کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سیمینارێکی بۆ "رائید دانا حاجی" لەقەڵای دێموکرات پێک‌هێنا.

15:14 - 4 پووشپەڕ 2718

رۆژی یەکشەممە ۳ی پوشپەر یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سالۆنی ئاموزشی قەڵای دێموکرات، سیمینارێک لە ژێر ناوی خراپ بە کار هێنانی ئامێرە پێوەندییەکان،بۆ بەرێز رائید دانا حاجی،بەرپرسی بنکەی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆیە، پێکهێنا. ئەوسیمینارە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەرێوەچوو. بەرێز دانا حاجی سەرەتای باسەکەی بە ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنان لەو دەڤەرەو، لە کوردستان بە گشتی دەست پێکرد و، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ زیاد بوونی ئیمکانات و دەست پێڕاگەیشتنی ئاسان بە تێکنۆلۆژیا دیسانەش ئامارەکان روو لە هەڵکشان و، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ خراپ بە کارهێنانی ئامێرە پێوەندییەکان لە لایەن بە کار هێنەرانەوە و، هەر سەبارەت بەو باسەش کورتە فیلمێکی لە رێگای داتاشۆوە پێشانی بەشداربووان درا. دانا حاجی لە درێژەی باسەکەی دا تیشکی خستە سەر پەرتەوازە بوونی خێران لە یەکتری و پێی وابوو کە ئەمە خۆی جۆرێک رێگە خۆش کردنە بۆ پەرە ستاندنی ئەو دیاردەیە و ئاماژەی بەوەش دا، کە زۆر بەکار هێنانی سوشیاڵ میدیا کلێنێکی گەورە خستۆتەوە ناو خێزانەوە. بەرێزیان لە کۆتاییدا گوتی کە بۆ کۆتایی هێنان و بنبڕ کردنی ئەو دیاردەیە ئێمە وەک بنکەی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە هەمووشێوەیەک بە گرتنی کۆر و کوبونەوەی وسمینار هەوڵی بردنەسەری ئاستی وشیاری و شێوەی دروستی بە کار هێنانی ئامێرە پێوەندییەکان پێش بە هەڵکشانی ئەو دیاردەیە بگرین و یارمەتی ئەو کەسانەی بدەین کە لەو رێگایەدا تووشی کێشە هاتوون و بەو هەموو شێوەیەک پشتگیریان دەکەین. شیاوی باسە کە ئەو سیمینارە بە پرسیار و تێبینی بەشداربووان کۆتایی پێی هات کە لە لایەن کۆرگێڕەوە وڵام درانەوە.