کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دوویەمین کۆبوونەوەی شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران، لە ئاڵمان

18:16 - 24 پووشپەڕ 2718

شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران پێکهاتوو لە دە حیزب و رێکخراوی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران لە رۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ لە شاری "کۆڵن"ی ئاڵمان دوویەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوەبرد. ئەو کۆبوونەوەیە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خۆپێشاندانەکان و تاوتوێ کردنی دۆخی هەنووکەی ئێران و، هەوڵدان بۆ لەیەک نیزیکردن و هاوگوتاری ئۆپۆزسیون و روووبەروو بوونەوە لەگەڵ هاتنە ئارای هەرچەشنە ئەگەرێک لە ئێران، درێژە بە کارەکانی خۆی دا. شیاوی باسە دوو حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شوڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەندامی شوڕای دێموکراسیخوازان و، لە دوویەمین دانیشتنی ئەو شوڕایە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد و، هەرکام لە بەڕێزان کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خالید حەسەن پوور ئەندامی ڕێبەری حدک لە دوو پانێلی جیاجیادا ڕاوبۆچوونی حیزبیان لەسەر پرسە سیاسییەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران و کوردستان خستەڕوو. سەرەتای ئەو کۆبوونەوە وتەبێژی شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران، بە باس کردن لە دۆخی ئێران و ئۆپۆزسیۆن لەو بارەوە گوتی: لەمپەری گەورە لە ئێستادا نەبوونی ئاڵیترناتیڤە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئەمە کێشەیەکە کە هەمووکات بزووتنەوەکانی خەڵکی ئێران رووبەرووی بۆنەتەوە و دیسان خەڵکی ئێران دیکتاتۆری قەبووڵ ناکەن و هەربۆیە خۆپێشاندانەکان سەریان هەڵداوە و پێویستە بە جیددی ئاور لە هەلومەرجی سیاسیی ئێران بدرێتەوە. لە دوویەمین کۆبوونەوەی شوڕای دێموکراسیخوازان ، خالید حەسەن‌پوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخەری شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو بە باس کردن لە هەوڵەکان بۆ لەیەک تێگەیشتن و گەیشتن بە ڕێگاچارەیەک لە نێوان لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران، لەو بارەوە گوتی: هەوڵەکانی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی پەرش وبڵاوی ئۆپۆزسیۆن و دۆزینەوەی مکانیزمێکی دێموکراتیکە بۆ هاوکاری زیاتری نێوان ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی نێوخۆ، بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر جێگرەوەیەکی دێمکراتیک بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی. هەروەها هاوڕێ خالید حەسەن‌پوور لە درێژەی دوویەمین دانیشتنی ئەو شوڕایە، لە لێداونێک بۆ "ئێران ئێنتێر نەشناڵ" بە وردی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دیدگای سیاسی ئەو حێزبەی بە نیسبەت پرسە سیاسییەکانی ئێران وکوردستان باس کرد و لەو بارەوە گوتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێی‌هەلومەرجی نێوخۆی ئێران وناوچەکە درێژە بە خەباتی فرەچەشنی خۆی دەداو، بەدوای دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی دێموکراتیکە لە جوغرافیای ئێراندا. شیاوی باسە لە درێژەی دوویەمین دانیشتنی شوڕای دێموکراسی‌خوازانی ئێران نوێنەری لایەن و ڕێکخراوەکانی دیکەش بە هەڵسەنگاندنی رەوشی ئێستاکەی ئێران، ڕاوبۆچوونی خۆیانیان باس کرد. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران پێکهاتوو لە چەندین ڕێکخراو وحیزبی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە رۆژی شەممە ١٨ی نوامبر بەرانبەر بە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٦ی هەتاوی یەکەم دانیشتنی خۆی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە برد.