کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغی کۆتایی ڕکهبەرییەکی دێرین

05:11 - 16 پووشپەڕ 2718

(دەسەڵاتێک کە قەیرانی لەگەڵ خۆی هێنا و قەیرانیش لەگەڵ خۆی دەیبا)
ڕکه‌بەرییەکی دێرین و لە هەمان کاتدا لە بڕاننەهاتوو، پێناسەیەکی گشتییە بۆ کۆی پێوەندیی نێوان کۆمەڵگه‌ی ئێران و سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی. وڵاتێک کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ (قۆناغێک کە هەڵگری گەورەترین گۆڕانکاری و دەسکەوتەکان بوو لە پێناو بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی)، تا هەنووکەش لە خەبات و ڕکه‌بەرییەکی بەردەوام دایە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی دواڕۆژی خۆی. بێگومان ئەم ململانێیە بە پێچەوانەی بۆچوونی باوی ڕێژیمەکان، جگە لە دەسەڵاتی داسەپاو لەگەڵ هیچ کەسی تر نەبووە و نییە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کات تووشی داماوی لە بەڕێوەبردنی وڵات و تەریککەوتنەوەی نێوخۆیی و جیهانی بووە، هەم خۆی و هەم بەشێک لە ڕەوتە سیاسییە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەوڵێکی جیددی دان تا هەم ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان ببستەنەوە بە خودی ئەم سیستەمە و هەم هەموو قەیران و خواستەکانی کۆمەڵگەی ئێران تەنیا لە پرسی ئابووری‌ و چارەسەرکردنی ئەم بابەتەدا کۆ بکەنەوە.
پرسی ئابووری یان هەمان دۆخی ئابووریی ئێران یەکێکه‌ لەو دیاردە نایابانه‌ کە هاوشێوەکەی تەنیا دەتوانین لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی دیکه‌دا بدۆزینەوە. وڵاتی ئێران بە تایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا هیچکات ڕووی گەشە و پەرەسەندێکی ڕاستەقینەی ئابووریی بەخۆیە نەبینیوە، تەنانەت بۆ لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنی ئه‌م ئیدیعایه‌ پێویستیت بە کەمترین ئامار و کاری مەیدانی هەیە. ئەو حەجمە زۆرە لە قۆرخکاری، ناشەفافی و هەڵاواردن، ئەو ژمارە خیاڵییانە لە دزی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، لە پێناسە سەرەکییەکانی ئابووریی ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەن.
لەم ڕۆژانەدا و بەر لە دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی بازاڕی تاران، ناوکی ئیستبدادی سیاسی لە ڕێگه‌ی فەرماندەکانی سپای پاسدارانەوە ناڕاستەوخۆ ڕایگەیاند کە لەم دۆخە ئابوورییەی ئێستادا، دەوڵەتی ڕووحانی، هەم بەرپرسیاری سەرەکییە و هەم ئه‌گه‌ر نەبێ باشترە. ئامانجەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە: بەستنەوەی هەموو قەیران و کێشەکان بە پرسی ئابووری و نیشاندانی بێ‌توانایی کابینەی دەوڵەت.
خەڵکی ئێران پاش نزیک بە 4 دەیە ململانێ لەگەڵ ئەم ڕێژیمە، بە جۆری ڕەفتار و ڕوانگەیان بەرامبەر ئەم سیستەمە، وڵامی سێ بابەت و پرسیاری سەرەکییان هەم بە ئەزموونکردن داوەتە و هەم گەیشتوونەتە دوا قۆناغی کۆتایی هەڵوێست و بڕیاری واقعبینانەی خۆیان بە نیسبەت کۆی ئەم سیستەمە پاسیڤە.
یەکەم؛ ئەزموونی دەوڵەت و سەرکۆمارێکی هەڵبژێردراوی خەڵک بە زۆرترین دەنگ!
دووهەم، ئەزموونی دەوڵەت و سەرکۆمارێک کە هەڵبژێردراوی خودی خامنەیی بوە!
سێهەم؛ ئەزموونی بەستنەوەی قەیرانی ئابووری بە گەمارۆ ئابوورییەکان!
ئەنجام و وڵامی ئەم سێ بابەت و پرسیارە گرینگە لە نێو دۆخی ئێستای ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵکی ئێران دایە. لە کام یەک لەم سێ شوێنکاتەدا خەڵکی ئێران لانیکەم ڕووی گەشەی ئابوریی بەخۆیەوە بینی؟ کام یەک لەو ئامارانەی کە زۆرجار هێندێک لە ڕەوتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێی شاگەشکە دەبوون بۆ یەکجار لە نێو ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگه‌دا ڕەنگی دایەوە؟ جگە لەوەی کە هەموو ئامارەکان تەنیا یاریکردنێک بوون بە ژمارەکان؛ ژمارەی هەڵاوسان، بێکاری و هتد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ژمارە و ڕێژەی هەژاری و بێدەرەتانیی زۆرینەی خەڵکی ئێرانە کە هەموو هەوڵ و شرۆڤەیەکی پۆپۆلیستانەی دەسەڵاتداران و هاوئاوازەکانی پووچەڵ کردۆتەوە.
