کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تاوانی ڤییەن هەتا بڕیاری مێکونووس

07:48 - 1 گەلاوێژ 2718

لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا کە لە ژمارەی پێشووی ڕۆژنامەی «کوردستان»دا و لە ژێرناوی «هۆکارەکانی پەلکێشکرانی د. قاسملوو بەرەو بۆسەی مەرگ» چاپ و بڵاو بۆوە، باسمان لەوە کرد کە چۆن کۆماری ئیسلامی لە نیازپاکیی د. قاسملوو بۆ چارەسەری پرسی کورد کەلکی خراپی وەرگرت و پیلانیان لە دژی گێڕا، بەڵام ئەوەی گرینگ بوو ئەمە بوو کە چۆن بتوانن متمانەی دوکتور قاسملوو وەدەست بێنن و بیخەنە بۆسەی مەرگەوە. لە قۆناغی یەکەمدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە نییەتی ئاشتیخوازانەی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی کەڵکیان وەرگرت. بەوەش دوو ئامانجیان دەپێکا: یەکەم کوشتنی د.قاسملوو و دووهەم چاندنی تۆوی دووبەرەکی لە نێوان کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور. بەڵام لەگەڵ ئەوەی چەند گەڕ و دانیشتن لەنێوان دوکتور قاسملوو و تیمە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی مام جەلال (وەک لایەنی سێهەم) دەکرێ، کەچی لەبەر کارقایمیی مام جەلال و چەند هۆیەکی تر پیلانەکەیان بۆ ناچێتە سەر و ئەمجارەیان بەبیانووی درکاندنی نهێنیی وتووێژەکانەوە هەوڵی لادانی مام جەلال و یەکیەتیی نیشتمانی لە ڕەوتی دانوستانەکاندا دەدەن. لە فازێ نوێی پیلانەکەدا کە لەدوای مردنی خۆمەینی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ د. فازیڵ ڕەسووڵ، نووسەر و کەسایەتیی ڕووناکبیری کوردی باشووری کوردستان کۆدەبنەوە و وەک نێوبژیوان بۆ درێژەدانی گەڕی نوێی دانوستانەکان ئەرکداری دەکەن. دوکتور فازیڵ ڕەسووڵ دوای سەردانی دوکتور قاسملوو لە پاریس و گەیاندنی پەیامی لایەنی ئێرانی لەسەر کاتی دانوستانەکان ڕێک دەکەون و بەمجۆرە دوکتور قاسملوو بەپێی خۆی دەچێتە نێو بۆسەی مەرگەوە. دانیشتنەکەی یەکەم کە ڕۆژی 12ی مانگی جولای دەبێ، لایەنی ئێرانی زیاتر بۆ کات کوشتن و شناسایی وردتری شوێنی کۆبوونەوەکە دایدەنین و سبەینێی ئەو ڕۆژە پیلانەکەیان جێبەجێ دەکەن. دوای تێرۆرەکە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس هەموو وردەکارییەکانی جینایەتەکەی ئاشکرا، دەکا بەڵام سیاسەتی دەرەوەی ئوتریش شتێکی دیکەی دەویست. ئەوان لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووریی و سەودای خۆش و پڕ خێروبێر لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دادپەروەری و سەروەریی میللیی وڵاتی خۆیشیان وەلا نا. لە کۆبوونەوەیەکی پارلمانی ئوتریشدا کە بۆ تاوتوێی پەروەندەی تێرۆری ڤییەن پێکهاتبوو، پارلمانتارێکی فڕاکسیۆنی لیبرالەکان دەڵێ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان لەهەمبەر ئێراندا نەک لەسەر بنەمای سەروەریی نیشتمانی، بەڵکوو بەرژەوەندیی ئابووریی مەوداکورت بووە و لەو