کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمه‌رگه‌ مه‌ندیل سپییه‌كان

07:55 - 1 گەلاوێژ 2718

كامڵبوون بۆ كۆچی دوایی نه‌مر مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید قه‌ره‌نی زاده‌ ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیمان هه‌بێ _ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیمان هه‌بێ_ ده‌نا له‌نگییه‌ك له‌ شرۆڤه‌ی چه‌رخی تێكۆشان و خه‌بات ده‌كه‌وێ. مه‌به‌ستم له‌ خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت، ده‌وری «جیل»ێكی تایبه‌ته‌، كه‌ سه‌ر به‌ «چین»ێكی تایبه‌تن كه‌ لێره‌دا وه‌ك «مامۆستایانی ئایینیی جیلی ڕابردوو» ده‌توانین پێناسه‌یان بكه‌ین. دیاره‌ بێگومان ئاست و ڕاده‌ی شوێندانه‌ری و قورساییان ده‌توانێ جیاواز بێ، ده‌توانێ كه‌سایه‌تییه‌كی نێوبه‌ده‌ره‌وه‌ (كاره‌كتێری تایبه‌ت) بێ یان كه‌سایه‌تییه‌كی ئاسایی (کارەکتێری گشتی). به‌بێ هیچ شك و گومانێك ڕه‌وتی كامڵبوونی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تیی كاره‌كتێرێكی تایبه‌تی، وه‌ك مامۆستایه‌كی پله‌به‌رزی ئایینی، له‌ كاره‌كتێرێكی گشتی وه‌ك فه‌قێی گوندێكه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا و له‌م ڕه‌وته‌دا جگه‌ له‌ بارودۆخی سیاسیی كوردستان و بوونی هێز و لایه‌نی سیاسی، به‌كگراوندی ئایینی ڕێبه‌رانی کاریزماتیکی زاتی بزووتنەوەکان‌، بۆ وێنه‌ وه‌ك نه‌مران شێخ عوبه‌یدوللای نەهری، شێخ سەعید پیران، سەید ڕەزا، پێشەوا قازی محەممەد، مەلا مستەفا بارزانی و... زۆرترین كارتێكه‌ریی له‌سه‌ریان هه‌بووه‌. پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئەگەر قایل بین بەوەی کە گوتاری نەتەوەیی گەلی کورد لە تەواوی قۆناغەکانی زەمەنیدا گوتارێکی دوورەپەرێز لە ئایین و ئایینزا بووە لەگەڵ ئەمەشدا نابێ ئەم ڕاستییە چاوپۆشی لێبکرێ کە ئەم گوتارە لە ڕەوتی بزاڤی خۆیدا بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئایینی کردووە. سووکەئاوڕێک بۆ ڕابردوو ڕەنگە بۆ شرۆڤەی باسەکەمان یارمەتیدەر بێ. ساڵانی پێشوو ئەو کات کە تەکنۆلۆژیا و مۆدێرنیسم کەلێن و قوژبنی ژیانی تاک و کۆمەڵی کوردەواری نەتەنیبۆوە، هەندێ کەسایەتی بە هۆی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتییان سەرچاوەی بڕیار بوون لە ژیانی مرۆڤی کورددا. مەلا و شێخ و سەید بە باکگراوندە ئایینییەکەیان دیارترین سیمای ئەم کەسایەتییانە بوون. مرۆڤی کورد بەردەوام گیروگرفتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی لە چوارچێوەی مێحرابی مزگەوتەکاندا و بە بڕیاری مامۆستایانی ئایینی یەکلا دەکردەوە، یان بۆ چارەسەری زۆر گرفتی دیکه‌ی کۆمەڵایەتی و تاکی پەنای دەبردە تەکیەی شێخ و خانقای سەیدان، واتە ئەم کەسایەتییانە تەنانەت ئەگەر وەک تاکیش لەباری ئاوەز و بۆچوون لە سەرووی کۆمەڵانی خەڵکیش نەبوایەن واته‌ وه‌ك كاره‌كتێرێكی گشتی، پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان جێگەیەکی تایبەتی پێ دەبەخشین. «كاره‌كتێری تایبه‌ت» و «کارەکتێری گشتی» با له‌ كاره‌كتێری تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ هه‌ندێ جار شوێندانه‌رییان ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی یه‌كێ له‌ كلیل وشه‌كانی گوتاری نه‌ته‌وه‌خوازی. به‌ هێنانی نموونه‌یه‌ك باسه‌كه‌ زیاتر شی ده‌كه‌مه‌وه‌: یەکەم جار لە بەرگی ٦ی بیرەوەرییەکانی نه‌مر کەریمی حیسامی (١٩٧٩)دا چاوم بە دەستەواژەی «خەباتی شاخ و شار» کەوت. مامۆستا حیسامی باس لەوە دەکا کە لە خەرمانانی ١٩٧٩ کاتێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهێزێکی زەبەلاح و چەکی قورسەوە لە دەروازەکانی شاری مەهاباد بوو بە تەمای گرتنی ئەو شارە، بەرپرسانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خەڵکی مەهاباد کۆ دەبنەوە تا بڕیاڕێک له‌سه‌ر دۆخەکە دەربکەن. بۆچوونەکان جیاواز دەبن بەڵام شەهید مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی دەڵێ: «موبارزە شکڵی زۆرن، شەڕ تاقە شکڵی خەبات نییە. من لام باشە ڕێگاکان ئازاد بکەین. ئەگەر بوو بە شەڕ، با