کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«دیالۆگی ڕەخنەگرانە» و «گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم» سووڕانەوە لە بازنەیەکی پووچدا

07:23 - 1 گەلاوێژ 2718

سیاسەتی دنیای دەرەوە بەرانبەر بە ئێران ئەوەندەی لەم چەند ساڵانەی دواییدا خوێندنەوەی دڵخۆشکەرانەی بۆ کراوە و لە سەر «هیچ و خۆڕایی» زۆری هیوا پێ بەستراوە، کەم وا هەبووە لە سەر بنەمای خوێندنەوەی بەرژەوەندییەکانی هەردوو لا (هەم ئێران و هەم دەوڵەتان) هەوڵی لێتێگەیشتنی بدرێ. بە تایبەت بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەسەر تێگەیشتنێکی ڕووکەشیانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و شەڕی بەرژەوەندییەکان، لەسەر ئەساسی خەیاڵ و ئارەزوو، لە ڕادەبەدەر هیوایان بە «درووشمەکان»ی دنیای دەرەوە بەرانبەر ئێران خۆش دەکرد و ئێستایش زۆریان هەر لەو تەوەهووم و خۆشخەیاڵییە دان. کۆمەڵێک ڕووداوی وەک ڕووخانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ڕێژیمی بەعس لە عێراق و بەتایبەت شۆڕشی وڵاتانی عەڕەبی لە باکووری ئافریقا و لە هەمووی گرینگتر سەرکەوتنی هەر ٨ ساڵی جارێکی لایەنی توندڕەو لە کۆشکی سپی، کاریگەرییەکی ئاشکرا و پڕڕەنگیان لە سەر جۆری بیرکردنەوەو تێڕوانینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە نیسبەت سیاسەتی «دنیای دەرەوە» بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران داناوە. بە جۆرێک کە هەر ئەم جۆڕە تێڕوانینە بۆتە بەشێک لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژانە بەو خەیاڵ و ئارەزووانەوە کە ڕۆژێک دەستێکی غەیبی لە ئاسمانەوە بە ناوی ئامریکا و... دێت و ئەوان لە دەست ئەم ڕێژیمە خراپە رزگار دەکا! بەڵام کە بە واقعی سەیری مەسەلەکە دەکەین، ڕووی ئەو دیوی دراوەکە شتێکی دیکەیە. هەرچەند قەت بە ئاشکرا لەلایەن کەس یان ناوەند و ئۆڕگانێکی ڕەسمیی «دنیای دەرەوە» تا ئێستا گوێمان لێ نەبووە کە باس لەوە بکا کە ئەوان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان بۆ دەڕووخێنن. بەڵام قسەی دیکەیان هەبووە کە مەبەستمان لێرەدا ڕاست ئەو قسانەیە کە ئەوانیش جیا لە درووشم و دەستەواژەگەلێکی زریقە و بریقەدار شتێکی دیکە نەبوون. لەبیرمانە سەردەمانێک (سەردەمی رەفسەنجانی و دواتر محەممەد خاتەمی و لەوەلایش سەردەمی کلینتۆن و دواتر بووشی کوڕ) هەم ئامریکاییەکان و بەتایبەت ئورووپاییەکان بە نیسبەت سیاسەتیان بەرانبەر بە ئێران و بە قەولی خۆیان پشتیوانیکردنیان لە بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی خەڵکی ئێران، باسیان لە سیاسەتی «دیالۆگی ڕەخنەگرانە» دەکرد و بەم شێوەیە ئیدیعایان دەکرد کە هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە دیالۆگ و دانیشتنمان لەگەڵ ئێرانییەکان دەبێ، ڕەخنە لە رێژیمی و رەفتار و سیاسەتەکانیشی دەگرین! دواتر ئەم سیاسەتە گۆڕدرا بە «گۆڕێنی ڕەفتاری ڕێژیم». ئەم سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جۆرج واکێر بووش کە کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری لە هێندێک بواردا خستە سەر ئێران و ئورووپاییەکانیش لەم پێوەندییەدا هاوکارییان کرد. ئەوان ئیدیعایان ئەوە بوو کە ئەوان لە گەڵ ئەوەیکە دەرگای دیالۆگ لەگەڵ ئێرانییەکان داناخەن، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە، دەیانەوێ ڕێژیم ناچار بکەن تا