کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوالیزمی یاریزانی خۆیی و تیمی بێگانە لە تۆپی پێدا

21:31 - 16 پووشپەڕ 2718

یاری تۆپی پێ جیهانێکی هاوتەریب لەگەڵ جیهانی سیاسەتی دروست کردووە. ئەگەرچی فیدراسیۆنی جیهانیی تۆپی پێ ڕێکخراوەیەکی تەواو وەرزشی و دوور لەسیاسەتە، بەڵام هەندێک پارامێتری گرنگ لە یاریی تۆپی پێدا هەن، کە خۆڕسک ئەو یارییە دەکاتە کایەیەکی تەواو سیاسی؛ مادام سەرکەوتن و دۆڕانیشی تێدایە، مادام مرۆڤ چ وەکوو هاندەر و چ وەکوو یاریزان سەنتەرن، مادام وڵاتان ئامادەن چەندین میلیارد دۆلار خەرج بکەن، و فێڵ و لۆبی بۆ ئەوە دەکەن کە میوانداریی یارییەکانیان بەربکەوێ، لە هەمووشیان گرنگتر مادام سەرمایە و ناوبانگ ڕۆلی سەرەکی لە یاری تۆپی پێدا دەگێرێ، کەواتا تۆپی پێ گۆرەپانێکی هاوتەریبی سیاسەتە و لە هەندێک کاتیشدا تۆپی پێ لەسیاسەتمەدار بێ منەتە، بەڵام سیاسەتمەدار خۆیان بە یاریزان و تیمەکانی تۆپی پێ هەڵ داوەسن. یاری تۆپی پێ وەکوو سیاسەت دەتوانێ بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بەهێز یان لەنێویان ببا، بۆ نموونە وڵاتانی شەرکەری شەری یەکەمی جیهانی بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕ لەنێوان بەریتانیا و ئەڵمان راگیرا و سەربازانی ئەو دوو بەرە دژبەیەکە پێکەوە یاری تۆپی پێیان کرد، لە ئۆلەمپیکیشدا بۆ ماوەیەک لەپێناو یارییەکاندا ئاگربەست ڕاگەیاندرا، بەڵام زۆرکاتیش وەکوو یارییەکانی ١٩٧٢ی مونیخ ئۆلەمپیک و بەتایبەت یاریی تۆپی پێ بووە گۆڕەپانی خۆ دەرخستن و پاکانه حیسابەکان. یاری تۆپی پێ بە گشتی هیچ پێویستییەکی بە سیاسەتمەدارەکان نییە، چونکە ڕەوایی خۆی لەو سەدان میلیۆن هاندەر وەرگرتووە، کە ڕۆژانە لە یاریگاکان و لەبەردەم شاشەی تیڤییەکان سەیریان دەکەن، بەڵام سیاسەتمەدارەکان زۆریان پێویست بەو چوارگۆشە سەوزە هەیە. بەر لە هەموو شتێک ئەو وڵاتانەی کە فڕە نەتەوە و ئایینزان و یان ئەو وڵاتانەی کە بۆشایی مێژووییان بۆ ڕەواییدان بە خۆیان هەیە و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر حوکمڕانییان دەکا، هەوڵ دەدەن شوناسێکی یەکدەست لەڕێگەی وروژاندنی پێکهاتە جیاوازەکان لەسەر خالێکی هاوبەش دروست بکەن. نموونەی زۆری شۆڤێنیستی بۆ ئەو باسە دروشمی تیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە موندیالی ڕووسیهیە، دروشمی «٨٠ میلیون و یک ملت» و « یوزهای پارسی» دەیهەوێ شوناسێکی ساختە و جەعلی دروست بکا. ئەو ئێرانەی کە تیمەکەی لە موندیال بوو، فرە نەتەوە و ئایین و ئایینزایە، مێژووییەکی یەکدەستی نییە، لە قۆناغە جیاوازەکاندا و تاکوو ئێستا لە هەندێک ناوچەی نێوخۆی ئێرانیش وەکوو داگیرکەر سەیر دەکرێ و مەقبووڵیەتی گشتی نییە. دروشمی «یوزهای پارسی» لەکاتێکدا بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانی ئێران هەوڵی چەسپاندنی دەدرێ، کە لە ١١ یاریزانی سەرەکیی یاری نێوان ئێران_ ئیسپانیا و ئێران_پورتوغال تەنیا یەک یاریزانیان فارس بووە، ئەوانیتر هەمووی کورد، عەڕەب، تورکمەن، گیلەک و مازەندەرانی بوون و هیچ یەک لەو نەتەوانە خۆیان بە پارسی نازانن، تەنانەت هاندەرەکانیشیان ڕێگەی شارەکەیان بۆ ڕووسیهیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە بڕیوە. کەواتا سیاسەتمەداران دەیانهەوێ ژینگەی جامی جیهانی تۆپی پێ بۆ نیشاندانی وڵاتێکی یەک نەتەوە و یەکدەست نیشان بدەن، بەڵام هەر وەکوو لە کاردانەوەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و جۆرە جیاوازەکانی هاندانی تیمی ئێران دەرکەوت، ئەو فێل و تەڵەکانە سەر ناگرن. لەو نێوەدا زۆربەی سیستەمە سیاسییە دیکتاتۆرانە لە ڕێگەی سیمبول دروستکردنی وەهمی و سرودی یەکدەست و تێکستی حەماسی و مێژوویی دەیانەوێ وڵاتێکی فڕە پێکهاتە و تەنانەت فڕە مێژوو لە چوارچێوەی تیمێکی تۆپی پێدا یەکدەست نیشان بدەن، وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایش