کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ٣٠ ساڵ

04:53 - 16 پووشپەڕ 2718

دوای ٣٠ ساڵ لە بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت، زامدارانی ئەو کارەساتە تا ئێستاش بێ چارەسەر ماونەوە. هەموو ساڵێک ڕۆژی ٧ی پووشپەر، خەڵکی شاری سەردەشت بە یادی شەهیدانی بۆمبارانی شیمیایی ئەو شارە دێنە سەرشەقام و بەکۆمەڵ دەچنە سەر مەزاری شەهیدانی پووشپەڕ لە گۆرستانی گردەسوور و بۆ ماوەیەک خەمەکانیان لەلای ئازیزانی لەدەستچوویان بە خوێندنەوەی بابەت و هۆنراوە و شێعر و سروود بەبا دەدەن.

لە یەکەم مانگی هاوینی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا، پشووی هاوین تەنیا حەوت ڕۆژ بوو دەستی پێکردبوو؛ خەڵک و قوتابیان بەرەو پشووی هاوینیی خۆیان دەچوون، مخابن لەپڕ و لە کاتژمێر ١٦:٣٠ی خولەکی ئێوارە بە گرمە و هاشەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی بەعس و بەچەند تەقینەوەیەک هەموو ئارەزوو و خولیاکانی ئەو شارە بۆ پشووی هاوین و بەرنامەی ساڵانەیان بوون بە ناڵە و ئێش و ئازار. دوای ئەوەی لەلایەن فرۆکە شەڕکەرەکانی عێراقەوە چەند بۆمبێک بە سەر چەند گەڕەکی شاردا بەردراونەوە، لەپڕ شار نوقمی تەپ و تۆزێکی سپی و وێرانی بوو، بە چەند خولەکێک دواتر چەند بۆمبی دیکەش بە سەر گوندەکانی ڕەشەهەرمێ و دەشتی کەپراندا بەردرانەوە و لەوێش زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی و ژینگەیی بەدواوە بوو. ئەم کارەساتە و ئەم ڕووداوە ٣٠ ساڵە بابەت و نووسراوەی جۆراوجۆر و هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی پزیشکی لەسەر دەکرێ بەبێ ئەوەی لە ئازاری خەڵکی گیرۆدەبوو بە گازە شیمیایییەکان کەم بکاتەوە، بە پێچەوانەوە هەموو ساڵێک زامداران و گیرۆدەبووان بە گازەکانی ئەسید و خەردەل دوای چەندین ساڵ ژیانی کوڵەمەرگی و هەناسەساردی و بەبێ ئیمکانات سەردەنێنەوە و لە مەزارگەی گردەسوور لەلای خزم و کەس و کاریان بۆ ئەبەد دەستلەملانی خاکی وڵات دەبن.

