کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«فاتێ ڕەش»ی شێرەژن

21:30 - 16 پووشپەڕ 2718

پێشەکیی وەرگێر فاتێ ڕەش، نازناوی «ئایشە خانم» کچی «حاجی عوسمان بەگ» خەڵکی «ئاندیرین» سەر بە پارێزگای قارەمان مەرعەش و سەرۆکی یەکێک لە گەورە عەشیرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئانۆتۆڵییە کە پاش گیران و زیندانیکرانی هاوسەر و سەرۆک عەشیرەکەی لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆتە سەرۆک عەشیرە و بۆ دەربڕینی ئەمەگداری بەرامبەر سوڵتانی عوسمانی و بە هیوای ئازادکردنی هاوسەرەکەی؛ لەگەڵ نزیکەی ٣٠٠ کوردی شەرڤان بەشداریی شەڕی کریمەی کردوە و ئازایەتییەکی بێوێنەی لەم شەڕدا نواندوە. سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک لە کتێب و گۆڤارەکاندا بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی لە «پال مال گەزت» بڵاو بۆتەوە بە کورتی باس لە «فاتێ ڕەش» کراوە، بەڵام بە تەواوی بیۆگرافی و بەسەرهاتی ئەم خاتوونە دلێرە ڕوون نەکراوەتەوە. تورکەکان و تورکەمەنەکان حاشا لە کوردبوونی فاتێ ڕەش دەکەن و لە نیو کوردیشدا بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و کیانی کورد لە لایەکەوە، و نەبوونی فەرهەنگی نووسینەوەی بیۆگرافیی کەسایەتییە مێژووییەکان لە لایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لەم پێوەندییەدا نەکراوە. بەشداریی ئەم ژنە شەرڤانە لە شەڕی کریمە لە پێناوی ئازادکردنی هاوسەرەکەیدا پیشاندەری کارەساتی مێژوویی گەلێکە، کە بێ ویست و ڕزامەندیی خۆی کراوە بە بەشدار و قوربانیی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان. دابەشکرانی نیشتمانی کوردان لە نێوان ئێران و عوسمانی ، هەروەها دوژمنایەتیی بەردەوام و شەڕەکانی ئەم دوو ئیمپراتۆرییە لە گەڵ یەکتر هەتا دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، هۆی نەهامەتی و کارەساتی بێبڕانەوە بۆ گەڵی کورد، خاپوور و وێران بوونی خاکی کوردستان و کوژرانی بە هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوان بووە. ئەم دەوڵەتانە هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوانەی کورد، هەوڵیان داوە لە هێزی چەکداری کورد دژ بەیەکتر یان دەوڵەتە دراوسێیەکان کەڵک وەربگرن. لە شەڕەکانی ئێران و عوسمانی لەگەڵ ڕووسیەی تێزاری، ڕووسەکان کەڵکیان لە هەستی نەتەوایەتیی کورد دژ بە عوسمانی و ئێران وەرگرتوە، و ئێرانی و تورکە عوسمانییەکانیش بە ورووژاندنی هەستی ئایینیی کوردەکان دژ بە ڕووسیە «مەسیحی و کافرەکان» ویستوویانە سەرۆک عەشیرە و ئەمیرەکانی کورد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هان بدەن. کوردەکان بۆ هەوەڵ کەڕەت لە کاتی شەڕی ئێران و ڕووس ڕووبەڕووی ڕووسەکان بوونەتەوە. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا قەرەباغ شوێنی ژیانی کوردان کەوتۆتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی ئێمپراتۆریی رووسیە. لە شەڕی ڕووسیەی تێزاری لەگەڵ فەرانسە، بریتانیا، پاشایەتیی ساردنی و عوسمانی کە لە مێژوودا وەکوو «شەڕی کریمە» پێناسە کراوە، لایەنەکانی شەڕ هەوڵێکی زۆریان داوە عەشیرەکانی کورد بەرەو خۆیان ڕابکێشن. لەم شەڕەدا تورکەکان سەرەڕای بەشداریی بەشێک لە کوردەکان، نەیانتوانیبوو پشتیوانیی هیچ کام لە ڕێبەرە ناسراوەکانی کورد وەدەست بێنن. لەم بهینەدا بەشێک لە عەشیرەکانی نزیک بە سنووری ڕووسیە وەکوو زیلان، حەیدەران و هتد پشتیوانییان لە تورکەکان کردبوو و ڕووسەکانیش توانیبوویان دوو لەشکەر لە کوردەکانی باشووری قەفقازی بۆ شەڕ پێک بێنن. بەپێی لاواز بوون و پاشەکشەی تورکەکان لە شەڕ، عەشیرە ناوبراوەکان پەیتا پەیتا لە پشتیوانیکردنی خۆیان لە تورکەکان پاشگەز بوونەوە و پێوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ڕووسەکان پێکهێنابوو. پاش سەرکەوتنی ڕووسەکان و شکستی تورکەکان لە ناوچەی بایزید[ ژوئیەی ١٨٥٤ز]، کوردەکان ڕیزی سپای تورکیان لە تەواوی ئاستەکاندا بەجی هێشت. دابەزینی شوێن و پێگەی سیاسی_ نیزامیی عوسمانی ڕێخۆشکەری گەشە و