کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەستی خۆشی ژیانی سەربەستی

07:29 - 1 گەلاوێژ 2718

سەرەتای مانگی گەلاوێژی هاوینی ١٣٦٢ی هەتاوی بوو، دێوەڕەشەی جەماران پێشی بەتیشکی خۆر گرتبوو، هەناسەی زەوی ڕاگرتبوو، بەری بە خۆڕەی ئاوی چۆم و بە نزیکبوونەوەی گەڵاوێژی جوان گرتبوو کە لەو مانگەدا هیواکانی کوردە چاوی بە دنیای ڕوون کردبۆوە، دێوەی جەماران ٤ساڵ دەبوو دەستی بەسەر هەبوون و ژیاندا گرتبوو کارێکی کردبوو کە ناوچەکەی لەتاریکی دا نوقم کردبوو دنیایەکی بێ دەنگ، جووڵە لە هیچ شتێکەوە نەدەهات و نەدەبیسراو نە هەناسەی زەویش بەشنەی بەیان خۆی دەنواند. چۆم ڕووبارەکانێش هاژەیان لێ بڕابوو بۆنی مردن و ویشک بوون بە گیان لەبەر و بێ گیانی داگرتبوو سەرەڕای ئەو دێوەی جەماران خەفەتی پاییزییش نیزیک دەبۆوە ئەوەندی دیکە دنیای تاریک دەکرد. خەڵکێک کە بە هەموو ناخۆشی و دەرد و ڕەنجی کۆیلەتی لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران و کەوتنە بەر گرمەی تۆپ و ئاور و ئاسنی کوردکوژان و لەژێر قورسایی ئەو زوڵمە زۆرەدا، چەند ساڵێک بوو هەستیان بەو ناخۆشییە لە ژیاندا کردبوو کە نە ژیانێکی سەرەتایی ئینسانی، بەڵکوو لە کوشتن و بڕین و ئاوری وێرانکەری بەهارە جوانەکەیان لە سنەی خۆڕاگر هەر ٣ ساڵ پێشتر لەبیر مابوو، دابارینی هەموو جۆرە گوللەیەک، دیاریی دێوی جەماران بوو بۆ خەڵكی کوردی زوڵملێکراو، بەتایبەتی بۆ خەڵکی ناوچەی سنەی خوێناوی. بۆیە لەو ڕۆژانەدا، هیوا بە ژیان لەژێر پەڵەهەوری چڵکنی دهسهڵاتی ئیسلامیدا شاردرابوونەوە و تۆزی مەرگ لە دێوی جەمارانەوە بە سەر خەڵكی کوردستاندا دەنیشت. زۆری نەکێشا سەرئەنجام مزگێنیی ڕووناکی لەو هاوێنە خۆشەدا لە یەکەم ڕۆژی گلاوێژ دەبیسترا. گەرما و دەنگی باڵندەکان و جاروبار گرمەی تۆپەکانی ڕێژیم لە دەورووبەر دەبیسترا. لە قرچەی گەرمادا لەپڕ هەورێکی ڕەشی هێنا و باران داباری، بارانێکی خوناو، بە جۆرێک جموجۆڵیكی تایبەت لەنێو ئاواییدا دروست بوو، کوچە و کۆڵان بوو بە مەیدانی هاتوچۆی منداڵان و غارغارێن لەو ماڵ بۆ ئەو ماڵ. باران تەپوتۆزی دامرکاند و دڵۆپەکانی تۆزی خەمیان وردەوردە لە ناوچەکە دەشۆردەوە. تۆزی فەرامۆشی نەما، ڕوویەکی گەش وردە وردە هەموو ئاوایی تەنی. پێشمەرگەکان هەر چەند هەموو لەشیان ماندوویی لێ دەباری، بەڵام بە دڵێکی پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی بۆ کوردستان لەنێو خەڵكی خۆیاندا ئۆقرەیان گرت و هەستیان بە تەنایی کرد. هاتنی ئەوان دڵی ژاکاوی خەڵکی زیندوو کردەوە، خەڵك باوەشیان بە ڕۆڵەکانیاندا دەکرد و بەگشتی بزەی شادی نیشته سهر لێوی خەڵک. لەمێژ بوو پیشمەرگە نههاتبوونهوه ئهو ناوچەیه، بۆیە ئەو هاوینە گەرمە بۆ ئەوان بوو بە بەهارێکی سەرسەوز و خەڵک هەستی بە بوونی دەسەڵاتی خۆماڵیی دەکرد کە ئەوە ئەگەر ماوەیەکی کەمیش بێ، هەستکردنه بە سەربەستیی ژیان. ڕۆژی یەکی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی کوڕانی دێموکرات لە مەڵبەندی سنەی خۆڕاگر بۆ پشوودان خۆیان بە ئاواییەکانی هانیس، خەیارە، کانی بچکۆلە و نەڕاندا کرد، ئەم حوزوور و ئامادەییە، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورتی چەند ڕۆژەش بێ بەڵام ورەیەکی بەرزی بە خەڵکی بەخشی. هەرچەند لەم سەروبەندەدا، خەڵکی ئەو گوندانە ژیانێکی نەمرنەژیان