کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایه‌تییەکان لە ئێران دەیسەلمێنن کە ترامپ ڕاست دەکا

05:14 - 16 پووشپەڕ 2718

لە کاتێکدا کە تیمی ترامپ ناکۆکن لەسەر سیاسەت بەرامبەر بە ئێران، هەندێک دەڵێن وتووێژ بکەین و بەشێکی دیکە لایەنگری فشارخستنه‌سه‌ر بە ئامانجی گۆڕینی ڕێژیمن، ئێرانییە یاخیبووەکان کە ڕژاونە سەر شەقامەکانی پایتەخت، ئەم کێشمەکێشە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بە قازانجی ئەوی دواتر چارەسەر دەکەن. بازاڕی مەزنی تاران ڕۆژی دووشەممە داخرا و کاسبکارەکان تێکەڵی خۆپیشاندانی سەرشەقام بوون و هەزاران کەس دژی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم واتە پۆلیسی دژی ئاژاوە وێستان کە هەوڵیان دەدا سەرهەڵدانەکە سەرکوت بکەن. شارە گەورەکانی دیکە بەهەمان شیوە دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی خەڵکی تارانەوە. خۆپیشاندەرەکان شوعاری وەک «سورییە جێهێڵە، بیر لە ئێمە بکەوە»یان به‌رز کرده‌وه‌ و حیزبوڵڵا، جیهادی ئیسلامی، و حوسییەکان هه‌موو وه‌ک چەکداری بەکرێگیراو بۆ ستراتێژی بڵاوکردنەوەی «شۆڕشی ئیسلامیی» لە چەشنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە، کەوتنە بەر ڕق و قینی خۆپیشاندەرەکان. ڕۆژی دووشەممە لە جیاتی دروشمی ڕێژیم واتە «مردن بۆ ئیسڕائیل» هەندێک لە دووکاندارەکان دروشمی «مردن بۆ فەلەستین»یان بەرز کردەوە. و لەویش خراپتر، لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە: «بمرێ دیکتاتۆر.» ئێرانییەکان ئەمساڵ هەر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. شۆفیری بارهەڵگرەکان، کە توانای کڕینی سووتەمەنییان نییە، مانیان گرتووە. ئەوانی دیکە، لە ناویاندا لایەنگرانی پێشووی ڕێژیم، دژی ماجەراجووییە پڕ تێچوونەکانی ڕێژیم لە ناوچە، لە کاتێکدا که‌ گیروگرفتە نێوخۆییەکانیان پاشگوێ خراون، وێستاونەوە. بەشیکی زۆری ئەمانە هۆیەکەی ئەوەیە کە مەلاکان ناتوانن ئابووری بەڕێوەبەرن. لە چاوەڕوانی ئابلۆقە نوێکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە چاوەڕوان دەکرێ لە مانگی ئاگوست دەست پێبکەن، ڕیاڵی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بێنرختر دەبێ، لە کۆتایی ٢٠١٧  یەک دۆلار نرخەکەی ٤٢٨٩٠ ڕیاڵ بوو. ئێستا دۆلارێک بە ٩٠٠٠٠ ڕیاڵە. بۆ خەڵکی ئاسایی، ئەم هەڵاوسانە لە ڕادەبەدەرە بە مانای سفرەی بەتاڵترە، ئەگەر شتێکیان پێ بکڕدرێ. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ئابووری نییە. ژنان بە شێوەی پەرەئەستێن دەستیان کردووە بە لادانی حیجاب، بە پێجەوانەی یاسا. ڕێژیم لەم دواییانەدا ناچار کرا ڕێگا بە ژنان بدا کە بە ئاشکرا هاندەری تیمی تۆپی پێ لە جامی جیهانی بن. کێبڕکێیەکان لە ڕیگای تەلەفزیۆن و لە ستادیۆمەکان، شوێنێک کە تا ئەم دواییانە تەنیا پیاو ڕیگایان هەبوو سەردانی بکەن، بڵاو دەکرێنەوە. بەڵام تا ئێستا، زۆربەی ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی سەرەکیی لە شارە بچووکەکانی دەورووبەر بوون. بە بۆچوونی مەسیح عەلینژاد، دانیشتووی بڕوکلین و یەکێک لە داهێنەرانی جووڵانەوەی دژی حیجاب، خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی دووشەممە دەستپێکی فازێکی نوێە. عەلینژاد پێی گوتم، «ئەوەی کە ڕێژیم زۆر لێی دەترسا دەستی پێکردووە، تاران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم ساڵ لە ٨٠ شار، ئارام بوو. ئێستا ناڕەزایەتییەکی لەناکاو لە تاران و لەلایەن دووکاندارانێک کە دژی کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەریی ئابوورین بۆتە سەرهەڵدانێکی جەماوەریی دژی ڕێژیم، بە دروشمی مردن بۆ دیکتاتۆر و مردن بۆ فەلەستین.» ئەو ئەمەشی زیاد کرد کە ڕۆژی یەکشەممە وەزیری کاروباری دەرەوە جەواد زەریف دژی گۆڕانی ڕێژیم وێستا، و «بۆ من ئەمە نێشانەی ئەوەیە کە ڕێژیم گەلێک نیگەرانە.» لە هەمان کاتدا، سەرۆککۆمار ترامپ دەیهەوێ توانایی هونەریی خۆی بسەلمێنێ و دووبارە وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنی سەرکۆماری پێشوو لەگەڵ ئێران بکا لە کاتێکدا کە کاربەدەستە پایەبەرزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی پشتیوانی لە گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی دەکەن. هۆیەکەی لەلایەن باڵوێزی پێشووی سەرۆک کۆمار جۆرج دەبلیو بوش لە عێراق و ئەفغانستان، زەلمای خەلیلزاد لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست دەستنیشان کرا: «زەختی تاکتیکەکانی ترامپ وێدەچێ نەتوانێ ئێرانییەکان بە چۆکدا بێنێ یا ڕووخانی ڕێژیم لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستەبەر بکا، بەڵام هەڵوێستی ناوبراو دەتوانێ ئێرانییەکان بێنێتە سەر مێزی وتووێژ.» بەڵام خەڵکی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جان بۆڵتۆن هاوڕان، کە لانیکەم تا پەیوەست بوون بە تیمی ترامپەوە، لایەنگری سەرسەختی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران بوو. دەکرێ؟ دەبێ؟ گۆڕینی ڕێژیم دوای عێراق، ئەفغانستان و لیبی بەدناو بووە. بەڵام چاو لە حەمامی خوێن لە سورییە بکەن، شوێنێک کە ئامریکا بڕیاری دا کە بەرامبەر بە خەبات دژی ڕێژیمێکی شەیتانیی تەماشاوان بێ. لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران تا ئێستا ئێمە کاری دروستمان کردووە؛ زەخت خستنەسەر ڕێژیم بۆ بڵاوکردنەوەی خراپە لە ناوچەکە و لە جیهاندا، لە کاتێکدا کە ڕێگا بە ئێرانییەکان دەدرێ کە بەبێ ئێمە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن. ترامپ زەختی سەر ڕێژیمی زیاد کردووە لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا لایەنگریی لە گۆڕینی ڕێژیم نەکردووە. درێژەدان بەم ڕێبازە یارمەتی ئێرانیان دەکا کە بێزراویی خۆیان دژی سەرکوتکەرانیان پەرە پێبدەن. هەندێک لەنێو بەڕیوەبەرایەتییەکە زەخت دەخەنە سەر ترامپ تا پێشنیاری وتووێژ بە خامنەیی و هاوکارەکانی بدا، دڵنیان کە ئەم هەڵوێستە دەستبەجێ ڕەت دەکرێتەوە چونکە لەلایەن «ئیستیکباری جیهانییەوە» پێشنیار کراوە. ئەوان درێژە بە دەلیل هێنانەوەکەیان دەدەن و دەڵێن، بەم شێوەیە ئێمە دەتوانین ئوروپاییەکان و ئەوانی دیکە دڵنیا بکەین کە ئێمە هەوڵی دیپلۆماتیکی خۆمان داوە بەڵام ئێران مل نادا، کەوابوو ئەوان دەبێ لەگەڵ ئێمە بۆ زەخت هێنان هاوکار بن. ئەم قومارە لەوانەیە کاریگەر بێ. بەڵام ئەگەر واشبێ، ڕەفتارێکی ئەوتۆ بەرامبەر بە مەلاکان ڕەوایی بەوان دەبەخشێ، و ویستی ئێرانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتیان کەم دەکاتەوە. ئەمە وانەیەکی شەڕی ساردە، واقیعگەراکان ناتوانن بیر لەمە بکەنەوە، بەڵام دیکتاتۆڕەکان لەناکاو دەڕووخێن. و ئەوکات واقعییەتەکان خێرا دەگۆڕێن.   سەرچاوە: نیویۆرک پۆست _ بێنی ئاڤنی و: که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)