کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوختەیەک لە وتووێژی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ سەعید بەگزادە

07:34 - 1 گەلاوێژ 2718

سەعید بەگزادە: هەوڵ دەدەین قەت حیزبی دوو نەبین و هەمیشە قسەی کۆتایی بکەین، بەڵام ئەوەش دەبینین کە لە مەیدانی سیاسی کوردستاندا هێزی دیکەش هەن ‌ «ده‌نگی کوردیی ئه‌مریکا» چه‌ند ڕۆژ پێش ده‌رچوونی ئه‌م ژماره‌یه‌ی «کوردستان» وتووێژێکی له‌گه‌ڵ کاک سه‌عید بەگزاده‌، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێک هێنا. له‌و وتووێژه‌دا پرسه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژه‌ڤی ئێران و کوردستان، پێوه‌ندیی حیزبه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان و شوێنکاریان له‌سه‌ر کۆی گۆڕانکارییه‌کان، چه‌ند ته‌وه‌رێکی باسه‌که‌ بوون. «کوردستان» کورته‌یه‌ک و پوخته‌یه‌ک له‌و وتووێژه‌ی بۆ خوێنه‌رانی گواستووه‌ته‌وه: کاک سه‌عید خۆپێشاندانه‌کانی ئێستای ئێران ڕەهەندی سیاسییان زۆرترە یا ئابووری؟ ئەوەی کە بگەڕێینەوە بۆ درووشمەکان و درووشـمەکان لە نەزەر بگرین، هەر شارەی بەپێی ئەو مەوقعیەت و ئەو وەزعیەت و ئەو دەرفەتەی بۆی دێتە پێش، لە وەسیلەیەک و لە دەرفەتێک ئیستفادە دەکا و هیندێک درووشم سەبارەت بەو حالەتە دێنێتە گۆڕێ کە بتوانێ ناڕه‌زایه‌تیی خۆی دەربخا، لە واقعدا کۆی ئەو کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک پرس و بابه‌تی سیاسی و ئابووری کە کۆمه‌ڵگه‌ به‌هۆی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ تووشی بووه‌. بەڵام لە دەرفەتەکان کەلک وردەگرێ، وەکوو باسم کرد لە تاران ده‌بینی باسی بازاڕ دێ و بازاڕییه‌کان دێنە مەیدانەوە و باسی ئابووری دێتە پێشێ، لەلای بەشی سوننە نشینی ئێران مەلایەک تیرۆر دەکرێ و ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ دەرفەت و خەڵک دێنە دەر و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دەردەبڕن، لەڕاستیدا خه‌ڵک له‌ جۆره‌ها درووشم و شێوە کەڵک وەردەگڕن و پێی دێنە مەیدان، بەڵام لە پشت هەمووی ئەوانە کۆی ناڕەزایەتییه‌کە کە بە نیسبەت ڕژیم په‌نگی خواردووه‌ته‌وه‌. ئەوه‌ی که‌ درووشمی جۆراوجۆر خەڵکی هێناوەتە سەر شەقامەکان، ئایا بەو مانایە دێ کە ڕێبەرایەتییەک نییە بۆ تەواوی ئەو خۆپیشاندانانە کە هەمووی کۆ بکاتەوە و بتوانێ لە داهاتوویه‌کی نیزیکدا بیانکاتە خاوەنی درووشمێکی هاوبەش؟ باسی ئەوە کە ئایا ڕێبەرایەتێک بۆ بزووتنەوە و حەڕەکەتەکان هەیە، خۆی باسێکە و، باسێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەساسەن حکوومەت چۆن هەڵسوکەوت دەکا و خۆپێشاندانه‌کان چۆن مەهار دەکا یا خود لەبەرابەریاندا ڕادەوەستێ. ئەوەی کە دەگەڕێتەوە بۆ سه‌ر خۆپێشاندانه‌کان، ده‌بینین که‌ هه‌موویان خۆڕسک و ڕه‌مەکی نین کە له‌ گۆتره‌ بێنه‌ سەر شەقامەکان. ئه‌وانه‌ هیندێک هۆکاریان لەپشتە، هیندێک ڕێکخراویان لەپشتە، بەڵام ئەوەی کە کۆی بزووتنەوەکە کۆنتڕۆڵ بکرێ، تا ئێستا بەو جۆرە ئۆرگانیزە نەکراوە، بۆیە زۆربەی درووشمەکان کە تا ئێستا هاتوونه‌ گۆڕێ، وەکوو خۆشتان ئاماژەتان پێکرد، بە پێی مەوقعیەتەکان دێنە پێش و زیاتر شتی ئابووری بوون و تا ئێستا چوارچێوەیەکی گشتگیری سیاسیی وەک دەرخستن بەخۆوە نه‌دیتووە. له‌ به‌ستێنی ئه‌و ناڕەزایەتییانەی ئێستای خه‌ڵکی ئێراندا حیزبە سیاسییەکانی ئێران ده‌توانن ڕۆڵی زیاتر ببینن یان ڕێکخراوە مه‌ده‌نییه‌کان؟ ئه‌و دووانه‌ ناکرێ لێکیان جیا بکەینەوە، چ ڕێکخراوە سیاسییەکان کە وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت حیسابن، چ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی که‌ هەریەک لەوانە لە ته‌واوه‌تیی خۆیاندا مەبەستەکانیان یەکن، مەبەستیان ڕیفاە و ئاسایشی کۆمه‌ڵگه‌یه‌، مەبەست مافە سیاسییەکانی ئەو خەڵکەیە، بۆ نەتەوە جۆراوجۆرەکان بە جیا و بۆ ته‌واوه‌تیی سیستەمەکە بە جۆرێکی دیکە؛ ئەو داخوازییانە هەموو لە جێگایەکدا یەک دەگرێتەوە. بەڵام بەپێی دەرفەتەکان و ئیمکاناتەکان چ ئەوەی ئەو خەڵکە لە ژوورەوە و بە گوێرەی دەرفەتەکانی خۆیان ده‌یکه‌ن و چ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ وەکوو ڕێکخراوی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن کاری خۆیان ده‌که‌ن، هه‌موو پێکه‌وه‌ لەسەر کۆی حه‌ڕەکەتەکان شوێندانه‌رییان هه‌یه‌، بەڵام ئەوانە دەبێ زیاتر تێکەڵ کرێن. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ئێمە پێمان وایە کە مەسەلەی نەتەوایەتیی میللەتی کورد شتێک نییە تەنیا ڕیکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ئەو خەڵکە بەتەنێ لە دەرەوە هیدایەتی بکەن، ئەو مافە کۆی هه‌موو ئەو خەڵکە دەگرێتەوە، بۆیە دەبێ هەموو تێیدا بەشدار بن. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەوڵمان داوە ئەو به‌ستێنه‌ دروست بکەین کە بتوانین هەموو لایەک، ئەوانەی لە ژوورەوەشن بە حورمەتی تەواوەوە جێگاپەنجەیان لەو بزووتنەوەیه‌دا دیار بێ و کاری خۆیان بکەن، بێگومان ئەوە دەتوانێ شوێنداریی زۆر زیاتر بێ لەوەی کە ئێستا هەیە. کاک سەعید چۆن ده‌کرێ ئه‌و کاره‌ بکرێ لەکاتێکدا جۆرێک بێمتمانەیی هەیە لە نێوان خەڵک لە ناوەوە و ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە دەرەوە؟ من لەگەڵ ئەوە نیم بێ ئیعتمادییەک بەو جۆرەی باسی دەکرێ هەبێ، ئێمە لەگەڵ دوژمنێک تەڕەفین کە لە هەموو ئامرازێک بۆ لێکدابڕانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان و خەڵکەکە کەڵک وەردەگرێ، زۆریش بنکە و بونیاد و هێزی هەیە کە سوودی لێ وەردەگرێ، ئەوە بەشێکە؛ بەشێکیتری ڕاستییەک هەیە له‌و نێوه‌دا، ئەویش ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی ئێمە بەداخەوە بە پێی ئەو وەزعیەتەی تێی کەوتووین، حیزبه‌ کوردییه‌کان تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو جێگایە کە بتوانین مەیدانی هاوکاریی خۆمان ئەوەندە بەرین بکەینەوە کە لەخۆمان هێزێک یا دەنگێک درووست بکەین کە ئەو دەنگە ویستی کۆی ئەو کۆمەڵگه‌یە دەرببڕی، چ لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی چ لەسەر هەموو ڕووداوەکان. دیارە ماوەیەکە چەند حیزبێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دەرفەتەمان بۆ درووست بووە کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕۆڵی میحوەریشی هەیە لەو پێوەندییەدا، توانیومانە لە هیندێک ڕووداو و لە هیندێک هەڵوێستدا بە یەکەوە کار بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێمان وانییە ئەوە وەڵامدەرە، بۆیە کاری زیاتری دەوێ. ئەوەش کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش لە پڕش وبڵاوی دان، لە مەوقعیەتێکی ئاوادا نین کە بتوانن کۆی بزووتنەوەکە بە دەنگێک و هەڵوێستێک و سیاسەتێک هیدایەت بکەن، بەداخەوە ئەو کێشەیە پەلی هاویشتووه‌ بۆ نێو چالاکانی ئێرانی و کورد لە نێوخۆی وڵاتیشدا کاک سەعید دەکرێ زۆر بە کورتی پێناسەیەکی ئەو کێشانەم بۆ بکەی کە لەنێو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتدا هەیە؟ کێشەکانی حیزبه‌کان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسی نین یا زۆر کەم سیاسین، مومکینە لەسەر هیندێک ڕەهەندی خەبات لە شێوەی جۆراوجۆر کەڵک وەربگیرێ، یەکیان زیاتر گرینگی بە ڕەهەندێکی بزووتنەوەکە بدا و ئەویتر لایەنێکیتری بۆ گرینگ بێ و یا خود یەکیان به‌ دوو مەسیردا بۆی بڕوا بۆ ڕزگاریی ئەو میللەتە. لەو بوارەدا ڕەنگە ناکۆکییه‌ک هەبێ بەڵام لە نەهایەتدا لە بواری سیاسیەوە زۆربەی هەرە زۆریان لێک نیزیکن. کێشەی ئێمە بەداخەوە دەگەڕێتەوە سەر ئیدارەی خۆمان و نەحاوانەوەی خۆمان، لەسەر دێموکڕاسیی دەروون حیزبی و تەشکیلاتی ناکۆکین. بەداخەوە زۆر جار قەناعەتەکانمان لێک دوورن و ئەوە بۆتە هۆی ئەوە کە لێک دوور کەوینەوە و لێکترازان زۆر بن و ئەو لێکترازانانەی کە لە بزووتنەوەی کوردیدا هاتوونەتە پێش، نەوعێک دڕدۆنگیی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکی هێناوەتە پێش. لەهەمان حاڵدا لەگەڵ ئەو هەموو دڕدونگییانە وه‌ک باسم کرد ئێستا هەموو هێزەکانی کوردی بە نیسبەت پێشوو لە هەموو کاتێک لێک نیزیکترن. کاک سەعید ئەوەندە لێک نزیکن کە بگوترێ توانای ئەوە هەیە کە بەرەیەکی هاوبەش درووست کەن؟ توانا بۆ درووستکردنی بەرە هەیە و قسەی لێ دەکرێ، هەر ئێستاش مەجمووعەیەک بەیەکەوە بە ناوی ناوندی هاوکارییه‌وه‌ بەیەکەوە کار دەکەین، بەڵام ئەوە کافی نییە و لەبەرنامەی ئێمەشدا ئەوە هەیە کە کاری لەسەر بکەین و بتوانین ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌رفراوانتر بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هەم دەنگ و داخوازییەکانی کورد یەک بێ و هەم بۆ هەموو ئەگەرەکان دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیش ئامادەییمان هەبێ. ئه‌وه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ئێران و کۆماری ئیسلامی ده‌بێ په‌له‌ی لێ بکرێ. وەکوو ئۆپۆزسیۆنی کوردی بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە تایبەتی چەندە ئامادەن یا چەند پڕۆژەتان ئامادەیە بۆ سەر و سەوداکردن لەگەڵ ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا لە ئێران؟ بۆ ئێران و لەگەڵ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان ئێمە ئیستعداد و ئامادەیی ئەوەمان هەیە و پڕۆژە و بەرنامەی خۆشمان لەگەڵ باس کردوون بۆ ئەو هەماهەنگی پێکهێنانە، ئەوەی ده‌گەڕێتەوە بۆ سەر حکوومەت و بۆ سەر ئایندە، حیزبی ئێمە لانیکەم دەکرێ بڵێم سێ ساڵیش دەبێ کۆمیتەی جۆراوجۆری بۆ هەموو ئەو ئەگەرانە پێک هێناوە و کاری خۆی دەکا و لە پێوەندی لەگەڵ نێوخۆی وڵات و شێوەی چالاکییەکان و هەموو ئەو ئەگەرانەی دێنە پێش، ئەو شەرایەتەی ئێمە تێیداین ناتوانین زۆر شت بە میدیایی بکەین، به‌ڵام حیزبێکی سیاسی ئەگەر دوور بێ لەو پڕۆژە و بەرنامانە، دەبێ حیزبێکی مردوو بێ، بۆیە ئەوندەی دەگەڕێتەوە بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە پڕۆژە و بەرنامەکانی خۆیدا ئەو ئەگەرانەی لەنەزەر گرتووە، بەڵام حیزبی دیموکڕاتی کوردستان پێی وانییە دەبێ بۆ هەموو کوردستان تەسمیم بگرێ و هه‌موو گۆڕه‌پانه‌که‌ بکاتە مەیدانی تاخت و تازی خۆی، هەوڵ دەدەین قەت حیزبی دوو نەبین، هەوڵ دەدەین یەکەم بین و قسەی ئاخر بکەین، بەڵام لە عەینی حاڵدا ئەوە دەبینین کە لە مه‌یدانی سیاسیی کوردستاندا هێزی دیکەش هەن که‌ کار و به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه‌، بەڵام ئێمە دەبێ ئەوەندەی دەگونجێ، هەدەف و بەرنامه‌کانمان هەماهەنگ بکەین و زیاتر لێک نزیک بینەوە. وەکوو پێوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چەنده‌ پێتان وایە هەبوونی ناوه‌ندێکی هاوبەش و نوێنەرایەتییەکی هاوبەش لە واشنگتۆن بۆ هەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ؟یان پێتان وایە هەر حیزبە و نوێنەرایەتیی خۆی هەبێ؟ هەتا ئەو کاتەی هەیئەتێک درووست دەبێ کە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا و دەنگی ئەو میللەتە بە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی بگەیەنێ، هەر حیزبەی حەقی خۆیەتی تێکۆشان و فەعالیەتی خۆی بکا، ئێمەش یەکێک لەو حیزبانەین کە وەکوو هەموو حیزبەکانیتر هەوڵ دەدەین ئەوەندەی پێوەندی بە ئێمەوە هەیە دەنگی ئەو میللەتە بە شوێنی خۆی بگەیەنین، بەڵام بوونی کۆڕێکی نوێنەرایەتیی یەکدەنگ کە بتوانێ نوێنەرایەتیی کۆی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا لە وڵاتە یەکگرتووەکان یا لە شوێنەکانیتر قەت بەقەت ئێستا پێویست نەبووە، هەوڵیشمان بۆ ئەوە هەیە قسەشی لێ کراوە و لە بەرنامەشدا هەیە و هیوادارم تێیدا سەرکەوتوو بین. بێگومان ئێستا نەزەری ئێمە وەک نەزەری حیزبێک وەردەگیرێ، نەزەری حیزبێکی دیکە وەک خۆیان وەردەگیرێ، قەت ئەوە ناگاتە ئەوە کە دوو کەس یا سێ کەس بێن و نوێنەرایەتیی کۆی بزووتنەوەکە بکەن و دەنگی کۆی کورد لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی باس بکەن، ئێمە لەوبارەوە بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەو کۆڕە پێک بێنین هەر ڕۆژێک زووتر درووست بێ، هێشتا هه‌ر دره‌نگه‌. لەسەر پێکهێنانی ئەو ناوەندە هاوبەشە یا ئەو نوێنەرایەتییە هاوبەشە قسە و باس لەگەڵ «پژاک»یشدا کراوە؟ ئایا مەرجێکتان بۆیان هەیە؟ ئێمە پێمانوایە پژاک ڕێکخراوێکە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وجوودی هەیە و ئینکار ناکرێ، بەڵام لە عەینی حاڵدا پێمان وانییە ئەو حیزبە لە بەتنی ئەو کۆمەڵگەیەدا هاتووەتە دەرێ. ئەو ڕێکخراوەیە ئەگەر بۆخۆی وەکوو ڕێکخراوێکی کوردیی سەربەخۆ و موستەقیل لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسە بکا و نیازەکانی ئەوان مەترەح بکا و خۆی ئیعلام بکا کە خۆیان سەربەخۆ تەسمیم دەگرن، ئەوە زۆر باشە و لەنێو حیزبە سیاسییەکانیشدا بە گەرمی وەردەگیرێ. بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەت نەخێر مەرج لە ئارادا نییە، بەڵکوو بۆ هاوکاری و بۆ پەیوندی و بڕیاردان دەبێ ئەو قەناعەتە هەبێ، کە خۆیان سەربەخۆ بڕیار دەدەن. ئەگەر قەرار بێ ئێمە لەگەڵ پژاک قسە بکەین و ئەوان پرسیان لە جێگای دیکە بێ، باشە خۆمان دەچین و دەگەڵ ئەو جێگایە ساخ دەبینەوە. بەڵام ئەو جێگا گەورەیە مەڕبووتە بە شوێنی دیکە، ڕێکخراوی پارچەیەکی دیکەی کوردستانە، کەوابوو، دروست وایە ئەو ڕێکخراوانەی لە بەتنی ئەو جامعە هاتوونە دەرێ، ئەوان لەسەر ئەو وڵاتە تەسمیم بگرن. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمانوایە هەر بەشەی کوردستان، لەگەڵ ئەوەیکە کورد یەک نەتەوەیە، عەرزەکەی بەستراوەتە بەیەک، کولتوور و فەرهەنگ و داخوازییە سیاسییەکانی هەموو یەکن، بەڵام دەبێ ڕاستییەک قبووڵ بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئەو وڵاتە دابەش کراوە، هەر لایەی کێشە و مەسایلی مەڕبووت بە خۆی هەیە، بۆیە ئێمە پێمانوایە چۆن ئێمە ئیزن بە خۆمان نادەین نە لە کوردستانی تورکیە و نە کوردستانی عێراق و نە لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا دەخیل بین لە کێشەکانی ئەواندا یا لەسەر مەسائیلی ئەوان قسە بکەین، ئەگەر کاری خێرمان بۆ بکرێ دەیکەین دەنا واریدی کێشەکانیان نابین؛ پێمانوایە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەموو هێزەکان دەبێ ئەو ئەسڵە دە نەزەر بگرن. ئایا ڕاستەوخۆ ئەوەتان بە پژاک گوتووە؟ ئەگەر گوتووتانە، وەڵامی ئەوان چی بووە؟ بەڵێ پێمان گوتوون، بەڵام با من لێرە وەڵامی ئەوان نەڵێم و ئەو بەشە بە خۆیان بسپێرین. ئەوە قسەی ئێمەیە، ئێمە حازرین دۆستایەتیان بکەین و کێشەشمان لەگەڵیان نییە، بەڵام ئەگەر قەراربێ لەسەر چارەنووسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسە بکەین، لەگەل ئەو هێزانە ساخ دەبینەوە کە لە بەتنی ئەو جامعەدان. ئەوەش هیچ بەو مانایە نییە کە ئێمە کێشەیەکمان لەگەڵ پژاک هەیە یا نادیدەیان دەگرین. زۆرمان ڕێز و حورمەت بۆیان هەیە و هاتوچۆشمان هەیە، بەڵام بۆ تەسمیمگیریی سیاسی و بۆ تەسمیمگیری لەسەر ئایندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێ ئەو کەسانە تەسمیم بگرن کە هی ئەو کۆمەڵگەیەن، ئەگەر ئەوانیش ئامادە بوون بەو جۆرە بیر بکەنەوە و، بۆ ڕۆژهەڵات نوسخەی خۆیان، بۆخۆیان بپێچنەوە کە حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەش ئاوان نییە، هیچ کێشەیەکمان نەتەنیا لەگەڵ ئەوان نابێ، بەڵکوو ئەگەر حیزبێکی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بێ، ئامادەی هاوکارین دەگەڵیان. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمان وانییە ئەو گۆڕەپانە تەنیا هی ئێمەیە و دەبێ ئێمە تاخت و تازی تێدا بکەین. بەڵکو هەموو ئازادن و دەتوانن کاری تێدا بکەن، بەڵام دەبێ خۆیان تەسمیم بگرن. لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)