لە چیاکان شەڕ بکەین. حیزب تێلگڕافێک بۆ خومەینی بنێرێ و بڵێ بۆ حوسنی نییەت ڕێگا چۆل دەکەین با لەشکر بێتەوە پادگان. ئەگەر پاسدار و ئەرتەش دەستدرێژییان بۆ سەر خەڵک کرد ئەودەم شەڕ دەکەین. با هێزی چەکداری پێشمەرگە بچنە چیا و ببنە پشتیوانی ئێمە لە شار. ئەو دەم ئەوانیش ناوێرن دەست لە شار بدەن.» (لاپەڕەی ١٦٥) كه‌وابوو وه‌ك باسم كرد داهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی خه‌باتی شار و شاخ، به‌جۆرێ هی شەهید مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندییه‌ كه‌ خۆی مامۆستایه‌كی ئایینیی پایه‌به‌رزی كورده‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕه‌وتی خه‌باتدا به‌شداربووه‌. با له‌ ڕوانگه‌ی کارەکتێرە گشتییه‌كانیشه‌وه‌ سه‌یری كارتێكه‌رییه‌كه‌ بكه‌ین: ئەگەر بە شێوەیەکی هێڵی سەیری ڕابردووی خەباتی گەلی کورد بکەین لەسەر بنەمای «کارەکتێرە گشتییەکانی» بەشدار لە بزووتنه‌وه‌ی نەتەوەیی کورددا، دەتوانین هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کارەکتێرانە بە شێوەیەکی مۆرفۆلۆژیک دیاری بکەین تا لە هەناوی ئەم بیچمانەدا، چەشنێ تیپ دیاری بکەین کە وەک سەربازی ون ژیان و تەمەنیان بوو بە سووتەمەنی و ئاوردووی شۆڕش. کارەکتێرە گشتییەکانیی بەشدار لە بزووتنه‌وه‌ی كوردی بە کێ دەگوترێ؟ لە ڕاستیدا ئەم کارەکتێرانە سەر بە کۆمەڵگه‌ی سوننەتیی کوردستان و جیلەکانی ڕابردوون کە وەک ناوێکی تایبەت لە ڕەوتی خەباتدا نادۆزرێنەوە و نابیندرێن و تەنانەت هەندێ جار لە مێژووی زارەکیشدا ونن، بۆیە دەکرێ بڵێین بە نیسبەت خودی خەبات وەک دەق، ئەمان خودی پەراوێزن، بەڵام پەراوێزێک کە هەرگیز بە دژی دەق قوت نەبوونەوە و بەڵکوو بەردەوام لە خزمەتی خەباتەکەدا بوون. بەپێچەوانەی زۆر «کارەکتێری سەرەکی» کە لەسەر دەسەڵات زۆر جاران زەبری کوشندەیان لە خەبات داوە، ئەوان هەرگیز گیرۆدەی هێز و دەسەڵات نەبوون. بۆ نموونه‌ هه‌ندێ له‌ مامۆستایانی ئایینی گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كان به‌ مه‌ندیلی سپی و كه‌واوپانتۆڵه‌وه‌ ڕێك دێنه‌ خانه‌ی كاره‌كتێره‌ گشتییەکانه‌وه. كه‌واوپانتۆڵ وه‌ك هێمای كوردایه‌تی و مه‌ندیلی سپی وه‌ك هێمای ئایینی. جلوبەرگی کوردی (بەتایبەتی پێچ و جامانە و کەواوپانتۆڵ و پشتێند وەک نموونە) وێڕای جلوبه‌رگی ئایینی مامۆستایانی كورد (كه‌ مه‌ندیلی سپی هێمایه‌تی) وەک دوو پاژ لە گشتێك بۆ پێناسەیەکی نەتەوایەتی لەبەرچاو گیراوە، واتە ئەگەر چەمکی کوردایەتی وەک سیستم (گشت) سەیر بکەین دەکرێ جلوبەرگ، زمان، ئەدەب، هونەر، کلتوور و وەک پاژەکانی پێکهێنەری ئەم سیستمە شرۆڤەیان بۆ بکرێ و چەشنی پەیوەندییان بەیەکەوە و دواجار لەگەڵ کۆی سیستم دیاری بکەین، ئەمە هەمان مێتۆدی پێکهاتەخوازییە کە بۆ شرۆڤەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کەلکی لێوەردەگیرێ. ڕووحت شاد مامۆستا مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید قه‌ره‌نی زاده‌ وه‌ك مامۆستایه‌كی ئایینی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ كاره‌كتێرێكی گشتی ڕا بوو به‌ كاره‌كتێرێكی تایبه‌تی، كه‌ كوردبوون لای ئه‌و ببوو به‌ بایه‌خێكی نه‌گۆڕ، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز نه‌یتوانی ئه‌و ڕووحه‌ یاغییه‌ كه‌وی بكا. (نموونه‌ی به‌رهه‌ست و عه‌ینی یه‌كجار زۆرن كه‌ چۆن به‌رهه‌ڵستی سیستم بۆته‌وه‌.) ده‌كرێ مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید قه‌ره‌نی زاده‌ و كه‌سانی وه‌ك شه‌هید مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی، شه‌هید مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د ڕه‌بیعی، مامۆستا مەلا کریم فیدایی، مامۆستا مەلا مه‌حموود سالكی، مامۆستا مەلا ئەحمەد عەبباسی، مامۆستا مەلا عەزیز تەئێد و... وه‌ك پێشمه‌رگه‌ مه‌ندیل سپییه‌كانی كوردستان ناوزه‌د بكه‌ین، ڕوو له‌ خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و پشت له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كۆماری ئیسلامی. لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)