کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژوو و ڕابردوو یەک نین

07:43 - 1 گەلاوێژ 2718

دەتوانین بڵێین سووژە و ئۆبژە و پێوندیی نێوانیان، بنەمای فەلسەفە پێک‌ دێنن. هەر فیلسووفێک بە چەشنێک ئەوان پێناسە و، پێوەندیی نێوانیان شرۆڤە دەکا. لەم بارەوە بەگشتی سێ مەیل یان هێڵی سەرەکی لە کاری فەلسەفیدا بەرچاو دەکەون: ١ـ ئۆبژە لە دەرەوە و سەربەخۆ لە سووژە و لەخۆیدا، بوونی هەیە و سووژە ڕەنگدانەوە و وەرگێڕانی مەفهوومیی ئەوە. سووژە زمانی مەفهوومیی ئۆبژەیە. فەلسەفەی زانستیی پۆزیتیویزم و ئێمپێریزم لەم چوارچێوەیەدا جێ دەگرن. لێرەدا پێوانەی ئیعتباری سووژە و چەمک، یەکانگیر بوونییه‌تی لەگەڵ ئۆبژەی سەربەخۆی دەرەوەی سووژە. ئەمە لەمەڕ باسی مێژوویی کە بابەتی ئەم وتارەیە، ڕاستە. واتە ڕابردوو ئۆبژەیەکە کە ڕووی داوە و مێژووی موعتەبەر لەگەڵی دێتەوە و لێرەدا مێژوو لەگەڵ ڕابردوو هاوتا دەکرێ. پێوانەی ئیعتباری مێژوو هاتنەوەیەتی لەگەڵ ڕابردوو و ڕووداوەکانیدا. مێژوو دەربڕی دیسکۆرسیڤی ڕابردوو و ڕەنگدانەوەی ئەوە. مێژوو تۆماری سادە و ڕاستەوخۆی ڕابردوویە. ڕابردوو ئۆبژەیەکە کە مێژوونووس وەک چاوەدێرێکی زاڵ بەسەریدا، تۆماری دەکا و دەینووسێتەوە. ناسینی مێژوویی، ناسینێکی سەربەخۆ لە سووژەیە و تەنیا واقعیەتی ڕابردوو تێیدا ڕەنگ ‌دەداتەوە. ئیدیعای سەرەکیی ئەم هێلە فکرییە، ئۆبژێکتیویزمی میژوویە؛ واتە نووسینی مێژوویە لەسەر بنەمای فاکت و بەدوور و بەدەر لە کاریگەری و باندۆری زه‌ین و زێهنییەت. ئەم بابەتە زیاتر شی دەکەینەوە و لەسەری دەوەستین. ٢ـ ئۆبژەی جیا و سەربەخۆ لە سووژە بوونی نییه‌. سووژەیە کە ئۆبژە دروست دەکا و لە نەبوونی سووژەدا، ئۆبژە بوونی نییه‌. ئەم مەیلە دەبێتە سۆبژێکتیویزم و سووژە دەکاتە خوڵقێنەر و دروستکەری ئۆبژە و، بەم پێیە تایبەتمەندیی بوونی سەربەخۆ لە ئۆبژە دەستێنێتەوە. ٣ـ هێڵی سێهەم پێوەندییەکی دووسەرە و دوولایەنە و دیالکتیکی لەنێوان سووژە و ئۆبژەدا وێنا دەکا و نە باوەڕی بە لەخۆیدا‌بوونی ئۆبژەیە و نە ئۆبژێکتیوبوونی ئۆبژەش بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە و بە تەواوی بە دروستکراوی سووژەی نازانێ؛ بەڵکوو لە تێگەیشتن، پێناسە و فۆڕم‌ بەخشین بە ئۆبژەدا، سووژە بەشدار و کاریگەر دەزانێ.  