کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی ڕووهەڵماڵڕاوانەی ئاڵمان بەرامبەر بە ئێران

07:26 - 1 گەلاوێژ 2718

ئاڵمان لە چاو گشت وڵاتیکی کۆمەڵگەی ئازاد بەڕاستی پێویست بوو، ئەرکدار بوو هەڵوێستێکی بە هێز و یەکگرتووی بەرامبەر بە ڕێژیمی قاتڵی ئێران هەبێ. سەرەڕای ئەمە بەرلین، کە بۆخۆی مەینەتبارییەکی زۆری بە دەست ڕێژیمێکی لەم چەشنە چەشتووە، لە پشتیوانیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە هەوڵی لەنێو بردنی ئیسڕائیل دەدا، خۆی پاراستووە. لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، هەواڵەکان ئاشکرایان کرد کە بەرلین بەتەمایە ڕێگا بە ئێران بدا کە بە کەڵکوەرگرتن لە بانکی بازرگانیی ئورووپایی_ئێرانی لە هامبورگ ٣٠٠ میلیۆن یورۆ پارەی نەغد بنێرێتەوە بۆ ئێران تا خۆ لە ئابلۆقەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە بە زوویی دەسەپێندرێن دەرباز بکا. کاربەدەستانی ئیسڕائیلی و ئامریکایی نیگەرانی ئەوەن کە ئێران، سپۆنسەری سەرەکیی تێرۆریزم لە دونیا، لەم پارەیە کەڵک بۆ ئامانجی تێرۆریستیی وەرگرێ. (بێگومان ئەم ئێرانییەی کە ئەم کارە جێبەجێ دەکا، عەلی تەرزەلی، کاربەدەستێکی پایەبەرزی بانکی ناوەندیی ئێران، لەبەر پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە لیستەی ئابلۆقەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دایە.) بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ هەوڵ دەدا پێش بە ئاڵمان بگرێ کە ڕێگا بە تاران بدا ئەم پارەیە بگوێزێتەوە. ڕیچارد گرێنێل، باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئاڵمان، داوای لە بەرلین کرد کە لەم بارەوە بڕیاری ڕوونی هەبێ، بەڵام داواکارییەکە لە لایەن یوهان وادێفول، جێگر سەرۆکی پارلمان سەر بە حیزبی کۆنەپارێزی ڕاوێژکار ئانگێلا مێرکڵ ڕەت کرایەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی رۆیترز وادێفول گوتی پارە گواستنەوەکە «ئەگەر بە گوێرەی یاسا ئەنجام بدرێ لەبەر هۆکاری سیاسی پێشی پێناگیرێ»، کە ئەمە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی کابینەی مێرکڵە. نەخشە ئێرانییەکە دەتوانێ یاسایی بێ، کە دەبێ لێی بکۆڵدرێتەوە، بەڵام بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەمە، شتێکی بێشەرمانە و مەترسیدارە کە ئاڵمان لە جیات پێشگرتن، ئاسانکاریی بۆ ئەم شتە بکا. بەرلین هەوڵی پەیتاپەیتای داوە کە درێژە بە هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر ئێران بدا، کە ئەمە پێش بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگرێ کە پاشەکشە بە دڕندەیی و شەڕەنگێزیی کۆماری ئیسلامیی بکا. بازرگانانی ئاڵمانی دوای ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، کە بە فەرمیی پێی دەڵێن بەرجام، و لە ٢٠١٥ واژۆ کرا، سەرڕێژیان کردە ئێران، کە دەوڵەتی ئاڵمانیش گەلێک حەزی لە باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیان بوو. پاش ئەوەی کە سەرۆک کۆمار ترامپ لە مانگی مای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕاگەیاند، بەڵێنی دا کە سەرلەنوێ ئابلۆقە هەڵگیراوەکان لە سەر ئێران لە ماوەی ڕێککەوتنەکە بسەپێنێتەوە، ئاڵمان