کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو وەک هێمایەک

07:52 - 1 گەلاوێژ 2718

٢٩ساڵ بە سەر تیرۆری د.قاسملوودا ڕابرد. ئەمریکا دوای ٢٩ ساڵ، بۆ یەکەم جار ئەمساڵ لە سەر زمانی برایان هووک، بەڕێوەبەری سیاسەتدانان لە وەزارەتی دەرەوەی  ئەو وڵاتە، بە ڕەسمی ڕێژیمی ئێرانی وەک ئەنجامدەری تاوانە تیرۆریستییەکەی ٢٩ساڵ لەمەوبەری ڤییەن ناوبرد. ٢٩ ساڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە دەوڵەتان و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانیەوە، ئەوەندە بە دەنگ دادخوازیی خەڵکی کوردستانەوە نەهاتوون کە چی دیکە ڕێگە بە دەوڵەتی ئوتریش نەدەن پەروەندەی ئەم تیرۆرە دابخا. وڵاتانی ئورووپاییش کە ئوتریش یەک لە خۆیانە و لە یەکییەتییەکەیان و شووڕا و پارڵمانەکەیاندا ئەندامە و ڤییەن، پێتەختی ئەو ولاتەیان کردووە بە بنکەی ژمارەیەک لە ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکانی ئورووپا و جیهان، پووشبەسەرکردنی ئەم تیرۆرەیان هەر وا بە لاوە ئاساییە! لەوانەشە هەتا ژماردنی پێچەوانە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێنەکا و دەنگی شەقبردنی پایە و کۆڵەکەکانی مانەوەی ئەو ڕێژیمە بە باشی بە گوێیان نەگا، ئەو بێدەنگی و بێتەفاوەتییەی خۆیان لە ئاست چارەنووسی پەروەندەی تیرۆری ڤییەن، هەروا بپارێزن. بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بەشەی کوردستان کە قاسملوو نوێنەرایەتیی خەبات و خۆراگریی خەڵکەکەی لە پێناوی ئازادی، دیموکراسی و مافە نەتەوایەتییەکانیانیدا دەکرد، بە تێپەڕینی ساڵەکان نەک هەر د. قاسملوو، ڕێگا و ڕێباز و ئامانجەکانی و، هەروەها تاوانی تیرۆری ئەو ڕێبەرە لێوەشاوەیەی خۆیان لەبیر نەکردوە، بەڵکوو ساڵ بە ساڵ زیاتر، ئەویان کردوە بە ڕەمز و هێمای خۆیان. د.قاسملوو تا پێش تیرۆرکرانی لە لایەن نێردراوانی ڕێژیمی ئێران، لە کۆڕ و کۆمەڵی ئێرانی، ناوچەیی و جیهانیدا، زیاتر وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، دەناسرا. بەڵام لە دوای شەهیدکرانی لە سەر مێزی وتووێژ، لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە سیمای سەرکردەی شەهیدی نەتەوەیەکی زۆرلێکراو. ڕاستە خەبات بۆ ڕزگاری لە بندەستیی نەتەوەیی، بەشی هەرە سەرەکیی خەباتی ئەو حیزبەی پێک دێنا کە قاسملوو ڕێبەرایەتیی دەکرد، ئەوەش هەر ڕاستە کە پرسی نەتەوەیی و مافی نەتەوەیی بەشی هەرە دیاری هزر و ڕوانین و خەبات و تیکۆشانی د.قاسملوو لە دوو دەیەی دوایی تەمەنیاندا پێک دێنا، بەڵام ئەوانە هیچ کامیان بە ڕادەی شەهیدکرانی لە سەر میزی وتوویژ، ئەویان نەکرد بە ڕەمزی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەک. ئەوانەی لە ناوەندی دەسەلاتدارێتیی ڕێژیمی ئێران نەخشەیان بۆ تیرۆری ئەو ڕێبەرە داڕشت و دوایەش لە خۆشیی سەرکەوتنی پیلانەکەیان سەرمەستانە پێکەنین، عەقڵیان لە شاقەلەکانیان کورتتر بوو. ئەوان بیریان لەوە نەکردبووە نرخێک کە بۆ لەنێوبردنی