لە هەمان کاتدا ئۆبژەش لە دروستکردنی سووژەدا، بەشدار و کاریگەر دەزانێ. نە سووژە ڕەنگدانەوەی سادە و ڕاستەوخۆی ئۆبژەیە و نە ئۆبژەش لە بوونی ئانتۆلۆژیک بێبەشە و بۆ سروشتێکی زێهنی دادەبەزێنرێ. ئۆبژە لە هەمانکاتدا کە بوونێکی سەربەخۆی ئانتۆلۆژیکی هەیە، بە فیلتێری سووژە، زمان و چەمکدا تێدەپەڕێ و تایبەتمەندییەکی چەمکی و گوتاری وەردەگرێ. ئەم هێلە سێهەمەیە کە بنەمای ئێپیستمۆلۆژیک و مێتۆدۆلۆژیی نوێی مێژوو پێک‌ دێنێ و چ بمانەوەێ و چ نەمانەوێ، مێژوو خەسڵەتێکی زێهنی، چەمکی و تیۆریک وەردەگرێ و لەم ڕوانگەوەیە کە مێژوو لەگەڵ ڕابردوو ناتوانێ یەک بێ یان هاوتا بێ. مێژوو تۆماری سادە و ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان نییه‌؛ ئەوەی کە لە چ پێرسپێکتیڤێکەوە، لە دەلاقەی کام زێهن، مەعریفە، تێگەیشتن و باوەڕ و ئامانجێکەوە، لێی بڕوانی، مانایەکی جیاواز وەردەگرێ. واتە مێژوو مانابەخشی و چەمکسازیی ڕابردوویە. لەبەر ئەوەی کە هیچ چەمک و کۆنسێپتێک لەگەڵ واقعیەت بەتەواوی یەکانگیر نییه‌ و هەمیشە مەودایەک لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە، بەم هۆیە یان بەم پێیە، هیچ مێژوویەکیش لەگەڵ واقعیەتی ڕابردوو یەک نییه‌. هەر مێژوویەک ئەوپەڕەکەی ڕیوایەتێکە، کە بە پێی پشتبەستن بە فاکتە مێژووییەکان و پێکهاتەی ئارگۆمێنتی و شرۆڤەیی خۆی، یەکێک لە ئەوی دیکە موعتەبەرترە. هیچ مێژوویەک خاوەنی حەقیقەتی ڕەها نییه‌، ئەوپەڕەکەی یەکێک لە «ڕێژیمگەلی حەقیقەت»ە. تازە مێژژو لە یەک ڕەهەندی گرینگەوە، لەگەڵ ناسینی ئۆبژەی حازر و مەوجوود، جیاوازی هەیە؛ چونکە لەگەڵ ڕابردوو سەروکارمان هەیە و دەمانەوێ ڕووادوگەلێک بناسین کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە و ئێمە شاهیدی ڕوودانیان نەبووین و بێجگە لەوەش مەودوامان لێگرتوون. ئێمە لە تێگەیشتن و شرۆڤەی پرسەکانی ڕۆژدا، واتە ئەو پرسانەی لە زەمانی ئێمەدا و لە نزیک ئێمە ڕوو دەدەن، لەگەڵ کێشە و ئاستەنگیی یەکانگیربوونی تێگەیشتن و شرۆڤە لەگەڵ واقعیەت بەرەوڕووین. لە تەتەڵەی ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژیشدا، هیچ کەس ناتوانێ ئیدیعا بکا ئەوەی دەیڵێ لەگەڵ واقعیەت (بەتەواوی) دێتەوە، چ بگا بەو ئاڵوگۆڕ و ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە و تەمەمژی تێپەڕینی ڕۆژگاریان لەسەر نیشتووە و بەڵگە و ئارگۆمێتەکانیشی، بە کەموکوڕی لە دەست ئێمە دان. ئێمە لە شرۆڤەی ڕووداوەکانی حازر و هاوکاتی خۆمان، ناچارین کە هەڵبژێرین، چونکە ناتوانین هەموو ئەوەی ڕووی داوە لە گوتار و چەمکدا بینوێنین؛ چ بگا بەو ڕووداوانەی ڕابردوو، کە زۆرێک لە ئاسەوار و بەڵگەکانیان لەنێو چوون یان بە شێوەیەکی ناتەواو بە ئێمە گەیشتوون. مێژوو لەبارەی ڕابردوو دایە، لەگەڵ ڕابردوو یەک نییە. مێژوو خودی ڕووداوەکانی ڕابردوو نییه‌، بەڵکوو ڕاپۆرت و تێگەیشتنی ئێمەیە لە ڕابردوو. مێژوو لەگەڵ فاکت و بەڵگەکانی بەجێماو لە ڕابردوو یەک نییه‌. لێرەدا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستە دەکەین و شی دەکەینەوە. بەپێچەوانەی نەریتی ئێمپێریستی و بەگشتی بەپێچەوانەی نەریتی سەدەی نۆزدەیەمیی پۆزیتیویستی، کە پێی وایە فاکتە مێژووییەکان واقعیەتمەندن و بۆخۆیان گوزارش لە خۆیان دەکەن و جیاواز و سەربەخۆن لە مێنتالیتە، چەمک و کۆنسێپت، ئەو فاکتانە یان بە ڕێکەوت بە دەستی مێژوونووس دەگەن یان مێژوونووس فاکتگەلێک هەڵدەبژێرێ. کەواتە هیچ فاکتێک بەتەنیایی یان کۆی فاکتەکانیش، لەگەڵ ڕابردوو یەک و هاوتا نین. چونکە هەرگیز تەواوی ڕابردوو لە چوارچێوەی فاکتدا بەڵگەمەند و هەمیشەیی ناکرێ، بێجگە لەوەش هەندێک لە بەڵگەکەکان لە دەروەی ئیڕادەی مرۆڤ، لەنێو دەچن. فاکتەکان تا ئەو کاتەی کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە، داتای خاو و ئۆبژێکتیڤن. هەر ئەوەی کە کەڵکیان لێ وەرگیرا و لە پێکهاتەی مەتن و گوتاردا بەکارهێنران، ڕەهەندێکی چەمکی و گوتاریش وەردەگرن. مێژوو لەپاڵ‌یەک دانانی فاکتەکان نییه‌؛ بەڵکوو فاکتەکان لە پێکهاتەیەکدا جێ دەگرن کە لێکۆڵەر بنیاتی دەنێ. ئەوەی کە لە کوێی ئەم بینایەدا جێ دەگرن و چ گرینگییەکیان پێدەدرێ، پێگە و شوێندانەریان جیاواز دەکا. ئەوەی کە چ خوێندنەوەیەکیان بۆ بکرێ و کامیان بەکار بێن و کامیانیش نادیدە بگیرێن، هەمووی ئەمانە خەسڵەتێکی گوتاری بە مێژوو دەدەن. ئەوەی کە دەڵێین کامیان نادیدە دەگیرێن، مسۆگەر بە مانای نادیدەگرتنی بەئەنقەستی ئەوان نییه‌، بەڵکوو هەندێک جار، ڕەنگە زۆر جاریش، لێکۆڵەر دەستی پێ ڕاناگەن و لێیان بێخەبەرە. زۆر جار ئەوەمان دیتوە کە بەڵگەی تازە دەرکەوتوون و مێژوویەک سەرلەنوێ نووسراوەتەوە. هەڵبەت ئەگەر تەواوی فاکت و بەڵگەکانی قۆناغێکی دیاریکراویی مێژوویی، بدۆزرێنەوە و بەکاربهێنرێن، دیسان هەموو واقعیەتی ڕابردوو نانوێنن. چونکە شکڵگرتنیان بە هەڵبژاردن بووە و بەکارهێنانیشیان هەر بەهەڵبژاردنە. فاکتەکان بۆخۆیان دەربڕی خۆیان نین و لەسەر بنەمای ڕوانگەکانی لێکۆڵەر، خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ. تەنانەت ئەگەر فاکتێک ئەوەندەش ڕوون بێ و پێویستی بە خوێندنەوە و شیکردنەوە نەبێ، مادام لە پێکهاتەیەکی گوتاریدا جێدەگرێ و دەبێتە بەشێک لەو، بەشیش لەژێر تیشکی گشتدا مانا دەدا، کەواتە فاکتیش بەناچار خەسڵەتێکی مەفهوومی و گوتاری