دوای شەڕی گەورەی دووهەمی جیهانی، سەردەشت وەک یەکەمین قوربانیی چەکی شیمیایی لە جیهاندا ناسراوە و ناونووس کراوە، بەڵام بەداخەوە لە سەردەمی پێشکەوتنی جیهانی و زانستی دەرمانی و پێشەوەچوونی کاری پزیشکی، هەنووکەش زامدارانی ئەم کارەساتە بە دەم ئازارەکانیانەوە دەتلێنەوە و وەک بێنازترین و بێدەرەتانترین کەسەکان لەم جیهانەدا ماونەوە و کەس نییە کە ئاوڕیان لێبداتەوە. ڕێژه‌ی شه‌هید و برینداره‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ له‌ زمان ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانییه‌وه‌ که‌ له‌ نوێژی هه‌ینیی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٨٢دا باسی کردبوو، ٨٠٢٤ که‌سن و هاوکات پارێزگاری ورمێ‌ له‌ ساڵی ١٣٦٦ و ٦٧دا له‌ وتارێکی خۆیدا ئاماژه‌ به‌ شه‌هید و برینداربوونی دە هەزار که‌س له‌ دانیشتووانی شاری سه‌رده‌شت ده‌کا و جیا لەو کەسانەش وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌ر ئه‌و کات لیسته‌یه‌کی ٤٦٠٠ که‌سیی له‌ برینداران و شه‌هیدانی شیمیابارانی سه‌رده‌شتی دابوو به‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان. هه‌ر به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی دابوونی به‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، قوربانییه‌کان خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و ئاسایی بوون و پادگان و بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی حکومه‌ت نه‌که‌وتبوونه‌ به‌ر ئه‌و په‌لاماره‌ و زه‌ره‌ر و زیان به‌ بنکه‌ و باره‌گاکانیان نه‌که‌وتبوو و داوایان له‌ خێرخوازان ده‌کرد که‌ بێن یارمه‌تی به‌ خه‌ڵکی زامدار و بێپه‌نای ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بکه‌ن، به‌ڵام دوای تێپەرینی ٣٠ ساڵ لەم کارەساتە وەزارەتە پێوەندیدارەکان، بۆ خۆیان هیچ ئاوڕێک له‌م شاره‌ به‌ گاز خنکێندراوه‌ ناده‌نه‌وه‌ و به‌ته‌واوی دوای ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاوی به‌ فه‌رامۆشیان سپاردوە و بە هەزاران کەس لە وەبەرکەوتووانی ئەم کارەساتە مەرگهێنەرە بە دەست ئازار و زامەکانیانەوە دەناڵێنن و لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی و نەبوونی داودەرمان و گاز و ئۆکسیژێنی تایبەتدا، کاتەکانیان بە چاوەڕوانیی چاکبوونەوە تێپەڕ دەکەن.

بەپێی نوێترین هەواڵ لە سەرجەم قوربانییەکانی ئەم کارەساتە تەنیا نزیک بە ٥٠٠ کەس یارمەتیی ماددی و پزیشکی وەردەگرن و لەوانەش تاکوو ئێستا بەشێکیان هەر بەردەوام بەدوای دەرمانی باشتردا دەگەڕێن کە بەهۆی گرانی و کەمبوونی ئەو جۆرە دەرمانانە هەموو کەس ناتوانێ وەدەستیان بخا یان خود بتوانێ بیانکڕێ. لەدوای سی ساڵ نەخوێندنەوەی زامدارانی شاری سەردەشت لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ وەزعی وەبەرکەوتووانی ئەو ڕووداوە هەر دێت و بەرەو خەراپی دەچێ و بەشێکی بەرچاو لە زامداران تووشی خەمۆکی و ناڕەحەتیی دەروونی بوون.

لە قەیرانی دارایی ئێران و گرانی و هەژاری و بێکاری ئەمرۆی ئێراندا، وەزعی خەڵک بە گشتی بەرەو خراپی زیاتر دەڕوا و ئەو بارودۆخە بۆ زامداران زۆر زیاتر قورسایی لە سەر ژیانیان دەکا؛ ئەگەر جاران تا ڕادەیەک خەڵک بە زەحمەتێکی زۆر دەیانتوانی کەرەسەکانی خۆیان دابین بکەن، بەداخەوە ئەمرۆ بە هۆی گرانی هەموو جۆرە کەرەسەیەک و بەتایبەت داودەرمان کە چەند قات گرانتر بووە، قورساییەکی زۆر کەوتۆتە سەر زامدارانی شیمیایی و بنەماڵەکانیان و ئەوەش باری سەرشانی هەمووانی زیاتر قورس کردووە. بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست و هەناسەسواری و ئاسم و چاوکڕوزانەوە و کۆخە و زۆر نەخۆشیی دیکە، زامداران بە ناچار ڕوو لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێران یان کوردستان دەکەن و ئەوەش بۆ ئەوان جیا لە تەحەموولی ڕێگابڕینێکی زۆر و خەرجیی زۆر، هاوکات زۆرجار بەبێ چارەسەرکردن گەڕاونەوە.

