کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی شوورای ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست

16:39 - 6 پووشپەڕ 2718

سەر لە بەیانیی سێشەممە ٢٦ی جونی ٢٠١٨ (٥ی پووشپەڕی١٣٩٧) لە بنکەی سەرەکیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە بەڕێزان قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی و مەولوود سوارە نوێنەری حیزب لە (S.I)، بە هاوڕێیەتیی هەیئەتێک لە بەرپرسانی ڕیکخراوەکانی حیزب لە وڵاتی سویس بەشداری کۆبوونەوەی شوورای ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست بوون. کۆبوونەوەکە سەرەتا بە ڕاپۆرتێک لە لایەن بەڕێز لویس ئەیالا سکرتێری گشتیی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست دەستی پێکرد. ڕۆڵی سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال لە کۆتایی هێنان بە شەڕ و هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی و دێموکراسی، تەوەری سەرەکی باسەکانی بەڕێز ئەیالا بوو. دواتر بەرێز مایکل مولەر بەرێوەبەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، باسی لاواز کردنی ناسیونالیستەکان بۆ بەهێز کردنی سۆسیالیستی جیهانی کرد. پاشان بەڕێز جۆرج پاپاندرۆف سەرۆکی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست وتارێکی لەسەر "دەوری سۆسیالیست ئەنترناسیونال لە کۆتایی هێنان بە شەڕ و، هەوڵەکانی لە پێناوی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی و دێموکراسی و، زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە جیهانییەکانی بەردەم دێموکراسی، ئازادی و ماف بۆ هەمووان" پێشکەش کرد. تێی دا ئاماژەی بەپێویستیی پێشگرتن لە بەهێزبوونەوەی فاشیزم و ڕەگەزپەرستی و، پاراستنی ئەرزشەکانی دێموکراسی و مرۆڤایەتی کرد. لەبەشێکی‌تری قسەکانی‌دا چووە سەر پێویستیی "ڕوبەرووبەنەوە لەگەل دیاردەی کۆچی گلوبال و هەلومەرجی نالەباری پەنابەران لەسەر بنەمای بەها و پرنسیپەکانی ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست". هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکانی پێشنیوەرۆی رۆژی یەکەم، لەبەشی وتارەکاندا پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەڕێز قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب پیشکەش کرا. لە پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، وێرای وەبیرهێنانەوەی گرنگیدانی هەمیشەیی و بەردەوامی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە بە پرسی کورد، داوا کرابوو ئەم کۆبوونەوەیەی شووڕاش لە پەسندکراوەکانی خۆی‌دا بایەخی پێویست بە پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بدا. پاش پێشکەشکرانی پەیامی دەفتەری سیاسی، بەرێز لویس ئەیالا لە وتەیەکی کورت‌دا پێوەندیی دێرینەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ ئەنترناسیۆنال سۆسیالیستی وەبیرهێنایەوە. بەڕێز ئەیالا دوای باسی دۆستایەتی د.قاسملوو لە گەڵ ڕێبەرانی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە بۆ وێنە ویلی برانت و پییەر مۆروا، و دامەزرانی پێوەندییەکی لە مێژینە لە نێوان ئەو حیزبە و سۆسیالیست ئەنترناسیۆناڵ، ئاماژەی بە شەهید کرانی هەر دوو سکرتێری گشتیی حیزب دقاسملوو و د.شەڕەفکەندی بە دوای بەشداری لە کۆنگرەکانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەدا کرد. هەر لەم بەشەدا، بەڕێز هوشیار سیوەیلی بەرپرسی پیوەندیەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وتارێکدا، دوای ئاماژە بە ڕێفراندۆمی هاوینی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان. گوتی هەرچەند ریفراندۆم لەباشوور لە چوارچێوەی یاسای نێودەولەتی و چارتەری یوئێن و دەستوری عێراقیش دابوو، بەڵام حکوومەتی عێراق پشت ئەستوور بە هەڵوێستی دوژمنکارانەی دراوسێکان کاردانەوەیەکی زالمانەی هەبوو. جێگای ئاماژەیە کە پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ کە لەلایەن ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کرابوون، هەر وەها بەیاننامە و راگەیاندراوەکانی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" لەپیوەندی لەگەل تیرۆری قادر قادری و تێرۆرەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە یەکساڵی ڕابردوو دا، وێڕای لیست و دۆکیۆمێنتی پێوەندیدار بە زیندانیانی سیاسی و یەک لەوان رامین حوسین پەناهی، لەسەر ستاندی (S.I)، خرایە بەردەستی بەشداربووان. هەر لەبەشی وتار و پەیامەکانی ئەنداماندا، بەریز عیماد فەرهادی ئەندامی پێوەندیەکانی دەرەوەی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان وێڕای ئیشارە بە کۆچی دوایی مام جەلال وەک خەسارێکی گەورە بۆ یەکیەتی نیشتمانی و هەر وەها بۆ ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیستیش، چووە سەر باسی وەزعی عێراق و گوتی دێموکراتیەت لە عێراق لە مەترسی دایە و نیگەرانیی ئەوە هەیە کە پرۆسەی دێموکراسی لەم وڵاتە هەرەس بێنێ. هەر وەها داوای چالاک کردنەوەی کۆمیتەی پرسی کورد لە (S.I)ی کرد. شایانی گوتنە کە نو‌ێنەرانی کۆمەلێك حیزب و رێکخراوی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەم کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوون. بەخۆشیەوە بریار درا کە کۆمیتەی پرسی کورد لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست جارێکی دیکە چالاك بکرێتەوە. شایانی باسە بەرپرسانی ڕیکخراوەکانی حیزب لە وڵاتی سویس کە وێڕای هەیئەتی حیزب لەم کۆبوونەوەی شووڕای ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست دا بەشدار بوون بریتی بوون لە: زاهیر قادر حاجی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سویس، خاتوو پەروین شەکوری بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سویس، خوسرەو مستەفا نەژاد بەرپرسی پیوەندیەکانی حیزب لە سویس و ڕێبوار مووسەوی بەرپرسی تەشکیلاتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی سویس. نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست. ٢٦ی جونی ٢٠١٨