کە پەنابەران پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی گۆریون، ئەو گرفتەیان هەیە و ئەو هەوڵەش دەدەن. تۆپی پێ ئەو گۆرەپانەیە کە هەوڵ دەدا زۆرینە بۆ قبووڵکردنی کەمینە هان بدا، هاوکات هەوڵیش دەدا بەبێ هەوڵدان بۆ تواندنەوەی پێکهاتەیەک هەستێکی هاوبەش لەنێوان کەمینە و زۆرینەدا دروست بکا، نموونەش تیمی ئیسپانیایە، هەموو هاندەر و چاودێر و پسپۆرانی تۆپی پێ دەزانن کە بۆ نموونە «پیکێ» یاریزانێکی کاتالانییە و تەنانەت لەدوا ڕیفراندۆمدا دەنگی بە سەربەخۆیی کاتالان داوە، بەڵام ئەوە ڕێگریی لێ نەکردووە کە لە تیمی ئیسپانیادا ڕۆلی سەرەکی بگێرێ. ئەوە لەکاتێکدایە کە تیپی تۆپی پێی ئێران ٥ یاریزانی کوردی تێدایە، بەڵام تەنیا عەلیرەزا بەیرانوەند بە کورد دەناسین، هۆکارەکەش ئەوەیە کە خۆی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕاگەیاندنی ئێرانی دەیهەوێ تەنانەت ئەوەش بشارێتەوە، یاریزانەکانی دیکەش تەنیا لە ڕێگەی ویکیپێدیا دەتوانرێ شوێنی لەدایکبوونیان بدۆزرێتەوە، بەهیچ شێوەیەک ڕاگەیاندنی فەرمیی ئێران قسە لەسەر کوردبوون یان عەڕەببوونی یاریزانەکان ناکا، هەموویان بە «یوزی پارسی» دەناسێنێ! هەوڵی سیاسەتمەدارەکان بۆ بەکارهێنانی تۆپی پێ بۆ دروستکردنی وڵاتێکی یەکدەستی نەتەوەیی زۆر جاران ئەنجامی پێچەوانەشی هەبووە، سوپای پاسدارانی ئێران پێیو ابوو دەتوانێ بە دروستکردنی تیمی تراکتۆرسازیی تەورێز ڕای گشتی ئازەرییەکانی ئێران بگرێتەدەست، هەر بۆیە سەدان میلیۆن دۆلار لە تراکتۆرسازی خەرج کرا، بەڵام لە ئەنجامدا پان تورکەکان توانییان دەست بەسەر هەستی هاندەرانی تراکتۆرسازیدا بگرن و خاوەندارییەتی نەتەوەیی لە تراختۆر بکەن، کاتێک دەیان هەزار هاندەری تراختۆر لەپرێکدا ئاراستەی دروشمەکانیان دەگۆڕن، ترسێکی قووڵ لەلای بەرپرسانی ئێران دروست دەکا، هەر ئەوەش وایکرد ئەمساڵ سوپای پاسداران ئیمتیازی باشگای تراکتۆرسازی بفرۆشێ، ئەوەش سەرەتای کۆتاییهێنان بەو تیمەیە. ئەو چیرۆکە بۆ تیمی «شیرین فەراز»-ی کرماشان و لەئاستێکی بچووکتردا بۆ «سەردار»ی بۆکانیش هەر ڕاستە. تۆپی پێ ڕووە ڕەشەکەی سیاسەت و داگیرکاریش زۆر بە ڕوونی دەردەخا، کاتێک دییەگۆ ئاڕماندۆ ماڕادۆنا لە هەمبەر داگیرکردنی دوورگەکانی مالویناسی ئارژانتین لەلایەن بەریتانیا هەڵوێستی گرت، ئینجا دەرکەوت کە یاریزانی تۆپی پێ ناتوانێ لەهەمبەر داگیرکاریدا بێدەنگ بێ، هەر ساڵی رابردوو باشگای بارسلۆنا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەوان ناتوانن لەهەمبەر پرسی سەربەخۆی کاتالۆنیا بێلایەنی هەڵبژێرن، هەربۆیە ئەگەر بە نرخی هاتنەدەر لە لالیگاش بێ، پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکەن. بچووکترین مافی هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە تیمی تۆپی پێی خۆی هەبێ، بەڵام ئەوە نە بە کوردەکان کە لانیکەم لە باشووری کوردستان هەرێمێکی یاساییان هەیە ڕەوا بینراوە، نە بە سکاتلەندییەکان کە جگە لەوەی هەرێمی سەربەخۆی خۆیان هەیە، هاوکات یاریزانی ناوداری جیهانیشیان هەیە، بەڵام ڕێگەیان پێ نادرێ لە جامی جیهانیدا بەشداربن، چونکە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان مافی بەشداربوونیان هەیە، هەر ئەوەی کە نەتەوەکان ناتوانن بەشدار بن و وڵاتانی زۆر جاران خۆ سەپێن تیمی تۆپی پێیان هەیە، وایکردووە کە بەردەوام هاندەران لە دوالیزمێکدا بمێننەوە، خاوەندارییەتی هەندێک یاریزان بکەن، بەڵام تیمەکە بە هی خۆیان نەزانن، ئەوەش بەڕوونی بە هاندەرانی تۆپی پێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دیارە. هاندەری تیمی ئێران بوون، واتای قبووڵکردنی ئەو دروشمە فاشیستییەیە، و هەر بۆیە ڕقیان لە تهواوهتیی تیمەکەیە، بەڵام ناتوانن خۆیان لە عەلیرەزا بەیرانوەند کە یەکێک لە باشترین گۆڵچییەکانی موندیال بوو، بێبەری بکەن. لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)