کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی ئەندامانی حدک لە فینلاند، لە ٢٩هەمین ساڵەوەگەڕی تێرۆری دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی دا

15:10 - 26 پووشپەڕ 2718

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی جولای ٢٠١٨ی زایینی و لە ٢٩هەمین ساڵیادی شەهید کرانی ڕێبەری زانای حیزبەکەمان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێ عەبدووڵا قادری ئازەر لە لایەن تێرۆریستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندام و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کوردانی دڵسۆزی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، بە هاوکاریی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش ڕێکخست. ئەو خۆپیشاندانە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی فینلاند بە دانی درووشم و بەرزکردنەوە وێنەی ڕێبەرانی شەهیدمان و دەیان پلانکارد و ئاڵای کوردستان دەستی پێکرد. بە پێی بڕیاری پێشوو، پێنج کەس لە هاوڕێیانی حیزبی بە سەرپەرستی هاوڕێ قادر مەکڵاوەیی بە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران سەردانی باڵوێزی ئوتریشیان کرد و نامەی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان وبڕیارنامەی نارەزایەتی خۆپیشاندەرانیان ڕادەستی باڵوێز کرد. لەو نامەیە دا جگە لە وەبیر هێنانەوەی تێرۆری ناجوانمێرانەی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە، داوای سەرلە نوێ خستنەوە گەڕی دۆسییەی ئەو تێرۆرەیان لە کاربەدەستانی وڵاتی ئوتریش کرد. پاشان بەڕێز وڵات نەهری و چەندین کەسی دیکە لە خۆپیشاندەران، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو تێرۆرە و گشت کار و کردەوە تێرۆرسیتییەکانی ڕژیمی تاران، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد. کاتژمێر ٣و نیوی پاشنیوەڕۆ خۆپیشاندەران بە دانی درووشمی بڕۆخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و مەحکووم کردنی مامەلە و دانووستانی وڵاتانی ئوروپایی لەگەڵ ئەو ڕژیمی دژە ئینسانییەدا کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا. http://kdpmedia.org/data/upimages/subfolders/finland/shahidani-wiyan2018-1.jpg