لێبڕاوانە هەوڵی داوە ڕێککەوتنەکە بپارێزێ و درێژە بە بازرگانیکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی بدا. مانگی ڕابردوو دەوڵەتی ئاڵمان بەڕێوەبەرییەکی تایبەتیی دامەزراند _کە وەزارەتی ئابووری وەک «شوێنی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران» باسی لێوە کرد- بۆ ڕێنوێنیکردنی ئەم کۆمپانیایانە کە نیگەرانن بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران لەوانەیە ببێتە هۆی ئابلۆقەی ویلایەتە یەکگرتووەکان. وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، هەر وەک مێرکڵ ئەم حەوتووە هەمان کاری کرد، کە ئاڵمان بە سووککردنی ئابلۆقەکانی سەر ئێران وەفادارە. مێرکڵ ئەمەشی دووپات کردەوە کە کۆمپانیاکان دەبێ بۆخۆیان بڕیار بدەن کە ئاخۆ دەیانهەوێ لە ئێران وەبەرهێنان بکەن، بێ ئەوەی کە بچووکترین ئاسەواری هەڵوێستی سەختگیرانەتر بەرامبەر بە ئێران نیشان بدا. جەمسەرنمای ئەخلاقیی ئاڵمان چیتر بەرەو باکوور نییە. ئەو لە جیات لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، پشتیوانیی لە تێئۆکراسی ئێران دەکا، ڕووحی خۆی قوربانیی دەکا. لەبەر چی؟ بەرژەوەندیی ئابووری وێناچێ هاندەری سەرەکیی بێ، سەرەڕای ئەوەی کە گەلێک هەواڵنێر و توێژەر ئیددیعای پێچەوانەکەی دەکەن. هەرچی بێ، هەناردە و هاوردەی ئاڵمان لەگەڵ ئێران دڵۆپەیەکی دەریای کۆی گشتیی بازرگانییەکەیەتی (٠،٢٧ و ٠،٠٣٢ لە سەد لە ٢٠١٧ دا، بە نۆبە). شیکردنەوەیەکی دیکە بۆ ڕەفتاری ئاڵمان تووڕەییەکەیەتی بەرامبەر بە ترامپ. داواکاریی ترامپ لە ئەندامانی ناتۆ، بە تایبەتی ئاڵمان، کە پارەی زۆرتر سەرفی بەرگریی بکەن بێگومان بەرلینی دڵڕووشاو کردووە، هەر وەک گومروکی سەر پۆڵا و فافۆن کە هەناردەی ئامریکا دەکرێ و دوژمنایەتیی گشتیی بەرامبەر بە بازرگانیی ئازاد. زۆربەی ڕێبەرانی ئوروپای خۆرئاوا لە ترامپ بێزارن، هیچیان لەمەدا ناگەنە مێرکڵ و هاوکارەکانی. لام وایە ئەوان لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دەڵێن: «هاوڕێ بەڕێزەکەمان باراک بۆ کوێ چووە؟»، پێیان وایە ئاکار و ناسیۆنالیزمی ترامپ ساویلکانە و دواکەوتووانەیە. جگە لەمە، ڕێبەرانی ئورووپا چوونەدەرێی ئامریکا لە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران وەک زلـلەیەک لە لاچاوی خۆیان سەیر کرد، کە جەسوریی ئەوانی بۆ نەچوونە ژێر باری دەمەدەمی مەزاجیی واشینگتۆن و ترسی ئابلۆقەکانی بردە سەر. شیکردنەوەی سێهەم زۆرتر ئاریشییە. ئەو دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هێزی سەربازیی ئاڵمان و قبووڵنەکردنی ئەوەى ڕەوایە کە هێزی سەربازیی دەتوانێ و دەبێ بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییە ناونەتەوەییەکان کەڵکی لێوەرگیرێ. ئەمە باوەڕێکی قووڵە لە هەندێک بەشی ئووروپا، بە تایبەت ئاڵمان و یەکیەتیی ئورووپا، کە وتووێژ و ئاشتی لە ڕێگای بازرگانی و شێوازی دیکەی بەستراوەیی ئابووری، گەشە دەکەن و تاکە ڕێگای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان وڵاتانە. دەستکەوتی مەزنی سیاسی، وەک بەرجام، جایزەی هەرە نایابی ئەم بۆچوونەیە. دیپلۆماسی لەنێو بیرۆکراتە پێشکەوتووەکان، بە گوێرەی ئەم جیهانبینییە، ڕێگایەکە