەن و ڕەفتاری خۆیان لە چوارچێوەی چالاکیی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا پاساو بدەن و ڕەوایی درۆیین بە هەموو سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی خۆیان بدەن. دەنا ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران لە هەر دوو نیزامی پاشایەتی و ئیسلامی لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوودا دژ بە زمان، فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی سیستماتیکی ئاسمیلاسیوندا کردوویانە، دەتوانن چ پاساوێکی بۆ بهێننەوە جیا لە دوژمنایەتییەکی بێ‌ئەملاوئەولایان لەگەڵ ئەم میللەتە؟ لێرەدایە کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکێکی درووست لە سیاسەت و تێڕوانینی سیستەمی سیاسیی تاران بۆ پرسی کورد و کوردستان و هەروەها بە تێگەیشتن لە زەرفییەتەکانی ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان و گرتنەپێشی ڕێکار و سیاسەتی گونجاو لە قازانجی پرسە گەورە نەتەوەیی و نیشتمانییەکە و خۆپاراستن لە جووڵە و سیاسەتی تەتەڵەنەکراوی ئێحساسی، دەبی هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەم تێڕوانین و پاساوانەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بدەن. بەرانبەر بەم تێڕوانینە ئیستراتێژییە ئەمنیەتییەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بۆ سەر کوردستان، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە کار لە سەر گشتگیرکردنی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی بکاتەوە. بەو مانایە کە چیدیکە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان تەنیا لە کار و تێکۆشانی حیزبەکان لە دەرەوەی وڵات و جووڵەی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا کورت نەکرێتەوە. بۆ ئەم ئەرکە پێویستە کورد لە بازنەیەکی بەرفراوانی خەباتی فرەڕەهەند‌دا کە بە خۆشییەوە لەم چەند ساڵانەی دواییدا چ بە گوتار و چ بە کردوە هەنگاوی بۆ هەڵێنراوەتەوە، پێناسەیەکی نوێ و ئەمڕۆیی لە خەبات و جۆرەکانی خەباتی بکا. بەشێوەیەک کە هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە بە ئەرکی خۆی بزانێ کە بە هەر شێوەیەک و لە هەر مەجالێکدا کە دەکرێ لە چوارچێوەی پرسە گەورە نەتەوەییەکەدا خۆی بە ئەرکدار بزانێ. لەوەها حاڵەتێک دایە کە دەتوانین بە گژ خوێندنەوە و سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی نیزام و دەسەڵاتی سیاسی لە تاراندا بچینەوە و ناچار بە پاشەکشەیان بکەین. لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)