کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکی تیمساح و ناشتنی خۆر

17:48 - 1 پووشپەڕ 2718

(لە پەراوێزی وتاری خامنەیی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین) لە نوێژی هەینیی ئەمجارەی تاراندا کە هاوکات بوو لەگەڵ جێژنی ڕەمەزان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنوێژ و وتارخوێن بوو. ئەو لە بەشێک لە قسەکانیدا جارێکی دی کۆمەڵێک کێشە و پرسی خستە پێش کە هیچ گرینگییەکیان بۆ خەڵکی ئێران نیە و وەک هەموو جاران هاتە سەر کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین. خامنەیی لە قسەکانیدا بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل باسەکەی هێنایە سەر ئەوە کە ڕاپرسییەک لە فەلەستین و هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسرائیلدا بکرێ و ئەنجامەکەی ببێتە سەنگی مەحەک و بەوە کێشەی دەیان ساڵەی نێوانیان ببڕدرێتەوە. لە ڕاستیدا و لە یەکەم سەرنجدا ئەو قسەیە دووپاتە و چەند پاتەی باسێکە کە خامنەیی سەرەتا 16 ساڵ پێش ئێستا و لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەسیجییەکاندا کردی و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ هەموو هەوڵێکی دەسەڵاتدارانی تاران هیچ کەس و لایەنێک ئەو پێشنیارەی وەک ڕێکار بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل وەرنەگرتووە. هۆکارەکەش ڕوونە، چونکی ئەو شێوە ڕێفراندۆمەی کە ئاغای خامنەیی مەبەستیەتی، ئەگەر بکرێ ئاکامەکەی نەمان و لەنێوچوونی دەوڵەتی ئیسرائیلە و هەموو لایەک و ئاغای خامنەیی و دارودەستەکەشی باش دەزانن کە شتی وا مەحاڵە؛ لە بەر ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل 70 ساڵ پێش ئێستا (لە ساڵی ١٩٤٨) دوای ڕاگەیاندنی وەک دەوڵەت لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بە ڕەسمی ناسراوە و دانی پێدا نراوە. ئیستا ئەوە حەق یا ناحەق بووەتە ئەمری واقع و نەک زەحمەت، بگرە مەحاڵە کۆمەڵگەی جیهانی قەبوولی ئەوە بکا جارێکی دیکە لە هەموو ئەو ناوچەیەدا کە ئێستاکە بە فەلەستین و ئیسرائیل ناسراون ڕێفراندۆم بکرێ. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج ئەوەیە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی یا نازانی یا خۆی لە گێلی دەدا و یان بە ئانقەست دەیهەوێ بە هێنانەبەرباسی پرسی ڕێفراندۆم بۆ چارەسەری کیشەی ئیسرائیل و فەلەستین خۆی لە ئاستی بەرپرسایەتیی لە قەیران و کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای وڵاتەکەی بدزێتەوە کە ئەو کۆمەڵە قەیرانەی بەهۆی سیاسەتی هەڵە و چەوتی ئەو لە ناوچە و جیهاندا بەرۆکی گەڵانی ئیرانی گرتووە. خامنەیی بەو قسانەی ویستی وا نیشان بدا کە ئەو لە بەر خەمخواردن لە کێشەکانی دنیای ئیسلام ناپڕژێتە سەر بەرێوەبردنی کاروباری نێوخۆی ئێران _کە لە ڕوانگەی جەنابیانەوە وادیارە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نیە_ و چارەسەری قەیرانەکانی نێوخۆی وڵات تەنیا ئەوکاتە دێتە دی کە دەوڵەتی فەڵەستین بەو جۆرەی کە ئەو دیهەوێ پێک بێ و بەو بیرۆکەیە بێروڕای گشتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بۆ لای ئەو قەیرانانە ڕابکێشێ کە خۆیان _کۆماری ئیسلامی_ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران یان خولقاندوویانە، یان دەنا ڕێگریان کردوە لە چارەسەرکردنیان. بەڵام ئەوەی خامنەیی ناتوانێ خۆی لێ لابدا ئەو حەقیقەتەیە کە لە ئێستادا خەلکی ئێران کەمتر گوێ دەدەنە ئەو جۆرە قسانە و