کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و ئێرانی داهاتوو

00:34 - 12 پووشپەڕ 2718

لە ئێستادا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەگشتی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران‌دا عەوداڵی ماف و ئازادییە نەتەوەییەکانی خۆیەتی. هەمووشیان تا ئێرە قسە لە جۆری سیستەمی فیداڵی بۆ ئیدارەی سیاسیی ئێرانی داهاتوو دەکەن. بە واتایەکی زۆر سادە و بێ‌گرێ وگۆڵ، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە مانا سیاسییەکەی دەیهەوێ لە گەڵ ئێران‌دا بمێنێتەوە و لە چوارچێوەی ئەم وڵات و ئیدارە سیاسییەدا خۆی بەڕێوەبەری ئیدارەی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەک ئابووریی ناوخۆی ئەم هەرێمە کوردییە بێت. کەوایە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ لە گەڵ پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بە نەتەوەکانی و هێزە سیاسییەکانیەوە تەرەف بێت و داوای مافەزەوتکراوەکانی خۆی بکات کە لە ئێستادا و لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا جارێ ئەمە لە شێوەی تەعامولکردن‌دا ئیمکانی نیە. کەوابێ کورد لەم شەرایتەدا دەبێ لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئەم نیزامەی کە ئێستا لە سەر کارە بکەوێتە پێوەندی، دانووستان و هاوکاریکردنەوە. ئۆپۆزیسیۆنی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا بریتین لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی و ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات. بە نیسبەت ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆوە دیارە کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری بزووتنەوەی کورد دەکەن، بە پێی خوێندنەوەو جیهانبینیی خۆیان لەم بەرەیە و ماهییەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێیان وایە هیچ نەوع گۆڕانێک قبووڵ ناکات، بە کردوە تا ئێستا پێوەندییەک لە ئارا دا نیە. بەڵام کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات داستانێکی سەرنجڕاکێشیان پێکەوە هەیە. لە گەڵ ئەوەیکە هەردوو بەرە لە ڕواڵەت‌دا لە سەفی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، بەڵام ڕوانین و هەڵوێستیان تا ئێستایش بەرانبەر بە یەکتری، هەمان روانینی دەسەڵات بۆ کورد و روانینی کورد بۆ دەسەڵاتە. بە زمانێکی سادەتر ئەو کێشە و گرفتانەی کە کورد لە خوێندنەوەکانی بۆ ئێران و داهاتووی ئەم وڵاتە و چۆنیەتی داڕشتنەوەی ئەم وڵاتە لە گەڵ نیزامی حاکم هەیەتی، ڕاست هەمان کێشە و بەرداشتی لە گەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی خارجنشینی ئێران هەیە. بە مانایەکی دیکە روانینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات بۆ مەسەلەی نەتەوەکانی ئێران و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو و تەعاموول لە گەڵ ویست و داخوازیی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان کورد، زۆری لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستا لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران جیاوازی نیە!!. لانیکەم لە شەرایەتی ئێستادا کورد لە کوردستانی ئێران و حیزبەکانیش دڵخۆشییەکی ئەوتۆیان بە هیچکام لە تەیف، جەریان و لایەنە ئێرانییەکان نیە. لە گەڵ ئەوەیکە هیچ گومانی تێدا نیە کە لە هەر ئەگەرێکی پێکهاتنی گۆڕانکاری لە ئێرانی ئێستا و داهاتوودا هەر ئەم جەریان و لایەنانەن(چ ئەوانەی ناوخۆ و چ ئەوانەی دەروەی وڵات) ئیدارەی ئێرانی داهاتوو بە دەستەوە دەگرن. دەبێ لەوەیش دڵنیا بین کە ئێران نابێتە ئەو عێراقەی کە ئامریکا و دەوڵەتانی دیکە هاتن و لانیکەم لە چەند ساڵی یەکەمی دوای رووخانی سەدام حوسێن‌دا دەوڵەت و دەسەڵاتی هاوبەشیان بۆ پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە درووست! کرد و کوردەکانیش توانییان نەتەنیا بەشدار بن، بەڵکوو بەشی باشیشیان پێ بدرێ. لەو لایشەوە ئەوە باش دەزانین کە کوردەکانی ئێرانیش، کوردەکانی عێراق نین کە ئەزموونێکی دە ساڵەیان لە خۆبەڕێوەبردن و ئیدارەی وڵات‌دا هەبێ و بەسەر تارانی بەغدائاسادا بکەون و ئیزنیان پێ بدرێ وەک چۆن ئەوان بەغدایان ساغکردەوە، کوردی ئێرانیش تاران رێک بخاتەوە!!. دوو شت دەتوانێ کورد لە ئێران لە مەترسییەکانی ئاکامی وەها دۆخێک ڕزگار بکات کە بریتین لە: یەکەم ئەوەیکە دەرک بە خودی ئەم مەترسییەکا بکات و بە جێی ئەوەی لە خانەی ئێحساساتێکی بێ‌بنەمای "ناسیونالیستی مەجازی"‌دا دژکردەوەکانی تەنیا ببێتە جنێودان و بێ‌ڕیزیکردن بە لایەنەکان و نەتەوەکانی دیکە، بە شێوەی ئەقڵانی لە کێشەکە بڕوانێ وپێداگریی لە سەر مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی خۆی بکات. دووهەم شت ئەوەیە کە بە پێی ئەو دەرکە درووست و ئەقڵانی و واقعیەی کە لە شەرایەت و مەترسییەکانی دەستخستووە، بیر لە یەکریزی و یەکگرتوویی نیشتمانی و نەتەوەیی بکاتەوە. ئەوەیش ئەو کاتە درووست دەبێ کە هەموومان هەست بەوە بکەین مەترسییەکان رووی لە هەموو خاک و خەڵکی کوردستانە. بە واتایەکی دیکە هەوڵ بدەین بەرژەوەندییە گشتییەکانی خۆمان بناسین و بەو دەرکە لە واقعییەت و هەڕەشەکان بگەین کە ئەگەر یەکگرتوو نەبین، هەموومان زەرەری تێدا دەکەین.