بارەیەوە بەتوندی ڕەخنەی لێدەگرێ. ئەو دەڵێ ساڵی 1363 لانس، وەزیری دەرەوەی ئوتریش یه‌که‌م سیاسه‌تمه‌داری ڕۆژئاوایی بوو که پاش شۆڕشی ساڵی 1357 سه‌ردانی ئێرانی کرد. هەروەها ساڵی 1366 ئوتریش یه‌که‌م وڵاتی ڕۆژئاوایی بوو که «ویلایه‌تی»، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بانگهێشت کرد. کاتێکیش لە ساڵی 1368دا فتوای کوشتنی سه‌لمان ڕوشدی لەلایەن ڕێبەری ئێرانەوە درا، هه‌موو وڵاتانی یه‌کیه‌تیی ئورووپا باڵوێزەکانیان له تاران کشاندەوە، تەنیا ئوتریش نەبێ کە پێشتر بەبیانووی پشوو گەڕابوونەوە و دەوڵەت نەیویست نێوانی لەگەڵ ئێران تێک بدا. دیارە بەدەر لە چۆنیەتیی پیلانی وردی کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم تێرۆرە، کەمتەرخەمییەکانی لایەنی حیزبی دێموکراتیش ڕەخنەی جیددیی لەسەرە، بۆ نموونە نەدەبوا قایل بەوە بن کە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و شەخسی مام جەلال لە دانوستانەکە دەراوێژرێن، یان کاتێک کە کۆماری ئیسلامی پێشنیاری ئەحمەد بێن‌بنلا، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەلجەزایر وەک لایەنی سێهەم لە وتووێژدا ڕەت دەکاتەوە و د. فازیڵ ڕەسووڵ پێشنیار دەکا، سەیرە دوکتور قاسملوو ناکەوێتە گومان و ئاسان بەوە مل دەدا. یان کاتێک لایەنی ئێرانی لە پڕدا کەسێکیان پێ ئیزافە دەبێ لایەنی حیزبی دیموکرات بۆ ڕازی بوون یا بۆ ئەوانیش کەسێکیان بە هەیئەتە ئیزافە نەکردووە؟ ڕەنگبێ زۆر لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە، یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دەسکەوتنی زانیاری لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕۆژێک ڕووناکایی بخاتە سەر ئەو تاریکییە کە چی وایکرد دوکتور قاسملوو ئەو متمانەیەی لا دروست بێ تا ئەرخەیان لەگەڵ تێرۆریستەکان دابنیشێ. سێ ساڵ دواتر و دوای تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و جێگرەوەی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی دیکەی لە ڕیستورانتی میکونووس و؛ پاشان لە بڕیارە مێژووییەکەی دادگای بێرلین (مێکونووس)دا بوو، کە زۆر لایەنی شاراوەی ئەم تێرۆرە دەرکەوت. لێرەدا بە کورتی تیشک دەخەینە چەند وێکچوویی و خاڵی جیاوازی ئەم دوو کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی. خاڵە وێکچووەکان: ــ بڕیاری هەردوو تیرۆرەکە لەلایەن کومیتەی تایبەت لە شووڕای ئەمنیەتی باڵای کۆماری ئیسلامی درابوو کە لەژێر سەرپەرستیی شەخسی ڕێبەری نیزامدا کار دەکا. ــ هەردووک تیرۆرەکە ئامانجیان لێدان لە سەری جووڵانەوەی کورد و بە ڕوونی کەسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. ــ هەردووک تیرۆرەکە لە دەرەوی سنوورەکانی ئێران و لەسەر خاکی وڵاتانی ئورووپایی کران و لە هەردووک تیرۆرەکەدا کاربەدەستانی پلەبەرزی باڵویزخانەی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی سەرەکیان گێراوە