کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامەکان لەنێوان بەرداشی بێ ڕیبەری و گەمەی باڵەکانی ڕێژیمدا

00:45 - 16 گەلاوێژ 2718

لە خۆپێشاندانەکانی بەرفرانباری ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا کە ناوەناوە ناڕەزایەتییەکان دژ بە نیزامی سیاسی لە تاران لە ئارادایە، بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە گەورەترین کەمایەسیی ئەم ناڕەزایەتییانە «نەبوونی ڕێبەری»یە. پچڕپچربوونی ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانە، ناڕونبوونی داواکاریی و خواستی خۆپێشاندەران و نێوەرۆکی درووشمەکان، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە ئەم ناڕەزایەتییانە نەتەنیا نەیتوانیوە تا ئێستا ڕێبەری و ئادرەسێکی ڕوونی هەبێ، بەڵکوو بەداخەوە زۆر جاریش گومانی «گەمەی نێو باڵەکانی ڕێژیمی» لێ کراوە. هەرچەند ناکرێ حاشا لە کۆمەڵێک وردە ئادرەسی وەک لایەنگری لە نیزامی پاشایەتی و کۆمەڵێک لایەنی دیکەی سەرانسەری لەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانەدا بکرێ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە تا ئێستا هیچ کەس یان ڕەوتێکی سیاسی نەبۆتە ئادرەسێکی گشتگیری جەماوەری کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێران بتوانێ قسەی کۆتایی لێ وەربگرێ و خەت و نیشانی بۆ دیاری بکا. هەر ئەم کەمایەسییە دەرفەتێکی بۆ نیزامی سیاسی لە تاران و باڵەکانی ئەم نیزامە خوڵقاندووە کە بتوانن تا ئەو جێیەی بۆیان دەکرێ بەشێک لەم ناڕەزایەتیانە بە مەبەستی خۆیان مودیرییەت بکەن و بیکەنە دەسمایەیەک بۆ گەمە و کێشمەکێشمەکانی نێو خۆیان. بێدەنگیی عەلی خامنەیی بەرانبەر بە خۆپێشاندانەکان و خۆبواردنی دەزگای سەرکوتکەری ڕێژیم لە «بەرخوردی سەخت» بەرانبەر بە خۆپێشاندەران و تاوانبارکردنی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی بە ناکارامەیی و بێتوانایی لەلایەن میدیاکانی سەر بە باڵی بناژۆخواز لە لایەک و، تاوانبارکردنی دامەزراوە نایاساییەکانی نیزام بە قەیرانخوڵقێنی، گەورەکردنەوەی گرفتەکان و پەرەپێدان بە بێهیوایی لە نێو کۆمەڵگه لەلایەن لایەنگرانی دەوڵەتەوە، نیشان دەدا کە کۆی دامودەزگاکانی ڕێژیم بە هەموو تەیف و باڵەکانییەوە لەم ناڕەزایەتیانە وەک دەرفەتێک بۆ ڕەشکردنی یەکتری دەڕوانن و تا بەم شێوەیە بێخاوەن و بێ ڕێبەر بێ، زۆریش حەز بە دامرکانەوەی ناکەن! بە سەرنجدان بە خوێندنەوە و لێکدانەوەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری جیا لە موجاهدینی خەڵقی ئێران کە گوتارێکی یەکلاکەرەوەی «ڕووخانی ڕێژیم» و خۆ بە ئاڵترناتیڤ زانینی هەیە، لانیکەم بەم زووانە گومانی ئەوە ناکرێ کە ئەم ناڕەزایەتییانە بتوانێ ڕێبەرییەکی «ئینقلابی» بۆخۆی دروست بکا. ڕووداوەکانی نیزیک بە دە ساڵی ڕابردووی ناوچەکە و شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی لە باکووری ئافریقا و ئاکامە نادڵخوازەکانی ئەم شۆڕشانە و کۆمەڵێک فاکتەری دیکەی وەک ڕوانینی «ئێرانییەکان» بۆ دەستێوەردانی دەرەکی بەتایبەت دەستێوەردان لە جنسی وەشاندنی گورزی سەربازی، بێباوەڕیی کۆمەڵگهی ئێران بە درووشم و ئیدیعای ئامریکاییەکان و ترس لە وێرانی، شەڕی نێوخۆیی و بێئاکام مانەوەی ڕاپەرین بە سەرنجدان بە ئەزموونی ڕاپەڕینی ١٣5٧ی هەتاوی و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، «کۆمەڵگهی ئێران»ی بە جۆرێک تووشی گومان، دڵەڕاوکێ و بێئیرادەیی کردوە. تێفکرین و قوڵبوونەوە لە درووشمەکانی «نترسید نترسید ما همە با هم هستیم»، «ایرانی باغیرت، حمایت حمایت»، «زنا بە ماپیوستن، بیغیرتها نشتن»، کە لە زۆربەی خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند مانگانەی دواییدا لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بەرز کراونەتەوە، دەری دەخا کە ئەم ناڕەزایەتییانە تا ئێستا شکڵی «جەماوەری» و تودەییان بە خۆوە نەبینیوە و خۆپێشاندەران خۆیان لە کەمایەتیدا دەبینن. ئەمە ئەگەر لەلایەک نیشانەی بێ ڕێبەربوونی حەرەکەتەکە و بە جۆرێک عەقڵانیبوونی ڕەفتاری کۆمەڵگهیە، لەلایەکی دیکەشەوە دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ حاکمییەتێکی سەرەڕۆ و ناوڵامدەری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە گەمەیەکی نێوخۆیی نێوباڵەکانی بەم حەرەکەتانەوە بکا. لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)