کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاوەکانی داهاتوو؛ ئەودیوی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران

04:48 - 16 پووشپەڕ 2718

لە مانگی مای، سەرۆککۆمار دۆناڵد ترامپ بەڵێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی بردە سەر و لە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران هاتە دەر، کە بووە هۆی ڕەخنە لە لایەن هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان و مەترسیی تۆڵەئەستێنیی ئێران لە ئیسڕائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان پەرەی گرت. بەڵام ڕێککەوتنەکە تەنیا بەشێکی بچووک لە پازڵەکە بوو شتی گەلێک زۆرتر لە گرەو دایە. ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە هەوڵی خۆی لەسەر ڕێگاچارەی زۆر پێویستی درێژخایەنی ئەودیوی گفتوگۆی دووبارە لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکیی چڕ بکاتەوە. ئەمە بە مانای سەرمایەگوزاری لە ناوچەکە، یەکخستنی هاوپەیمانەکانمان و چەسپاندنی ئابلۆقەی توند بەسەر دوژمنەکانمانەوەیە. هەراوهوریاکەی سەر ڕێککەوتنی ناوکیی شوێنەونییەکە کە دەستکردی تارانە. مشتومڕی بێکۆتایی لەبارەی ئەو بڕگەیە کە باسی کاتی دوای هەڵگیرانی بەربەستەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و پشکنینەکان لەسەر حیسابی ستراتێژییەکی گشگیرتر بووە. لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆخۆی بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی دەجووڵێتەوە و بنکۆڵیان دەکا، ئەمە "بردنەوەیەکی" ئاشکرایە نەتەنیا بۆ مەلاکان بەڵکوو بۆ ڕێژیمی ئەسەد لە سورییە و لایەنە دوژمنکارەکان لە سەرانسەری ناوچە. سیاسەتێکی نوێ و بەربڵاو بەرامبەر بە ئێران دەبێ لەسەر ئەم پرەنسیپە دامەزرێ کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە باڵادەستیی خۆی لە گشت ناوچەکە لە ڕێگای وەبەرهێنان وەدەست بێنێتەوە. یەکێک دەبێ سورییە و ناوچەی قەیراناوی وەک عێراق دووبارە ئاوەدان بکاتەوە،  و ئەگەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ئەم کارە نەکەن، بێگومان دوژمنانمان ئەم کارە دەکەن. ئەگەر ئێمە پێش بە سەرمایەی ئاوەدانکردنەوە بگرین، وەک ترامپ کردوویەتی، شارە وێرانەکانی وەک حەڵەب، ئەمە تەنیا ڕێگا بۆ تاقمە تاوانکارەکان وەک سپای پاسدارانی ئێران خۆش دەکا تا بەشە ئەندازیارییەکانی خۆیان کارا بکەن و پێگەی ئایدیۆلۆژیکی خۆیان بەهێز بکەن. ئێمە بەرگەی بۆشایی ڕێبەرییەکی دیکە ناگرین، کە تەنیا دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی پێشمەرجەکانی کە جاری پێشوو بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش. پاشان، سەرەڕای بەڵێنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەبارەی دانانی قەڵای ئیزۆلەکردن لە دەوری ئامریکا، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دڵنیا بوون لە سەقامگیریی پێویستە لە ناوچەدا بمێننەوە. ئێمە هەر ئێستا دەبینین کە کاتێک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەر ئەرد بێهەڵوێستە، ڕووسیه‌ کەڵک لە هێزی خۆی بۆ گێڕانی ڕۆڵی بڕیاردەر وەردەگرێ. ئەم هەڵسوکەوتە لە وتوێژەکان لەبارەی پێگەی ئێران لە ناوچەی هێمنی باشوور دەبینین. ئیسڕائیل حیساب لەسەر