وەردەگرێ. لەلایەکی دیکە نەتەنیا فاکتێک بەتەنیایی، بەڵکوو هەموو فاکتەکانی دۆزراوی قۆناغێکی دیاریکراوی ڕابردوو، دەرخەر و دەربڕی ئەو قۆناغە، بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ نین. واتە ڕەنگدانەوەی ئاوێنەیی و کۆنسێپتیی ئەو قۆناغەی ڕابردوو نین. ئەم مەسەلەیە لەژێر تیشکی ئەم ئەسڵەدا کە، هیچ نوێنگەیەک هەموو واقعیەت داناپۆشێ و هەمیشە مەودایەک لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە، واتادارتر دەبێ. ئەوەش زیاد بکەم کە هەروەک لە سەرێش گوتمان هەموو واقعیەتەکانی قۆناغێکی مێژوویی، یان بەشە جیاوازەکانی واقعیەتێکی مێژوویی، لە قاڵبی بەڵگە و فاکتدا تۆمار ناکرێن. زۆر جار دێتە پێش کە هەندێک لە بەڵگە و فاکتەکان ون دەبن. بەم پێیە و بەو شیکرنەوەیە، دەتوانین بڵێین کە نەتەنیا مێژوو هاوتای ڕابردوو نییه‌، بەڵکوو لەگەڵ فاکتیش یەک نییه‌. خودی واقعیەت زۆر کۆمپلێکس(پێچەڵپێچ)تر لەوەیە کە لە چەمک و کۆنسێپتدا جێ بگرێ. هەموو کۆنسێپتەکان لە واقعیەتەکان سادەترن؛ چ بگا بە ڕابردوو کە مەودامان لێ گرتووە و بە شێوەیەکی لێڵ و پچڕپچڕ و ناڕون و لە دوورەوە لێی دەڕوانین. هیچ ڕیوایەتێکی مێژوویی ناتوانێ هەموو واقعیەتەکانی قۆناغیکی دیاریکراوی ڕابردوو، داپۆشێ، دەرخا و بنوێنێ و، هەر ڕیوایەتێک لە ڕوانگەیەکەوە و بەپێی ئامانجی لێکۆڵینەوەیی، لەسەر بەشگەلێکی قۆناغێکی ڕابردوو چڕ دەبێتەوە؛ تازە ئەگەر فاکتی پێویست لە دەستدا بن. ئەمەش هەوڵەکانی مێژوونووس لەپێناو ئامانجەکەیدا، لەگەڵ بەربەست بەرەوڕوو دەکا. ڕوانین بۆ ڕابردوو وەک ئەوە وایە کە لە دوورەوە و لەنێو خەڵکێکی زۆرەوە لە شوێنێکی دوور بڕوانی، کە زۆرجار سەری خەڵکی دیکە و کۆسپی دیکەت دێتە پێش چاو و ناهێڵێ شوێنی مەبەست بە چاکی ببینی. بێجگە لەوەش خۆ تۆ بەسەر شوێنەکەدا زاڵ نی تا بتوانی بەچاکی و  بەتەواوی بیناسی، تۆ لە دوورەوە لێی دەڕوانی، بۆیە ئەوپەڕەکەی دەتوانی ناسینێکی ئاوێتە لەگەڵ ناڕوونی و ئەگەر و نەبوونی دڵنیایی، بەدەست بێنی. شرۆڤە و لەم نێودا شرۆڤەی مێژووییش، وەک فیلمێکە، کە هەندێک کاتی جیاواز لە واقعیەت هەڵدەبژێڕێ و لەپاڵ یەکیان دادەنێ و نەزم و مانایان پێ دەبەخشی. هەر خوێندنەوەیەکی مێژوویی لە دیالکتیکی سووژە لەگەڵ ڕابردوو وەک ئۆبژە، پێک دێ. لەڕاستیدا مێژوو بەریەککەوتنی ئاسۆی بیر و تێگەیشتنی لێکۆڵەر و بەڵگە و فاکتەکانی ڕابردوویە کە لەسەر بنەمای ئاسۆی بیر و تێگەیشتنی ڕابردوو ئافرێندراون. هەرچەند ئێمە لە ڕابردوو مەودامان گرتووە و دەمانەوێ تێی