دەسەڵات و مافیای خامنەیی و سپای پاسداران سەلماندوویانە کە نە لە سیاسەت‌ و نە لە ئابووریدا شەریکیان ناوێ. بۆیە سیستەمی ئابووریی ئێران نەتەنیا ناچێتە خانەی ئابوورییەکی دەوڵەتیشەوە، بەڵکوو بە تەواو مانا فۆرم و پێکهاتەیەکی مافیایی_ چەتەگەرانەی هەیە کە «بەیتی ڕەهبەری» و دارو دەستەکانی دەستیان بەسەردا گرتووە و بەڕێوەی دەبەن.
باشبوونی دۆخی ئابووری بێگومان یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی خەڵکە، بەڵام ئایا بە راستی بەربەستەکانی بەردەم چارەسەرکردنی پرسی ئابووری کامانەن و توانایی و ویستی کابینەکانی دەوڵەت دەتوانێ لەوەی ئێستا زیاتر بێ؟ زۆربەی ئەو کابینە و دەوڵەتانەی هاتوونە سەرکار، لەپێوەندی لەگەڵ پرسی ئابووری بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێ بەر یەککەوتنیان لەگەڵ «بەیتی ڕەهبەری» هەبووە، بەڵام هەروەک باس کرا کۆی ڕێژیم نە تەنیا لە هیچکام لە دەرفەتەکانی بەردەمی کەلکی وەرنەگرتوە بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکەی خراپتر کردوە، بەشێوەیەک کە هەرجۆرە هەنگاوێکی کرداری لەپێوەندی لەگەڵ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری ڕاستەوخۆ لێدانە لە دەسەڵات و وەرگرتنەوەی زۆرێک لە ڕانت و ئیمتیازە ئابوورییەکانی باندی خامنەیی و سپای پاسداران.
ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە چارەنووس و خواستی نەتەوەکانی ئێران تەنیا بەربەستکراو لە چارەسەرکردنی پرسی ئابووریی و قەیرانەکانی پێوەندیدار نییە، چوونکە پرسی سیاسەت و ئابووری لە ئێراندا دوو ڕه‌هەندی سەرەکییان هەیە کە پێویستە هەم کۆمەڵگه‌ خۆی لێ دەرباز بکا و هەم بوونەتە چالشێکی ڕووخێنەر بۆ کۆی سیستەمی دەسەڵاتدار.
یەکەم؛ هەر جۆرە هەوڵێکی چارەسەرخوازانە بۆ قەیرانی ئابووری (ئەگەر چاکسازییانەش) بێ، پێویستە لە خانەی تەنیا پلاندانان و شرۆڤەکردنێکی ڕووتەوە دەرباز بێ و ڕاستەوخۆ ڕووی لە «بەیتی ڕەهبەری» و بازنەی ئیستبداد بێ لەپێناو دوورخستنەوەیان لە قۆرخکاری و چەتەگەریی ئابووری.
دووهەم؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە جگە لە ئابووریی وڵات لە ڕێگای سەرکوت و داگیرکارییەوە هەموو پرس و ڕەهەندەکانی دەسەڵاتداریی بەشێویەک وێران و تێکەڵ بەیەک کردوە کە لە دۆخی ڕووخێنەر و کارەساتباری مرۆیی ئێستادا، ئەگەر خواستی چاکسازییەکی لانیکەمیشی هەبێ، جیا لە نەمانی خۆی یان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکه‌ی لەبەردەمدا نەماوە.
ئەم ئاڵۆزی، نیگەرانی و شانتاژانەش کە بە بەردەوامی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ و دەرەوە، یان کەسایەتییە بەناو سەربەخۆکان، لە نێو بیروڕای گشتیی جیهان و ئێراندا دروستیان کردوە و بڵاوی دەکەنەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێ پێگەییان لە نێوخۆ و ترسیان لە هەر جۆرە گۆرانکارییەک لە ئێراندا. بێگومان ئەم جۆرە ئاخاوتن و هەڵوێستانە هەم بەرژەوەندخوازییەکی ڕووتی گروپی و شۆڤێنیستین و هەم هەمیشە ڕێگرێکی سەرەکی بوون لە بەردەم خەباتی نەپساوەی گەلانی ئێران لەپێناو مافە ڕەواکانیاندا.
پێوەندیی پڕ لە خەبات و ڕکه‌بەریی کۆمەڵگەی ئێران و دەسەڵاتی داسەپاو، پێوەندیی گەشەکردن و مافخوازیە لەبەرامبەر تاڵان و سەرکوتکردن، کە تا هەنووکەش هیچکامیان کۆڵیان نەداوە. بە ڕاستی لێکدانەوە و هەوڵی بەردەوامی ئەم گرووپانە دەتوانێ لەوە زیاتر بێ بنەما و لەسەر بۆشایی بێ کە پێشنیار بە خامنەیی و ده‌ورووبه‌ری بکەی دۆخی ئابووری باش بکەن و نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتووی کۆمەڵگە دابڕێژن! یان دوای نزیک بە 4 دەیە باس لەوە بکەی کە کۆمەڵگە چیی دەوێ یان چی بکا باشە؟
گەلانی ئێران لەپێناو ماف و خواستەکانیاندا هەمیشە یەکگرتوو و بەردەوام بوون. ئەوان بە ئاستێکی بەرزی وشیاری، دەمێکە بێدەنگیان شکانەوە و خواستەکانیان بە ئاشکرا بە هەموو جیهان ڕاگەیاندوە. ئەم خەبات و ڕکه‌بەرییە دێرینە نە تەنیا دەرفەتی بەلاڕێدا بردن بە هیچ لایەنێک نادا، بەڵکوو بەڕوونی دیارە کە گەیشتۆتە دوا قۆناغەکانی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خۆی.
لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)