کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لابردنی "حەسر"ی ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز وەک کارتێک بۆ پەلەقاژێ!

04:51 - 8 گەلاوێژ 2718

بۆ زۆر کەس چاوەڕوانکراو بوو لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، شووڕای ئەمنیەتی میللیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە پرسی "حەسری رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز" نەرمی بنوێنێ. هاوئاهەنگبوونی ڕووحانی لەگەڵ خامنەیی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە حەوزەی سیاسەتی خاریجیدا، لانیکەم بۆ زۆر کەس ئەم گومانەی ڕەواندبۆوە کە دەبێ ساز و کارێک لە ئارادا بێ. بڵاوبوونەوەی هەواڵی موافقەتی شوورای ئەمنیەتی میللیی ڕێژیم لەسەر لابردنی "حەسر" لە سەر موسەوی، کەرووبی و ڕەهنەوەرد لەم ڕۆژانەدا، دەریدەخا کە هاوئاهەنگبوونی سەرکۆماری لەگەڵ بەیتی خامنەیی لەو ماوەیەدا هەروا بە بێ‌هۆ نەبووە. هەرچەند ڕووحانی لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەوەی بە سەرکۆماری بە ڕووی دەرەوەدا زۆر نەپرژایە سەر ئەم پرسە و هەر ئەمەیش وای کرد کە زۆرێک لە "رێفۆرمخوازان" و باڵی "میانەڕەو"ی لێ تووڕە و بتەکێتەوە. موافقەتی شووڕای ئەمنیەتی میللی لە گەڵ لابردنی "حەسر" لە سەر رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز، لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا کە جیا لە کۆمەڵێک قەیرانی نیوخۆیی لە ئاستی سیاسەتی خارجی و نێودەوڵەتیشدا تووشی کۆمەڵێک قەیرانی قورس بۆتەوە، دەتوانێ چ مانا، یان چ مانەگەلێکی هەبێ؟! دوای هاتنە دەرێی ترامپ لە بەرجام و هێرشە لەفزییەکانی کۆشکی سپی بۆ سەر ئێران و هەڕەشەی سەر لەنوێی تەحریمەکانی سەر ئێران کە زیاتر ڕوویان لە "دەوڵەتی رووحانی" بوو، سەرکۆماری بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دیفاع لە سیاسەتی حاکمییەت لە سووریە و ناوچەکە، سەرنجی گەورە پاسدارێکی وەک قاسمی سولەیمانیی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و ئەوە بوو کە ناوبراو هاوکات لە گەڵ بەڕێزەوە ناوهێنانی رووحانی ئەم نان بەقەزردانەی لێ وەرگرت و کەوتە تاریف و پێداهەڵگوتنی سەرکۆمار. ئەمە بوویە سەرەتایەک بۆ ئەوەی باڵ و تەیفەکانی ڕێژیم لێک نزیک بنەوە و هاوئاهەنگ بە دیفاع لە هەڵوێستەکانی رێبەری ڕێژیم، جوابەجەنگەی ئامریکاییەکان بکەن. بەڵام ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێی سەرنج و لە هەمانکاتدا جێی نیگەرانیی سەرانی رێژیمە، نارەزایەتییەکانی خەڵکی وڵات بەرانبەر بە سیاسەتەکانی کۆی نیزام و ئەو بێزارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەیە کە پێدەچێ، ئینسجامی باڵ و تەیفەکانی رێژیم بکاتە بڵقی سەر ئاو. لاکردنەوە لە پرسی "حەسری رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز" لەم شەرایەتەدا زیاتر پێوەندی بە چۆنیەتی مودیرییەتکردن و کۆنترۆڵی وەزعی ناوخۆی وڵاتەوە هەیە. بە مانایەکی دیکە دەیانهەوێ لەم پرسە وەک کارتێک بۆ ئینسجامی خەڵک و هاوسوویی کۆمەڵگای ئێران لە گەڵ رێژیم کەڵک وەربگرن. سەرانی بەندکراوی بزووتنەوەی سەوز تا ڕادەیەک خاوەنی "مەقبوولیەت"ێکی جەماوەری بوون، بۆیە ئەم کەیسە دەتوانێ لە چاو دەسەڵاتدارانی رێژیمەوە تەنیا کارتێک بێت کە بتوانن بۆ هێورکردنەوەی خەڵکی ناڕازی ئێران لەم شەرایەتەدا کەڵکی لێ وەربگرن. هەرچەند تا ئێستا ئەم بڕیارەی شوورای ئەمنیەتی میللیی رێژیم بە ڕەسمی ڕانەگەیاندراوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە؛ ئایا رێبەرانی بەندکراوی بزووتنەوەی سەوز ئەو مەقبوولیەتە جەماوەرییەیان ماوە کە بتوانن ئەو کاریگەرییەیان لە سەر جۆری ڕەفتاری کۆمەڵگەی ئێراندا هەبێ؟! ئایا موسەوی، کەڕووبی و ڕەهنەوەرد ئامادەن ببنە ئەو کارتە و حەسیسییەتی سیاسی خۆیان لەم پێوەندییەدا لە گرەو بنێن؟!