ڕامێنین، بەڵام ئێمە ڕابردووی خۆمانین. لێرەدا پرسی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ دێتە ئارا و ئەوەی کە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکی فیزیۆلۆژیکی نییه‌، بەڵکوو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییشە؛ کە زێهن و کەسایەتیی ئەو، لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونیدا شکڵ دەگرێ و لەم بارەوە کاریگەریی نەریت، کولتوور و ڕابردووی بەسەرەوەیە. مرۆڤ مێژوومەندە. مرۆڤ ڕابردووی خۆیەتی؛ بۆ نموونە من تەنیا بریتی نیم لە پێکهاتەیەکی فیزیۆلۆژیکی کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە دایک بووم، بەڵکوو زۆر واوەتر، زمان، کولتوور و بیرکردنەوەم، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە یان کاریگەریی مێژووی بەسەرەوەیە. لەجێدا خودی زمان و کولتوور و داب و نەریتەکان، کە لە کەسایەتیی مندا بەرجەستەن، بەرهەمی مێژوون یان مێژووکردن. ئێستای ئێمە، ڕابردوومان دروستی کردووە. مێژوونووسیش منداڵی ڕۆژگاری خۆیەتی و لە چوارچێوەی ئاسۆی مەعریفەی سەردەمی خۆیدا و، لەژێر کاریگەریی چەمک و پێشداوەرییەکانی سەردەمی خۆی، لە ڕابردوو دەڕوانێ و دەیەوێ لێی تێ بگا. هەر مێژوویەک لە دۆخی سیاسیی مێژوونووس، هۆگری و نۆڕم و بایەخەکانی ئەو، کاریگەری وەردەگرێ. ئێمە بە ئاسۆی زانایی، گوتاری زاڵ و بە گوتەی تامس کۆهێن، بە ئۆلگووی زانستیی سەردەمی خۆمان، دەور دراوین. وەک کەسێکی دەوردراو بە ئاسۆیی زانایی سەردەمی خۆمان، لە ڕابردوو دەڕوانین. ئێمە لە ئێستا و لە داهاتووی خۆمانەوە لە ڕابردوو دەڕوانین. ڕوانینمان بۆ ڕابردوو، لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان کاریگەریی وەردەگرێ. هیچ خوێندنەوەیەک ڕەها لە نۆڕم و بایەخەکانی لێکۆڵەر نییه‌. واتە ناسینی ڕابردوو بە فیلتێری زێهندا، بە فیلتێری بایەخ و ئەولەوییەتەکانی لێکۆڵەردا تێدەپەڕێ. لەنێوان ڕابردوو و مێژوو، فاکتۆری زێهنییەت هەیە. واتە ئۆبژەی ڕابردوو بە فیلتێری سووژەدا ڕەت دەبێ و حەتمەن کاریگەری لێ وەردەگرێ. ئێمە لە دەلاقەی ناسین و مەعریفە و شرۆڤەی خۆمانەوە، لە ڕابردوو دەڕوانین و بمانەوێ و نەمانەوێ، باندۆری لێ وەردەگرێ. لەبەر ئەوەیە کە دەگوترێ «داهاتوو سەرچاوەی ڕابردوویە». ناسینی ئۆبژێکتیڤ و بێلایەن لە مێژوو مومکین نییه‌. ڕابردوو بەشێکە لە پێکهاتەی بوونی ئێمە و، ئێمە ڕابردوومان لەگەڵ خۆمان هەیە؛ ڕابردوو ئۆبژەیەک نییه‌ کە لە دەرەوەی ئێمە بێ و ئێمە وەک چاوەدێرێکی زاڵ بەسەریدا، بیناسین. واتە