کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکییەکانی ٢٢ی پووشپەڕ، لە کرماشان و ئیلام

18:43 - 23 پووشپەڕ 2718

لە درێژەی چالاکییەکان بە بۆنەی ٢٩ مین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو ڕێبەری لێوەشاوەی گەلی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات، لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کرماشانی زێڕین، بۆ جارێکی دیکە لە چالاکییەکی تەبلیغاتی‌دا یاد وناوی شەهید دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت. شەوی ٢٢ پووشپەڕ کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو ، تێکۆشەرانی سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کرماشان و لە دوو شارەکی مەسکەن و خەییام ، بە یاد کردنەوە لە دوکتور قاسملووی شەهید، نفڕت وبیزاری خۆیانیان لە کۆماری تیرۆریستپەروەری ئێران دووپات کردەوە. هەروەها لە شاری ئەیوان سەر بەپاڕیزگای ئیلام ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو شارەدا ، بە نووسینی دروشمی شوڕشگێڕانە و بڵاوکردنەوەی وێنەی قاسملووی کوردان لە زۆربەی گەڕەک وشەقامەکانی ئەوشارە، لەو ڕێگایەوە پاڵپشتی خۆیانیان بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان سەلماند. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس وپێزانین لە دۆستان و لایەنگرانی خۆی لە ناوچەکانی کوردپەروەری کرماشان و ئیلامی خۆشەویست ، دەستخۆشییان لێدەکاو سڵاویان بۆ دەنێرێ.