کرەملین تا باڵی ئێران بقرتێنی لە ترسی لەو ترسانە کە دەستکەوتەکانی ڕێژیمی ئەسەد نەکەونە مەترسییەوە دوای شەڕە مووشەکی هێزی بەرگری ئیسڕائیل و هێزەکانی ئێران. بەڵام مۆسکۆ سەلماندوویەتی کە زەمانەتکەرێکی جێگای گومانە لە سورییە، بە تایبەتی لە ڕوانگەی چەکی شیمیاییەوە. سەرەڕای هەوڵی پوتین لە ٢٠١٣ کە ویستی بە گوێرەی کۆنوانسیۆنی ١٩٩٧ لە بارەی چەکی شیمیایی قەناعەت بە بەشار ئەلئەسەد بێنێ کە سەرجەم چەکوچۆڵە شیمیاییەکانی لەناو ببا، خۆی وەک ئەندامێکی بەرپرسیاری کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی نیشان بدا، لێکۆڵینەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان نیشانی داوە کە ڕێژیمی سورییە "بەشێک لە جبەخانەی شیمیایی خۆی، کە گریمانە دەکرێ لە سەرانسەری وڵات و لە پێگەی جیاوازدا شاردبێتەوە،" و ڕووسیه‌ لێکدا لێکدا پێشی بە نوێکردنەوەی مێکانیزمی پشکنینی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاگەیاندنی بەرپرسیارەتیی هێرشە شیمیاییە بەردەوامەکان گرتووە. بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە حزووری لە ناوچەکە هەبێ پێویستە. لە کۆتاییدا، لە واشینگتۆن تێرۆریزمی شیعە شایانی باسلێکردنە. بەتایبەتی کۆنگرە لەم ڕوانگەیەوە بێ هەڵوێست بووە. تازەترین پێشنیار بۆ کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازیی لەلایەن سێناتۆرەکان باب کۆرکەر، ئار تێن و تیم کاین، بە ئاشکرا تێرۆریزمی سوننەیان کردۆتە ئامانج، بەڵام بەرامبەر بە ئامۆزا شیعەکەی ناڕوونە. ئەم لێڵبوونە پەیامی هەڵە دەنێرێ، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵە چڕەکانی دوژمنەکانمان. لەبیرتان بێ کە شیعە میلیشیاکانی بەکرێگیراوی ئێران لە سورییە، کە ڕێژەیان دەگاتە ٢٠٠٠٠ تا ٣٠٠٠٠ و لە جەنگاوەری بیانی پێکهاتوون، بە گوێرەی ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناڤین، شەڕکەری لێهاتوون و تاقیکراونەوە، و بێگومان هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری ناوچەکە دەکەن. ئەمە بەتایبەتی جێگای نیگەرانییە چونکە میلیشیا شیعەکان بە شێوەیەکی پەرەئەستێن بێسنوور دەبن. لە ژانوییەی ٢٠١٥ حەسەن نەسڕوڵڵا خۆی هەڵنایەوە کە هێزە شیعەکان بەرزاییەکانی گوڵان و باشووری لوبنان وەک بەرەیەکی یەکگرتوو دژی ئیسڕائیل بەکار دێنن. ئەوان بە هەمان شێوە بەجەرگتر دەبن، وەک بەڵگە دەکرێ ئاماژە بە سەردانی ئەم دواییانەی فەرماندەی عەسائیب ئەهلەلحەقی عێراقی، قەیس خەزعەلی بۆ سنووری لوبنان لەگەڵ ئیسڕائیل بکەین. ئەمە جگە لە بنکەی بەرهەمهێنانی مووشەکی هەنگێوی تاران لە لوبنان و سورییەیە. جێی مەتمانە نەبوون، نیوە هەنگاو و لە سینگدانی جارجارەکیی نابێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دەمێکە کاتی ئەمە هاتووە کە بە جیددی و بە وردی بەرپەرچی مەترسیی ئێران بدەینەوە. سەرمایەگوزاریی لە ناوچە، پشتیوانیی لە هاوپەیمانەکانمان و پێشگرتن بە دوژمنانمان گەلێک لە شەڕەو دندووکەی واشینگتۆن لە بارەی چۆنییەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران باشترە. *** یو ئێس نیوز_ جایسۆن برادسکی که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور کردوویه‌تی به‌ کوردی لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)