بۆ دوور کردنەوەی ناکۆکیی، بۆ پێشگرتن بە هاتنە ژووری ئەو وەحشییانەیە _ ئەوانەی کە باوەڕیان بە دەسەڵاتی ڕەقە _ کە لە دەروازەی شار نەیەنە ژوور. تێۆریی بناغەدانەری ئەم سیستەمە بۆچوونە ئەمەیە کە هەموو کەس، قەی ناکا چەند دوژمنکار، بە کەلوپەل، خزمەتگوزاریی، کافە و پارەی خۆرئاوایی، وەسوەسە دەبن. کەوابوو پیاوە ڕەقەکانی ئێران لە کۆتاییدا چەکەکانیان دادەنێن، لە جیاتان کەیفە بە مۆدەکانی ئورووپا هەڵدەبژێرن. بێگومان ئەمانە گشتی قۆڕییاتە، بەڵام بۆ ساتێک گومانت نەبێ کە ڕێبەرانی ئاڵمان باوەڕیان پێیەتی، چونکە ئەگەر ڕاست نەبێ، کەوابوو ئاڵمان لە شانۆی سیاسەتی جیهانییدا هیچ دەسەڵاتێکی نییە، لانیکەم بۆ چارەسەری بابەتە هەرە گرینگەکان. ئاڵمان، وەک وڵاتانی دیکەی ئورووپا، بەم قسەیە داکۆکی لە سیاسەتەکەیان بەرامبەر بە ئێران دەکا کە تەنیا جێگرەوەی بەرجام و سازش، شەڕە. بەڵام ئێران، وەک هەر دەسەڵاتێکی رێویزیۆنیستی دیکە، ئەگەر بەرەوڕووی نەوێستییەوە، پشتگەرمتر دەبێ. ئەمە گشت شەڕانگێزییەکی ئێران دەگرێتەوە، لە بەرنامەی ناوکیی، تا سەرکوتکەریی نێوخۆیی، تا دەستوەردانەکەی لە ڕەشەکوژیی سورییە. وێدەچی ئاڵمان بە گاڵتەجاڕیی هەڵوێستەکەی بەرامبەر بە ئێران نەزانێ. مێرکڵ زۆر خێرا بوو لە وەرگرتنی کۆڕەوی پەنابەری سورییەیی – سیاسەتێکی جوامێرانە هەرچەند هەڵە – پێش ئەوەی کە لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی مێرکڵ بە حەزەوە ڕێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ ئێران واژۆ دەکا، ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی لە ڕێژیمێک دەکا کە سەرسەختترین پێشتیوانی ماشێنی شەڕی سەرۆک کۆمار بەشار ئەلئەسەدە؛ کە لە پلەی یەکەمدا بووە هۆی ئەوە کە پەنابەران بەرەو ئوروپا ڕابکەن! بەرلین دەرفەتی بەدەستەوەگرتنی ڕێبەریی جیهانیی لە ڕووبەڕووبوونەوە دژی ئێران و وەستانەوە دژی دیکتاتۆریی ڕاستەقینەی هەیە. بۆ ئەم مەبەستە، ئاڵمان پێویستە دژی ڕێژیم بوەستێتەوە و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکا کە دژی ڕێژیم خۆپیشاندان دەکەن. ئەمە بە مانای پشتیوانی لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤە، نەوەک دۆستایەتی بەدرۆ. ئاڵمانییەکان دەبێ هەروەها پرسی ئێران لە پرسە جێی ناکۆکییەکان لەگەڵ ترامپ جیا بکەنەوە بۆ ئەوەی کە کاریگەربوونی ئابلۆقەکان مسۆگەر بێ، بۆ سنووردارکردن و لە کۆتاییدا پاشەکشەکردن بە زێدەڕۆییە ئیمپێریالیستییەکانی ئێران لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناڤین، و بۆ دڵنیا بوون لەمە کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ناوکیی. ئاڵمان دەبێ بە هەمان شێوە بەرامبەر بە سیاسەتی لەڕادەبەدەر دژە جوولەکەی ئێران بوەستێتەوە، لەنێویاندا حاشاکردن لە کۆمەڵکوژکرانی جولەکەکان و بڕیاری لەنێوبردنی ئیسڕائیل. پتر لە ٧٠ ساڵ پێش ئێستا، شەش میلیۆن جوولەکە لە ڕەشترین بڕگەی مێژووی مرۆڤایەتییدا قوربانی کران. ئاڵمان ئەرکێکی ئەخلاقیی هەیە کە دڵنیا بێ کە داوای ئێران بۆ لەنێوبردنی شەش میلیۆن جوولەکەی دیکە هەرگیز وەڕاست نەگەڕێ. ئارۆن کلیگمەن و: کەماڵ حەسەنپوور لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)