ناتوانین لە خۆمان، لە بوونمان، لە بایەخ، زێهنییەت، مەعریفە و کەسایەتیی خۆمان بێینەدەر (کە هەموویان کاریگەریی ڕابردوویان لەسەرە) و لە ڕابردوو ڕامێنین. مرۆڤ بە واتایەک ڕابردووی خۆیەتی. وەک چۆن ئەگەر بمەوێ بچمه‌ هه‌ولێرێ، دەبێ لە کۆیەوە دەست پێبکەم، بە هەمان شێوە، بۆ ناسینی ڕابردوو و نووسینی مێژووش دەبێ لە زانایی و مەعریفە و پێرسپێکتیڤی خۆمەوە دەست پێبکەم. ئەگەر لە هیچ ڕوانگەیەکەوە و تەنیا بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ، واقعیەتێک وێنا بکەین، لەوانەیە بە باشی لێی تێ نەگەین. واتە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو نەتەنیا کاریگەریی پێرسپێکتیڤ و ڕوانگە و ئامانجی لێکۆڵەر چارەهەڵنەگرە، تەنانەت پێویستیشە. هەروەک ئاماژەی پێکرا، مەیلی مێژوونووس، مەکتەبە فکرییەکان و میتۆدۆلۆژیی مێژوویی و زمان و بەربەستەکانی لەسەر ڕیی ئەندێشەدا، لەسەر تێگەیشتن لە ڕابردوو و نووسینی مێژوو کاریگەری هەیە. بەڵگە و شیکاریی مێژوونووس، دوو کۆڵەکەی ناسینی مێژوویین. تەنانەت ئەوەی کە مێژوونووس خەڵکی کوێ و لە چ سەردەمێکدا دەژی، لەسەر پێرسپێکتیڤ و مەیلی فکریی مێژوونووس کاریگەری هەیە. بێجگە لەوانەش زمان، ستایلی دەڕبڕین و ئەدەبیی مێژوونووسیش، ئۆبژێکتیڤ بوونی مێژوو لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوو دەکا. بێجگە لە نەریتی پۆزیتیویستی و ئێمپێریستی کە ئیدیعای قانوونمەند بوونی مێژوو و هاوتاکردنی لەگەڵ ڕابردوو دەکەن، مەیلگەلێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیکش هەن کە لایەنێک لە واقعیەتی ڕابردوو زەق دەکەنەوە و وەک هەموو واقعیەت پێشانی دەدەن. بەپێچەوانەی ئەو هێڵە فکری و فەلسەفیانەی کە ڕەوتی مێژوو قۆناغبەندی دەکەن، بە چەشنێک کە مێژوو لە قۆناغێکی دیاریکراوەوە دەست پێدەکا و بە شێویەکی میکانیکی بە قۆناغێک کۆتایی دێ و، مرۆڤ دەبەنە پشتی شانۆی مێژوو، کە تەنیا ڕۆڵێکی لاوەکی هەیە، واتە خوێندنەوەیەکی نامێژووی و بان‌ مێژوویی بۆ مێژوو دەکەن، مرۆڤ لە ڕەوتی مێژوودا ڕۆڵی دیاریکەری هەیە و نەتەنیا لە پشتی شانۆی مێژوو نییه‌، بەڵکوو لەسەر شانۆی مێژوویە و لە نووسینی مێژووشدا وەک سووژە، کاریگەری هەیە. واتە لێرەدا واسیتەیەک بە ناوی سووژە بوونی هەیە کە ڕابردوو پێیدا تێپەڕ دەبێ و فۆڕمی مێژوو وەردەگرێ. سووژە هەم لە دروستکردنی مێژوو و هەم لە نووسینیدا، مۆرکی خۆی لێ دەدا. هیچ مێژوویەک نابینین کە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی سووژەی بەسەرەوە