وەها باسگەلێک لای ئەوان نە بایەخی هەیە و نە لە بنەڕەتدا بۆیان گرینگە. خەڵکی ئێران لە ئێستادا خەمی گەورەیان ئەوەیە کە چۆن درمانی دەردی خۆیان بکەن و چۆن دەکرێ کە سەرەتا ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانەکانی نێوخۆی وڵات بدۆزرێتەوە و دوایە بەپێی پێویست بەدوای پرسە سیاسییەکانی ناوچە و جیهاندا بچن. هەر لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلدا، ئاغای خامنەیی باش دەزانی و بە ئاگایە کە مێژووی دروستبوونی ئەو کێشەیە بۆ کەی دەگەڕێتەوە و، چارەسەی ئەو مەسەلەیەش بێجگە لە شەڕی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و ڕاپەڕینی فەڵەستینیەکان، کۆمەڵگەی جیهانیش چەندەی هەوڵ داوە بۆ چارەسەرکردنی. بەڵام بە داخەوە هەتا ئیستا نەتوانراوە ڕێگایەکی گونجاو کە هەردوو لایەن پێی رازی بن، بدۆزرێتەوە. ئەوەی گرینگ و جێی باسە ئەوەیە کە لە ماوەی ٤٠ سالی ڕابردوودا سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و خودی ئاغای خامنەیی یەک لە هۆکارە سەرەکی و هەرە بەهێزەکان بوون کە ڕێگریان کردووە لە وەدیهاتنی ئاشتی و ئارامی لە نێوان فەڵەستینیەکان ودەوڵەتی ئیسرائیلدا. نیزامی کۆماری ئیسلامی چ لە سەردەمی خومەینی و چ لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی خامنەییدا سوور بوون لە سەر هەناردەکردنی شۆرش و قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان و لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیشدا ستراتیژییان ئەوە بووە کە هاندەری بەناو بەربەرەکانیی ئیسلامی بن کە ئامانجی لەنێوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە. کارکردی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستە هەر گوتارێکی سیاسیی ڕووت نەبووە، بەڵکوو بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە بە میلیاردها دۆلار لە سامانی گەلانی ئێرانیان خەرجی پێکهێنان و دروستکردنی ڕێکخراوی بناژۆخوازی ئیسلامی کردووە و هەمووکات لایەنێکی بنەرەتی بووە لە تێکدانی ئاشتی و ئارامیی ناوچە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خۆدی فەلەستینییەکان بە دوای چارەسەرێکی ئاشتیانەدا دەگەڕێن کە بتوانن لە سەر خاکی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی جیهانیش لە ویست و داخوازی فەلەستینیەکان تێ گەیشتووە و هەوڵ دەدا ڕێکاری پێکهێنانی دوو دەوڵەتی فەڵەستین_ ئیسرائیل لە تەنیشت یەکتری بێنێتە دی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و دنیای ئیسلامیش پشتگیری لەو چارەسەرە دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن. بۆ ئەو مەبەستەشە کە حکومەتی خۆبەرێوەبەری فەلەستین لە مێژساڵە وەک ئەندامی چاوەدێر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیراوە و ئاڵای دەوڵەتی فەلەستین لە بەر دەرگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕیزی ئاڵای وڵاتانی سەربەخۆدا دەشەکێتەوە. لێرەدا جێی خۆیەتی و پێویستە ئەو پرسیارە لە ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێ کە ئاخۆ وەک دەڵێ باوەڕی بە ڕێفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک هەیە بە مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان؟ ئەگەر جەنابیان باوەڕیان بە ڕێفراندۆم بە مانای ڕاستیی وشە هەیە کە خەڵک لە ڕێگای دەنگی خۆیانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، ئەی چۆنە دژی هەرچەشنە ڕاپرسییەکە لە نێوخۆی ئێراندا بکرێ، ئەویش لە کاتێکدا کە دەیان قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پرسی جیددیی جێی مشتومڕ بەرۆکی ئەم وڵاتەی گرتووە. نموونەش ئەو کاردانەوە توندە بوو کە لە بەرامبەر حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ڕێژیمەکەیدا نواندی؛ کاتێک ناوبراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا و لە وتاری ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ڕووخانی دەسەڵاتدارەتیی پاشایەتیدا باسی لەوە کرد کە «ئەگەر لە جێیەک کێشەیەکمان لەگەڵ یەکتر هەیە با بگەڕێننەوە بۆ ئەسلی ٥٩ لە قانوونی بنەڕەتی و لە ڕێگای گشتپرسی و گەرانەوە بۆ دەنگی خەڵک چارەسەری کێشەکان بکەین.» بیجگە لەو بابەتە کە وای دابنێین بابەتێکی نێوخۆییە، بۆچی کاتێک بەشێک لە نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق پەنا بۆ گشتپرسی وەک ئامرازێکی سەردەمیانە وپێشکەوتوو دەبا، جەنابیان نەک هەر هەڕەشە و دژایەتیی دەکا؛ بەڵکوو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دیکە بە داخستنی سنوورە وێشکایی و ئاسمانییەکانی ئابڵۆقەیەکی توندی ئابووری و سیاسیان خستە سەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەرەشەی دەستێوەردانی نیزامیشیان کرد؟ ئەو سیاسەتە دووفاقەیە بەرهەمی کام دنیابینی و خوێندنەوەیە کە ئاغای خامنەیی ڕەچاوی دەکا؟ ئاغای خامنەیی و دەسەڵاتدارانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئەوە باش دەزانن کە لە سەدەی ٢١ دا نەتەوەیەکی زیاتر لە ٤٠ میلیونی بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە و هەمان ئەو زلهێزانە دابەشیان کردووە کە دەوڵەتی ئیسرائیلیان دروست کردووە. ئەگەر دروستکردنی ئیسرائیل هەڵەیە و غەدرە لە فەلەستینییەکان، دابەشکردنی کوردستانیش هەڵەیەکی مێژوویی و غەدرێکی گەورەیە لە نەتەوەی کورد کراوە؛ ئەدی چۆنە ئاغای خامنەیی ئەو مافە بە فەلەستینیەکان ڕەوا دەبینێ بەڵام بە کوردی ڕەوا نابینێ؛ تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێفراندۆمە لە دەرەوی سنوورەکانی ئێرانیش بکرێ و هیچ زیانێک بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەگەیەنێ؟ لە ساڵی ڕابردوودا کە پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان وەک مافی بێ ئەملاوئەولای خەڵکی کوردستان لە ئارادا بوو، هەڵوێستی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیەنەکانی ڕێژیم لە نێوخۆی ئێران مان لە بیرە کە بە هەموو توانایانەوە ویستیان وێنەیەکی تۆقێنەر لەو گشتپرسییە نیشانی خەڵکی ئێران بدەن و بە دەستکردی وڵاتانی ڕۆژئاوای دابنین و ئاکامەکەی بکەنە مەترسی لە سەر ئەمنییەتی نیشتمانی. لە حاڵێکدا ڕاست بە پێچەوانەوە ئەگەر ئاشتیی فەلەستین و ئیسرائیل ئارامیی بۆ ئەو ناوچەیە دەگێرێتەوە ،چارەسەری مەسەلەی کوردیش دەتوانی ئاشتی و ئارامی لەو بەشەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا مسۆگەر بکا. دوا قسە ئەمەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین و خەبات و مافەکانیان ڕاستگۆ نین، هەروەک لەگەڵ خەڵکی خۆیان و نەتەوەی کورد و باقی گەڵانی دیکەی ناوچەکەش ڕاستگۆ نەبوون و نین. ئەوان تەنیا بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا دەگەڕێن و لە کاتی تەنگانەدا ئامادەن گەلی فەلەستین و هەموو گەلانی دیکەش بکەنە قوربانیی مانەوەی خۆیان، بۆیە لە بەرابەر هەموو ئەو نیازپیسییەدا، وشیاری و کاردانەوە پێویستە. لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)