بۆ بە سەرخستنی تیرۆرەکان. ــ لە هەردووک تیرۆرەکاندا تیرۆریستەکان بە پاسپۆرتی دیپلۆماتیک هاتوچۆی وڵاتانی ئورووپاییان کردووە و لە هەر دوو تێرۆرەکەدا ئەو چەکانەی کەڵکیان لێ وەرگیراوە و دوایە دۆزراونەتەوە؛ لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕوون بۆتەوە ئی جبەخانەی ئەرتەشی ئێرانن. ــ لەکاتی تیرۆرەکاندا هەر دوو وڵاتی ئوتریش و ئاڵمان دوو شەریکە بازرگانیی گەورەی ئێران بوون، بە تایبەت لەباری فرۆشتنی چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامیدا. جیاوازییەکانی تێرۆری ڤییەن و مێکونووس ــ لە دوو وڵاتی جیاوازی ئورووپایی بەڵام هاوسنووری یەکتر کران. ــ لە تیرۆری ڤییەندا تیرۆریستەکان، شەهیدەکانیان (قوربانییانی کردەوە تێرۆریستییەکەیان) لە نیزیکەوە ناسیوە و چەندین جار لە نیزیکەوە لەگەڵ یەکتر دانیشتنیان بووە و بکوژەکان لە ماوەیەکی زەمەنیدا هەوڵیان داوە متمانەی قوربانییەکان وەدەست بێنن. بەڵام بە پێچەوانەوە لە تیرۆری میکونووسدا تێرۆریستەکان شەهیدەکان ناناسن و هیچ پێوەندییەکی پێشتریان پێکەوە نەبووە و ئەو کاتە قوربانییەکانیان لە نیزیکەوە دیتووە کە تەقەیان لێکردوون. ــ لە تێرۆری میکۆنوسدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کردەوە تێرۆریستییەکە لە کەسانی غیرەئێرانی و ئێرانی کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام لە تیرۆری ڤییەندا هەموو تێرۆریستەکان ئێرانی و سەر بە دامودەزگای سپای پاسدارانی ئێران بوون و بە پاسپورتی ساختە و ناوی خوازراو لەژێرناوی دیپڵۆماتدا لەسەر میزی کوشتارەکە دانیشتوون. هەڵویستی ئوتریش و ئاڵمان و دەزگای قەزایی ئەو دوو وڵاتە ــ دەزگای قەزایی ئوتریش دوای ئاشکرابوونی کردەوە تێرۆریستییەکە نەیتوانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ و لە ڕاستیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە توانیی زاڵ بێ بەسەر دەزگای قەزاییدا؛ بەڵام دەزگای قەزایی ئاڵمان لە ڕەوتی تیرۆری میکونوسدا توانیی سەربەخۆیی خۆی بپارێزی و هەتا ئەو جێگایە چووە پێش کە توانی لە حوکمی کۆتاییدا کاربەدەستانی پلەیەک و هەرە سەرووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرماندەر و بکەری ئەسلیی ئەو تیرۆرە بە جیهان بناسێنێ. ئەوەش لە مێژووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا شتێکی دەگمەن بوو کە دادگای جینایی وڵاتێک حوکمی گرتنی دەسەڵاتدارانی وڵاتێکی دیکە بکا کە هێشتا لەسەر تەختی دەسەڵاتن. ــ دەزگایی قەزایی ئوتریش کەوتە ژێرکاریگەریی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و ملی دا بە دیزەبەدەرخۆنەکردنی کردەوە تیرۆریستییەکە، بەڵام دەزگایی قەزایی ئاڵمان نەچووە ژێرباری هیچ هەڕەشەیەک یان بەرتیل وەرگرتنێک؛ بەڵکوو ئەو هەڕەشە و بەرتیلدانەی وەک بەڵگە بەکار هێنا بۆ سەلماندنی ئەوە کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکین لەو کردەوە تیرۆریستییەدا. ــ لە شوینی تیرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانیدا بە قسەی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری ئوتریش هەموو بەڵگەکان شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە تێرۆرەکە کاری دیپڵۆماتە ئێرانییەکانە، چونکە دوای کەمتر لە سەعاتێک پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکەیە و سەحراڕودی بە برینداری کەوتۆتە دەستی پۆلیس و، بوزورگیان بە پاکەتێکی پۆستی کە خوێناوییە و بەستەیەک دۆڵاری ئەمریکی لە شوێنی ڕووداوەکە پۆلیس گرتوویەتی و لە یەکەم لێکۆڵینەوەدا پۆلیس بۆی دەرکەوتووە کە قسەی سەحراڕودی و بوزرگیان لە بابەت چۆنیەتیی ڕووداوەکە لەگەڵ یەکتر ناتەبان. هەروەها کەرەسەی تیرۆرەکە لە ماوەیەکی کورتدا لە لایەن پۆلیسەوە دۆزرانەوە، وەک دەمانچە کە نیشانەی پەنجەی سەحرارودی لەسەر بوو و، دۆزینەوەی دوو سوێچی ماتۆرسیکلیت مۆدیل سوزەکی کە لە رووبەروبوونەوەی کابرای فروشیار لەگەڵ سەحراڕودیدا، کابرای فروشیار تەردەست سەحراڕودی دەناسێتەوە و، ئەوانە هەموو بەلگە بوون لە بەردەستی دەزگای قەزایی ئوتریش. لە حاڵیکدا بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی بکەرانی تێرۆری میکۆنوس پۆلیسی ئالمان دەبوایە کاری زۆر ورد و دەقیق و درێژماوە بکا هەتا بتوانی سەرەداوێک لە جینایەتەکە وەدەست بێنێ، چونکە لە شوێنی ڕووداوەکە تەنیا ئاسەواری بەجێماو، تەرمی شەهیدەکان و چەند بریندارێک بوو، بکەرەکان بۆی دەرچووبوون و شوێنپێیان لەدوای خۆیان بەجێ نەهێشتبوو. ــ ڕەوتی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر پەروەندەی مێکونووس زیاتر لە پێنج ساڵی خایاند، بەڵام بە پیچەوانەوە دەزگایی قەزایی و دەوڵەتی ئوتریش پەلەیان هەبوو هەرچی زووتر دوو تیرۆریستەکە، واتا سەحراڕودی و بوزرگیان بەڕێی ئێران بکرێنەوە. بۆ نمونە ڕۆژی ١٣ی مانگ جینایەتەکە ڕوو دەدا و هەر ئەو ڕۆژە ئەو دوو کەسە دەستبەسەر دەکرین، بەڵام ٢٢ی مانگ واتا تەنیا١٠ ڕۆژ دواتر سەحرارودی لە نەخۆشخانەوە لەژێر چاوەدێریی پۆلیسی دژەتیرۆری ئوتریش دەبردرێتە فرۆکەخانە و بەرەو تاران بەری دەکرێ. سەرچاوەکان: ـ ئیسکۆرت بەرەوە تاران، پیتر پلیچ وەرگێرانی حەسەن کتیبی ئەیوب زادە ـ خولیا و مەرگی قاسملووی کورد، کارۆڵ پروونهووبێر، وەرگێرانی فەتاح کاویان ـ پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە، ڕوئیا حەکاکیان، وەرگێرانی عەبدوڵڵا حەسەنزادە ـ ترور بەنام خدا، پرویزدستمالچێ ـ نرخی نه‌وت و خوێن له ڤییه‌ن، (باسێکی پارلمانی ئوتریش لەسەر تیرۆری د.قاسملوو، وەرگێرانی تاهیر حیکمەت ـ قاسملوو لە رێبازدا زیندووە، قادر وریا ـ دوکتور قاسملوو ڕێبەرێکی مودێرن و شۆرشگێرێکی دێموکرات، ئا: کاوە بەهرامی ـ ئوروپاییەک لە وڵاتی کورداندا، نەسرین قاسملوو، وەرگێرانی ناهید حوسێنی   لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)