نەبێ. کەواتە مێژووی سەربەخۆ لە سووژە ئیمکانی نییه‌. ناسین یان بە واتایەکی باشتر تێگەیشتن و خوێندنەوەی مێژوو، پێویستی بە مێتۆدۆلۆژی و ئامرازی تیۆریک و مەفهوومی هەیە. بەبێ ئەم ئامرازنە مێژوونووسی لەگەڵ کەمایەسی بەرەوڕوو دەبێ. چونکە مێژوو تەنیا ریزکردنی ڕووداو و لیستەیەک لە بەڵگەکان نییه‌. ڕووداو و بەڵگەکان وەک داتای خاو، دەخرێنە نێو پێکهاتەکی گوتاری و ئارگۆمێنتییەوە و، بەم هۆیەیە کە دەڵێین مێژوو ڕەنگێکی گوتاری و مەفهوومیشی هەیە. بۆ ئەوەی لە ڕابردوو تێبگەین، بێگە لەو ئامرازانەی ئاماژەمان پێکردن، پێویستە لە ڕووی زێهنیشەوە خۆت لەجێی ئەکتەرەکانی ڕابردوو دابنێی؛ ئەوەی کە چۆن بیریان کردۆتەوە، بۆ ئەم ڕێکارانەیان گرتۆتە بەر، چ هەلومەرجێک ئەوانی ناچار کرد ئەم ئیمکانانە هەڵبژێرن؟ بۆ تێگەیشتن لە قۆناغێكی مێژوویی، دەبێ خۆتی بۆ ڕاگوێزی و خۆتی لەگەڵ هاوچەرخ بکەی و خۆت لەو دۆخ و هەلومەرجەدا وێنا بکەی. ئەوەی کە پێی دەڵێین هاودڵی و لە نێوەڕا دیتنی ڕابردوو. ئەوەی کە هێگێل پێی دەڵێ، فەلسەفەی مێژوو یان ئەندێشەی مێژوو. واتە بێجگە لەوەی کە لە دەرەوەڕا لە ڕابردوو دەڕوانی پێویستە لە نێوەڕاش لێی بڕوانی، بۆ ئەوەی بە باشی لێی تێبگەین. هەموو ئەو ئارگۆمێنت و شیکاریانە، پێمان دەڵێن کە مێژوو ڕەهەندێکی زێهنی یان سۆبژێکتیڤیشی هەیە و مێژوو بەبێ ئەم ڕەهەندە، بوونی نییه‌. ڕابردوو وەک ئۆبژە، لە سۆبژەوە تێپەڕ دەبێ و حەتمەن کاریگەری لێ وەردەگرێ. بەم هۆیە و بە پشتبەستن بەو شیکردنەوانەی سەرەوە، ئەوە دەڵێین کە مێژوو لەگەڵ ڕابردوو یەک نییه‌. مێژوو بەرهەمی دیالکتیکی سووژە و ئۆبژەی ڕابردوویە. ئەمە مەیلی زاڵە لە مێژوونووسی ئەمڕۆدا. مەیلێک کە ئۆبژێکتیڤیزمی مێژوویی بردۆتە ژێر پرسیار و ماڵئاوایی لەگەڵ نەریتەکانی پۆزیتیویزم و ئەزموونگەرایی و زانستگەرایی وەک ئایدۆلۆژیی ڕۆشنگەری، کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە بەدوای حەقیقەتی مێژووییدا دەگەڕێ، بەڵام هیچ خوێندنەوەیەکیش لە ڕابردوو، وک خودی ڕابردوو لەقەڵەم نادا و بە حەقیقەتی ڕەهای نازانێ.   سەرچاوەکان: ـ درآمدی بر فلسفە تاریخ، مایکل استنفورد، ترجمە احمد گل‌محمدی، نشر نی، چاپ چهارم، ١٣٨٩ ـ هرمنوتیک مدرن، گزینە جستارها، نشر مرکز، چاپ دوم، ١٣٧٩ ـ ایران پیشاسرمایەداری، تاریخ نظری، عباس ولی، ترجمە حسن شمس‌آوری، نشر مرکز، چاپ اول، ١٣٨٠ ـ شالودەشکنی، کریستۆفر نوریس، ترجمە پیام یزادنجو، نشر شیرازە، چاپ اول، ١٣٨٠ ە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)