هەبوو و لە ڕاستیدا بە دژواری ژیانی خۆیان دابین دەکرد، بەڵام بۆ ڕۆڵەکانیان ئامادە بوون سەر و ماڵیان دانێن و حیزبیش هەستی بەوە کردبوو کە ئەو خەڵکە خەباتگێڕە سەرەڕای کەمداهاتی و دەسکورتی، چۆنیان پێشمەرگە دەژیاند. ئەوان بە میوانداری لە پێشمەرگەکانیان هەرچی شکیان بردبایە بە سەخاوەتەوە لە ئیختیاری پێشمەرگەیان دەنا، حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ئەو خزمەت و پێزانینەی هیچکات لەبیر نەکردووە و بە چاوێکی ئەمەگناسییەوە ڕوانیویەتیە ئەو زەحمەتەی خەڵکی. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە هەستیان بە بوونی پێشمەرگە لەو دەڤەرە کرد، بە هێزێکی بێ ئەژمار و بە پشتیوانیی چەکی قورس و هێلیکۆپتیر، پەلاماری بەرزاییەکانی هانیس و خەیارەی دا. پارتیزانه قارەمانەکانی دێموکرات باشیان دهزانی ههڵۆی بهرزهفڕ باشتر دهڕوانێته دهشتایی و بە هۆی زاڵبوونی بەسەر دەڤەرەکەدا، ههمووی له ژێر دەسەڵات و هێژموونیی خۆی دایه. بۆیه بهرهو کاتژمێر ٣ی بەیانی کەمینیان بۆ بەرزاییەکانی پشت ئاوایی نارد و لێی دامهزران. هێزی پێشمهرگه تازە خهو به چاویاندا چوو بوو کە هەستیان بە هاتنی هێزی بهکرێگیراو کرد و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە کەمیندا بوون، قامک لەسەر ماشەی چەکەکانیان چاوەڕوان مانەوە تا ئەوەیکە سەعاتی ٥ی بەیانی یەکەم دەستەی بەکرێگیراوان کەوتنە کەمینەوە. ئەوەی کوژرا، کوژرا و ئەوانی دیکە بەرەو دواوە ڕایان کرد. بە بەرزبوونەوەی دهنگی تەقە، قارەمانانی دێموکرات هەموو بەرزاییەکانی کانی بچکولە و نەڕانیان گرت. شەڕ لە هەموو بەرزاییەکانی بەسەختی دەستی پێکرد بەجۆرێک تا کاتژمێر ٨ی بەیانی شەڕ ئەوەندە گەرم بوو کە توانایی کردنی سەنگەراوسەنگەر نەبوو، سەرەنجام هێزی کۆماری ئیسلامی تێک شکا و بە سەرشۆڕی کشایەوە دوایە. هێزەکانی ڕێژیم پاش ماوەیەک خۆیان سازمان دایەوە و لە شاری سنەوە هێزێکی زیاتریان هێنا و لە سەڵواتاوا و گەزگەزارە و میاوەڕانەوە هێرشێکی پان و بەرینی دەست پێکردەوە. لە بەرامبەریشدا تێکۆشەرانی دێموکرات دەستەوەستان نەمانەوە و خۆیان سازمان داوە و چاوەڕوانی هێرشکەران مانەوە. هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە جارێکی دیکە هەڵۆکانی چەمشار و کوڕەی میانە لێیان ڕاسان و زەبرێکی دیکەیان لە دوژمن وەشاند، بەمجۆرە تا سەعاتی ٨ی شەو ماوەی ١٥ سەعات شەڕی خۆڕاگری، دوژمنیان تێکشکاند و زیاتر لە ٧٠ کەس له هێزهکانی ڕێژیم کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون. خوێنی ڕۆڵەکانی کورد لەو ڕۆژەدا کە بوو بە چرایەکی ڕووناکیدەری ڕێگای تێکۆشان، شەهیدبوونی ٣ پێشمەرگە و برینداربوونی ٨ پێشمەرگە بوو کە یەکێک لە بریندارەکان فەرماندەی قارەمان سەروان ئیقباڵ کەریمنژاد بوو. بەمجۆرە هەڵۆ بەرزەفڕەکانی زاگرۆس دەرسێکی باشیان بە هێزی کۆماری ئیسلامی دا و توانییان هێندەی دیکە ورەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرز بکەنەوە و بە کۆماری ئیسلامی بڵێن پێشمەرگە هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگهی کوردەوارییە و هیچ هێزیک ناتوانێ لەبنی بێنێ. پێشمەرگەکان ههر دوای ئەو عەمەلیاتە قارەمانانەیە لە ئاوایی «نەڕان» مانەوە و دوژمن نەیوێرا خۆ لە قەرەیان بداتەوە. لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)