چەند ساڵ پێش ئێستا زیاتر لە ١٠٠ پارێزەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەیان بەوە دابوو کە شاری سەردەشت وەک شاری ئاشتی بناسرێ و هاوکاتیش وەبیر حکوومەت و ناوەندەکانی دەسەڵاتیان هێنابۆوە کە دەبێ دەوڵەت هەموو خەرجی و پێداویستییەکان بۆ ئەم شارە دابین بکا و لە یەک ڕستەدا نووسیبوویان کە ئەوە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت و حکوومەتە کە قەرەبووی زیانەکانی بەرکەوتووان و قوربانیان بکاتەوە و کەرەسە و نەخۆشخانەی تایبەت و پێویستییەکانیان بۆ دابین بکا. لە بەشێکی دیکەی ئەم نامەیەدا هاتبوو کە لەگەڵ ئەوەدا چەندین ساڵ بە سەر قەبووڵکردنی یاسای ئەرکدارکردنی دەوڵەت بۆ ناساندنی زامداران و قوربانیانی شاری سەردەشت تێپەر دەبێ، بەڵام مخابن دوای ئەو نامەیەش هیچ کارێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لە هەموو ئەو شوێنانەی کە چەکی شیمیاییان لێ بەکار هاتووە وەک شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، مەریوان، بانە، گوندی زەردە، نۆدشە و نەوسوود و گیلانی غەرب و کرماشان و چەندین شوێنی دیکە نەکراوە و لە هەموو ئەو ناوچانەدا بە هەزاران کەس بە دەست زامی شیمیایی دەناڵێنن و تووشی دەیان نەخۆشی بێچارەسەر بوون. جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا به‌ هه‌موو هێز و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و به‌ تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵێین که‌ چیدی له‌ ئاست ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌دا بێده‌نگ نه‌بن و لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لە دونیای دەرەوەدا باس لە نەهامەتی و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە بە هۆی بۆمبارانی شیمیایی خەڵکەکەیان تووشی چەندین جۆرە نەخۆشی و ناسازی بوون و بە گشتی ئەم کارەساتە بە ژینۆساید و قڕکڕدنی نەتەوەیەک لە جیهاندا بناسێندرێ.

له‌ کۆتاییدا ئەوە وەبیر دێنمەوە کە ئەگەر حکوومەتی بەعسی عێراق سەردەشتی شیمیاباران کرد، ئەوە کۆماری سێدارەی ئێرانە کە بە خەمساردی و گوێنەدان بە خواستی زامداران و بەرکەوتووان و هەروەها بە هێرشی ئەنفالی سپی بۆ سەر خەڵک، شاری سەردەشت و ناوچەکە و لاوانی ئەو شارەی تووشی چارەڕەشی و نەهامەتی کردووە و خەریکە بە بڵاوکردنەوە و دروستکردنی شیشە و ماددە هۆشبەرەکانی دیکە هەستی لاوانی سەردەشت و کوردستان خەوشدار دەکا.

بۆ بەگژداچوونەوە و بۆ گەڕاندنەوەی هەیبەتی لاوان، پێویستە هەموو لایەک دەست بدەینە دەستی یەک و بەڕێوەبەران و دروستکەرانی ماددە هۆشبەرەکان بە سزای خۆیان بگەیه‌نن، کە پێکهێنانی ئەو بارودۆخە لە بنەڕەتدا هەر کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی سوپای پاسدارانن.

سڵاو له‌ خه‌ڵکی خۆڕاگریی کوردستان و شه‌هیدانی کاره‌ساتی ٧ی پوشپه‌ری سه‌رده‌شت و ته‌ندرووستی و باشبوونه‌وه‌ بۆ زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت به‌ ئاوات ده‌خوازین و مه‌رگ و نه‌فره‌ت بۆ خوڵقێنه‌رانی ئه‌و جه‌نایه‌ته‌ سامناکه‌.

 لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)