ئەو سەرکردەیە دەیدەن، کڕێنی نەفرەتیکی هەتاهەتایی بۆ خۆیان و ڕێژیمەکەیان لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە. دیارە لەوە گەوجتر بوون لەم ڕاستییە تێ بگەن کە بە پیلان و دەهۆ لەنێوبردنی ڕێبەر و نوێنەری خەباتی حەقخوازانەی نەتەوەیەک ئەویش لە کاتێکدا بە پێشوازیی ڕێگای ئاشتیخوازانەی چارەسەری کێشەی کورد و ڕێژیمی ئێرانەوە هاتوە، هەروا بە هاسانی بە سەریاندا تێپەڕ نابێ و، ئەگەر تاوانەکەیان لە ئوتریش و ئورووپا و ڕادەی جیهانییشدا بەرەوڕووی کێشەیەکی ئەوتۆیان نەکاتەوە، لە نێو ئەو خەڵکەی قاسملوو ڕێبەریان بوو، شوێنەواری تاوانەکەیان بە توندی بەرۆکیان دەگرێ. بە ڕێکەوت نیە، قاسملوو ٢٩ ساڵ دوای شەهید بوونی، بۆ نەوەی ئەمڕۆ نەک هەر نامۆ و ناوێکی نەناسراو نییە، بەڵکوو باوەڕ و ڕوانگەکانی، ئەو بایەخ و پەرەنسیبانەی هێنایە نێو خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی نەتەوەکەی و بە گشتی کولتوورە سیاسییە دەوڵەمەندەکەی، خۆشەویست و جێگەی ڕێزن و، تێکۆشەرانی ئەمڕۆ سەرەڕای جیاوازیی جۆر و  دۆخ و شوێنی تێکۆشان، و جۆراوجۆریی حیزب و ڕێکخراوەکانیان، ئیلهامیان لی وەردەگرن. د.قاسملوو لە مێژ ساڵە بووە بە سیمبولێک. سیمبولی خەباتێکی ڕەوا و سیمای پرسێکی لەمێژینە. پرسی ملنەدانی نەتەوەیەک بۆ بندەستی و داواکردنی مافی بە ئازادژیان. چارەنووسی خوێناویی قاسملوو، پەیامێکی تاڵ، هەر لەو کاتەدا ئەرکدارکەرانەی بۆ  ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی ڕاگوێزت. پەیامەکە ئەوەیە کورد لە ئێران، ئەگەرجیابوونەوە و سەربەخۆییشی نەوێ، ئەگەر سەرەتاییترین مافەکانیشی لە توێی خودموختاری و لە چوارچێوەی ئێرانێکی یەکپارچەشدا داوا بکا، ئەگەر نیازی دوورکەوتنەوە ڵە بەرگریی چەکدارانە و نیەتی گرتنەبەری ڕێگای ئاشتیخوازانەشی هەبێ، وەلامەکەی لە لایەن دەسەلاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر یەک شتە: بەردەوامیی بندەستی و  بەرقەراریی گرتن و تیرۆر و سەرکوت. هەرچی لە ڕووداوە خوێناوییەکەی ڤییەن دوور دەکەوینەوە و پێ بە پێی ئەوەش، لە گەڵ درێژتربوونەوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمە تیرۆریستەی لە تاران لە سەر کارە، ڕاستی و بابەتی بوونی ئەو پەیامە زیاتر خۆی دەردەخا. قۆڵی ئەو تیرۆریستانە بێجگە لە مار و دووپشک، مێشکی ئەو دەسەڵاتدارە تاوانبارانە بێجگە لە پیلانی شووم، هیچی تریان بۆ کورد تێدا نییە. چار هەر ئەوەیە چارەنووسی د.قاسملووی هێمای ڕێبەرێکی لە ڕێی ئاشتیدا شەهیدکراو، شانبەشانی کولتوورە سیاسی و مودێڕنەکەی بکەین بە ڕێنوێنی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی خۆمان، بۆ ئەوەی بێ دوودڵی و بەوپەڕی لێبڕاوییەوە، هەتا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە و ڕزگارکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بندەستی، لە تیکۆشان بەردەوام بین.   لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)