ڕەفتاری خۆی بگۆڕێ. هەرچەند ئەمریکاییەکان و ئورووپاییەکانیش مەبەستیان لە ڕەفتاری ڕێژیم کەمتر پێوەندی بە جۆری ڕەفتاری ئەم ڕێژیمە لەگەڵ خەڵکەکەی بووە و زیاتر ئامانجیان دوورخستنەوەی بوو لە دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڕێژیمە لەم بوارەدا، بەڵام ئیدیعایش دەکەن کە ئەم سیاسەتە تا ڕادەیەک وڵامی داوەتەوە و بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایەشیان ئاماژە بە کەمبوونەوەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەم ڕێژیمە لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتانی ئورووپا دەکەن. بەڵام ئەگەر تەنیا ئەم ئیدیعایەیان بەڕاست لێ وەربگیردرێ _کە ئەویش نەک بەمەبەستی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم، بەڵکوو بۆ کۆتاییهێنان بە تەڕاتێن و عەیبە و شوورەیی ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئەواندا دەیکرد_ هەموو لایەک کۆکن لە سەر ئەوەیکە لە بوارەکانی دیکەدا چ لە جۆری ڕەفتاری ئەم رێژیمە لە گەڵ خەڵکەکەی لە نێوخۆی وڵات و چ لە پێوەندی لەگەڵ پێبەندنەبوونی ئەم ڕێژیمە بە بەڵێنییەکانی لە بواری ناوکیدا، نە سیاسەتی «دیالۆگی ڕەخنەگرانە» و نە سیاسەتی «گۆڕینی رەفتار» هیچیان نەیانتوانیوە وڵامدەر بن. ئەگەر باس لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەم سیاسەتانە بەرانبەر بە ئێران بکەین، لەگەڵ ئەوەیکە کەس ناتوانێ حاشا لە بێ‌ مەسئولییەتیی ئەم ڕێژیمە و سیاسەتە دواکەوتوو و دوژمنکارانەکانی بەرانبەر بە خەڵکەکەی خۆی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەروەها تێرۆریستپەرەوەربوونی بکا، بەڵام هۆکاری دیکەی ڕاست جۆری رەفتاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەوڵەتانە بەرانبەر بەم رێژیمە. ئەوان قەت نەیوانتوانیوە هەڵوێست و سیاسەتێکی لێبڕاو بەرانبەر بەم ڕێژیمە بگرنەبەر. نە ئەوەیکە نەیانتوانیوە، بەڵکوو ئەگەر واقعبینانە سەیری پێوەندییەکان بکەین باشتر وایە بڵێین نەیانویستووە ئەوە بکەن. هەر ئەمەیش پێوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو لایەنەوە هەیە کە لە سیاسەت و دنیای دیپلۆماسیدا ئەمرێکی تەبیعییە. دواقسە بە نموونەیەک: لەم ڕۆژانەدا کە زیاتر لە ٨ مانگە بزووتنەوەیەکی ئێعترازی لە ئێران بەرانبەر بەم ڕێژیمە لە ئارادایە و خەڵکی ئێران زیاتر لە هەمیشە دڵی بە فشارە نێونەتەوەییەکان بۆ سەر ئەم رێژیمە خۆشە، لەم ڕۆژانەدا کە بە هاتنەدەریی دۆنالد ترامپی سەرکۆماری ئامریکا لە بەرجام چاوەڕوانیی ئەوە دەکرا گەڕێکی دیکە لە گەمارۆکان لەسەر ئێران زیاد بکرێ و زیاتر سزا بدرێ، ڕاست بە پێچەوانە چاوەڕوانییەکان دەبینین کە ئورووپاییەکان چۆن بە گەرمی پێشوازییان لە حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ئێران کرد. هەر لە جەریانی ئەم سەفەرەدا بوو کە نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا ئیزنیان بە بانکی سەرمایەگوزاریی ئورووپا دا کە هاوکارییەکانی لە گەڵ ئێران دەست پێ بکاتەوە! بۆیە پێویستە وەک خۆی سەیری پێوەندیی وڵاتان لەگەڵ ئێران بکرێ و پێمان وانەبێ ئەوەی بە ڕواڵەت بە یەکی دەڵێن و وەک بەربەرەکانێیەکی دوژمنکارانە بەرانبەر بە یەک ڕادەوەستن، لە پشتی پەردە و لەسەر سازان لە سەر بەرژەوەندییەکانیشیان ڕاست بەم جۆرە بن کە ئێمە ئارەزووی دەکەین. لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)