پەرەسەندنی ڕاپەرینی کوردەکانی باکوور بە سەرۆکایەتیی یەزدانشێر برازای بەدرخان بووە. لەماوەیەکی کورتدا ئەم ڕاپەرینە بەشێکی بەرچاوی لە خاکی کوردستانی لەخۆ گرتۆتەوە و شاری بتلیس، سیرت، مووسڵ و ناوچەکانی باشوری گۆمی وان و هتد کەوتونەتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی هێزی ڕاپەرین. ئەم ڕاپەرینە پاش گیرانی یەزدانشێر لە کاتی وتووێژ لەگەڵ تورکەکاندا، بەرەو کوژانەوە چووە. کورتە لێکدانەوەیەکی ئەم ڕووداوانە پیشاندەری ئەم راستییەن، هەتا کورد دەوڵەت و کیانی خۆی نەبێ، خەڵکەکەی بە هۆی جۆراوجۆر قوربانی شەڕ و ململانێ دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبێ، نەتەوەی باڵادەستیش بۆ سەقامگیریی دەستەڵاتی خۆی هەوڵدەدات بە چەشنی جۆراوجۆر کورد و نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی یان بێبەزەییانە سەرکوتیان بکا. *** بابەتی «قەرە فاتمە» ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ لە ڕۆژنامەی «پال مال» لە لەندەن چاپ و بڵاو بۆتەوە، بە داخەوە ناوی نووسەرەکەی دیار نیه. *** ئێستا بوونی قەرەفاتمە لە ئەستەموڵ سەرنجی خەڵکیی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە. ژنە شەرڤانێکی بە شەوکەت لە کوردستانەوە کە بۆ سەردانێکی کورتخایەن هاتۆتە پایتەختی تورک . مێژووی ئازایەتیی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دەستپێکی شەڕێ کریمە، کە ئەو ڕێبەری ژمارەیەکی گەورە لە خۆبەخشەکانی کورد بوو، کەسێک کە بە ئازایەتییەکی بێوێنە شەڕی بۆ تورکیه کرد. دەوڵەتی عوسمانی بە لەبەرچاوگرتنی خزمەتەکانی، مانگانە ٥٠٠٠ قروشی وەک پارەی خانەنشینی بۆ بڕیەوە، بڕی پارەیەکی کەم کە ئیجازە دەدا بە ئاسوودەیی پێی بژی. ئەو کەسێکی باڵابەرز، باریکەڵە، دەم و چاو ڕەشتاڵەی هەڵۆ ئاسایە، کۆڵمەکانی لە ڕەنگی پێستەیە و شوێنی برینی بەسەرەوە دیارە. بە جلوبەرگی نەتەوایەتیی خۆیەوە کە هی ڕەگەزی سەخت ە، نەک ژن، بەڵکوو وەک پیاوێکی٤٠ ساڵە دەنوێنێ کە هەرگیز تەمەنی ٧٥ ساڵان بەخۆیەوە نابینێ. بە شێوەی قازاقەکان شمشیرێکی درێژ بە دەسکی سەنگدارەوە، بە شانیەوەیەتی؛ میداڵیاکانی سەر سینگی دەدرهوشێنەوە و بریقەیان دێ، و زێواری سەرقۆڵەکانی وا پیشان دەدەن کە دەبێ کاپیتانێکی سپای عوسمانی بێ. چاودێریی ئەم کەسایەتییە سەرنجراکێشە کە بە شەقامەکانی ئەستەمولدا تێدەپەڕێ، وەبیرهێنەری یەکێک لە دیمەنەکانی هێرشی سپایی ‹جەنەڕال لێسپیناس›ە لە دۆبرودیا کەمێک پێش گەیشتنی سپای هاوپەیمان بۆ کریمەیە. ڕۆژێک جەنەڕال کاتی جگەرەکێشان و قسەکردن لەگەڵ چەند کەس لە برادەرە ئەفسەرەکانیدا لە نێو خێوەتەکەی، دەنگی مۆسیقایەکی نامۆ، هەمەڕەنگی تێکەڵاو لە دەهۆڵ و کەڕەنای و تەپڵۆکە و زریکەی قیژاندنی مرۆڤی لە دوورەوە ژنەفت. ئەم بەزمگێرییە سەیر وسەمەرەیە لە کوێوە دێ؟ تەواوی پیاوەکانی نێو خێوەتەکە کاتێک ئاوڕیان دایەوە بۆ ئەوەی گوێ بدەنێ و سەرچاوەی دەنگی ئەو مووزیکە دیاریی بکەن، دەستەیەکی نزیک بە ٣٠٠ پیاوی ئەسپ سواریان دی کە بە تەقڵەکوت لە گردێکەوە دێنە خوارێ و لەوان نزیک دەبنەوە. لە پێشیانەوە ژنێکی دەم و چاو ڕەشتاڵەی ئەندام توندوتۆڵ بوو، کە بریقە لە چاوانی دەهات. ئەمە دیمەنی شێرەژنێکی بە تەواوی مانا بوو. ئەو پاش دابەزینی لە زینی ئەسپەکەی، بە شان و شکۆوە سڵاوی سەربازیی لە جەنەڕال لێسپیناس کرد و بە یاریدەی وەرگێڕەکەی پێی ڕاگەیاند کە بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هاتووە و خۆی و کوردە دڵێرەکانی سەرجەم لە خزمەتی ئەو دان. ئەو شەوە، لە نێو دەستەی سپایی سوارە فەرەنسییەکان جێگە و ڕێگە بە پیاوەکانی درا، بەڵام ئەوان لەوەی بەو شێوازە حاوێنراونەتەوە ناڕازی بوون. ئەوان خوازیاری سەربەخۆیی خۆیان بوون، کە تەنانەت بەڕێوەبەر و ڕێبەرەکەشیان نەیدەتوانی لێیانی زەوت بکا. کەڕەی بەیانی هەموو چوونە سەرپشتی ئەسپەکانیان و بەسەر گردەکەدا سەرکەوتنەوە هەتا بەو موزیکە سەیر و و تیژ و ناسازە کە ئاگاکەرەوەی نزیکبوونەوەیان بوو، بەرەو پیری گزینگی بەربەیان بچن. لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)